533وتار

لۆژیکی بە بارمتەگرتنی کەسێتی

10/27/2022 11:10:00 AM
د. جەعفەر عەلی

سەرنجێکی کورت لەبارەی ڕوونکردنەوەکەی «نەوەی نوێ»

یەکەم: ئەوەی بڕیار دەدات کێ پەرلەمانتارە و کێ نا، خودی پەرلەمانە، نەک حیزب. حیزب دەتوانێ بە ڕێککەوتن لەگەڵ خودی پەرلەمانتار و ڕەزامەندی ئەو بڕیار بدات، پەرلەمانتارێک، یان ژمارەیەک لە پەرلەمانتارەکانی لە کاری پەرلەمانی بکشێنێتەوە، بەڵام تا ڕێوشوێنە قانونی و پەیڕەوییەکانی پەرلەمان جێبەجێ نەکرێت، حیزب نە مافی ئەوەی دەبێت و نە دەتوانێت، کادیرێکی خۆی بکاتە پەرلەمانتار، یان سیفەتی پەرلەمانتاری لێوەربگرێتەوە. بۆیە سادەترین تێگەیشتن بۆ قانون و کاری پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستان، ئەوەمان پێدەڵێت: ئەوە کاری پەرلەمانە متمانە، یان سیفەتی پەرلەمانتاری لە پەرلەمانتار وەربگرێتەوە، نەک بڕیاری حیزب و سەرۆک.

دووەم: کاتی خۆی برادەرێک نامەیەکی بۆ چەند پەرلەمانتارێکی گۆڕان نوسیبوو، داوای کردبوو: لە بەرانبەر  ڕەتکردنەوەی مافی خانەنشینی، بزووتنەوەی گۆڕان وەک حیزب مانگانە موچەیەکیان بۆ ببڕێتەوە. ئەم برادەرە هەر لەخۆوە و سەربەخۆ ئارەزووی کردبوو داوایەکی لەم شێوەیە بکات، نە پێشنیاری کاک نەوشیروان و نە هی بزووتنەوەکەش بوو. واتە مەبەستی بوو ئەو پەرلەمانتارانە موچەیەکی یاسایی (وێڕای سەرنجی زۆر لەبارەی یاساکە)، لە بەرانبەر وەرگرتنی موچەیەکی نایاسایی، کە حیزب بۆیان دابین دەکات، ڕەتبکەنەوە.

ڕوونکردنەوەکەی ٢٦ ئۆکتۆبەری «نەوەی نوێ»، هەڵگری هەمان نەفەسی بە بارمتەگرتنی کەسێتی مرۆڤ و بێ ئیرادەکردنییەتی لەبەردەم کەلاوەی حیزبدا. ئاخر کێ دەتوانێ دڵنیایی ئەوە لە سیاسییەک، یان حیزبێکی کوردی وەربگرێت لە بەرانبەر بەردەوام نەبوون لەگەڵ هەمان حیزب، یان دەربڕینی سەرنجێکی جیاواز، یان ڕەخنەیەک لە کەسی یەکەم، کە خۆی هەم حیزبە و هەم سەرۆک، لە بوونی ئەودا حیزبێک، جوڵانەوەیەک بوونی هەیە، لە کوژانەوەشیدا حیزب و ئابووری و میدیاکەشی دەکوژێنەوە، مافی ئەو موچە حیزبییەی پارێزراو دەبێت. بە بڕوای من موچەخۆری ئەم دەسەڵاتە بیت، کە پێیدەڵێن حکومەت، گەلێک شەریفانەترە لەوەی موچەخۆری حیزب بیت. ئایا موچەخۆرێکی حیزبی هەیە لەم هەرێمە دەست بۆ ڕەخنەی جددی لە سەری حیزب ببات و سەرۆک شەڕی پۆست و گیرفانی لەگەڵدا نەکردبێت.

ئەوەی نەوەی نوێ لە دکتۆر کازم فاروقی داواکردووە، هیچ نییە جگە لە بە بارمتەگرتنی کەسێتی کۆمەڵایەتی مرۆڤێک و هەوڵدان بۆ چەماندنەوەی لەبەر قاپی سەرۆکدا بۆ چنگێک پارە.

سێیەم: گرفتی هێزی سیاسی کوردی ئەوەیە، ناتوانێت جیاواز بێت. توانای دابڕان لە پێش خۆی و پێشاندانی وێنەیەکی جیاوازتر لە وێنە مێژووییەکانی سیاسەتی کوردی نییە. هەمووان خەریکی فووکردن بە جەستەی سەرۆک و ئەفسانەسازین، جەستەیەک گەرەکییەتی لەڕێی وەرگرتنەوەی کەسێتی مرۆڤ لە بەرامبەر پۆست و پارەدا، هەر کاتێک ئارەزوو بکات دەستەکانی بۆ نمایشی ئاوەدانی و میهرەبانی بەرزبکاتەوە، کاتێکیش لە بازنەی خواست و ویستە پۆپۆلیستییەکانی دەرچوویت، بۆ شکاندن و پەلاماردان و ڕووشاندنی کەسێتی کۆمەڵایەتیت بەکاریبهێنێت.

   ئەم نەخۆشییە کوردییە لە سەرەتای ڕاپەڕینەوە لە ناو پارتی و یەکێتیدا بوونی هەیە، دوای ئەوانیش پەڕیوەتەوە بۆ ناو جەستەی سیاسی و کۆمەڵایەتی هێزەکانی دی، بەوانەشەوە کە خۆیان وەک ئۆپۆزیسیۆن و هێزی جیاوازتر دەناسێنن.

چوارەم: تۆ سەیری ئەم لۆژیکە سیاسییە نەخۆشە، هێزێک خەریکی ئەوەیە پزیشکێکی گەنج، پەرلەمانتارێک، لە وێنەی سواڵکەرێک لە بەردەرگای تەلاری سەرۆکی حیزب و خاوەنی حیزب ڕابگرێت. وەک موریدێکی تواوە لە پیرۆزی بوونی شێخدا، ڕۆژانە پەیمانی بچووکی خۆی بۆ شێخی سەرۆک نوێ بکاتەوە.

   دەستەواژەی «ئێمە زیاتر لەو بڕە موچەیەت پێدەدەین»، دەربڕینێکە لە کولتوری تاریکی سەدەکانی ناوەڕاست و ڕۆژگاری دابەشکردنی پسوولەی چوونە بەهەشت دەچێت. ئاخر دروستکردنی کارخانەی کۆیلەی مۆدێرن لە ناو دەستەواژە و تێزی لەم جۆرە و عەقڵیەتی سیاسی لەم جۆرە نەبێ هەرگیز ناتوانێ گەشە بکات و بژیت. لە کاتێکدا هەر کەسێک بڕێکی کەمیش ئاگایی سیاسی هەبێت، ئەو ڕاستییە باش دەزانێت، هەر موچەخۆرێکی گەورەی حیزب لەبەردەم چ سانسۆرێکی توندی حیزب و دەزگا و دامەزراوە حیزبییەکاندایە. دەربڕینی هەر ناڕەزایەتییەکی جددی، یاخیبوونێک، هەر دەرچوونێک لە بازنەی فەتوا و ئیرشاداتی شێخی سیاسی مۆدێرن، پێش هەر شتێک دەست بۆ گیرفان و پۆستەکەی دەبرێت، دواتریش کەسێتی کۆمەڵایەتی دەخرێتە بەردەم شاڵاوی نائەخلاقیانەی حیزب و میدیای حیزبییەوە.

    کاتێک ئێمە مێژوویەک لە شورەیی و ناشیرینیمان لەبەردەستدایە، کاتێک گەنجینەیەک لە نموونەی پەلاماردان و تیرۆری کەسێتیمان ئەزموون کردووە، چ مانایەک بۆ جیاوازبوون و «نوێ» بوونمان دەهێڵینەوە، ئەگەر سەرمان لە ناو هەمان جۆگەلەی وشەدا بێت و، عەقڵ و بیرکردنەوەشمان لە ناو هەمان زەلکاوی تەڵخ و بۆگەنی سیاسەتکردن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن