ئەو ڕۆژانەی هەمویان بە دوای نەوشیروان مستەفاوە بون
3/5/2021 11:18:00 AM
بەختیار نامیق
بە درێژایی مێژو شۆڕشەکانی کورد لە بۆشایی سیاسی
و سەربازیدا ئاستی خەباتیان بەرز بوەتەوە ، یان بە هۆی ناکۆکی وڵاتانی زلهێزی
ناوچەیی و جیهانیەوە وەک کارت دروستکراوە و بەهێز کراوە و دوای لە ڕێککەوتنەکاندا
لەسەر مێزی گفتوگۆ فرۆشراوە ، کورد نەیتوانیوە ئاراستەی ڕوداوەکان و بێهزی و بەهێزی
دوژمنی بخوێنێتەوە و لەوێوە کار لەسەر درێژەدان بە خەباتی بکات ، هەر بۆیە مێژوی
کوردە پڕە لە ئاشبەتاڵ و یەکتر سڕینەوە و پاشکۆی وڵاتانی دەرەکی.
کاتێک پرۆسەی ئەنفالەکان دەست پێ دەکات بە هەمو
پێودانگێک کورد مەحکوم بوە بە دوبارەی ئاشبەتاڵی 76 و بەڵام لەبەر ئەوەی سەرکردەیەک
داینەمۆی شۆڕشی نوێ و خۆی تاقانە سەرکردەی دوای ئەنفالەکان بو ، وەک سەرکردەیەکی
سیاسی و سەربازی دەیزانی کە نابێت مێژوو دوبارە بێتەوە ، بوە هێزێکی گەورە و توانی
ڕێ بگرێت لە دوبارەبونەوەی مێژو و نەهێڵێت ئاشبەتاڵ دروست ببێ ، نەوشیروان مستەفا
تاکە سەرکردەی مێژویی بوە کە بە قوڵی لە بەریەککەوتنی هێزە ناوچەیی و جیهانیەکان تێدەگەشت
و دەشیزانی حکومی مێژو چۆنە ، شارەزایەکی وردی مێژووی خەبات و سیاسی و سەربازی و
ئابوری و جوگرای و جیوپۆلەتیکی و فەرهەنگی بو ، ئەم باکگراوندە قوڵەی ئەم سەرکردەیە
لە مێژوی خەباتی کوردی باشوردا نەبوە ، هەر بۆیە توانی ببێتە داینەمۆی شۆڕشی خوڕاگری
و بەردوامی بدات بە خەبات سەرەڕای ناوهەسەنگی هێز ، دەیزانی و خوێندنەوەی تایبەتی
هەبو بۆ حکومەتی عێراقی و ئاراستەی ڕوداوەکان لەناوچەکەدا ، ئەمانەش وای کرد ببێتە
تاکە سەرکردەی مێژویی کە نەهڵێت ئاشبەتاڵ ببێتە حکومی دوبارەی مێژو.
لەو کاتەدا ئەوانەی ناویان سەرکردە بو ئەگەر
چی ماندو بون و خەباتیان کردوە ، هەر لە بازنەی یەکەمی سەرکردایەتی هەموحیزبەکان
تا بازنەی خوارتری سەرکردایەتی حیزبەکان باوەڕیان بە بەردەوامی شۆڕش نەبو کەوتبونە
بەر حکومی دوبارەی مێژوی ئاشبەتاڵ ، ئەو کات زۆربەی سەرکردەکان یان کوردستانیان
جێهێشت یان لە ئێران بون ، نەوشیروان مستەفا تاکە سەرکردە بو کوردستانی جێنەهێشت
و توانی ببێتە مەدرەسەیەک بۆ خۆڕاگری و ڕێ لە دوبارەی مێژو بگرێ و خۆی ئامادە
بکات بۆ ڕوداوەکانی دوای شەڕی ئێران / عێراق و نەخشەی ڕاپەڕین دابڕێژێ و بتوانێ
کورد بگەیەنێتە قۆناغی ڕزگاری و ببێتە ئەندازیاری ڕاپەڕین.
لەو کاتەدا نەک هیچ سەرکردەیەک لە کوردستان نەبو
بەڵکو نەوشیروان مستەفا میوانداری دەکردن بۆ ڕاپەڕین باوەڕیان پێی نەبو .
کاتێک نەخشەکەی نەوشیروان مستەفا سەری گرت و ڕاپەڕین
دروست بو هەمو ئەوانەی ئێستا خۆیان بە سەرکردە و پێشمەرگە دەزانن هەمویان بە دوای
کاک نەوشیروانەوە بون ، کاک نەوشیروانیش دەیوست هەمو هێزەکان ئەوانەشی لە ڕۆژە سەختەکاندا
باوەڕیان بە شۆڕش نەبو یەکبخات و بتوانن پێکەوە حکومێکی دروست بکەن ، بە کورتی ڕۆژانێ
بو هەمو ئەوانەی ئێستا خۆیان بە سەرکردە دەزانن بە دوای نەوشیروان مستەفاوە بون.
لە قۆناغی دوەم و قۆناغی حکومداری و دەوڵەتداری
نەوشیروان مستەفا دەیزانی دەوڵەتداری و حکومداری لە سایەی ڕێککەوتنی ناستراتیژی و
پاشکۆیەتی وڵاتان و ئیفلیج بونی دام و دەزگای حکومی وگەندەڵی ، دوبارە دەبێتە فریادڕەس
و پڕۆژەی ڕیفۆرمی گشتی و چاکسازی دەکاتە بەرنامەی
خۆی و مەتبەخێکی سیاسی بونیاد دەنێ تا دوبارە ڕێ لە شکست و ئاشبەتاڵێکی تری دەوڵەتداری
بگرێ و دەبێتە ڕابەری مۆدێلێکی تر لە سیاسەت و دەوڵەتداری.
لە ئێستاشدا کە حیزبەکان و دەوڵەت دوچاری دەیان
نەخۆشی بوەتەوە دوبارە بە مردویش مەحکومن بەوەی جارێکی تر دوای نەوشیروان مستەفا
بکەونەوە ، بە جۆرێک نەوشیرون مستەفا لە سەرکردەیەکی سیاسی و سەربازی و ڕابەری دو
قۆناغی گرنگ تەحویل بوە بۆ جۆرێک لە مۆدێل و کلتوری سیاسی و حکومداری.
وەک چۆن لە ڕاپەڕیندا هەمو سەرکردەکان مەحکوم
بون دوای نەوشیروان مستەفا بکەون ، بە مردویش لەگێژاوەی سفربونەوە و دوبارەی هەرەس
و ئاشبەتاڵدا جارێکی تر مەحکوم دوای پڕۆژەکانی بکەون و بیکەنە کلتوری هەستانەوە.