چیا نەوشیروان و ڕێکخەری گشتی
5/11/2024 10:53:00 AM
بەختیار نامیق
ئەوەی دەمانەوێ و وەک ئامانج بۆ داهاتو ڕەسمی
بکەین جیاوازە لەوەی هەیە ، سیاسەت کارکردنە لەسەر ئەوەی هەیە و چۆن بتوانین کاری
لەسەر بکەین بۆ ئەوەی لە داهاتودا بیکەین بەوەی لە ئامانجە گشتییەکاندا دیاری کراوە
نەک ئەوەی بە خەیاڵ ڕەسمی دەکەین ، لە ئێستادا قۆناغی نەوەی سەرکردەکانی شاخ دەستیپێکردوە
، سەرکردە پلەیەک و دوو و سێی هەردوو قۆناغی شاخ و شار (ڕاپەڕین) چونەتە تەمەنەوە
و بەرەو کۆتایی دەچن ، حیزبەکان بە پێی ئەوەی هەیە لە قۆناغی گواستنەوەدان بۆ نەوەی
سەرکردەکانی شاخ ، ئەمەش لە پارتیدا زیاتر دەرکەوتوە و دواتر لە حسکەوە تا حیزبەکانی
تر بەم قۆناغەدا تێدەپەڕن ، حیزبە دەستەڵاتدارەکانیش بە تایبەت پارتی و یەکێتی ( مەسرور
و بافڵ) زیاتر مامەڵە لەگەڵ نەوەی سەرکردەکانی پلە یەک تا چوار و خواروتری حیزبەکان
دەکەن ، ئەو سەرکردانەی کە ماون و تەمەنیان هەیە پاڵپشتی نەوەی سەرکردەکانیان دەکەن
و بگرە نەوەکانیان وەک خۆیان دەخەنە بازنەی دووەمی سەرکردە پلەیەکەکانی شاخەوە ، لەم
نێوەندەدا پارتی و یەکێتی بەیاریکردن لەسەر هێڵی وڵاتانی زلهێزی ناوچەیی تائاستێک
سەرکەوتو بون ، بگرە گەڕانەوە بۆ هاوسەنگی هێز و پەنجا بە پەنجا وڕێککەوتننامەی
ستراتیژی جارێکی تر بە نەوەیەکی ترەوە دەردەکەوێت ، لەم نێوەندەدا ئەگەر گۆڕان هێزی
سێیەم بوبێت و کوچکەیەک بوبێت لە سێکوچکەی حیزبی باڵادەست و حکومڕانی ئەوا لەسەردەمی
نەوشیروان مستەفادا جیاواز دەرکەوت و بەرنامەی گوتاری شەقام و خەڵکی پێبو ، لە دەستەڵاتیشدا
ئامانجی چاکسازی بو بە پلەبەندی و پرۆسەی هێواش ، لەم سەردەمەدا بە هێزی مێژووی و
سیاسی نەوشیروان مستەفا هەمو پرسەکان گرنگ بون ، هەر لە پرسی پەرلەمان ، داهات و
سامانی سروشتی و چاکسازی کۆمەڵایەتی و هتدەوە کەوتبوە ژێر فشاری گۆڕان و نەوشیروان
مستەفا ، لەم قۆناغەدا کە سێ سەرکردە ون بون ( مام جەلال ، مەسعود بارزانی ، نەوشیروان
مستەفا) قۆناغی دوەمی نەوەکانیان دەرکەوتوە ( ئەگەر چی بارزانی باوک تا ئێستا لە ژیاندایە
بەڵام ڕۆڵی داوەتە کوڕەکانی و برازاکەی) لەم قۆناغەدا ئەگەرچی دەبو هەرێم بچوایە قۆناغی
دامەزراوەییەوە و تەوریس ڕۆڵی نەبوایە ،بەڵام دەرکەوت تا ئێستا کوردی باشور هەزمی
ئەم پڕۆسیسە ناکات و دەچێتە قۆناغی مۆدێلی خلیجی و وەلی عەهدییەوە ، بە پێی واقع حیزبەکان
هەمویان بەرەو ئەم مۆدیلە دەچن ، لەم نێوەندەدا بزوتنەوەی گۆڕان مەحکومە بەم مۆدێلە
، خۆ ئەگەر بیەوێ جیاوازتربێت ئەوا دەبێت بەسەدگروپەوە و گروپەکان دژایەتی یەکتردەکەن
