داوای لێبوردنەکەی قوباد تاڵەبانی و نامەیەک
11/29/2021 3:05:00 PM
بەختیار نامیق
گرنگ نیە تۆ وەک من و سەدان کەسی تر باسی کێشەکان بکەی ، دەبێت تۆ چارەسەری
کێشەت پێ بێ نەک قسە ، هیچ گرنگ نیە تۆ تا چەند کراوەیت و لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا کەسێکی
ڕوخۆش و نەرمیت ، گرنگە تۆ لە کێڵگەی سیاسی و دەوڵەتداریدا چارەسەری کێشەت پێ بێ ،
گرنگ نیە تۆ کوڕی کێی و باوکت و دایکت و باپیرت کێ بون مێژوی ئەوان تۆی بردوەتە
ئاستی دەوڵەتداری و مەهامی ئەوان تا کورسیەکەیە و لەوی کۆتای دێ ، گرنگە تۆ خۆت چەند
کارئەکتەرێکی کرداریت و دەتوانی بە کردار بیسەلمێنی تۆ لەو پۆستەی بنەماڵەکەت پێی
بەخشیوی دەتوانی کارابیت .
ئەزانی مامۆستا قوباد هەمو کتێب و فەلسەفەی دنیا کورتی بکەیتەوە بە دوای چارەسەری نابەرابەری و
عەدالەتی کۆمەڵایەتیدا دەگەڕێ تا چینی هەژار کەمێک لە هەژاریان کەم بکاتەوە ، تۆ ئەوە
دەزانی هەرچی چالاکی و پلاتفۆرم و کتێب هەیە ناکاتە بەرمیلێک نەوت بدرێت بە ماڵە هەژارێک
، هەقە بۆ ئەم ڕاستیانە ئەم زستانە ئەگەر نەوت نەبو کتێبە فەلسەفیەکان بسوتێنن بۆ
ئەوەی منداڵی هەژارێک گەرمی بێتەوە ، مامۆستا قوباد ئەزانی چالاکی وەرزشی و ئەدەبی
و فکری سەرخانە تا ژێر خان و ئاستی هەژاری چارەسەر نەکرێت هیچ کاریگەریەکی نابێ و
ناپێویستە ، تا خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان چارەسەر نەکرێ ، ئەی تۆ دەزانی ڕەحمەتی
باوکت و کاک نەوشیروان و سەرکردەکانی کۆمەڵە لە خانوە قوڕەکانەوە هاتون و زو زوش دەیانوت
بەرەو خانوە قوڕەکان، تۆ دەزانی جۆرە چالاکیەکی کارتۆنی هەیه تەنها بۆ نوخبەی
بازرگان و دەوڵەمەند و دزەکانی نەوتن بە ناوی کتێب و سیمینار و پانێڵەوە دەکرێ.
مامۆستا قوباد ئەوە دەزانی کە هەمو ئەمانە مینحەیەک ناژی بۆ خوێندکاران ، ئەی دەزانی
هەژارەکان لەسەنگەری بەرگری شەهید دەبن و کوڕی مەسئول بە سەیارەی ئەخیر مۆدێلەوە پۆز
لێدەدا و کوڕە هەژار دەکوژێ ، ئەی کاک قوباد
تۆ دەزانی یەکەم ڕۆژی خۆپیشاندان لەسەر شەقام و لە بەردەم خۆپیشانداندا ئەو قسانەت
بکردایە وچارەسەرت پێبوایە زۆر جوانتر دەبو
، کاک قوباد تۆ دەزانی تۆ سەرۆکی حکومەتی زۆنی سەوزی و هیچ کارێکی ستراتیژیت نەکردوە
، هەزاران بەڵێنت داو ئێستە وەک وایە کەسێکی تر ئەو بەڵێنانەی دابێ نەک تۆ ، ئەی دەزانی
کە ٧٥٪ خەڵک دەنگی نەداوە و بایکۆتی کردوە ، هەر بەڕاست ئەمە هیچ ناگەیەنێ لای ئێوە
، ئەی دەزانێ چینی ناوەڕاست وێران بوە و جیاوازیەکی گەورەی چینایەتی دروست بوە ، ئەی
دەزانی چواردەوری خۆتان هەمان ئەو کەسانەن کە مەحکومن بە گەندەڵی ، ئەی ئەوە دەزانی
لە کۆی داهاتی ٩٠٠ ملێون دۆلاری ٣٥٠ ملێونی دەچێتە خەزێنەی حکومەتەوە ، ئەی دەزانی
خزمەتگوزاری وەک کارەبا و نەوت و هەندێ کات غاز و مینحەی خوێندکاران و نیشتەجێ بون
و چی و چی تر لەم دوبەیە نوێیەدا نیە ، ئەی دەزانی بۆ چینی فەرمانڕەوای دەورتان ئەم
خزمەتگوزاریانە بە های کوالێتی هەیە ، ئەی دەزانی پرۆسەی چاکسازی جگە لە دروشم هیچی
تر نیە ، ئەی دەزانی کاتێک ئۆپۆزسیۆن نەما حیزبەکانی ناو حکومەت تا ئاستێک باکیان
بە ناڕەزایی نیە ، ئەی ئەوە دەزانی کە گۆڕان سزادراوە لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئێوە و
پارتی ڕێککەوتنی کردوە ، ئەی دەزانی بەشداری کچان لە خۆپیشاندان هەوڵی ڕێکخراوەکانی
ژنان و ئەنجومەنی باڵای خانمان و کۆڕ و سیمینارەکان نەبوە ، ئەوە غەدر و گەندەڵی و
نابەرابەریە کچانیان کردە کارئەکتەری سەرەکی خۆپیشاندان ، ئەی هەزاران ئەزانی تر دەزانی
.؟؟؟؟؟
ئەگەر چی داوای لێبوردنەکەت یەکەم
کەسی ناو بازنەی دەستەڵاتی کە بەو شێوەیە ڕاستیەکان بڵێ و خۆشت لێبەدەر نەکرد ، ئەمە
جێگەی ڕێز و ستایشە و وەرچەرخانێکی زۆر باشە.