تەبایی سیاسیی!
9/15/2023 8:08:00 PM
د. جەعفەر عەلی
دەرکەوتنی دوێنێی (١٤ ئەیلول)، وەفدی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور
بارزانی و ئەندامێتی یەکێتی و گۆڕان، لە بەغداش کۆبوونەوەی یەکگرتوو و کۆمەڵ لە
دەوری وەفدەکە، جگە لەو حیزبە سیاسییانە خۆیان، لای هەندێک ناوەندی میدیایی و
نووسەرانیش، وەک ڕووداوێکی گرنگی تەبایی و بەیەکەوە کارکردنی هێزە سیاسییەکانی
هەرێم بۆ داکۆکی لە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم خوێندنەوەی بۆ کرا. بە لای
ئەوانەوە ئەم ڕووداوی بەیەکەوە دانیشتن و گفتوگۆکردنە لە بەغدا، سەرەتایەکی باش
دەبێت بۆ کاری بەیەکەوەیی لە داهاتوودا، سەبارەت بە مافە دەستورییەکانی کورد لە
عیراق.
پێویست بەوە ناکات، لە بابەتی تەبایی و کاری سیاسی بەیەکەوەییدا، هیچ یەکێک
لە حیزبە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم، پەیامێک بۆ خەڵکی ناوەوە و دەرەوەی
حیزبەکانیان بنێرن، چونکە ئەو پەیامە دەمێک ساڵە زۆر بە شەفافی بە ماڵ بە ماڵی
خەڵکی کوردستان گەیشتووە، پێدەچێ تەنیا شتێکیش دەسەڵاتی سیاسی کوردی مامەڵەی
شەفافانەی لەگەڵدا کردبێت، گەیاندنی ئەم پەیامی ناتەباییە سیاسییە-مێژووییە بێت،
کە ئەمڕۆ قەوارەی سیاسی و یاسایی هەرێمی کوردستانی، نەک کردووەتە قاوغێکی بەتاڵ،
بەڵکو تا ئاقاری هەڵدێرانیشی بردووە. لە دەرەوەی حیزبەکانیشدا، دیسان پێویست بەوە
نابێت، هەر کەس لای خۆیەوە بکەوێتە ستایش و پێداهەڵدان بە سەفەری (تەبایی!) وەفدی
هەرێم بۆ بەغدا. گومان لەوەدا نییە، تەبایی، لە پاڵ کۆمەڵێک خاڵی دیکەدا، خاڵێکی
گرنگی سەرەتا و کۆتایی سەرکەوتنی هەر گەل و دەسەڵاتێکی سیاسییە، بەڵام ئەوەی ئەم
دەسەڵاتە سیاسییەی کورد بە درێژایی ئەم سی ساڵە نەیتوانی لێی حاڵی بێت، گرنگی ئەم
خاڵە ستراتیژ و نەتەوەییە بوو. کاتێک خودی دەسەڵات لە ماوەی زیادتر لە یەک چارەگە
سەدەدا، لە هەستیارترین دۆخی سیاسی، ئەمنی، دارایی و فشاری ناوچەییدا، هێزی ئەوەی
نەبێت لە گرنگی تەبایی تێبگات، ئیدی سەفەرێک و مەترسییە گەورەکان لەسەر بوونی
دەسەڵاتەکە، هەرگیز نابنە پێوەرێکی زانستی بۆ بڕواهێنان بە گرنگی چەمکی تەبایی لە
ئەجێندای کاری سیاسی و دیپلۆماسی ئەو هێزانەدا.
هێزەکانی ئێمە دەزانن تەبایی گرنگە، بەڵام لای
ئەوان تەبایی مانای کارکردن بە تەنیشت یەکدی و ملدان نییە بۆ پرەنسیپە
هاوچەرخەکانی دیموکراسی و مافی نەتەوەیی، بەڵکو تەبایی مانای دیکە و پێناسەی
تایبەتی لۆکاڵی پێدراوە. تەبایی لە تێگەیشتنی دەسەڵاتی کوردیدا، واتە هەوڵدان بە
ئاراستەی تواندنەوەی ئەویدی لە بوونی خۆمدا، بچووککردنەوەی ئەویدی تا ئاستی
سڕینەوە، بێهێزکردنی ئەویدی تا ڕادەی دەرکردنی لە بازنەی ململانێکە. بە کورتی
حیزبی ئێمە خاوەنی فۆرمێک لە تەباییە، کە لە دونیای کوردیدا نەبێت، لە هیچ شوێنێکی
دیکەدا بوونی نییە. بۆیە ئومێدهەڵچنین لەسەر سەفەرێک و بینینی وەک گوتاری تەبایی
کوردی، هیچ نییە، جگە لە خۆشخەیاڵی و مەلەکردن لە قەراغدا.