و وێران دەبێت و لە دوای کاک نەوشیروانەوە ئەمەمان بینی ، خۆ ئەگەر پێشتر خەڵک و
هاوڵاتی هەستی بەخاوەنداریەتی کردبێ و گۆڕانی وەک زمانحاڵی خۆی بینی بێت ئەوا دوای
کاک نەوشیروان زوڵم زیاتر بوە ،گەندەڵی زیاتر بوە ، بژێوی خەڵک هەر نەبوە تا دەگاتە
کارەبا و موچە و ئاو و خزمەتگوزارییەکانی تر ، ئێستە بۆشاییەک هەیە کە حیزبێک
بتوانێ پڕی بکاتەوە و ڕابەرایەتی بکات ، بەس بتوانێ پشتوانی لە مافی خەڵک بکات قبوڵ
دەکرێ و بەرەی بایکۆت کە دووجار لەهەموو حیزبەکان وەک ژمارە زیاترە بەڵگەیە ، هیچ
حیزبێک بە جدی پشگیری لە ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتی ناکات ، جاران گۆڕان و نەوشیروان
مستەفا هەبو ، لە ئێستادا گۆڕان بەم حاڵەیەوە نەک نەیتوانیوە دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک
بێت بەڵکو بە قۆناغێکی بێ دەنگی ترسناکدا تێپەڕی تا ئەو ئاستەی لەلایەن هاوڵاتیانەوە
سفرکرایەوە ، گۆڕان وەک باقی حیزبەکانی تر مەحکومە بەم مۆدێلە ، سەرکردەکانی شاخ ئەگەرچی
ماندون و پڕن لە خەبات و جوانی توانای جارێکی تر بونەوە بە دەنگی شەقامیان نەماوە
و ماندون و ناشتوانن ئەو مامەڵەیە لەگەڵ نەوەکانی سەرکردەکانی شاخدا بکەن کە باوکیان
هاوڕێی خەباتیان بوە دەتوانین ناوی بنێین (قۆناغی ونبونی باوک) ، بە حوکمی واقعی
حاڵ چیای نەوشیروان مستەفا مەحکومە بەم مۆدێلە ( بەدڵمان بێت یان نا) چونکە گەنجن
و لە خوێنی یەکەمن ، خۆ ئەگەر گۆڕان خۆی لەگەڵ دۆخەکەدا نەگونجێنێ و نەبێتە هێزێکی
کاریگەر کە خاوەنی مێژوی نەوشیروان مستەفا و دنیایەک پڕۆژەی باشە ئەوا نەک هەر سفر
دەبێتەوە بەڵکو وەک د.بورهان دەڵێ (مێژوشی داگیر دەکرێت) لە ئێستادا دەکرێت مۆدیلێکی
تۆزێک جیاوازتر لە مۆدێلی وەلی عەهدی پارتی و یەکێتی و حیزبەکانی تر لە پەنای خوێن
و نەوەی نەوشیروان مستەفادا گروپێکی گەنج لەگەڵ ڕاوێژی بەتەمەنەکان جارێکی تر وێنەیەکی
نوێ بدەنەوە بەگۆڕان لە ناو سێکوچکەی دەستەڵاتدا بەرگری لە مافی خەڵک و گوتاری شەقام
بکەن ، تا ئێستاش جومگەکانی ڕێکخستنی گۆڕان پڕە لە توانای باش ئەوە گوتاری گۆڕانە
بە قۆناغی بێدەنگیدا تێدەپەڕێ و ئەم توانایانە شاراونەتەوە و کپ بون ، خۆ ئەگەر گۆڕان
ببێتە گوتارێکی ڕادیکال و بەرگریکار لە مافی خەڵک ئەوا هەزاران توانای شاراوەی گۆڕان
دەردەکەونەوە ، دەرئەنجام چیای نەوشیروان مستەفا ( بیەوێ یان نەیەوێ پێمان باش بێت
یان نا ) مەحکومە بەم مۆدێلە و کاربکات لەسەر هێزی ڕێکخەری گشتی گۆڕان ، گەر واش نەبێت
ئەوا مێژوی گۆڕان و باوکیشی داگیردەکرێت.