481وتار

سیاسەت و عینادی

10/11/2022 10:15:00 PM
د. جەعفەر عەلی

   ئەمڕۆ ١١ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، یەک ساڵی تەواو بەسەر دوا هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراقدا  تێپەڕی، بەڵام هێشتا هێزە سیاسییە عیراقی و کوردییەکان نەیانتوانیوە لەسەر ناوی کاندیدی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەت و کاندیدی سەرۆک وەزیران ڕێکبکەون. 

   تا ماوەیەکی نزیک بەر لە ئێستایش بەهۆی ناکۆکی زۆری ناو ماڵی شیعە خۆیانەوە، لە توانادا نەبوو کەسێک وەک کاندیدی سەرۆک وەزیران ناوبنرێت، ئەم ناکۆکییەی ناو ماڵی شیعە، عینادی سیاسی و ناکۆکی ناو ماڵی کوردی داپۆشیبوو، بەڵام دوای پاشەکشەی سەدرییەکان لە پەرلەمان و دواتریش تا ڕادەیەکی زۆر هەڵبژاردنی بێدەنگی لەلایەن موقتەدا سەدر لە بەرامبەر هەنگاوەکانی تێپەڕاندنی قەیرانی پێکنەهێنانی حکومەتی نوێ و جۆرێک لە ئارامبوونەوەی شەقام، نزیک بە دوو مانگ دەبێت، هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی، کە لە ئێستادا فراکسیۆنی زۆرینەی پەرلەمانی پێکدەهێنن، لە جوڵەی بەردەوامدان بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان و تێپەڕاندنی هەنگاوی یەکەمی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، لەڕێی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەوە. 

   ئێستا تا ڕادەیەک شیعەکان ئەگەرچی ناکۆکییەکانیان وەک خۆی ماوە و بچووکترین لێکتێگەیشتن لەنێوانیاندا ڕووینەداوە، بەڵام جۆرێک لە هەنگاوی کردەییان لەڕێی پێکهێنانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە، کە بەشی هەرە گەورەی پێکهاتە و هێزە سەرەکییەکانی عیراق لەخۆدەگرێت بە پارتی و سوننەکانیشەوە، کە چەند مانگ پێشتر لەگەڵ موقتەدا سەدر لە بازنەی یەک هاوپەیمانێتیدا کۆببوونەوە و داوای پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانیان دەکرد، توانیویانە لە دەرەوەی سەدرەوە هەنگاو بۆ نزیکبوونەوە لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ بنێن.

   چاوی باڵی زۆرینەی پەرلەمانی ئێستای شیعە لەسەر پارتی و یەکێتییە، تا بە لێکتێگەیشتن بگەنە دیاریکردنی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار. لە ئێستادا شیعەکان جگە لەمە هیچ داوایەکی دیکەیان لەم دوو هێزە سیاسییە ناکۆکە نییە، ئەم دوو هێزەش جگە لە خەمی بەدەستهێنانی ئەم پۆستە و ملشکاندنی یەکدی خەمێکی دیکەیان نییە. 

   پارتی لە سەرەتاوە تا ئێستا سوورە لەسەر ڕەتکردنەوەی بەرهەم ساڵح، یەکێتیش بە هەمان نەغمە سوورە لەسەر هێشتنەوەی بەرهەم وەک تاکە کاندیدی حیزبەکەی. من پێشتریش ئەوەم گوتووە، ئەم پۆستە ئەگەر بڕیاربێ مافی کورد بێت وەک نەتەوە، ئەوا لە ئێستادا نە پارتی و نە یەکێتی، ڕەوایەتی بەکارهێنانی ئەم مافەیان نییە، چونکە هیچیان ناتوانن لە ڕووی پێگەی جەماوەرییەوە دەنگی بوون بە نوێنەری کورد لە بەغدا و هیچ شوێنێکی دی مسۆگەر بکەن، بۆیە باشترین میکانیزمی دیموکراسیانە بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە لە ساڵانی داهاتوودا، بریتییە لە پەنابردنەبەر خۆپاڵاوتن و هەڵبژاردن لە کوردستان بۆ ئەم پۆستە، واتە پێدانەوەی ماف بە خەڵکی کوردستان تا نوێنەری کورد بۆ پۆستەکە دیاریبکات و سەندنەوەی ئەم مافەش لە حیزب و سەرۆکی حیزبەکان، تا بە ناوی کوردەوە شەڕ و ناکۆکییەکانیان بۆ دەستکەوتی حیزبی و خێزانی بەکارنەهێنن. دوای ئەوە هەر کاندیدێکی کورد توانی زۆرینەی دەنگی دەنگدەرانی کوردستان بەدەست بهێنێت، مافی ئەوەی دەبێت وەک نوێنەری کورد، نەک حیزب و بنەماڵە و خێزانی سیاسی، لەسەر کورسی سەرۆک کۆماری دانیشێت، بەدەر لەوە هەر کاندید و فیگەرێکی سیاسی لە بەغدا، پارتی بێت، یان یەکێتی، ڕەوایەتی نوێنەرایەتی و وەرگرتنی ئەم پۆستەی وەک مافی کورد لەبەردەم نوقسانییەکی گەورەی ڕەوایەتی و پشتیوانی خەڵکی کوردستاندا دەمێنێتەوە. 

 

   بەشبەحاڵی خۆم گرفتەکە لەوەدا نابینم، پارتی و یەکێتی چەندێک ململانێی دیموکراسیانە لەبارەی پۆستێکی وەها دەکەن، گرفتەکە لەوەدایە ئەم دوو هێزە هێندە کاڵفام و نادیموکراتن، ئەگەر دوو کادیری باڵای حیزبییان لە دەرەوەی ئەم هەسارەیەشدا ناکۆک بن، گرفتەکە دەگوازنەوە بۆ ناو ماڵی خەڵک لە هەولێر و سلێمانی. لای ئەوان شتێک بە ناوی ململانێی دیموکراسی و ئەگەری شکستهێنان بوونی نییە، ئەوان لەبری ململانێی دیموکراسیانە، تەنیا دەزانن ملی یەکدی بشکێنن و ژیانی خەڵکی کوردستان و ئارامی دەروونیان بشێوێنن. دیموکراسی لای پارتی و یەکێتی، واتە بردنەوە و سەرکەوتن، مەکیاڤیللی گووتەنی: چۆن سەردەکەویت و چ ڕێگەیەک بۆ هێنانەدی ئامانجەکەت هەڵدەبژێریت، بایەخێکی نییە. مێژووی پەیوەندییەکانی ئەم دوو هێزە و هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانیش هەر ئەوەمان پێدەڵێت. 

 

   گومان دەکەم بەشی زۆری خەڵکی کوردستان بۆی گرنگ بێت کێ دەبێتە سەرۆک کۆمار لە عیراق، بەڵام بۆی گرنگە لەڕێی ئەم پۆستەوە ژیان و ئارامی لەوە زیاتر نەخرێتەوە بەردەم مەترسی. خەڵک بۆی گرنگ نییە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، کێ و کام هێزی سیاسی پەنجەی (سەرکەوتن) بەرزدەکاتەوە، بەڵام بۆی گرنگە پریشکەکانی عینادی سیاسی نەپەڕنەوە بۆ ناو ژیان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو و دڵەڕاوکێ بەردەوامەکانی ژیانی لەسەر قورستر و تاریکتر نەکرێت. 

 

   ئەوەی ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی بە ناوی مافی کوردەوە شەڕ لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار دەکەن، جگە لە درۆیەکی گەورە بە ناوی کوردەوە شتێکی دیکە نییە، ئەوەش کە پێیانوابێت، ئەم شەڕ و ململانێیەی یەکدی لە دیموکراسییەت و ڕەوایەتی جەماوەرییەوە هاتووە، دیسان درۆیەکی گەورەتر لەگەڵ خۆیان و خەڵکی کوردستانیش دەکەن. ئەوەی لەم هاوکێشەی ململانێی پۆستەدا لە سەرەتاوە بۆ کۆتایی، سەنتەرە، خاڵی بنەڕەتی و جەوهەری بیرکردنەوەی ئەم دوو هێزە سیاسییەیە، تێکەڵکردنی عینادی هەرزەکارانەیە بە سیاسەت، هەرکاتێکیش عینادی بوو بە بزوێنەری سیاسەت، ئیدی هیچ پۆستێک، گەورە، یان بچووک، چاوەڕوانی ئەوەی لێناکرێت، خێرێک بۆ کورد وەک نەتەوە و کوردستانیش وەک نیشتیمان، بهێنێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن