کۆنگرەی یەکێتی و شەرعیەتی خوێنی یەکەم
9/28/2023 6:59:00 PM
بەختیار نامیق
هەرێم لەبەردەم
کێشەکاندا بەرەو داڕزان و لێکهەڵوەشان دەچێت ، لەسەر ئاستی هەرێمی و ناوچەیی و جیهانی
پێگەی هەرێمی کوردستان بەرەو لاوازبون دەچێ ، هێڵی کێرڤی گشتی بەرەو نزمبونەوە دەچێت
، ئەوەی لەم هەرێمە دەستەڵاتی هەیە و دەتوانێ گۆڕانکاری بکات حیزبە ، لە ئێستادا
دوو زۆن و دوو حیزب دەستەڵاتیان هەیە بەهۆی دابەشکاری هێزی هەرێمایەتییەوە ( ئێران
و تورکیا) لەم دوو زۆنە پارتی و یەکێتی کە درێژکراوەی دوو دەستەڵاتی هەرێمایەتین لەسەربنەمای
(ڕێککەوتنی ستراتیژی) کار دەکەن ، ئەوەی دەمانەوێ قسەی لەسەر بکەین ، ئەوەی کە ڕودەدات
و ئەوەی کە هەیە نەک ئەوەی دەمانەوێ ، واتا ڕیالیزمی نەک سوریالی .
کۆنگرەی پێنجی
یەکێتی دەبێت لەسەر دوو ئاست خوێندنەوەی بۆ بکرێت ، پێش کۆنگرە و کاتی کۆنگرە ، پێش
کۆنگرە و قۆناغی دوای مام جەلال ، قۆناغی ململانێی ئامۆزاکانە ، قۆناغی بەتەوریسکردن
و سڕینەوەی خوێنەکانە ، واتا خوێنی یەکەم خوێنەکانی تر بسڕێتەوە بچێتە لوتکەی دەستەڵات
، ئیتر ئەوەی دەوترێت دژ بە تەوریس ، واقعی هێز و تەماعی ناو کۆشکی سەرکردەکانی
شاخ ئەوەی سەلماند کە جگە لە دروشمی نەرم هیچی تر نیە ، لە ناوەندەکانی دەستەڵاتدا
و لە دەرەوەی کۆشکی سەرکردەکانی شاخیش حیزبی ڕابەر و سەرکردەی ڕابەر وەک ئۆپۆزسێون
بونی نیە ، کەواتە دوو زۆن و دوو دەستەڵات هەیە ، دوو حیزب هەیە پارتی و یەکێتی و ڕێککەوتنێکی
دابەشکاریش هەیە ناوی ( ڕێککەوتنی ستراتیژیە) و لە ئەنقەرە و تارانەوە بە پێی بەرژەوەندی
هاوبەشیان ڕەسم کراوە و گەورەتریش بە (کارت بە کارت) عێراق بۆ ئێرانە و سوریا بۆ
تورکیا بە گڵۆپی سەوزی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی وڵاتانی زلهێزەوە ، کەواتە لە زۆنی
سەوز یەکێتی هەیە و دوای کۆمەڵێک قەیرانی ناوخۆیی و ململانێ خوێن و ئامۆزاکان لە ئێستادا
کۆنگرە دەکات.
ئەگەر پێش کۆنگرە
ناوبنێن قۆناغی سڕینەوەی خوێنی دوهەم ئامۆزکان و خوێنی سێیەم ، ئەوا خوێنی یەکەمی
مام جەلال خوێنەکانی دوهەم و سێیەمی تری کردبێتە دەرەوەی کۆشک کە دەتوانین ناوی بێیین( قۆناغی گرێدەر)خوێنی یەکەم وەک
گرێدەر خوێنەکانی ڕاماڵی بۆ دەرەوەی کۆشک ، ئەوا پێویست بو دوای گرێدەر شەرعیەتی حیزبی
بدات بە خاوەن دەستەڵاتەکانی ناو کۆشک کە خوێنی یەکەمی مام جەلال دەکات ، واتا ئەم
کۆنگرە دیوی دوهەم و فۆتۆکۆپی کۆنگرەی ١٤ی پارتی بو ، بە واتایەکی تر ئەگەر سەیری
پەیڕە و پڕۆگرمی هەردوو حیزب بکەی ئەوە ڕونە کە گواستنەوەی حیزبە لە مۆدێلێکەوە بۆ
مۆدێلی تەوریسی سیاسی ، ئامانجی سەرەکی هەردوو کۆنگرەکەی پارتی و یەکێتی تەنها شەرعیەت
دان بوە بە خوێنی یەکەم ، ئەمەش وەک مۆدێل و قۆناغێک بۆ هەمو حیزبەکانی تر ڕاستە ،
هەر لە حسک و نەوەی نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتو و بە شێوەیەکی تەماوی گۆڕانیش ، خۆ ئەگەر واقعیانە بابەتەکە هەڵسەنگێنین حیزبەکان
هەمویان ببونە حیزبی فرە گروپ و فرە تەکەتول و مەرجعیەت نەمابو و کەس کەسی نەدەخوێندەوە
و ئەوەی کاری پێنەدەکرا دەستور و پەیڕەوی حیزبەکان بو ، حیزبەکانیش وەک کۆمەڵێکی
دابڕاوی بە دەستەڵات کەوتونەتە ناو کۆشکێکی جیاواز لە شەقام و بونەتە سەرچاوەی گەندەڵی
و نەبونی دامەزارەوەی دادگای و یاسایی و دامەزراوەی حکومیەوە ، کەواتە یەکێتی وەک
قۆناغ و پێویستی ئێستای حیزب و دەستکاریکردنی ڕەسمی دەستەڵاتی ناو کۆشکی یەکێتی ،
وەک حیزبەکانی تر مەحکوم بون بەوەی خوێنی یەکەم جڵەوەی دەسەڵاتی حیزب بگرێتە دەست
و ئەم پلانەش لەلایەن ئێرانییەکانەوە ئۆکەی بۆ کراوە ، هەر بۆیە کۆنگرەکانی پارتی
و یەکێتی یەک مانا و یەک وێنە دەدا بە دەرەوەی خۆی ، ئەویش مەحکوم بون بە دەستەڵاتی
خوێنی یەکەمی ( بارزانی و تاڵەبانی) کەواتە دەتوانین وێنای نێچیرەڤان بە لاهور وێنا
بکەین ، بەڵام تا بارزانی مابێ شەڕەکان بە شاراوەیی دەکرێ و پێ دەچێت نێچیرەڤان بەرەی
بەیعەت بە مەسرور بێت و بێ کێشە وەک دەستەڵاتی دوەمی پارتی واژۆ بکات .
کۆنگرەی یەکێتی
بۆ بافڵ تاڵەبانی و بەرەی بەیعەت بۆ یەکێتی قۆناغێکی هەستیارە و دەکرێ قۆناغەکە
باشتر نەبێ بەڵام زۆنی سەوز لەسەر پەتی پێکدادانی ئامۆزکان نزیک تر دەکاتەوە ئەگەر
لەڕێی پلانێکەوە خوێندنەوە بۆ دەرئەنجامەکانی قۆناغی دوای کۆنگرە نەکرا بێ ، بە
مانایەکی تر کۆنگرە بۆ شەرعییەتدان بە ماوەکان لەگەڵ خوێنی یەکەم و بەرەی بەیعەتی
دوای لاهور پێداویستیەکی گرنگ بێت بۆ یەکێتی ئەوا ئەوانەی دەرەوەی یەکێتی بە تایبەت
فیگەرەکان بە پێی کۆنفرانس و کۆنگرە دەکەونە دەرەوەی یەکێتی و سفر دەبنەوە ، بە
مانا حیزبییەکەی لە کاتی کۆنگرەدا هەمو ئەندامانی حیزب دەبنەوە بە ئەندام و دوبارە
لەڕێی کەرت و کۆمیتە و مەڵبەند وەک کۆنفرانسی ناوخۆیی دەتوانن بە پێی دەستور خۆیان
هەڵبژێرنەوە ، ئەوەی ناوی نەبێ و بەشدار نەبێ مافی ئەندامێتی حیزبی نامێنێ ، پاشان
کۆنگرە بڕیار لەسەر پۆستەڵاکانی حیزب دەدا بە پێی تەشکیلاتی نوێ و کار لەسەر هەموارکردنەوەی
دەستوری ناوخۆ و ئامانجەکانی حیزب دەدات و حیزب و ئۆرگانەکانی و دەستور و هەیکەلی ڕێکخستنی
شەرعیەت وەردەگرێ.