ئێمە هەمووان دەخوازین ئەم هێزانە تەبابن، ململانێی سیاسی و دیموکراسی،
ئاسایی و تەندروست بکەنەوە، هەمووان حەزدەکەین گوتاری سیاسی هاوبەشی کوردی لە
ناوەوە و دەرەوەی هەرێمدا، گوتارێک بێت بچێتە خزمەتی بەرژەوەندی هاوڵاتیان و پرسی
ستراتیژی نیشتمانی و نەتەوەییەوە، بەڵام ئەوانی دەسەڵات، سی ساڵە ڕێگرن لە
دروستبوونی ئەم گوتارە، سی ساڵە بچووکترین دەرفەت ناڕەخسێنن بۆ لە دایکبوونی
گوتارێکی وەها، سی ساڵە لە هەستیارترین جێگەدا کە پێویست بووبێت ئەم گوتارە قسە
بکات، ئەوان بە زمانی حیزب و بەرژەوەندی بچووکتر لە حیزبیش گفتوگۆیان کردووە. ئەمەش
جگە لە سەنگەرگرتن لە تەبایی و هەوڵدانی بە بەرنامە بۆ داڕزاندنی هەرچی زیادتری
گوتاری سیاسی هاوبەش، لە خانەی هیچ ناولێنانێکی دیکەدا جێگەی نابێتەوە.
وەک هەر ئەندامێکی دیکەی ئەم هەرێمە، حەز بە دروستبوونی بنەما تیۆری و
پراکتیکییەکانی زمانی تەبایی و داڕشتنی بنچینەکانی گوتاری نیشتمانی دەکەم، بەڵام
حەزی ئێمە شتێکە و حەز و بەرژەوەندی حیزبی کوردیش شتێکی دی. ئەمڕۆ، تایبەت لەم دۆخی
خراپی سیاسی و داراییەدا، لە منداڵێکەوە تا مرۆڤێکی بە تەمەن، دەربارەی دروستکردنی
سەرزەمینی تەبایی سیاسی پرسیار بکەیت، وەڵامەکەی بە قازانجی بوونی تەبایی، ئەرێنی
دەبێت، لانیکەم بە زمانی سادەی خۆیان پێتدەڵێن، هۆکاری سەرەکی کێشەکانی ئێمە
ناتەبایی سیاسیی حیزبەکان و سیاسییەکانن، واتە مەسەلەی تەبایی سیاسی بابەتێک نییە،
کەس دژی بێت. ئەوەی بە گومانەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین، خودی تەبایی نییە، بەڵکو
نمایشێکە بە ناوی تەباییەوە، یەکڕیزی دیموکراسییانە و داننان بەیەکدیدا نییە،
بەڵکو کورتە فیلمێکی ئامادەکراوە و سیناریستەکەیشی دۆخێکی ناچارییە، لەگەڵ ئەوەی
ئەگەر ناچاریش بتوانێت ماڵێکی هەڵوەشاومان بۆ ڕێکخاتەوە، هێشتا شایستە بە پێشوازی
دەبێت، بەڵام هەر کەسێک ئەلف و بێی سیاسەت تێبگات، ئەوە دەزانێت، پارتی و یەکێتی
دوو هێز نین، نە لەگەڵ یەکدی و نە لەگەڵ ئەوانیدیکەدا هەڵبکەن. هیچیان هێزی
ململانێی دیموکراسی و دەستاودەستی دەسەڵاتی سیاسی نین، هیچیان ئامادەیی ئەوەیان
تێدانییە لە ڕێگەی هەڵبژاردن و دیموکراسییەوە، کورسی دەسەڵات بۆ هێزێکی دیکە چۆڵ
بکەن. وەک چۆن دیموکراسی بە پێناسەی ئەوان، واتە من و کورسی دەسەڵات دووانەیەکی
دانەبڕاوی ئەبەدین، تەباییش واتە تێکدان و خاپوورکردنی هەموو ئەو سەرزەمینەی کە
دەشێ تەبایی تێدا سەوز بێت.
وێڕای هەموو ئەوانە، ئەوەی دەیڵێین، ڕاستە لە نائومێدی بە سیاسەتی سی ساڵەی
پارتی و یەکێتی و مێژووی پێشریشیانەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام مانای ئەوەش نییە
هێزە ناتەباکان، ناتوانن تەبابنەوە، یان ئەگەر لە ژێرباری ناچاریدا کۆببنەوە و
هەنگاو بەرەو سەرەتاکانی تەبایی بنێن، کارێکی خراپە، بەڵام بە تێگەیشتنی من، ئەوەی
لە بەغدا و لە سەفەری ١٤ ئەیلولدا بینیمان، جگە لە نمایشێکی سیاسی تەمەن کورت
شتێکی دیکە نابێت.