شەقاوەی سیاسی
7/29/2024 8:59:00 PM
د. جەعفەر عەلی
یەکێک لە دیاردەکانی نێو مێژووی عیراق، دیاردەی بوونی شەقاوە و
میلیشیای شەقاوەییە. شەقاوە لە شێوەزاری بەغدادییەکاندا بەو مرۆڤە بەهێزانە
دەگووترا، کە دەسەڵات و هەژموونی خۆیان بەسەر ئەو ناوچە و گەڕەک و شەقامانەدا
دەسەپاند، کە تێیدا دەژیان.
مێژووی بوونی شەقاوە و گروپە میلیشیا تایبەتەکانی
لە وێنەی شەقاوە، مێژوویەکی کۆنتر لە مێژووی نوێ و هاوچەرخیان لەو جوگرافیایەدا هەیە،
کە پێیدەگووترێت عیراق. هەندێک ئەم مێژووە دەگێڕنەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی
عەباسییەکان، کاتێک گروپ و تاقمی شوتتار و عەیاری (الشطار
والعيارون) دەرکەوتن و لە ململانێ
و ناکۆکییە ناوەکییەکانی سەردەمی بەشێک لە دەسەڵاتدارانی عەباسی، هاوکاری
خەلیفەیەکیان لە بەرامبەر ئەویدیکەدا دەکرد. شوتتار و عەیارییەکان، ئەگەرچی
بۆچوونی جیاجیا لەبارەی ناسنامە و فۆڕمی کارکردنیانەوە هەیە، گروپێک لە مێژوونووسان وەک هێزی میلیشیایی شۆڕشگێڕ و
بەرگری لە بەغدا لە بەرامبەر دەسەڵاتی فارس و تورکدا دەیانبینن، گروپێکی دیکە وەک
دز و ڕێگر و تاڵانچی دەیانناسێنن، چونکە دەڵێن، ئەگەر سەرەتا وەک هێزێکی شۆڕشگێڕ و
بەرەنگاری دەرکەوتن، بەڵام دواتر گۆڕان و بوون بە ڕێگر، چەتە، عەسابە و دەستیان بە
دزی و تاڵانچێتی کرد.
ئەم گروپانە، دزی و تاڵانییان وەک تاوان
ئەژمار نەدەکرد، باوەڕیان وابوو، ئەو شتانەی لە پارە و سامانی بازرگانەکان تاڵانی دەکەن
و دەیدزن بەشێکە لە زەکاتی ئەو سامانەی کە پێویستە بدرێت بە هەژاران. کاتێک
کەسێکیان تەمەنی هەڵدەکشا و تۆبەی دەکرد، دەوڵەت دەیکرد بە ئامرازێکی یارمەتیدەر بۆ
دۆزینەوەی دزەکان و سامانە دزرواەکان. گروپێک لەم شێخە تۆبەکارانە کە
پێیاندەگووترا (تۆبەکارەکان) چووبوونە خزمەتی دەوڵەتی عەباسییەوە، بەڵام ئەوانیش
زۆرجار بە وەرگرتنی پشکێک لە دزییەکان، بێدەنگیان لە بەرامبەر دزەکاندا هەڵدەبژارد
و کاروبارەکانیان بە نهێنی دەهێشتنەوە.
گروپی
عەیارییەکان، لە ناکۆکی و ئاژاوەی نێوان کوڕانی هاڕون ڕەشید، (ئەمین) و (مەئمون)،
هەروەها لە ناکۆکی نێوان (موستەعین) (موعتەز)دا ڕۆڵی بەرگری لە بەغدایان دەبینی. لە
پەلاماری مەئمون بۆ سەر بەغدا، بوونە پشتیوانی خەلیفە ئەمین و بەرگریان لە بەغدا
کرد. بە هەمانشێوە لە شەڕی نێوان (موستەعین) و (موعتەز)دا، کاتێک (موستەعین بیللا)
لە بەغدا گەمارۆدرا، بۆ یارمەتی و هاوکاری، پەنای بۆ هاوکاری ئەوان برد. ئەم گروپە
میلیشیایی و شەقاوانە، تا دەوڵەت زیادتر بە ئاژاوە و ناکۆکییەکان سەرقاڵ دەبوو، تا
کێشە ناوەکییەکانی نێوان خەلیفەکان گەورەتر دەبوون و هێزی بێگانەی فارس و تورک
دەسەڵاتیان زیادتر و لە ناکۆکییەکانیشدا ئامادەیی گەورەتریان دەبوو، زیادتر
دەرفەتیان دەهێنا، پەلاماری ماڵ و سامانی خەڵکیان دەدا و بۆ خۆیانیان دەبرد.
بەگشتی تا دەوڵەت بێهێزتر دەبوو، تا پەلامارەکان زیادتر و ئاژاوە و ناکۆکییەکان
گەورەتر دەبوون، هێزی ئەمانە زیادی دەکرد و بەهێزتر دەبوون.
لە مێژووی هاوچەرخ و ساڵانی بەر لە شۆڕشی ١٩٥٨دا،
شەقاوەکان ڕۆڵێکی کۆمەڵایەتی سنورداریان
هەبوو، کە لە سنوری گەڕەک و ناوچەیەکدا تێپەڕی نەدەکرد. سیاسەت و پرسی کاری حیزبی،
جێگە بایەخی سەرەکی ئەوان نەبوو لە بەغدا، هەرچەندە نوری سەعید یەکێک لەوانە بوو
بە ئامانجی سوود و بەرژەوەندی شەخسی، پەنای بۆ بەکارهێنانیان دەبرد.
لە دوای شۆڕشی ١٤ی تەمموز و سەرهەڵدانی
بەریەککەوتن و بە یەکدادانی نیشتمانی، دیاردەکە بوو بە بەشێک لە ژیانی حیزبە
سیاسییەکانیش، هەندێک لە حیزبەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان و دژ بە نەیارە سیاسییەکانیان
پەنایان بۆ بەکارهێنانیان دەبرد. دوای ئەوەی حیزبەکان لە نێوان خۆیاندا کەوتنە
ململانێ و ناکۆکی توندەوە، حیزبی شیوعی ژمارەیەک شەقاوەی وەک (خەلیل ئەبو ئەلهوب و
ڕەحومی ئەغوانی)یان بەرەو حیزب پەلکێشکرد و بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بەعسییەکان و
ناسیۆنالیستەکان بەکاریانهێنان. هەرچی بەعسییەکان بوون لە ململانێ و ناکۆکییان
لەگەڵ شیوعییەکاندا، پەنایان بۆ شەقاوەکانی وەک (جەبار کوردی، ستار کوردی، محەمەد
فازڵ، کامیل مەعلاک و چەندین شەقاوەی دیکە برد)، تەنانەت حیزبی بەعس مافی
ئەندامێتی لە حیزب بە هەردوو برا (جەبار کوردی و ستار کوردی) بەخشی و لە دوای
کودەتای ٨ شوباتی ١٩٦٣ کران بە ئەندامی حەرەس قەومی.
جەبار و ستار، لە دیارترین شەقاوەکانی کورد و مەترسیدارترین
شەقاوەکانی حیزبی بەعس بوون، کە دواتر حیزبی بەعس، جگە لەوەی سووکایەتی بە پیاوەتی
(جەبار)ی شەقاوە کرد، لە ڕێی هەرزەکارێکیشەوە کوشتی. (محەمەد فازڵ)ی شەقاوە گەیشتە
پلەی ئەندامی سەرکردایەتی هەرێمی حیزب و بوو بە جێگری ئەمینداری نهێنی مەکتەبی
عەسکەری و تا ساڵی ١٩٧٣ لەو پۆستەدا مایەوە، هەندێ شەقاوەی دیکەیش تا پلەی بەرپرسی
شوعبە، بەڕێوەبەری گشتی، بەرپرسی یەکەمی حیزب لە گەورەترین سەربازگە لە بەغدا،
سەربازگەی ڕەشید، ڕۆیشتن.
گێڕانەوەی ئەم چەند نموونە مێژووییە بۆ ئەوە نییە
ڕابردووی دیاردەکە لە عیراقدا بگێڕینەوە، هێندەی مەبەستمانە بە ئێستای گرێ
بدەینەوە و بزانین ئایا ئێستا ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگەی عیراقی و کوردستانیدا چۆنە
و کێن ئەوانەی ڕۆڵی شەقاوە دەبینن؟ ئایا شتێک بە ناوی شەقاوە بوونی ماوە، ئایا ڕۆڵ
و پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتییان وەک خۆیەتی یان گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لەنێوان
وەزیفە و ئەرکی ڕابردوو و ئێستایاندا چی گۆڕاوە؟
هەموو گروپێکی مرۆیی، تەنانەت دەشێت بڵێین
بەشی هەرە گەورەی مرۆڤەکانیش وەک تاک، ئەگەر دیوێکی دۆزەخی و ناشیرینیان هەیە،
دەگونجێت دیوێکی دیکەیشیان هەبێت، ئەگەر نەشڵێین دادپەروەر، بەڵام ڕەنگە بەپێی
مانای زاراوەیی چەمکی شەقاوە، بچێتە خانەی لانیکەمی دادپەروەرییەوە. شەقاوەکان لەم
جۆرە مرۆڤانە بوون، دیوە گەورە و شێوازە سەرەکییەکەی ژیانیان بریتیبوو لە کاری
دزی، ڕێگری و پەلاماردانی ماڵ و سامانی ئەوانیدی، دیوە پەراوێزییەکەیشیان، وەک
گروپی پەراوێزخراوی کۆمەڵگە، بریتیبوو لە داکۆکی لە خەڵکی بێهێز و ستەملێکراوان،
کە گومان لەوەدا نییە، ئەم دیوەی دووەمیان هێندەی پەیوەندی بە مەسەلەی نمایشی
پاڵەوانانەی شەقاوەکانەوە هەبوو، هێندە پەیوەندی بە بابەتی دادپەروەری و داکۆکی لە
بەشخوراو و ستەملێکراوانەوە نەبووە، چونکە یەکێک لەو تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی و
مێژووییانەی ئەم گروپانەی پێدەناسرانەوە، بریتیبوو لە خۆنمایشکردن وەک پاڵەوان،
خۆنواندن وەک هێزێک، تا لەم ڕێگەیەوە ببنە بەشێک لە گێڕانەوەکانی نێو کولتوری
میللی و پاڵەوانی نێو چیرۆک و داستانە ئەدەبییەکان.
کاتێک باس لە گروپی وەک (شوتتار و عەیاری)
دەکەین، دەزانین ئەوان چۆن لە ململانێ و جەنگی نێوان لایەنە ناکۆکەکانی سەردەمی
عەباسی وەک هێزێک دەرکەوتوون و بوون بە بەشێک لە ململانێ ناوخۆییەکان، مەبەستی
ئێمە لەم بابەتەدا، لاکردنەوە لەم دیوەی ئەم گروپانە و دواتریش شەقاوەکان نییە،
بەڵکو زیادتر مەبەستمانە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، دەرکەوتنی ئەم گروپ و شەقاوانە لە
خانەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دیکەدا بخوێنینەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ لە دەوڵەتێکی وەک عیراق، هەرێمی
کوردستان و بەشێکی گرنگی جیهانیشدا دەگوزەرێت، ئەگەر هەمان ئەو دیاردە کۆمەڵایەتی
و سیاسییە نەبێت، کە بە شەقاوە، دز، تاڵانچی و ڕێگر ناسراوە، ئەوە تا ئاستێک
هەندێک خاڵی هاوبەش لە یەکدیان نزیک دەکاتەوە. ڕەنگە جیاوازی گەورەی نێوانیان ئەوە
بێت، لەبری ئەوەی گروپە کۆمەڵایەتییە بێبەش و پەراوێزخراوەکان ببن بە گروپی
میلیشیایی و شەقاوە، دەسەڵاتدار و بەرپرسانی سیاسی و چەک بەدەستی سەربازی لە شەقام
و کۆڵانەکانی شاردا، لە ڕێگەی سێبەرەکانیانەوە، نمایشی پاڵەوانێتی بەسەر خەڵکی
هەژار و پەراوێزخراودا دەکەن و بەشێوەیەکی تەواو مەترسیدارتر ڕۆڵی شەقاوەکانی
ڕابردوو دەبینن.
گروپەکانی ڕابردوو، جۆرێک لە ڕێکخستن و
بەڕێوەبردنی تایبەت بە خۆیان هەبوو، بەسەر تاقمی جیاجیادا دابەش دەکران و ئەرکدار
دەکران، ئێستایش گروپەکان لە ژێر ناونیشانی جیاوازتر و ڕێکخستنی مۆدێرندا
ڕێکدەخرێن و ئەرکدار دەکرێن. ئەوەی لەسەر ئاستی جیهانیدا، دۆناڵد ترامپ، ڤلادیمێر
پوتین، کیم یونگ ئون و زۆری دیکەیش دەیکەن، لە نمایشی شەقاوەی سیاسی نەبێت، لە
هیچی دیکە ناچێت. ئەوەیش گروپە چەکدارەکانی سەر بە حیزب و بەرپرسەکان، سیاسییەکانی
بەغدا و هەرێم دەیکەن، لە نمایشکردنی جوڵە و ڕۆڵی شەقاوەییدا، لە ئاستی سیاسی و
سەربازیدا، لە بەکارهێنانی گروپ و کەسانی خوار خۆیاندا، لە پەنابردن بۆ دزی،
چەتەیی، سەندنەوەی ژیان لە مرۆڤ و دەستبردن بۆ سامانی گشتی، جگە لە
دووبارەکردنەوەی نمایشی ڕۆڵی گروپە کۆمەڵایەتییەکانی، کە لە مێژوودا بە شەقاوە
ناسراون، هیچی دیکە نییە. ئەمڕۆ شەقاوە، لە بەرگێکی تازە، لە فۆڕمێکی مۆدێرن و لە
ژێر ناونیشانی سیاسی، دینی، چەپ، ناسیۆنالیستیدا، کۆکراوەتەوە. ئەگەر شەقاوەکانی
دوێنێ زۆر کات پشتیان بە هێزی بازوو و توانای جەستەیی دەبەست، ئەوا ئەمڕۆ حیزب و
خێزانی سیاسی، خۆیان دەبن بە دامەزراوەی پشتیوانی لە شەقاوەی چەک بەدەست و کارخانەی
بەرهەمهێنانی شەقاوەی پەلاماردەر بۆ سەر ژیان و کەرامەتی مرۆڤی کاسبکار،
ڕۆژنامەنووس، مامۆستا و خوێندکار و گروپە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی کۆمەڵگە.
کاتێک گروپەکانی (شوتتار و عەیاری)، بەشێک لە
شەقاوەکانی بەغدای سەردەمی دەسەڵاتە جیاجیاکانی عیراق، لە پاشایەتییەوە بۆ ئێستا،
ئەگەر وەک گروپی کۆمەڵایەتی پەراوێزخراو و بێبەش لە کۆمەڵگە، ئەگەر وەک کەسانێکی
برسی و بێکار، لە بەرامبەر چینە کۆمەڵایەتییەکانی سەرەوە و بێدادی ئەوان، پەنایان
بۆ کاری ناقانونی و دەستدرێژی بۆ سەر موڵکی هاوڵاتیان و کاری دزی و ڕێگری دەبرد،
ئەوا ئێستا و لە دونیای مۆدێرندا، هاوکێشەکە تەواو پێچەوانە بووەتەوە، چونکە ئەوەی
مومارەسەی شێوازی نایاسایی و ناڕەوا وەک مافێکی ڕەوا دەکات، خودی حیزب و خێزانە
سیاسییەکانی عیراق و هەرێمن، واتە لەبری گروپە پەراوێزخراو و چینە کۆمەڵایەتییە
بێبەشکراوەکان، ئەمڕۆ چینە کۆمەڵایەتییەکانی سەرەوە و خودی دەسەڵاتدارەکان، هەمان
ڕۆڵی شەقاوەی شەقام و کۆڵانەکانی، مێژووی ڕابردوو دەبینن.