ئەگەر دۆخی ئێستای
یەکێتی پێویستی بەم کۆنگرە ببێت و بافڵ تاڵەبانی و قوبادی برای پێداویستی ئێستای دەستەڵاتی
خوێنی یەکەم بن ، ئەوا دەکرا جیاواز لە کۆنگرەی ١٤ ی پارتی سیناریۆی جیاوازتر هەبوایە
، ئەگەر چی هەردوو کۆنگرەکە لەسەرەتاوە وێنەکە دیار بو ، ئەندامانی کۆنگرە بە قەناعەت
و ترس و بەرەی بەیعەتەوە دەزانرا و دەزانرێ کێ دەردەچێ ، بەڵام یەکێتی بە درێژایی
خەباتی فۆرمی جیاوازتری هەبوە لە پارتی ئەگەرچی لەم کۆتاییانەدا لە ناوەڕۆکدا دوو
زەردێنەی ناو یەک هێلکە بون ، بەڵام دەکرا کەمێک جیاوازتر بوایە و سینارێوی نوێ هەبوایە
، وەک :
١-بۆ سەرۆک چەند کاندێک
هەبوایە و ڕێژەی دەنگەکان بە قایمە شۆڕ بکرایەتەوە.
٢-لە بەرەکان ( بەرەی
شاخ ، بەرەی هێز ، بەرەی کەمایەتییەکان ، ناوچەکان ٫ ئایینەکان ، بەرەی بەیعەت )
نوێنەریان بەئۆکەی بافڵ تاڵەبانییەوە ئەندامی گۆنگرە بونایە ، دەربچونایە.
٣-بەرنامە لەسەر دوو
ئاست بخرایەتە ڕوو ، ئاستی حیزبی وەک هەیکەلی تازە و ئامانج و دەستور ، ئاستی حکومی
دیاریکردنی ئەجێندای کارکردنی داهاتو.
بە کورتی یەکێتی
لەبەردەم قۆناغێکی زۆر هەستیاردایە بە تایبەت دوای کۆنگرە کە ئەرکی خوێنی یەکەمە وەک
گرێدەری ڕاماڵینی نەیارەکان بۆ بافڵ و قوباد زۆر سەخت دەبێ و دەکەوێتە بەردەم کۆمەڵێک
لێپرسراویەتی گەورەوە ، گرنگترینیان:
١-کێشەی حیزب و دامو دەزگاکان
و گەندەڵی.
٢-کێشەی گەندەڵی حیزبی و
ئەوانەی لێپرسراویەتی حیزبی و حکومیان هەیە ، چەندیان بوە و ئێستە خاوەنی چین.
٣-کێشەی ئیداری و مالی
دامودەزگا حکومییەکان لە زۆنی سەوزدا.
٤-کێشەی پەیوەندی یەکێتی
بە حیزبەکانی تر و بە تایبەت پارتی.
٥-کێشەی هاوسەنگی هێز و ڕێککەوتنی
ستراتیژی.
٦-کێشەی پێگەی یەکێتی لە
بەغداد و ململانێی نێوان هەرێم و بەغداد و چەندین کێشەی تر.
بە گشتی خوێندنەوەی
واقعی ئێستای یەکێتی ئەوەمان پێ دەڵێ کە دروشمی کۆنگرە ( نوێگەری لە کاردا و کۆدەنگی لە بڕیاردا) ئەرکێکی زەحمەتە و
سەرۆک و پۆستەکانی تر و بەرپرسیارییەتیەکانی تری یەکێتی قۆناغی دوای کۆنگرە دەکەونە
بەردەم قۆناغێکی سەختەوە وەک چۆن لە مێژوی یەکێتیدا کەوتوەتە بەردەم قۆناغە جیاوازەکانەوە.