نەورۆز وەک پێگەیەک بۆ شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانی .
3/23/2019 9:51:00 AM
بەختیار نامیق
بە پێ ی سەرچاوە مێژوییەکان نەورۆز بۆنەیەکی نەتەوەییە ، ئەگەر چی نەورۆز
جەژنی زۆرێک لە میللەتانی ناوچەکەیە ، بەڵام دوا جار وەک بۆنەیەک بوەتە پانتاییەک
بۆ ئازادی نەتەوەکان و بەتایبەتی تر کورد ، کورد ئەم بۆنەیە وەک بۆنەیەکی تەواو
نیشتمانی دەبینێ ، نەورۆز تەنها یادێک نیە و بەس تەنها هەڵکردنی ئاگر و ژیانەوەی
زەوی و داوای کورد نیە بۆ ڕزگار بون لە
ژێر دەستی وەک قوڵایی مێژو ، بەڵکو لە هەناوی ئەم یادەدا بەدەر لە پیرۆزکردنی ئەم
یادە هەڵگری دنیایەک چەمکی نەتەویی و شوناسی نەتەوەیەکە ، بەردەوام دیواری نەورۆز
ئەو بۆنە بوە کە تاکی کورد دروشمەکانی پیا هەڵدەواسێ و تازەی دەکاتەوە ، پەیامێکە
بە دنیا دەڵێ کورد دەبێت ببێتە خاوەن ناسنامەی خۆی ئەگەر چی لە چوارچێوەی ئەو
وڵاتانەشدا بێت کە مێژو بەسەر کوردیانا سەپاندوە ، بە مانایەکی تر تەنها سەیران و
دەربڕینی خۆشەبەختی نیە ، ئەگەر ئەمە بەشێکی بێت ئەوا بەشە قورس و قوڵەکەی
داواکردنی ئازادی و بون بە خاوەن شوناسی ڕاستەقینەی خۆمانە ، نەورۆز ئەو دروشمەیە
کە بەڕوی وڵاتانی ناوچەیی و جیهانیدا هەڵدەکرێت کە ئێمە بەردەوامین لە مانەوەمان و
داواکاری نەتەوەیەکی بێ جوگرافیا و کیانێکی سیاسی ، نەورۆز وەڵامدانەوەی ئەو
نەتەوانەیە کە ڕەگەزپەرستن و دان بە بونی کوردا نانێن ، وەستانێکە لەبەردەم
ئاڵنگاریە گەورەکاندا .
ئەگەر سەیر بکەین لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە بۆ باکور و باشور کورد بە بێ
جیاوازی بەشداریەکی قورس دەکات لەم بۆنەیەدا کە دەکرێت لەسەر و هەمو بۆنەکانەوە
ببینرێت ، جونکە هێندە سەیرکردنێتی وەک خەباتی بەردەوام ، هێندە گەشت و سەیران و
یادکردنەوە نیە ، دەکرێت بڵێین ئەمە بەشێکێتی ، بەشە گەورەکەی هەزاران بارە
کردنەوەی بونی ئێمەیە لەسەر خاکێکی داگیرکراو ، دروشمێکە کە خاوەندارێتی زمان و
خاک و فەرهەنگمان دیاری دەکات .
لە ناوخۆشدا بڕینی بیری حیزبیە و حیزب دەکاتە وەسیلەیەکی بچوک لە بەردەم بە
نیشتمانی بونی هەمو تاکێکی کوردا ، نەورۆز بۆ حیزبەکان هێندەی پەیامێکە بۆ
شەرمەزارکردنیان هێندە بۆنەیەک نیە حیزبەکان بێن شانازی پێوە بکەن ، نەورۆز بە
حیزبەکان دەڵی ئەگەر چی ئێوە هەر یەکەتان درێژکراوەی وڵاتێکی بێگانەی فاشیزمن ، بەڵام
لە هەناوی کۆمەڵگادا شتێک هەیە لە ئێوە بەرپرسیارانە تر لە ئێوە گەورە تر ، نەورۆز
بۆ حیزبەکان مایەی شەرمەزاری و شکستە چونکە ئەوان جوگرافیای ئەم نەتەوە دابەش
دەکەن و نەورۆز وەک یەکیەتیەکی ناوەکی قورس هەڵەکانی ئەوان ڕاست دەکاتەوە کورد
دەکاتە یەک لاشە ، ئەم نەورۆزە بۆ دوژمنانی کورد و حیزبە فاشیلە کوردیەکانی
سەلماند کە داواکردنی خاوەندارێتی شوناسی نیشتمانی داواکاریەکە لە هەناوی
کۆمەڵگادا هەیە و لە خواستی تەسکی حیزبەکان گەورەترە ، دەبینین کورد بون سنوری
جیاکاری دوژمن حیزبی گرگنی بڕی هەورامی لە ئاکرێ یە و دیار بەکری لە مەریوانە و سنەیی
و سلێمانی و قامشیلی و دیار بەکری لە قەندیلن ، ئەوەی دەمێنێتەوە دەبێت بڵێێن
نەورۆز تاقە ئاوێنەیەکە کە ڕاستی هەر تاکێکی کوردی بەرامبەر شوناسی نەتەوەیی پێشان
دەدا .