258وتار

هێڵە گەرمەکەی بافڵ تاڵەبانی

6/24/2023 1:09:00 PM
بەختیار نامیق

ڕاستەوخۆ تێل ، دوای چەندین جار هەوڵدان بۆ وەرگرتنی هێڵی سەوز ، هێڵە گەرمەکەی بافڵ تاڵەبانی ، باش بو ئەم جارە وەری گرت :

من : ئەلو .
هێڵی گەرم : فەرمو ، ڕاستەوخۆ بفەرمو کێشەت چیە؟
من : جەنابت کێێ و لێپرسراویەتیت چیە لەم دامەزراوەیەدا؟
هێڵی گەرم : من بافڵ تاڵەبانی.... بفەرمو .
من : خۆشحاڵم کە جەنابتی ، من نەهاتوم بۆ مەعبەد و قسە بکەم ، بۆ دیدەنی خوا و پێغەمبەر نەهاتوم تا ستایشت بکەم ، دەمەوێ هەندێ هەقیقەت بڵێم ئەگەر توڕە نابی و لێم قبوڵ دەکەی و کاتت هەیە .
بافڵ : ئەم هێڵە بۆ کێشە دانراوە .
من : بەڵێ منیش کێشەم هەیە وەک هەر هاوڵاتیەک بەڵام کێشەکەی من گشتیە نەک شەخسی.
بافڵ : ( کەمێک بە بێزارییەوە) بفەرمو گوێم لێگرتوی .
من : هەر هاوڵاییەک بگری دنیایەک کێشەی هەیە لەگەڵ دامەزراوەکان و کاتێک بەر دامەزراوەکان دەکەوێت پڕ دەبێت لە توڕە بون ، بە مانایەکی تر ئەگەر هاوڵاتییەک قاچی بکەوێتە چاڵێک ، ئەگەر هاوڵاتیەک پارەی چارەسەری نەخۆشی پێ نەبو ، ئەگەر هاوڵاتییەک غەدری لێکرا ، ئەوە بێگومان بە حاکمی ئەو وڵاتە یان ئەو زۆنە یان ئەو شارە لێی بەرپرسە ، تۆ وەک حاکمی ئەم شارە هەوڵێکی سەرەتایی باشت دەست پێ کردوە کە ڕایەڵەیەکت دروست کردوە تا هاوڵاتی سەبارەت بە کێشەکانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ خۆت قسە بکات ( پێێ بڕیم )
بافڵ : هەمو ئەمانەی تۆ باسی دەکەی لە تۆ باشتر دەیزانم و لەگەڵ خوێنداکارانی زانکۆ باسم کردوە و هەنگاوی کرداریشم بۆ ناوە ، ئەم هێڵە یەکێکە لە هەنگاوەکانم .
من : ببورە کاک بافڵ با قسەکانم تەواو بکەم .
بافڵ : فەرمو برا بەڵام هەوڵ بدە بە کورتی ، خەڵکی تر چاوەڕێمانە .
من : تۆ بتەوێ و نەتەوێ حاکمی زۆنێکیت و بەرپرسیاریەتی قورست لەسەر شانە ، لە دڵێ هەمو هاوڵاتیەکی میرنشینەکەتدا هەر گلەیەک هەبێت ئەستۆی تۆ دەگرێتەوە ، لە بەرامبەردا یەک دنیا گەندەڵی ، دزی هەیە ، یەک دنیا جیاوازی چینایەتی هەیە لە نێوان خەڵکی خانوە قوڕەکان و چواردەوری ئێوە لە کۆشکی شاهانەدا ، کوڕانی بەرپرسانی دەوری ئێوە چۆن دەژین و کوڕە هەژارێک چۆن دەژی ، زۆر سەرت نائێشێنم ئەم چەند خاڵەم هەیە :

1. کوڕانی سەرکردەکانی شاخ کە ئێستە زۆربەی جومگەکانی دەستەڵاتیان بە چەند بازنەیەک لە دەستدایە زیاتر کار بۆ چواردەور و خۆیان و خزم دەکەن ، تۆ هەوڵێکی سەرەتایت دەست پێکردوە من دڵخۆشم پێێ بەڵام هیوام کەمە پێی ، گەندەڵییەکان لە دوری خۆتان و ئەوانەن لە هەرەمی سەرەوەی حیزبەکاندان .

2. بە حوکمی ئەوەی هەرێم دابەش بوە بۆ دوو زۆن و لەسەرو ئیرادەی ئێوەشەوەیە ( ئێران زۆنی سەوز و تورکیا زۆنی زەرد) تۆ حاکمی کولفی کولی زۆنی سەوزی لەگەڵ ئاوایی ئەوبەر جیاوازن ، زۆنی زەرد ڕێککەوتنی ستراتیژی هەیە لەگەڵ یەکێتی و زۆنی سەوز مەهێڵە ببنە پاشکۆی پارتی و خۆتان وەک هێزێک بەرامبەر پارتی ببینن ، کاتێک باوکت و کاک نەوشیروان و یەکێتی لە زاخۆوە تا خانەقینیان بە دەستەوە بو ، وە کاتێکیش ڕاپەڕین کرا پارتی هەر نەبو ، مەبنە پاشکۆیەکی لاوازی پارتی ، کە تۆ ئەم هەوڵەت داوە بەردەوام بە لەسەری ، ئەوەنەش پارتی تاوانبار مەکەن بەوەی کە ئەوان غەدر لە زۆنی سەوز دەکەن ، ئەوان لە ماڵی خۆیان و ئێوەش لەماڵی خۆتان ، ئەوان لەم دیو سنوری دێگەڵەوە دەستەڵاتی دانانی مدیری مەکتەبێکیان نیە ، خۆتان خۆتان بن.

3. گەندەڵی ڕۆچوەتە هەمو جومگەیەکی دامەزراوەکانەوە بە شێوەیەک ئەگەر یەكێ نەناسی لە دامەزراوەیەکدا کارت لەبەر ناڕوا ئەلىەت ئەمە ڕێژەییە ، هەر خۆتان چەند کەسێک زەرع بکەن دەتوانن بیادۆزنەوە و توند بن لەگەڵیان کە بێگومان پیاوەکانی دەوری خۆتانە ، ئەم کارەت چەند جارێک ئەنجام داوە ، سەرەتایەکی باشە .

4. خۆت لە ئێمە باشتر دەزانی دزەکانی زەوی کێن ، دزەکانی مەرزەکان کێن ، دزەکانی خانو بەرە کێن... هتد ، ئەو هەوڵەی دەستت داوەتێ ، قورستری بکە .

5. من و هەزاران کەسی تر کە ناشیرینیەک دەبینین ڕەخنە لە تۆ دەگرین ، ئەگەر من ڕەخنە بگرم خەڵک هەیە توڕەترە ، بەلاتەوە ئاسایی بێت و سنوری ئازادییەکان فراوانتر بکە و هەر سەر بەم هێڵە گەرەمە لیژنەیەک دروست بکە چاودێری ڕەخنەی ناو سوشیال میدیا و ماڵپەڕەکان بکات و بە دواداچونی بۆ بکەن ، سنوری ئازادییەکانی ڕەخنەی بونیاتنەر فراوان بکە و ڕەخنەی شەخسی بێتام و تێکدەر سنوردار بکە .

6. ئەم ‌هێڵە گەرمەی تۆ یەک مانا و یەک وێنە دەدات بەدەروەی خۆی ئەویش ئەوەیە کە یاساکان و دادگاکان و دامەزراوەکان نەیانتوانیوە کاری خۆیان بکەن بۆیە ئەم هێڵە دامەزراوە ، تکایە هێز بدەرەوە بە داداگاکان و دامەزراوەکان .

7. باوەڕی تەواوم هەیە ئەوەی نەتوانی خزمەتی شارەکەی خۆی بکات ناتوانێ خزمەتی وڵاتیش بکات ئەمە با مانای ئەوە نا کە ناوچەگەری بکرێت ، بەڵام سنوری سلێمانی تایبەتمەندێتی خۆی هەیە هەرگیز وەک شوێنەکانی تر نابێت ، تۆش لە خانەوادەکەتەوە تا کاک نەوشیروان و باقی سەرکردەکانی بازنەکانی تر خەڵکی سلێمانین و پێشکەوتنی ئەم زۆنە سەربەرزیە بۆ تۆ داڕمانیشی داڕمانی شکۆی خانەوادەکان کە حاکمی ئەم شارەن .

8. پێم مەڵێ تۆ وەرە کارمان لەگەڵ بکە ، ئێمە پیر بوین بەم ئەخیری عومرەمانەوە دەبێت بچین دوو درەخت بڕوێنین ، مەهێڵە پیرە فاشیلەکانی شاخ و شار دیسانەوە وەک باوکت و کاک نەوشیروان کۆمەڵێک بەچکە فیرعەونی تر دروست بکەنەوە ، با کۆمەڵیک گەنجی ڕاهێنراو ئەم کارە بکەن .

9. ئێوەی کوڕانی سەرکردەکانی شاخ ئەگەر کوڕی ئەو سەرکردانە نەبونایە لە سلێمانیدا بە شاگرد چێشتخانە قبوڵ نەدەکران ، ئێستە هەڵۆکە نیشتوەتەوە بەسەر شانی ئێوەوە و تا ئاستێک تۆ و براکەت جیاوز ترن بەڵام حاکمی ئەم شارەن و بەرپرسیاریەتی قورستان لەسەر شانە ، تکایە بازنەی بینینتان فراوان بکەن و ڕو بکەنە خانوە قوڕەکان .

10. سەرەتایەکی باشت دەستداوەتێ بۆیە ئەم تێلەم کرد ، ئەگینا لە ماوەی دە ساڵی پێشتردا دوای باوکی ڕەحمەتیت و کاک نەوشیروان لەسەر جادەشە وەک هەمو خەڵک حەزم بە بینیتان نەکردوە ، دروست کردنی ئەم ڕایەڵەیە و هەوڵەکانی ترت زۆر باشن و منیش و خەڵکیش دڵخۆشین بەم هەوڵانە بەڵام وەک هەوڵەکانی تر دەترسین و هیوامان تەواو پێی نیە ، بەو هیوایەن حاکمێکی باشی ئەم زۆنە بیت و سنور بۆ ئەو هەمو گەندەڵێ و جیاوازی چینایەتیە دابنێی و وا بکەی گەنجەکەنمان نیشتمان بە هی خۆیان بزانن نەک تەنها نیشمانێک بێت بۆ بەرپەرسەکان ، وەک شێکۆی مەزن دەڵێ ؛
ئەی نیشتمانی بێ گوێچکە
تۆ دەتەوێت هەرچۆنێک بی و
هەرچیەک بیت خۆشم بوێیت؟
بەفر بی یان قوڕولیتە،
هەتاو بیت یاخود تەم و مژ،
تەپ و تۆز بیت یاخود فەزایەکی بێ گەرد
، هەروەکوو یەک تەماشات بکەم؟
هەرچۆنێک بیت خۆشم بوێیت؟
ببی بە ئەسپی قاچاخچی و باری تلیاک و هێرویین بێنی و بەری، خۆشم بوێی؟
ببی بە چەکمەی چەرمینی ژەنەڕاڵێکی دراوسێ،
یاخود ببیت بە مێزەری فەتوایەکی ڕق و تۆڵە
من هەر ئەبێ خۆشم بوێیت؟

11. بافڵ : هەرچەندە کاتت زۆر بردم بەڵام سوپاس بۆ پەیوەندیەکەت و لای خۆمان یاداشتی دەکەین کاری لەسەر دەکەین .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن