224وتار

وەڵامەکەی نما و بەرگرتن لە شێواندنی مێژوو

8/12/2024 2:42:00 PM
بەختیار نامیق

بە پرسیارێک دەست پێبکەین، ئایا مێژوو دەستەڵاتداران دەینوسنەوە؟ خۆ ئەگەر کەمێک هەقیقەت لەم قسەیەدا هەبێت، ئەوا دەتوانین دیوی دوەمی ئەم قسە بدۆزینەوە، کە ئایا مێژوو زیندوەکان دەینوسنەوە کاتێک قسە لەسەر مردوەکان دەکەن، هەمو ئەم هاوکێشانە بەندە بە بەڵگەی کۆنکرێتیەوە، بەڵام کاتێک قسەکەرێک یان یاداشتێک گێڕانەوەیەکی مێژووی باس دەکات ئەگەر بەڵگە نەبێت ئەوا ناچێتە هیچ خانەیەکی زانستییەوە، ئەگەر ڕوادەوەکە هەرچۆنێک بێت، لێرەوە شۆڕشی نوێی کورد لە باشور دوای هەرەس بریتی بوبێ لە هەستانەوەیەکی قورس لە زەمەنی بێهیواییەکی قوڵدا، ئەمەش کۆمەڵێک کارئەکتەری سیاسی بە چەند بازنەیەک لێپرسراویەتی ئەو قۆناغەیان گرتبێتە ئەستۆ بە قۆناغێکی زۆر سەختدا تێپەڕیون، کە ئەمە دەبێتە مێژوو.

 

با واز لەوە بهێنین کە ئەگەر شۆڕشی نوێ خەباتی شاخ و گۆڕانەکانی شار کارگەیە بوبێت ئێستا بەرهەمی ئەو کارگەیە چۆنە ، ئێمە قسە لەسەر مێژوو دەکەین و لەم نێوەندەشدا یەکێک لە دیارترین سەرکردەکان کە ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفایە ، هەرچۆنێک قسە لەسەر نەوشیروان مستەفا بکەیت دەبێت وەک دوانە قسە لەسەر ڕەحمەتی مام جەلال بکرێ تا قۆناغی ڕیفۆرم، کاتێک باس لە نەوشیروان مستەفا دەکرێت ئەوا هێندە بەڵگەی دیکۆمێنتی هەیە وێنای هەقیقەتی کاک نەوشیروان بکەی قۆناغەکانی ژیانی وەک مێژوو زانستی بێ، بەڵام لە دوای خۆی و ونبونی هەرچیەک لەسەر نەوشیروان مستەفا بوترێ و بەڵگە نەبێت دەچێتە خانەی شێواندن و داگیرکردن و خیانەتەوە.

 

دیوی دوەمی ئەم باسانە کە جگە لە حیکایەتێک بۆ ئەوەی تێکشکاوی هەندێ کارئەکتەری سیاسی پێ ڕاستبکرێتەوە دوای نەمانی کاک نەوشیروان هیچی تر نیە، ئەڵبەت ئەم قسە و حیکایەتە بێ بەڵگانە لە چوارچێوەی پلانێکە کە بورهان یاسین ناوی دەنێ (داگیرکردنی مێژوو) مادام مێژوو هۆکاری سەرەکیە بۆ جوڵەی ئێستا ئەوا هەندێ کارئەکتەر دەیانەوێ لەم ڕێگەیەوە مێژووی ساختە بۆ خۆیان دروست بکەن و دەکەونە ناو تەونی پلانی داگیرکردنی مێژووی کاک نەوشیروانەوە ، چونکە کاک نەوشیروان سەرکردەیەکی پلەیەکی تەواو کاریگەری چەند قۆناغێکی گرنگە لەوانە (شۆڕشی نوێ، ڕاپەڕین، دەستوری عێراقی، خەباتی بێ چەک و خوێن ...هتد) دوای کاک نەوشیروان پڕۆژەکانی وبەرنامەکانی کاریگەری تەواوی هەیە و قۆناغی گواستنەوەیەی گشتیە، دەکرێ نەک تەنها بزوتنەوەی گۆڕان چەندین حیزبی تر و ڕێکخراوی تر لەسەر هەمان ڕەگ سەوز ببێت، ئەوەی ترسی دەستەڵاتی کوردی و وڵاتانی هەرێمیە پڕۆژەی کاک نەوشیروانە بۆیە پلانی داگیرکردنی مێژووی بە شاراوەیی جێبەجێ دەکرێ، ئەمەش وای کردوە کە وەڵام زۆر کەم بێت نەبونی ناوەندێکی مێژووی دیکۆمێنتیە کە خۆی بە خاوەنی مێژووی سەرکردەکان بزانێ، وەڵام دەرەوی هەمو شێواندن و داگیرکردنی مێژوو بێت.

نەوشیروان مستەفا وەک سەرکردەیەک بۆ قۆناغە جیاوازەکان مێژووکردە و بۆ بەرگرتن لە شێواندنی مێژووی نەوشیروان مستەفا دەبێت وەڵامی زانستی و گشتی هەبێت.

وەڵامەکەی نمای کوڕی کاک نەوشیروان وەک خوێنی یەکەمی ئەم سەرکردەیە نەک هەر جێگای دەست خۆشیە بەڵکو دەبێت گەورەتر بکرێت تا ئاستی گەورەیی کاک نەوشیروان ونەهێڵرێت کەس لە خۆیەوە وەک سەرتەنور باس لە سەرکردەیەکی گەورە بکات.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن