199وتار

سەنگەر گواستنەوە، یان هەڕاجکردنی بەهای مرۆڤبوون!

12/4/2023 3:26:00 PM
د. جەعفەر عەلی

کاندیدێکی پارتی بوو بە یەکێتی!
کارگێڕێکی یەکێتی بوو بە پارتی!
کۆی کاندیدەکانی پارتی ببن بە یەکێتی،
تەواوی کارگێڕەکانی یەکێتیش ببن بە پارتی،

جگە لە هەڵوەشاندنەوەی زیاتری پەیوەندییەکان، جگە لە خستنەڕووی حەقیقەتی گوتاری ساختە و دیماگۆگیانەی حیزبی دەرهەق بە کەرکوک، هیچی دیکەی لێسەوز نابێت.

 

مرۆڤ ئازادە لە هەڵبژاردنی شوێن و ناوەندی کاری سیاسیدا، بەڵام نابێ ئازاد بێت لە تێکشکاندنی کۆمەڵگە و تەڵخکردنی ستراتیژی نەتەوەیی. نابێت ئازاد بێت لە وێرانکردن و بچووککردنەوەی مەسەلە ستراتیژییەکان بۆ دەستکەوت و بەرژەوەندی حیزبی، لە ڕێی ملشکاندنی خۆیانەوە، سووکایەتی بە مێژوو و خەڵکی شارێک و کۆمەڵگەیەک بکەن، کە زۆرترین قوربانی لەپێناو ئازادی،  مرۆڤبوون و کەرامەتی نەتەوەییدا داوە.

 

باوکێکی لەرزۆک، سیاسییەکی پۆپۆلیست و دیماگۆگی، ئۆپۆزیسیۆنێکی ساختە و بێ روئیا، جگە لەوەی هێزی بەخشینی ئومێدی عەقڵانییان بە بچووکترین گۆشەی هۆشیاری ئینسانی ئێمە نابێت، کاریگەری نێگەتیڤ و ترسناکیش بەسەر ژیان و ئومێدی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوانیدیکەدا دادەنێن، سەرەنجامیش دەبن بە نموونەیەکی ناشیرین بەسەر دۆخی سیاسی و پەروەردەیی و، شێواندنی ستراکچەری سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی خانە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەش. 

 

مرۆڤ ئازادە لە حیزبێکەوە بچێتە حیزبێکی دی، بەڵام بە هۆکاری ماددی و ویژدان فرۆشتن نا، بە خۆهەڕاجکردن و نرخدانان لەسەر بوون و کەرامەتی مرۆیی نا… مرۆڤ تۆپە قوماش و جووتێ پێڵاو نییە تا لە مامەڵەی بازرگانیدا نرخی بخرێتەسەر. هەر کەسێک ئامادەیی ئەوەی تێدابێت نرخی لەسەر دابنرێت و بخرێتە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنەوە، نە خۆی دەبێت و نە بەهای مرۆڤبوونیشی دەمێنێت، بەڵکو بەردەوام لە دەرەوەی خۆیەوە و لە بازاڕی بازرگانانی سیاسیدا وەک بێ نرخترین کەرەستەی ماددی دەچێتە ناو بازنەی کڕین و فرۆشتنی ئەوانیدیکەوە. 

 

عەقڵی بچووک و حیزبی بچووک، هەرگیز هێزی ئەوەیان نابێت بچنە ناو ڕووبەری شەڕی گۆڕانکاری گەورەوە،  وەکچۆن ئۆپۆزیسیۆنی بێ روئیا و دیماگۆگیش هەرگیز توانای هێنانی گوتار و دونیابینی نوێی نابێت. 

 

بۆیە ڕووداوی بچووکی لە وێنەی (سەنگەر گواستنەوە)، کە  لە ڕاستیدا هەڕاجکردنی ویژدان و بەهای مرۆڤبوونە، مرۆڤە بچووکەکان، عەقڵە بچووک و کۆنتڕۆڵکراوەکان وەک کۆلارە بە ئاسمانی شادیدا دێنێت و دەبات. بیستنی چەند دەنگێکی ناڕازی و بوونی چەند ڕۆحێکی یاخیش، ئۆپۆزیسیۆنێکی بێ روئیا و نادیموکرات، تا خەوبینین بە پیاسەکردن بە نێو ڕاڕەوەکانی بەهەشت دەخاتە خوێندنی ئاوازی خۆشخەیاڵییەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن