408وتار

مەنجەڵی سەرۆک کۆمار و سەرقاپی تاران

2/10/2022 5:35:00 PM
بەختیار نامیق



ئەم ناوچەیە پڕ بوە لە جەنجاڵی سیناریۆ و دنیایەک یاری بێ تامی بەرژەوەندییەکان و هەر چوار ساڵێک دوبارە دەبێتەوە بێ ئەوەی هیچ لە ڕێککەوتنی نێوان تاران و ئەنقەرە بگۆڕێ، دواتر دەزانین کە یاری خۆیانە ئێمەیان سەرقاڵ کردوە بە کۆمەڵیک کێشەوە کە هیچ نین جگە لە هەڵمی سیاسی و سەرابی بەرژەوەندی.

 خۆ ئەگەر سەرۆکایەتی کۆمار مەنجەڵ بێ ئەوا سەرقاپەکەی لە تارانە، چونکە ڕێککەوتنەکە سازانە نە تورکیا و نە ئەمریکا و نە ڕوسیا هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ ئەم سازانەدا (تەوافق) نیە، ئەو هەوڵانەش تەنها یاریەکە بۆ ئەوەی یەکێ لە تیپەکان سنوری ئەم ڕێککەوتنە ببڕێت و بڵێت ئەوە توانیمان تەوافق بگۆڕین بە زۆرینە ، ڕێککەوتنەکە وەک سکەی قیتارەکە وایە دەکرێت سەرنشینێک فارگۆنەکان بگۆڕێ یان دابەزێ و سەرنشینێکی تر سەرکەوێ بەڵام هەمو فارگۆنەکان ڕەنگ کراون بە فڵچەی ڕەنگی ولاتان  ، سەرۆکی پەرلەمان بۆ سونە ، سەرۆکی حکومەت بۆ شیعە و سەرۆک کۆماریش بۆ کورد، تورکیا بەشی خۆی بردوە کە دەکاتە سەرۆکی پەرلەمان (حەلبوسی و خەنجەر) سەرۆکی کۆماریش بۆ کوردە و مەنجەڵی کۆشکی سەلام سەرقاپەکەی لە تارانە و ئەم پۆستە هی کوردە و لە ناو کوردیشدا لە ڕێککەوتننامەی ستراتیژیدا بەش کراوە بەرامبەر سەرۆکایەتی هەرێمە کە بۆ تورکیایە و ئەمەش دەبێت بۆ ئێران بێت.

 واتا سەرقاپی مەنجەڵەکە بۆیەی سەوز کراوە و لە تاران دانراوە، ئیتر هەمو یاریەکان جگە لە شانۆیەکی بێ تامی سیاسی هیچی تر نابێ.

 شەڕی بارزانیش بۆ ئەوەیە کە کاندیدە سەوزەکەی تاران بە دڵی بارزانی بێت و سەرقاپەکە لە بەرهەمەوە بگۆڕی بۆ ڕزگار یان لەتیف، لە بەرامبەردا دەڵین سەرقاپە سەوزەکانی وەک ڕزگار و لەتیف بچوکە و بۆ مەنجەڵی کۆشکی سەلام نابێت دەکەوێتە ناو مەنجەڵەکەوە.

 لە دوا جاردا ئەوە ڕونە سەرقاپەکە بۆیەی سەوز کراوە و لە تارانە و بۆ یەکێتی و زۆنی سەوزە ئیتر بەرهەم نەبێت با فەتاح بێت ، گرنگ ئەوەیە بۆ سەر مەنجەڵەکە ببێت ، هەرچی سەدریشە هێزی نەرمی ئێرانە دوا جار نە شەرقیە و نە غەربیە بەڵکو سەر بە حەوزەی قومی شیعیە ، سەدر هێچ کێشەی نیە لەگەڵ سێ سەرۆکایەتیەکە کە سێ مەنجەڵە و سەری هەر مەنجەڵێکیان بە پێی بەرژەوەندی تاران و ئەنقەرە دابەش کراوە بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکاوە.

 سەدر دەیەوێ لە پێکهێنانی حکومەتدا زۆرینە و تەکنۆکرات بێت، کە باوەڕم وایە ئەمەشی پێ ناکرێ و دەبێت بە سازان کێکی حکومەتیش دابەش بکەن ، لە دواجاردا هەرسێ مەنجەڵەکەی پەرلەمان و سەرۆک کۆمار و حکومەت سەرقاپی خۆیان هەیە بە ڕێککەوتنی وڵاتان ڕەنگ کراون .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن