گروپی حەوت سەرکردایەتیەکەی گۆڕان، لە نێوان شکست و سەرکەوتندا
1/13/2022 11:49:00 AM
بەختیار نامیق
هەمومان ئەو ڕاستیە
دەزانین کە کۆی حیزبەکان لەم هەڵبژاردنەدا لەبەردەم دەنگی هاوڵاتیاندا توشی شکستی
گەورە بون ، کە ٧٥٪ ی هاوڵاتیان بایکۆتیان کردوە و دەنگیان نەداوە ، لە ناویاندا
بزوتنەوەی گۆڕان لەم شکستانەدا پشکی شێری بەردەکەوێ ، چونکە لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوی
حکومڕانی پارتی و یەکێتی نەتوانراوە عەدالەتی کۆمەڵایەتی ، دامەزاوەیی و سەروەری یاسا
و ..هتد ، بەرهەم بهێنرێ و لە بەرامبەردا هێزێکی ڕادیکالی ڕاستەقینە وەک ئۆپۆزسیۆنی
ئەم حکومڕانیە بونی نەبوە ، کە بزوتنەوەی گۆڕان دەردەکەوێ وەک پێویستی مێژویی و
واقعی حکومڕانی بە دنیایەک جیاوازیەوە دەردەکەوێ ، سەرەڕای گوشاری هەمە چەشنەی
پارتی و یەکێتی و هێزە دەرەکیەکان ، کە ئەگەر ساختەکاری و گوشار نەبوایە ئەوا بە تەنها
خۆی بەقەد هەمو حیزبەکان دەنگی دەهێنا بەڵام ئەم بزوتنەوەیە هەم ڕابەرەکەی و هەم جیاوازیەکەی
توانی ڕوبەڕوی پارتی و یەکێتی بێتەوە خەڵک متمانەی پێی هەبو ، ئەی دوای ئەمانە چی..؟
پارتی و یەکێتی
وەک مۆدێلێک بە گشتی نەیتوانی لە دەوڵەتداریدا سەرکەوتوبێت و بوە مۆدێلێکی ناشیرین
، گۆڕان وەک پرسێکی تەواو جیاواز دەرکەوت و مۆدێلێکی تری بەرهەمهێنا ، بەڵام دوای
چونە حکومەت و مەرگی کاک نەوشیروان و نەمانی گوتاری گشتی شەقام و کاڵ بونەوەی وێنەی
گۆڕان وەک داکۆکیکار لەسەر پرسەکانی چاکسازی نەک نەیتوانی ڕێچکەکەی خۆی ون نەکات
بوە کۆپیەکی ناشیرینی هەمان مۆدێلی پارتی و یەکێتی ونکردنی ڕەوتی ئۆپۆزسیۆنێکی
کارا تا ئەو ئاستەی کە گۆڕان ئۆپۆزسیۆن بو بە هۆی گوشارەکانیەوە کاری زیاتر بە
حکومەت دەکرد تا ئێستا ، گۆڕان کە ئۆپۆزسیۆن بو فۆکسی بخستایەتە سەر هەر پرسێک لایەنە
پەیوەندارەکان بە خێرای کاریان لەسەر دەکرد ، کە چوە حکومەت و تەواو بونی سەڤفی زەمەنی
و پرسە گشتیەکانی گەندەڵی بێ خاوەن مانەوە ، هەمو ئەمانە گەشتنە خاڵی دابڕان و سپەیسێکی
گەورە لە نێوان گۆڕان و پاوەرە سەرەکیەکەی کە هێزی مرۆیی و خەڵک و سندوقەکانی دەنگدان
بو وە لەسەر هێڵی وڵاتانی دەرەکی فێڵی لێکرا
، لەبەر ئەوەی دەنگدەری گۆڕان هیچ بەرژەوەندیەکی لەگەڵ گۆڕاندا نەبو وە یاری کردن
و سیناریۆی یەکێتی و پارتی و ناڕازییەکانی ناو گۆڕان و مردنی کاک نەوشیروان و وڵاتانی
ناوچەیی و بە پلەی یەکەم دەنگدەرەکانی گۆڕانیان سزا داو سفریان کردەوە ، دوای ئەمانە
گۆڕان وەک هێزێکی شکست خواردوی بێ سەرکردایەتی و خاوەنی پڕۆژەی گەورە لە چاوەڕوانی
ڕابەرایەتیەک و ڕەوتێکی ڕادیکاڵی بەهێزدایە تا بتوانێ ئەم بزوتنەوەیە لەو فورمە بهێنێتە
دەر و بیخاتەوە سەر میتۆدەکانی خۆی ، دوای شکستکەی گۆڕان و دەست لەکار کێشانەوەی
خانەی ڕاپەڕاندن ، گوشارێکی گەورە دروست بوە لە لایەن دەنگدەرانیەوە کە گۆڕان بگەڕێتەوە
لای شەقام ، ببێتەوە بە هێزێکی نەرمی ئۆپۆزسیۆن ، لە بەرامبەردا ئەو هێڵانەی کە
خاوەن بڕیارن پێیان وایە گۆڕان نابێ پەلە بکات و کاتیش لە بەرژەوەندی گۆڕاندا نیە
، ئەگەر چی وتراوە گۆڕان سەرەڕای نەبونی هیچ کورسیەک پۆستی دەدرێتێ له بەغداد و ئەگەری
دواخستنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان بەهێزە ، گۆڕان وەک یەکێک لە پایە گرنگەکانی
حکومەتی هەرێم دەیەوێ بەشێ بێ لە ڕێککەوتنی ستراتیژی و هاوکاری پارتی و یەکێتی بێت
لەم حکومەتەدا ، لە کاتێکدا هۆکاری شکستی دەگەڕێتەوە بۆ کوشتنی جیاوازی لە نێوان خۆی
مۆدێلی پارتی و یەکێتیدا .
دوای شکست چەند
ئاراستەیەک دروست بو کە هەستانەوەی گۆڕان دروشمیانە و پێیان وایە گۆڕان لە هەیکەل
و پەیڕە و ئامانجا کێشەی نیە ، کێشەکە لە کارئەکتەر و جێبەجێکردندایە ، بۆ ئەم پرسە
جڤاتی نیشتمانی کراوە بە ناوەندی بڕیار ،هەر سەرەتا ژوری توێژینەوەی سیاسی پڕۆژەیەکی
کاڵ و کرچی هێناو و خستیە بەردەم هەمو گروپەکانەوە ، ئەگەر چی پڕۆژەکە خۆی زور
لاواز بو ، بەڵام نەیتوانی ببێت بە چارەسەر بۆ هەستانەوەی گۆڕان ، لە دوای ئەمانە
و دیاری کردنی گروپێکی پێنج کەسی بۆ دانانی سەرکردایەتیەکی نوێ ، گروپێکی حەوت کەسی
دروست بو بۆ سەرکردایەتیکردن ئەگەر چی بە گشتی گروپەکە کەسانی دڵسۆز و زۆر باشن بە
تایبەت سکرتێرەکەیان کە شوان قلیاسانیە ، بەڵام :
١-بە پێی بڕیاری جڤاتی نیشتمانی تەنها
کاریان ئالیەتی کۆنفرانسی نیشتمانیە ، لە کاتێکدا کۆنفراسی ناوخۆیی دەتوانێ گۆڕانکاری
لە کەسەکاندا بکات نەک کۆنفرانسی نیشتمانی کە دەبو پێداگری بکرایە بۆ کۆنفرانسی
ناوخۆیی و کە تا بازنە و ڕایەڵەکان هاتوە، قۆناغەکانی تر جێبەجێ بکرایە ، کە ئۆتۆماتیکیەن
تا جڤاتی نیشتمانی و ژورەکان و هەتا خانە و ڕێکخەریش گۆڕانکاری بەسەردا دەهات ،
دوای ئەمانە کۆنفرانسی نیشتمانی بکرایە .
٢-دەبو ئەم گروپە حەوت کەسیە دەستەڵاتی زیاتری
بدرایەتێ و کۆنفرانسە ناوخۆییەکانیان تەواو بکردایە بەوەی بتوان مەرجی خۆکاندید
کردنی دیاری کردایە و مەرجەکان وابوایە ئەوانی پێشتر پۆستی حکومی و حیزبیان هەبوە
نەتوانن خۆیان کاندید بکەنەوە .
۳-ئەو ئاراستانەی خاوەنی هێزن وەک کوڕەکانی
کاک نەوشیروان، سێبەری هەندێکی خانەی ڕاپەڕاندن کە دو ئاراستەی بەهێزن و یاریەکانیان
بەردەوامی هەیە ، سیناریۆکانیان هەمە چەشنن ، ئەم دوو هێزە ئەگەر چی وا دەردەکەوێ
کە کێشەیان هەیە بەڵام لە گشتدا هیچ کێشەیەکیان نیە و یاری بە کات دەکەن و نایانەوێ
گۆڕان لە ژێر خواستی خۆیاندا دەربچێ ، ئاراستەکانی تر جگە لە تجمع ناتوانن ئەو یاریانە
بکەن کە لە ناو جڤاتدا بتوانن گۆڕانکاری بکەن ، ئەمەش لە هەڵبژاردنی بەرپرسی ژوری
پەیجوریدا دەرکەوت .
٤-بە گشتی کادری ناوەندی گۆڕان هیوای بەم
گروپە حەوت کەسیە هەیە ئەگەر بتوانن دەنگی گوشارەکان ڕێک بخەن لەسەر ئاستی جوگرافی
و پیشەیی و هەندەران و جڤاتی گشتی و پێشمەرگە دێرینەکان و میدیاکاران بۆ ناچارکردنی
جڤاتی نیشتمانی بە دەستەڵاتی ڕەها بەم گروپە حەوت کەسیە.
٥-زیاتر کردنی گروپی گوشار لە بازنەی
پشتوانان ، بە وێنەی گروپی لۆبی و کار کردن بە ئاراستەی بەهێزکردنی گشتی نەک تەنها
سەنتەری شارەکان.
٦-ئەم گروپە لە ئێستادا دەستەڵاتی بۆ کارێکی
دیاری کراوی بچوک کێشراوە ، لە گشتدا هیچ ناکۆڕێ جگە لە یاری کردن بە کات ، کە دەبێ
شەڕی هەمو ئاراستانە بکات کە چەند ئاراستەیەکی
بەهێزن وە پارتی
و یەکێتی پشتوانیان دەکەن .
بە گشتی بازنەکانی
سەرکردە لە ئێستادا هاتوەتە بازنەی سێیەم ،ئەگەر بازنەی یەکەم سەرکردە پلە یەکەکانی
شاخ بو بێ ئەوا هەمویان مردن یان کار ناکەن ، بازنەی دوەم لە ناو پارتی و یەکێتی بە
هۆی بنەماڵەیی و هاتنە پێشەوەی خوێنی یەکەمەوە و قبوڵ کردنیان سەرکردەکانیانیان ڕۆڵی
پاشکۆی سەرکردە دەگێڕن ، لە ناو گۆڕاندا کوڕانی کاک نەوشیروان نایانەوێ ڕۆڵی خوێنی
یەکەم بگێڕن ، ئەگەر چیا بیەوێت بیکات زەمینەی ناو گۆڕان لەبارە بەڵام نایکات و سەرکردەکانی
تر شکستیان هێنا و جارێکی تر ناتوانن حیزب بەرنەوە ئاستی جاران ( ئەگەر چی لە ژێرەوە
هەر خەریکن بە سێبەرەکانیان ) کەواتە بازنەی سێیەم دەتوانن لە بۆشایی نەبونی سەرکردەکانی
بازنەی یەکەم و دوەم ببنە سەرکردە و جێگرەوەی بازنەی یەکەم ، ئەم گروپە حەوت کەسەیە
ئەگەر نەفەس درێژ و یاریەکانی سەرکردە بکەن ئەوا زمینە لەبارە و ماتریالی ئەم ڕێنساسە
هەیە و دەتوانن ببنە سەرکردە ، بەڵام ئەم گروپە لەبەردەم چەندین گروپی دژدایە دەبێت
هەمو هێزەکانی گوشار یەکبخات و پاشان بتوانێ گۆڕان وەک بینایەکی کۆن نۆژەن بکاتەوە
، ئەمەش سەرەتا لە گۆڕینی کەسەکانی ناو جڤاتی نیشتمانیەوە دەبێت کە تا ئێستاش سەنتەری
بڕیارە.