1211وتار

خوێندنەوەیەکی تر بۆ یادی ڕاپەڕین

3/7/2019 2:21:00 PM
بەختیار نامیق

لە ماوەی (٢٨) ساڵی ڕابردودا لە یادی ڕاپەڕیندا جگە لە کۆمەڵێک حیکایەتی دوبارە و سێ بارە و هەوڵ بۆ شێواندنی مێژوەکەی و ڕێکنەکەوتن بۆ نوسینەوەی زانستی یەکانگیر و ئەکادیمی باوەڕ پێکراوی گشتی هیچی تر نەبوە ، بە شێوەیەک شەڕێک و زۆرانبازیەک هەیە لە نێوان کارئەکتەر و پاڵەوانەکانی شاخدا کە کێ خاوەنی بیرۆکەی ڕاپەڕین بوە و کارئەکتەرەکان بە پلە بەندی ڕیز دەکەن و هەر پاڵەوانە و بە شێوەیەک باسی پاڵەوانێتی خۆی دەکات ، ئەم پاڵەوانبازیە و ئەم شەڕە گەشتوەتە ئاستێک هەر لەگەڵ نزیک بونەوەی یادی ڕاپەڕین پێش شاشەکان و دەرکەوتنی پاڵەوانەکان هەمومان دەزانین چی دەلێن و چی بوە ، بە جۆرێک هەمویمان لەبەرە ، هەمان ئەو یادەوەری و بیرەوەریانە دەوترێتەوە کە دوبارە و سەدان بارە بوەتەوە و بە جۆرێک وا سواوە کە زۆربەی خەڵکی حەوسەڵەی گوێ گرتنیان نەمابێت.

 

بەدەر لەمەش پاڵەوانەکان خەریکی بۆیاخکردنی دیواری ئەم ڕاپەڕینەن بەو شێوەیەی خۆیان دەیانەوەێ ، خەریکی ماکیاجکردنی ڕوی ڕاپەڕین بەو خواستەی خۆیان کە لە شاشەی ڕاپەڕینەوە خۆیان پاڵەوانی دەرجە یەک و دەرجە دوو بن ، بێ ئەوەی پرنسیپەکانی نوسینەوەی ئارگۆمێنتی ڕاپەڕین بە شێوەیەکی ئەکادیمی بونی هەبێت هەمومان باوەڕی پێ بکەین و بیدەینە دەست نەوەکانی دوای خۆمان بڵێێن ئەم یادەوەرییە لە چوارچێوەی ئەم کتێبەدا هەقیقەتی ئەو قۆناغەیە کە ناومان ناوە ڕاپەڕین ، تا نەوەکانی دوای خۆمان دراسەی لەسەر بکەن ، بە پێچەوانەوە هەر کەسێ دێت لە ڕوانگەی خۆیەوە ڕاپەڕین دەنوسێتەوە بێ ئەوەی بزانێ لە دۆڵەکەی ئەو دیو چی ڕویداوە ، نوسینەوەی مێژو تەنها لە دەلاقەیەکەوە نابێتە ئەو ئارگۆمێنتەی کە دراسەی زانستی مێژووی لەسەر بکرێت.

 

بە دیوەکەی تریدا ئەو ڕابەرانەی کە سودیان لە گۆڕانکاری ناوچەیی و جیهانی وەرگرت و بونە کارئەکتەری سەرەکی و پاڵەوانی سەرەکی خۆیان جگە لەیەک جار نوسینەوەی قسەی تریان لەسەر نەکردوە ، نەوشیروان مستەفا کە ڕابەری ئەم ڕاپەڕینە بوە لەبەر ئەوەی خۆی کەسێکە شارەزایی لە نوسینەوەی مێژودا هەیە و خۆشی کارئەکتەری سەرەکی بوە هێندەی قسەی لەسەر دەستکەوتەکانی کردوە کەمتر باسی ڕاپەڕینی کردوە  ، بەڵام بێتە خوارتر بۆ پاڵەوانە دەرەجە دوو سێیەمەکان ململانێیەک و هەوڵێک هەیە بۆ ماکیاج کردنی ئەم یادە و دروستکردنی ستەیجێک بۆ ئەوەی خۆیان ببنە ئەکتەری پاڵەوانی سەر ئەم شانۆیە .


لە ئێستاشدا ڕاپەڕین بوە بە شانۆیەک پڕ بوە لە حیکایەت خوان هەر یەکەی بە ئاوازێ  دەخوێنێ ، حیکایەتگەلێک کە جگە لە ڕەنگ کردن و ڕەسم کردنی ئەم یادە بۆ بە پاڵەوانکردنی خۆیان هیچی تر نیە ، هەموشمان دەزانین کە ئەم شانۆیە سواوە و هەزاران جار حەیەویەتی خۆی لەدەست داوە ، حیکایەت خوانەکان ئەو پاڵەوانە پیرانەن کە نازانن جگە لە گێڕانەوەی بە مەبەستی پینە کردن و ڕەنگکردن و ڕەسمککردنێکی کۆمیدی هیچی تر ناکات ، بەڵام کارئەکتەری سەرەکی کە نەوشیروان مستەفا بو ئەگەر ڕاپەڕین کارگەیەک بوبێت ئەو باسی ئەو کاڵایانەی دەکرد کە ئەم کارگەیە بەرهەمی دێنێت نەک باسی چۆنیەتی دروستکردنی کارگەیەک کە وەستاوە و بەرهەمی نیە ، ئەگەر لە ئاستی بەرپرسیاریەتیدا خوێندنەوە  و هەڵکۆڵین بۆ ئەم یادە بکەین ئەوا دەبێت نەوشیران مستەفا ئاسا باسی لێکەوتەکانی بکرێت و چی بکرێت بۆ گەشتن بە ئامانجەکانی ڕاپەڕین ، نەک پاڵەوانێکی حیکایەتخوانی ناو ئەم ڕوداوانە بێت وبیەوێت ماکیاجی خۆی بکات وەک ئەوەی خۆی دەیەوێت .


پرسیارە گەورەکە لێرەدایە ئایا ڕاپەڕین چی بەرهەم هێنا ، ئایا توانی نیشتمان بکات بە هی هەمومان یان دروستکردنی گەرکێکی گەورە لە ناو شارێکی هەژاری بێ مافدا ، ئایا کارئەکتەرە سەرەکیەکە کە کاک نەوشیروان بو چی دەویست و دەیوست چۆن سەیری ڕابردو بکەین ، بە ئێستاشەوە هەمو پاڵەوانەکان هەمو کارئەکتەرەکانی ڕاپەڕین لە ڕابردودا دەژین ، جگە لە نەوشیروان مستەفا کە خۆی نەخشەی راپەڕینی کێشا و هەر خۆشی دەیوست دەسکاری ئەم نەخشەیە بکات بۆ پرۆسەی نیشتمانی ، کەچی ئێستا کۆمەڵێک پشیلەی ناو شۆڕش ئەیانەوەێ هێزی شێر بە ساختە بخەنە ناو جەستەی خۆیان ، زۆریان تا ڕەپەڕینیش بێ ئاگا بون ، دوا جار هیچ ناکات جگە لەوەی کە پشیلەیەک لەبەردەم ئاوێنەیەکدا خۆی لێ دەبێتە پڵنگ و چی تر حیکایەتخوانیش و دروشمە سواوەکان لای خەڵکی وەک ئەو شانۆیە وایە کە سواوە هەزاران جار دوبارە بوەتەوە .  

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن