قسەکردن لەبارەی نەوشیروان مستەفا، دوای خۆی!
9/14/2020 5:31:00 PM
د. جەعفەر عەلی
نەوشیروان مستەفا، وەک هەر سیاسییەکی دی هەڵەی کردون، نە ئەو، نە هیچ سیاسییەکی دیکەش، فریشتە نەبون و نین.
ئەو رۆژەی سیاسییەک، لە سەرەوە، خۆی بە فریشتە زانی و قبوڵی بو ستایشی بە فریشتەبونی بکەن، ئەوە رێک ئەو رۆژەیە، کە بە توندی باوەشی بە دیکتاتۆریەت و تاکڕەویدا کردوە. ئەو رۆژەش کە حیزبێک، ئەندام و هەوادارانی جوڵانەوەیەک، گەلێک، لە خوارەوە، وێنەی فریشتەیاندا بە سیاسییەک و هالەیەکی پیرۆزیان بە دەوردا کێشا، دیسان ئەوە رێک ئەو رۆژەیە، کە بە دەیان فرسەخ لە دیموکراسی و ئازادی دورکەوتوینەتەوە و خەریکی دروستکردنی سەرکردەی شمولی و ستەمکارین.
ئێمە پێویستیمان بە کارکردن بە دوانەی شوان و مێگەل، ئاغا و کۆیلە، فریشتە و شەیتان نییە، بەڵکو پێویستیمان بە عەقڵیەتێکە، خەریکی تێکشکاندن و هەڵوەشاندنەوەی ئەو هۆشیارییە نێگەتیڤە بێت، کە لە پشتی تیۆریزەکردن بۆ ئەو تێزە دۆزەخییە وەستاوە، کە لە یەککاتدا، هەم ئازاری باوک، هەم ئازاری فەرزندەکانی دەدات.
ئێمە پێویستیمان بە هەڵتەکاندنی ئەو ژێرخانە فیکریەیە، کە رۆژانە خەریکی نوێکردنەوەی خشتەکانی ئەو تەلارەیە، کە فریشتەی باوک لە هەرەمی سەرەوەیدا و لە ژێر چاویلکەکەیەوە، بە بزەوە سەیری هاواری لایەنگرانی و چەپڵەی دەروێش و فەرزندەکانی دەکات. ژێرخانێک کە پێبزانین یان نا، دەسەڵات و باوکی سەرکردە، رۆڵی گرنگی لە دامەزراندن و بیناکردنیدا، گێڕاوە.
مەبەستمە بڵێم؛ نەوشیروان مستەفا، وەک سیاسییەک، وەک رۆشنبیر و نوسەرێک، دەبێ بخرێتە دەرەوەی تەقدیسەوە، وەک هەر کەسێکی دیکە، ئاساییە قسەی لەبارەوە بکرێ، رەخنەی لێبگیرێ، چونکە بێماناییە پێمانوابێ، ئەوەی نەوشیروان مستەفا نوسیویەتی و گوتویەتی، هەموی راستی رەهایە و دوای ئەو دەبێ گوتن و نوسین بوەستێنرێ، بەڵام لەوە بێماناتر ئەوەیە، کاتێک کینە و رق، مێژو دەگێڕێتەوە. کاتێک مێژو تێکەڵ بە شکستی سیاسی و نەخۆشی سایکۆلۆژی دەکرێت.
بەشێکی گرنگ لەو قسانەی دوای کۆچی، لەبارەی نەوشیروان مستەفاوە کراون، تێکەڵ بەم نەخۆشییە سایکۆلۆژی و قینە مێژوییەیە. کاتێک قین و رق مێژو دەگێڕێتەوە، واتە هیچمان نەگێڕاوەتەوە، کاتێک ژینگەی شکست و سایکۆلۆژیای نەخۆش، مێژو دەگێڕێتەوە، یان دەنوسێتەوە، ئەو کاتە نەک مێژویەکمان دەستناکەوێ بۆ خوێندنەوە، گوێ لێگرتن و پەند لێوەرگرتن، بەڵکو دونیایەک وشە و رستەی ساختەی مەبەستدارمان دەست دەکەوێت، کە بێگومان مێژو ئەوەشی تێدایە.
مێژو وەکچۆن دەتوانرێ بابەتیانە بنوسرێتەوە، بە هەمانشێوە دەتوانرێ ساختە و چەواشەکارانەش بنوسرێتەوە، بەڵام بابەتیبون دەتوانێ بمێنێتەوە و چەواشە و ساختەش تەمەن کورت و زو ون دەبن.
نەوشیروان مستەفا، خۆی حەزی دەکرد تا لە ژیاندا بو، هەر کەسێک سەرنجێک، قسەیەک، رەخنەیەکی لە یاداشتەکانی رۆژانی پێشمەرگایەتی و دوای راپەڕینیش هەیە، وەکچۆن ئەو رون و ئاشکرا بڵاویکردۆتەوە، ئەوانیش بینوسن و بڵاویبکەنەوە. بەڵام تا لە ژیاندا بو، چەند کەسێکی کەم نەبێت، کە یاداشتەکانیان شایستەی خوێندنەوەن، قسەیەکی ئەوتۆ نەگوترا و، رەخنەیەکی جدیش لە نوسین و گێڕانەوەکانی ئەو پیاوە نەگیرا، بەڵام دوای مردنی، هەرچی دەنوسێت، تەنانەت ئەگەر دو رۆژیش لە پەناگەیەکی ئەم لادێیانە، مابێتەوە، چۆن دڵی بخوازێت، ئاوا بە ناوی ئەو پیاوەوە قسە دەکات و هەندێجاریش کێرڤی نەرگسییەت و قینی مێژوییان هێند هەڵدەکشێ، رۆڵێکی بچوکیشی بۆ ناهێڵنەوە، تەنانەت کاتێک لایەنە جوان و پۆزەتیڤەکانیشی دەگێڕنەوە، ناتوانن خۆیان لەو رقە شەخسی و مێژوییە دەرباز بکەن، بۆیە باشییەکانیش هەر لە گۆشەنیگای خراپییەوە تەفسیر و تەئویل دەکەن.
ئیدی ئەوە مێژوە، هەر کەس چۆن بخوازێ، دەتوانێ ئاوا یاری پێبکات، بەڵام هەر کەس چۆن بخوازێ، ناتوانێ وشە و رستەکانی وەک راستییەک، وەک گێڕانەوەیەکی بابەتی، لە هۆشیاری خوێنەران و زیهنیەتی مێژویی میللەتەکەیدا بهێڵێتەوە.