220وتار

مێژوو وەک تراژیدیا

8/5/2024 5:48:00 PM
د. جەعفەر عەلی

مێژووی ئێمە پڕیەتی لە تراژیدیا، سەرڕێژە لە خوێن و برین، کارەساتی مرۆیی، تا بە جینۆساید دەگات. ئێستایشی لەگەڵدا بێت، بەشی هەرە گەورەی پرسیارەکانی ئێمە بۆ تراژیدیاکانی کورد، پرسیاری قوڵ و بنەڕەتی نین، هێندەی پرسیارن بۆ دەستکەوتنی مەکۆیەک لە وەڵام و نووسینەوەی لە فۆڕمی گێڕانەوەی ڕووت و حیکایەتی مێژووییدا، حیکایەتێک دواجار دەچێتەوە خزمەتی دونیابینی سیاسی و کۆمەڵایەتی کەسی حیکایەتخوان. نووسینەوەی ڕووداو گرنگە، تەنانەت گێڕانەوەی حیکایەت و چیرۆکەکانیش بایەخی ئەدەبی، کولتوری و مێژوویی خۆیان دەبێت، بەڵام گیرخواردن و مانەوە لە نێو گێڕانەوە و حیکایەتی ڕووتدا، واتە لە دەستدانی هێزی تێپەڕاندن و دابڕان لەو ڕووبەر و پانتاییە مێژوویی و کولتورییەی، کە ئەگەر بخوازین بەسەر دۆخێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی نوێدا بکرێینەوە، دەبێ تێپەڕێندرێن، ئەگەرنا ئەوەی لە ئێستادا ئەنجامی دەدەین، مەحکومە بە دووبارەکردنەوەی وێنە ناشیرینییەکانی ڕابردوو، دووبارەکردنەوەیەک وەک چۆن هێزی گووتن و وروژاندنی پرسیاری نوێی لە ڕووداو و ژیانی کۆمەڵگە نییە، توانای کرانەوە بەسەر بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و دابڕانیش لەگەڵ حیکایەتەکانی پێش خۆی دروست ناکات. 

ئەوکاتەی ئێمە هێزی دروستکردنی پرسیار لە بەرامبەر ڕووداوی تراژیدی، لە حیکایەتەکانی مێژوو لە دەست دەدەین، بەشێکی گەورەیش لە هێزی خۆناسین و پرسیار لە بوونی خۆمان دەدۆڕێنین. مەبەست ئەوە نییە، بە میتۆدی دوور لە بابەتیبوون و زانستی مامەڵەی کەرەستەکانی مێژوو بکەین، نووسینەوەی مێژوو بێ پاشخانی مەعریفی و ئاگایی لە زانستە کۆمەڵایەتییەکانی دی، زیندانیکردنی ڕووداوە لە چوارچێوەی گێڕانەوە و حیکایەتە بچووکەکاندا، حیکایەتێک، یان وەک بەشێک لە مێژوونووسە عەرەبەکان، دەمانباتەوە بۆ نێو فیکری عروبە و بە سیمبولکردنی شارستانێتی کۆمەڵگەی عەرەبی و ئیسلامی بۆ شارستانێتییەکانی دەرەوەی خۆی، یان وەک تورک، بە میتۆدێکی ڕاسیستانە خەریکی کورتکردنەوەی کۆی زمان و شارستانێتی دونیا دەبێت لە بازنەی نەژاد و شارستانێتی تورکیدا. 

ئامادەیی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لە مێژوودا، هێزی گەڕان و گەیشتن بۆ دۆزینەوەی هۆکارە جیاجیاکانی تراژیدیامان بۆ ئاسان دەکات، ئەو هۆکارانەی بابەتیبوون دەیهێنێت، نەک فۆڕمی ڕوانینی سیاسی و ئایدیۆلۆژی نووسەرانی حیکایەتخوان، ئەو فۆڕمە کوشندەیەی لە ئێستای ئێمەی کورد و لە تراژیدیایەکی وەکو جینۆسایدی شەنگالییەکان و کۆی دیمەنە تراژیدییەکانی دیکەماندا، خەریکی داماڵینی گوناهەکان لە ئەستۆی خۆی و تۆمەتبارکردنی ئەویدیکەیە. لە هیچ بڕگەیەکی مێژوودا، تراژیدیا بە میتۆدی تۆمەتبارکردن نابێت بە بەشێک لە هۆشیاری کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان و لە یادگەی نەوەکانیدا نامێنێتەوە، هێندەی ئەوەی دەبێت وەک پرس و کارەساتێکی نەتەوەیی و مرۆیی مامەڵە بکرێت، پرسێک بەسەر هەموو ئەگەرەکانی ڕووداودا بمانکاتەوە و تەپوتۆزی نووسینەوەی داستانی (مننامە، قارەماننامە و فریادڕەس) لەسەر ئاستی تاک و گروپ و هێزی سیاسی کۆتایی پێبهێنێت.
بابەتێک، نەک بۆ ئێمە وەک کورد، بەڵکو بۆ تێکڕای مێژووی مرۆڤایەتیش هەر ڕاستە، ئەوەیە تۆ لە ئاستی بەرپرسیارێتی سیاسی گەورەدا بیت، دەسەڵاتی پلە یەک و هەرە باڵای نیشتمانەکەت بیت، بەڵام بە هەموو هێزتەوە لە بەرپرسیارێتی ڕوودانی تراژیدیاکان ڕابکەیت و لە ڕێی دامەزراوە سیاسی، میدیایی و حیزبییەکانەوە، خەریکی نووسینەوەی داستانی خۆ بە پاڵەوانکردن و بەشینەوەی تۆمەت بەسەر ئەوانیدیکەدا بیت، ئەمە دۆخێکە نە تەنیا مێژووی کورد، بەڵکو کۆی کایە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتوری و تەنانەت ڕۆحییەکەشمانی توشی ئیفلیجی تا ڕادەی پەکخستن کردووە. 

ئەگەر چاوێک بەو ڕووداوە تراژیدیانەدا بخشێنین، کە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی کورد بووەتەوە، ڕەنگە بە کەمترین شێوە هەست بە بوونی جیاوازی نێوان ئەو ستایل و مەیلی نووسینە بکەین، کە لە نێوان مێژوونووسانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیست و ئێستاماندا دەبینرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستیەی، ئەوان بە هۆی ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەوە، مەیلی سیاسی و حیزبی، کۆنتڕۆڵی دونیابینی مێژوویی نەکردبوون. لەوساوە بۆ ئێستا کەمترین هێزی دابڕانمان لە مامەڵەی زانستی لەگەڵ کەرەستەی مێژووییدا پێشانداوە، کەمترین پرسیاری قوڵ و کاریگەرمان دەرهەق بە خودی مێژوو خۆی و ڕووداوە تراژیدییەکانی خۆمان کردووە. 

لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، ئیدوارد کار، کتێبێکی بە ناوی (مێژوو چییە) بڵاوکردەوە، بەڵام توێژەرانی بوارەکە بە دیار پرسیار و وەڵامەکانی (کار)ەوە خەریکی دووبارەکردنەوە و جوینەوە نەبوون، دوای چل ساڵ لە کتێبەکەی ئەو، کۆمەڵێک توێژەری ئەوروپایی، لە سەرەتای ئەم سەدە نوێیەماندا، کتێبێکی هاوبەشیان لە ژێر ناونیشانی (ئەی ئێستا مێژوو چییە) بڵاوکردەوە، واتە هەوڵدرا دابڕانێک و تێپەڕاندنێک لەگەڵ ئەو بیرۆکە و وەڵامانە بخەنەڕوو، کە پێش چل ساڵ (کار) ڕاڤەی کردبوون، جارێکی دی پرسیارە مێژوویی و فیکرییەکەیان خستەوە بەردەم پرسیار و گەڕان بۆ وەڵامی نوێ، بەڵام ئێمە لە شەرەفخانەوە بۆ ئەمین زەکی، لە سییەکانی سەدەی ڕابردووەوە بۆ ئێستا، لەبەردەم ئەم پرسیارە دوو وشەییە تەواو قوڵ و گەورەیەدا نەوەستاین و نەمانپرسی (مێژوو چییە)، بۆچی تراژیدیاکانی ئێمە مەحکومن بە دووبارەبوونەوە، یان لانیکەم لەگەڵ گومانی گەورەی دووبارەبوونەوەی تراژیدیادا دەژین. ئەم قسانە مانای ئەوە نییە، لەوساوە بۆ ئێستا نووسەران و مێژوونووسانی ئێمە لەم بوارەدا چووبنە دۆخی بێ جوڵەیی و وەستانەوە، کاری باش و پرسیاری جددی کراون، هەوڵدان لەسەر ئاستی تاک هەیە و دەبینرێت، بەڵام ئەگەر درێژی ماوەکە و بەرەوپێشچوونی زانستەکە لە نێو کایەی زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان، لەگەڵ دونیا و تەنانەت دەوروبەریشمان بەراورد بکەین، دەبێ دان بەو ڕاستییە تاڵەدا بنێین و بڵێین، هێشتا هەوڵەکان زۆر سنوردار و لە دۆخی بێ پرسیاری و نائامادەیی عەقڵی هەڵسەنگاندنی ڕەخنەییدا دەژین.   

کورد تراژیدیای ئەنفال و کیمیابارانی ڕۆژگاری بەعسی وەک ڕووداو تێپەڕاند، بەبێ ئەوەی تا ئێستایش سەنتەرێکی نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوە و گەڕان بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارە گرنگانەوە هەبێت، ئەم تراژیدیایانە بۆ ڕوویاندا، ئەگەر بەعس وەک دەسەڵاتێکی فاشی بکەر و ئەنجامدەری ڕاستەوخۆی تاوانەکەیە، ئەی گوناهی ئێمە وەک کورد لە کوێدایە، ئایا هەر بە ڕاست ئێمە وەک ئەو ناوەندە سیاسییەی سەرکردایەتی شۆڕشی کوردی دەکرد، بە کۆی حیزب و هێزە سیاسییە جیاوازەکانییەوە، بێگوناهین، ئەگەر بێگوناهین چۆن و ئەگەر گوناهێکمان دەکەوێتە ئەستۆ کامایە، ئایا قسەکردن لەسەر خۆمان، پێداچوونەوە بە هەڵەکانی ڕابردوو، گفتوگۆکردن و وردبوونەوە لە کەموکورتییەکان شەرمهێنەرە، یان داپۆشینی، کە هێز نییە بۆ هەمیشە توانای داپۆشینی هەبێت. ئێمە خۆمان قسە لەبارەی برینەکانمان بکەین، یان ئەمریکایی و ئەوروپاییەک، خۆمان پێداچوونەوە بە ڕابردوو و ڕووداوەکانی نێو مێژوومان بکەین، یان ئەوانیدی، کێ لە ئێمە و لەو کارەکتەرە بەشدارانە باشتر دەتوانێت، لە خۆمان بدوێت و جەستەی پڕ برینمان ببینێت. بۆیە لەبری داپۆشین، باشتر وایە، دوور لە بریندارکردن و سووکایەتی، دوور لە مەبەست و دەستکەوتی شەخسی و سیاسی، دوور لە ڕق و کینەی مێژوویی، خۆمان، خۆمان بنووسینەوە، بەر لەوەی ئەوانیدی لە دەرەوەی خۆمانەوە، بماننووسنەوە، یان درێژە بە نووسینەوەمان بدەن. 

ئەوەی لەچەند ساڵی دوای ڕاپەڕیندا، ئێمە بە ناوی نووسینەوەی یادداشت و بیرەوەری دەستمان پێکردووە، لە هیچ شوێنێکییەوە ناچێتەوە ناو خانەی وەڵامدانەوە بەو پرسیارەی، کە دەتوانێت مێژوو، یان ڕووداوەکانی ڕابردوومان بەشێوەیەکی دروست و بابەتی پێبناسێنێت. بێگومان هێشتا نووسین باشترە لە نەنووسین، بەڵام نووسینەوەی یادداشت، دروستکردنی دەفتەری قارەماننامەی شەخسی نییە، نابێت بکرێتە ئامرازی خۆ بە پاڵەوانکردن و بە نەفرەتکردنی ئەوانیدی. جارێک پێشکەشکارێکی کەناڵی (بی بی سی)، ستیڤن ساکور، کاتێک میوانداری سەرۆک وەزیرانی پێشووی بریتانیا، (تۆنی بلێر)ی بۆ بەرنامەکەی (Hard Talk)، کردبوو، لێی پرسیبوو، نەیارەکانت دەڵێن: تۆ زۆر درۆ دەکەیت، وەڵامی تۆ چییە؟ بلێر، لە وەڵامدا گوتبووی، لەوەدا ئەوان لەسەر هەقن، چونکە درۆکردن بەشێکە لە پیشەی سیاسییەکان، بەڵام باوەڕم وایە زۆربەی ئەو درۆ و فریودانەی کردوومن لەپێناوی خزمەتکردن بە وڵاتەکەمدا بووە، واتە درۆکانی بە لێکدانەوەی (میرشیمر)، درۆی ستراتیژی بوون. 

سیاسی و بەشی هەرە گەورەی یادداشت نووسەکانی ئێمە، درۆ دەکەن، بەڵام لەپێناوی خودی خۆیان و بە ئامانجی شکاندن و وێرانکردنی ئەویدی، بۆ دروستکردنی فایلی ساختەی خۆ بە قارەمانکردن، نەک لەپێناوی نەتەوە و نیشتماندا. ئاخر بە کام لۆژیک، بە کام پێوەری زانستی، مێژوویی و کۆمەڵایەتی، تۆ ناو، یان کارەکتەری نێو شۆڕشێک بیت، لەو شۆڕشەدا دەیان هەڵە و گوناهی سیاسی، سەربازی و ستراتیژی ئەنجام درابێت، کەچی تۆ لە لاپەڕەی یەکەمی یادداشتەوە تا کۆتا لاپەڕە، وەک پەپوولە بێگوناهو ئارام بە ئاسمانی هەموو ئەو ڕووداوە تراژیدییانەدا، بەوپەڕی پاکێتی و نیشتمانپەروەرییەوە لە شەقەی باڵ دەیت و بفڕیت.

ئەم فۆڕمی نووسینەوەیە، کە بەشی هەرە گەورەی، یادداشت و بیرەوەرییەکانی ئێمەی کوردی ناشیرین کردووە، نەک کۆمەکێکی باش بە مێژوومان ناکات، بەڵکو زیادتر بەرەو نائومێدیمان دەبات لەوەی کورد بە ڕاستی بوونەوەرێکی نامۆ و سەرسوڕهێنەرە، بوونەوەرێک جگە لە قارەمانبوون، جگە لە ناسناوی پاڵەوانی یەکەم، توانای قبوڵکردنی یەک ڕستەی ڕەخنەیی و بوونی هیچ کارەکتەرێکی گرنگی دیکەی بە تەنیشت خۆیەوە نییە، لە کاتێکدا تا ئەم ڕستە ڕەخنەییە بەشێوەیەکی بابەتی لە دایک نەبێت، ئەمڕۆ لە دوێنێ زیادتر مەحکوم دەبین بە نووسینەوەی شکستەکانی ڕابردوو، شکستی شاخ و شار، نووسینەوەی یادداشتی پڕ گومان و دووبارەکردنەوەی مێژووی تراژیدیمان. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن