819وتار

گۆڕان و ئەرکی ئەخلاقی و نەفەس درێژی

8/29/2021 10:20:00 PM
بەختیار نامیق


گۆڕانی قۆناغی کاک نەوشیروان ئەو قەڵایە بو هەمومانی تێدا بوین و ململانێکانمان لە دەرەوەی ئەم قەڵایە بۆ بە نیشتمانی کردنی پرسە گشتیەکانمان ، بۆ بە دامەزراوەیی کردن ، بۆ خەباتی مەدەنی ، خەونمان بو ئەم قەڵا هێندە گەورە بکەین تا سەر سنورەکان و ببێتە ناوەندێک بۆ کۆی بۆچون و حیزبەکان وەک قۆناغێکی نوێ و گواستنەوەی هەرێم لە مۆدێلی حیزبیەوە بۆ مۆدێلی نیشتمانی.

دوای کاک نەوشیروان قەڵاکە هەر ماوە لە ناو ئەم قەڵایەدا گلەیمان هەیە ، ڕەخنەمان هەیە ، زۆرێکمان چوینەتە دەرەوە و دەمانەوێ لە ژێر کاریگەری نەیارەکانمان قەڵاکەی خۆمان بڕوخێنین ، قەڵای گۆڕان ئەگەر چی دوای مردنی باوک هەڵکشان و داکشان و دەنگی جیاواز دروست بوە ، بەڵام دواجار ئەوە ئەرکی ئەخلاقی هەر گۆڕانێکە نەهێڵێت ئەم قەڵایە بڕوخێ ، ئەم هەڵبژاردنە وەک نۆژەنکردنەوەی قەڵاکەیە ئەرکی ئەخلاقی هەمومانە لە بری هەوڵدان بۆ ڕوخانی بە هەمو جیاوازیەکانمانەوە بەشداربین لە نۆژەنکردنەوەی.
ــــــــ
تۆی گۆڕان ئەگەر ناڕازیت ، ئەگەر ڕەخنەی توندت هەبوە و هەیە ، ئەگەر بێزاری لە چەند کەسایەتیەک ،   ئاگادار بە تا ئێستاش کەسایەتی تۆ وەک گۆڕان وێنا دەکرێ ، گەر گۆڕان نەمێنێ کار لەسەر چی دەکەی .
ــــــــ
گۆڕان پڕۆژەیە پێش ئەوەی حیزب بێ ، گۆڕان هەگبەکەی پڕە لە پڕۆژە کە پێویستی هەنوکەی هەرێمە بۆ چونە قۆناغێکی تر ، گۆڕان پاشخانی پیاوێکی مێژویی خاوەن دیدی فرە ڕەهەندە بۆ گۆڕانکاری لە ئێستای گۆڕانی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانیدا ، تۆی گۆڕان دەبێ بە شانازیەوە خۆت بە خاوەنی ئەم پاشخانە مێژوییە بزانی و بەشدار بی لە نۆژەنکردنەوەی .
ــــــــ
گۆڕان سکەی ئەو شەمەندەفەرەیە کە هەمومان لە فارگۆنەکانیداین ، دەکرێ گلەیمان لە خێرایی و لە کەم و کوڕی هەبێت ، ناکرێ بمانەوێ ئەم شەمەندەفەرە لەسەر سکەکەی بخەینە خوارەوە.
ـــــــ
گۆڕان خاوەنی پڕۆژەی هەمەلایەنەی گشتگیرە.
گۆڕان خاوەنی یەکەم خەباتی مەدەنیە و دیدی بۆ پرسە گشتیەکان نیشتیمانیە.
گۆڕان لە حکومەت و دەستەڵاتدا لە ئاست وەزارەتەکاندا سەلماندی لە ناو دەستەڵاتەوە بە ئەرکی ئەخلاقی خۆی هەڵساوە و باشترین گروپی ناو حکومەت بون ، ژمارە و داتاکان خۆیان قسە دەکەن و ئەم ڕاستیە دەسەلمێنن.
ـــــــ
گۆڕان چی لە ناوخۆ و چی لەسەر ئاستی ناوچەیی بە ماکینەیەکی زەبەلاحی میدیایەوە دژایەتی کراوە ، دەبێت تۆی گۆڕان هێندە نەفەس درێژ بی و لە بەردەم پلانی نەیارەکانمانا تێ نەکەوی و کوڕی تەنگانە بیت و بەردەوام بی.
ــــــــ
گۆڕان دوژمن و کێبڕکێکەری زۆرە و تاقە سەنگەرە بەرامبەر هەمو سەنگەرەکانی تر ، دوژمن گوڵت ناداتێ شەڕت دەکات ، دەست خۆشیت لێ ناکا دەیەوێ دەستت بشکێنێ ، دەبێ منی گۆڕان هێندە وریا بم شەڕەکان وەک خۆی ببینم و نەفەسم درێژ بێ و نەشکێم و نەکەومە ژێر کاریگەری دوژمنەوە.
ــــــــ
گۆڕان نە دزی کردوە و نە بیرەنەوتی هەیە و نە چەکدار ، ڕوبەڕوی دزی نەوت و داگیرکاری بیرە نەوتیەکان و سوپایەک بندیوار و چەک بوەتەوە ، منی گۆڕان دەبێ بزانم چی شەڕێکی قورس دەکەم.
ــــــــــ
گۆڕان و کەشتی گۆڕان و شەمەندەفەری گۆڕان و قەڵای گۆڕان بێ کەم و کوڕی نیە ، هەر بۆچونێکت هەیە دەبێت لە ساتە سەختەکاندا بەرگری لێبکەین .
گۆڕان ڕوبار و ئاسمان و چەمیش بێ نە بێ چەقەڵ دەبێ و نە بێ داڵ و نە بێ لێڵایی ، منی گۆڕان  دەبێ وەک واقعی ئێستای زۆرێک لە حیزبەکان بیبینم و کار بۆ باشتر بونی بکەم .
ـــــــــ
بەڵێ گۆڕان ماوە و دەرکەوت بە نەفەسی درێژمان هەمو ئەو پلان و سیناریۆیانەی لە ژێر ناوی (بۆ گۆڕان ماوە) دادەڕێژرا ،خۆیان لە هەردو زۆن بەهۆی ناکۆکیانەوە پەلاماری چەک و مەرز و پۆست و سڕینەوەی یەکتر دەدەن ، هەر خۆشیان بە دەست نەخۆشیەکانیانەوە بە ناچاری ڕێگای چونە ناو چاکسازی گۆڕانیان گرتەوەتە بەر.
ــــــــ
گۆڕان ئەو هۆڵە نەشتەرگەریەیە بەناچاری بۆ نەمردنی قەوارەی هەرێم دەبێ کۆی پرسەکان بخەنە ناو ئەم هۆڵەوە بۆ نەشتەرگەری.
گۆڕان مەتبەخێکی سیاسی و ئیداری و دەوڵەتداریە و دیسان بە ناچاری دەبێ کۆی دەوڵەتداری ببرێتە ئەم مەتبەخە.
ـــــــــ
لەم قۆناغەدا ئەرکی ئەخلاقیمانە وەک بەڵێنمان بە گۆڕان و کاک نەوشیروان داوە شان بخەینە بەر بەرپرسیاریەتی و بە پێی خوێندنەوەی واقع کار بۆ گۆڕان بکەین ، سەرەڕای جیاوازی و ڕەخنەکانمان نەهێڵین گۆڕان بکەوێ و بە نەفەسی درێژەوە ، بە باوەڕی سیاسیانەی هەڵکشان و داکشانەوە ، کوڕی تەنگانە بین و کار بۆ ئەم بزوتنەوەیە بکەین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن