گوتاری بێ ئومێدکردن، لەبارەی ناڕەزایەتییەکانی سنوری سلێمانی
12/29/2023 5:47:00 PM
د. جەعفەر عەلی
بایکۆتی
پرۆسەی خوێندن بەردەوامە و بە هیچ پێوەرێکی زانستی و پەروەردەییش، خوێندنی ئەمساڵ
(٢٠٢٣-٢٠٢٤) لەم سنورەدا، کەڵکی ئەوەی نەماوە لە سفرەوە دەستپێبکرێتەوە، واتە
دەبێت بیر لە درێژەدان بە ململانێکە بە تاقیکردنەوەی شێواز و فۆڕمی جیاواز
بکرێتەوە، یان ڕەنگە باشترین بژاردەی بەردەمی مامۆستایان لە ئێستادا، بریتی بێت لە
هەوڵدان بۆ زیادتر بەدەستهێنانی پشتیوانی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی دی، کە
هەمان کێشەی مامۆستایانیان هەیە، واتە هەوڵدان بۆ گەورەکردنی ڕووبەری
ناڕەزایەتییەکان و درێژەدان بە ململانێ لەگەڵ دەسەڵاتێک، کە هیچ بەهایەک نە بۆ
ژیانی مرۆڤەکان، نە بۆ پرۆسەی خوێندن و سیستمی پەروەردە، نە بۆ هیچ ناڕەزایەتییەکی
پیشەیی، مەدەنی و جەماوەریش دادەنێت. دەسەڵاتێک بۆی گرنگ نییە، ناڕەزایەتی
داکۆکییە لە مافێکی ڕەوای یاسایی یان نا، سەدان هەزار خوێندکار ساڵێکی خوێندنیان
بە فیڕۆ دەچێت یان نا، بەڵکو تەنیا حەز بە بیستنی ئەو وشە و ڕستانە دەکات، کە
هەندێک کەسی هەلپەرست بە ئامراز و میکانیزمی جیاجیا لەبەر قاپی دیوەخانی دەسەڵاتدا،
نابەرپرسیارانە هەڵیدەڕێژن. هەر کارەکتەرێکی سیاسی و هەر دەسەڵاتێک لە دونیادا، بە
ستایشی خۆی، هەق بێت یان ڕیاکارانە، دڵخۆش بێت، دەسەڵاتێکی نەخۆشە و پێویستی بە
چارەسەرە.
ناڕەزایەتییەکان وەرزێکی تەواوی ساڵی خوێندنی تێپەڕاندووە. بۆیە لە ئێستادا
پرسیارە کرۆکییەکە بریتی نییە لەوەی، بایکۆت بشکێنرێت، یان بەردەوام بێت، چونکە
ئەگەر مامۆستایان سبەی بایکۆت بشکێنن و بڕیار بدەن بۆ وەرزی دووەم بچنەوە پۆلەکانی
خوێندن، بەگوێرەی هەر پێوەرێکی زانستی پەروەردەیی و هەر ستانداردێکی جیهانیش،
خوێندن لەم سنورەدا بۆ ئەمساڵ کۆتاییهاتووە. ئەگەر ئەمڕۆ دەرگای قوتابخانەکان
بکرێنەوە، پرۆسەکە هەر شکستیخواردووە، چونکە لێکەوتەکانی بایکۆت و ئەو کاتەی لە
دەستچووە بڕیار لە شکستی پرۆسەکە دەدات، نەک دەستپێکردنەوەی نمایشێک بە ناوی
خوێندن و تێپەڕاندنی ساڵێکی تەواوی خوێندن بە چەند مانگێکی کەم.
ئەگەر ئەمڕۆ قوتابییەکی
پۆلی یەکەمی بنەڕەتی بگەڕێنیتەوە بۆ سەر کورسی قوتابخانەکەی، هێز نییە بتوانێت ئەو
بناغەیەی لە فێربوونی (ئەلفبێ)دا بۆ دابنێت، کە لە ماوەی ساڵێکی پڕی خوێندندا فێری
دەبێت، بۆ قوتابییەکی پۆلی دوازدەش گرفتەکە کەمتر نییە، بێگومان تەواوی قۆناغەکانی
نێوان ئەم دووانەش، زیانی گەورەیان بەرکەوتووە، تایبەت کاتێک پرۆگرامەکانی خوێندن
وەک ئەڵقەکانی زنجیر بەیەکەوە بەسترابنەوە و لە ڕووی زانستی و پەروەردەییەوە یەکدی
تەواو بکەن. واتە ئەگەر لە ئێستادا سەرجەم داواکاری مامۆستایان و وانەبێژانیش جێبەجێ
بکرێت، هێشتا لە ڕووی پەروەردەییەوە باشتر دەبێت دەستپێکردنەوەی خوێندن لەم
سنورەدا بخرێتە دەرەوەی گفتوگۆی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان، تەنیا لە یەک
حاڵەتدا نەبێت، ئەویش درێژکردنەوەی ساڵی خوێندن و قەرەبووکردنەوەی کۆی ئەو کاتەیە
کە لە دەستچووە، چونکە بەدەر لەوە هەر قسەکردنێک لە بابەتێکی پەروەردەیی و گرنگی وەها،
هەم لە خەمخۆرییەوە نییە، هەم نائاگایی بە زانستیبوونی پرۆسەکەی تێدا دەبینرێت،
یان ڕێک وەک ئەوە وایە، وەزارەتی پەروەردە منداڵێکی شەش ساڵەی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی
بهێنیت، قورساییەکی پەنجا کیلۆیی بخاتە کۆڵ و داوای لێبکات بۆ نهۆمەکانی سەرەوەی باڵەخانەی
وەزارەتی سەربخات. هەمووان دەزانین داوایەکی لەم چەشنە چەند لە توانابەدەر و بێمانا،
چەند نامرۆڤانە، چەندیش ناپەروەردەیی و نادادپەروەرانەیە. هەوڵدان بۆ فێرکردنی
منداڵێک بە (ئەلفبێ) لە ماوەی شەست بۆ حەفتا ڕۆژدا، لەبری سەد و پەنجا ڕۆژ، ڕێک
وەک ئەوە وایە، داواکردن بە هەڵگرتنی قورساییەکە چەند زیان بە جەستە و دەروونی
منداڵەکە دەگەیەنێت، ئەو (ئەلفبێ)یەش هەمان قورسایی و زیان دەخاتە سەر توانای
وەرگرتن و فێربوونی منداڵێک لە ماوەیەکی
کورتی وەها و لەو تەمەنەدا. دۆخی لەم جۆرەش لە هەر دەزگا و ناوەندێکدا بکرێت
گونجاو نییە، چجای لە ناوەندی پەروەردە و فێرکردندا ڕووبدات.
بۆ هەموو
مرۆڤێکی ویژدان زیندوو ئەوە ڕوونە، دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم و هاوکارەکانی،
بەرپرسیاری یەکەمن لەم دۆخەی ئێستا و کۆی ئەو قەیرانە پەروەردەییەش ساڵانی دواتر
بەهۆی بایکۆتەوە ڕووبەڕووی سیستەمی خوێندن دەبێتەوە. هاوشان و تەبا لەگەڵ ئەم خەمساردییەی
دەسەڵات لە بەرانبەر جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییە یاساییەکانیدا، ماوەیەکە گوتارێک
خەریکی ئامۆژگاری و پێدانی ڕێنماییە، ئامۆژگارییەک هێندەی لە بانگەشەی داعییەکانی
دەسەڵات نزیکە، هێندە پەنجە بۆ ڕیشەی گرفتە پەروەردەییەکە درێژ ناکات، یان ڕاستتر
بڵێم لێی تێناگات و قسەیشی لەبارەوە دەکات. ئەم گوتارە لەبری بینینی هۆکاری سەرەکی
کێشەکە، لە نائومێدی خۆی بە دۆخەکە و ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان، بە میتۆدی مانەوە لە
ناو ڕووداوەکانی ڕابردوو، دێت لەبری دەسەڵاتی سیاسی، یەخەی جوڵە مەدەنییەکە دەگرێت
و هەوڵدەدات ناشیرینی بکات و بێ ئومێدی پەخش بکاتەوە.
شۆڕشگێڕانە، یان لە ناو دونیای وەهم و خەیاڵدا
قسە ناکەم، بەڵام ئەگەر حاڵەت و دۆخێک بەرەو نائومێدی پەلکێشمان دەکات، ئەگەر شکست
و ڕابردوویەک بەرەو باوەشی بێ هیواییمان دەبات، دەبێ بزانین دۆخ و جوڵەی ئومێدبەخشیش
هەن، هەر بوونی ئەم ناڕەزایەتییانەی ئێستا و تەسلیم نەبوون بە ڕۆحی پڕ غروری
کارەکتەرە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی سیاسی و هەموو ئەوانەش بە دەوری مێزی دەسەڵاتەوە
عاقڵ و بێدەنگ دانیشتوون، بۆ خۆی وانەی ئومێد و زیندووێتی بە کۆمەڵگە و هەموو ئەو
دەنگ و ڕەنگانەش دەڵێتەوە، کە لە پشتی گوتاری نائومێدکردن و ڕەشبینییەکی بێ مەعریفییەوە
وەستاون. چەمکەکانی ئومێد و نائومێدی وەکیەک زیانبەخش دەبن کاتێک لە بێ مەعریفەییەوە
دێن، نائومێدی بێ مەعریفە، کوشتنی هیوا و تاریک بینینی سەرتاپای گۆشەکانی ژیانە،
ئومێدی بەتاڵ لە مەعریفەش بە هەمانشێوە هەر تاریکی و وێرانەیی بە ژیان و کۆمەڵگە و
جوڵەی مێژوو دەبەخشێت، سەرەنجام ئەویش هێندەی کۆمەک بە گوتاری هەڵوەشان و داوەشین
دەکات، هێندە ناچێتەوە خزمەتی بەرەوپێشچوون و گۆڕانکاری.
نائومێدییەک بە
پشتبەستن بە مەعریفەیەکی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەوە بە دوای گۆڕان و جوڵەی
پۆزەتیڤدا بگەڕێت، نائومێدییەکی دڵخۆشکەرە، ئومێدێکیش لە بێ مەعریفەییەوە هاتبێت،
جگە لە نائومێدییەکی کوشندە و وێرانکەر، هیچی دیکەی لێسەوز نابێت. لێرەوە کاتێک
هەموو هیوایەک بە گۆڕان و داهاتوویەکی باشتر لە هۆشیاری ئینسان و بزووتنەوە
کۆمەڵایەتییەکاندا دەمرێت، ئیدی نە مانایەک بۆ خودی مرۆڤ و نە بۆ هیچ
بزووتنەوەیەکی پیشەیی و کۆمەڵایەتیش دەمێنێتەوە. تا ئومێدێکی ئەرێنی هەبێت، جوڵە و
ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتیش درێژەی دەبێت، مەرجیش نییە بەرهەمی ناڕەزایەتییەکان لە
ماوەیەکی کورتدا ببینرێن، یان ناڕەزایەتی و جوڵە مەدەنی و هەروەها سیاسییەکانیش هەمیشە
سەرکەوتووبن، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا دیوێکی مێژوویی پۆزەتیڤی خۆی دەبێت و دەشێ
ڕووداوەکانی وەک وانەیەک بۆ سوود لێوەرگرتن بمێننەوە.
کاتێک
سەرکردایەتی پارتی و بنەماڵەی بارزانی لە کەرەج دانیشتبوون، خەونیشیان بە کورسی
سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکی حکومەتێکەوە نەدیوە، کە هەولێر پایتەختەکەی بێت و ئەوان وەک بنەماڵە
لەسەری دابنیشن. کاتێک تاڵەبانی باوک، لە ناوزەنگ و ئاوەژێ بوو، خەونیشی بە چوونە
ناو کۆشکی سەلام و دانیشتن لەسەر کورسی سەرۆک کۆماری عیراقەوە نەدیوە، بەڵام ئەویش
ڕوویدا و بوو بە ڕاستی. ئەو کاتەش کاسترۆ لە نووسینگە بچووکەکەیدا کاری پارێزەری دەکرد
هەرگیز لەوە دڵنیا نەبووە، کە بە ٣٠٠ کەسەوە هێزەکانی بە سەرۆکایەتی گیڤارا ڕۆژێک
دەچنە ناو هاڤانا و، خۆیشی نزیک بە پەنجا ساڵی تەواو لەسەر کورسی حوکمڕانی
دادەنیشێت. خومەینی ئەو کاتەی لە نەجەف و پاریس دانیشتبوو، ڕەنگە بە کەمترین شێوە
بیری لەوە کردبێتەوە، ڕۆژێک بە عەبایەکی ڕەش و عەمامەکەیەوە دەبێتە ئایەتوڵڵا،
بڕیار بەدەست، کەسی یەکەمی دەسەڵات و جێگرەوەی مەهدی چاوەڕوانکراو لە ئێران.
نموونە زۆرن، نامەوێت بڵێم، دەشێ حاڵەتی لە شێوەی یەکێک لەم نموونانەی ئاماژەمان
پێدان لە هەناوی ئەم ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانانەی هەرێم لە ئێستادا ڕووبدەن، بەڵام
ئەگەری ڕوودانی حاڵەتێکی وەها، یان بەخشینی ئومێدێکی وەها، لە خانەی مەحاڵ و کاری
نەکردەشدا نییە، چونکە جگە لە پێشبینی، هێز نییە بزانێت دوای ساڵێک، یان چەند ساڵێکی
دی، نە تەنیا ئەم هەرێمەی ئێمە، بەڵکو عیراقیش بەرەو کوێ دەڕوات و لە ناوچەکەدا چی
ڕوودەدات.
هەندێجار
گۆڕانکارییەکان لەوە خێراتر و گەورەتر ڕوودەدەن، کە ئێمە مەزەندەی دەکەین، کەوتنی
چەندین بتی سیاسی و دیکتاتۆری مێژوویی لە وڵاتانی عەرەبی، کەوتنی شای ئێران و
سەدام، ڕەنگە بۆ زۆرێکمان بەر لە کەوتنیان وەک خەون و هیوایەکی نەزۆک هاتبێتە
بەرچاو، بەڵام هەموویان بوون بە ڕاستی و ڕوویاندا. کەوتنی هیچ دەسەڵاتێکی ستەمکار
چەندیش بەهێز بێت، مەحاڵ نییە، وەک چۆن هیچ جوڵە و ناڕەزایەتییەکی پیشەیی و
کۆمەڵایەتیش نابێت بخرێتە نێو بازنەی لێکدانەوەی گوتاری نائومێدی گەورە و ڕەشبینی
تەواو و بەتاڵ لە مەعریفەوە، چونکە هەموو جوڵە و بزووتنەوەیەک لە مێژوودا، دەشێت
دیوێکی ئەرێنی و یەکێکی نەرێنی هەبێت، بۆیە بینینی تەنیا دیوێکی ڕووداوەکە و
فەرامۆشکردنی دیوەکەی دی، هیچ پەیوەندییەکی بە لێکدانەوەی بابەتییەوە نابێت و
دەبێتە دەربڕینی سەرنجی سادە و کورتبینانە لە ژێر کاریگەری هەندێک پاڵنەری سیاسی،
یان بەرژەوەندی تایبەت، هەندێجاریش بێ ئومێدی خودی کارەکتەرێکی قسەکەرە لەبارەی
جوڵەی مەدەنی بەگشتی، کاتێک هەوڵدەدات لەسەر بنەمای بێ ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی ڕابردوو،
بێ ئومێدی ناخی خۆی بە دۆخەکە بگواسێتەوە
بۆ نێو پانتایی ناڕەزایەتییەکان و بە هەمان دیدی بێ ئومێدییەکی کوشندەشەوە سەرنجی
خۆی لەبارەوە بدات و ئەنجامگیریش بکات.
ئەوەی ئێستا
لە سنوری سلێمانی و دەوروبەریدا ڕوودەدات، ڕووداوێکە سەد لە سەد لە ڕووی یاساییەوە
مافی داکۆکی بە مامۆستایان و موچەخۆران دەدات. دەیان ساڵە، نە تەنیا لە بابەتی
موچە، بەڵکو لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کۆنتڕۆڵی حیزبی کۆی جومگەکانی ژیان و
کۆمەڵگەوە، ناهەقییەکی گەورە بەرانبەر کۆی چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم
نیشتمانە دەکرێت، جگە لە پێوەری حیزبی و شەخسی، هیچ پێوەرێکی نیشتمانی و
هاوڵاتیبوون بۆ هیچ ڕکابەری و مافێک لەبەرچاو ناگیرێت. چەندین ساڵیشە، تەواوی
موچەخۆران کەوتوونەتە بەر پەلامار و چوارچێوەی دۆخێکی نەخوازراوەوە، جگە لەوەش بەبێ
هیچ پاڵپشتییەکی قانونی دەست بۆ مافێکی ڕەوای مامۆستایان و تەواوی موچەخۆران
براوە، بەڵام بەشێک لەو موچەخۆرانە بڕیاریانداوە چیدی ئەم بێ یاسایی و غەدرە قبوڵ
نەکەن، ئەوەش مافی مەدەنی و پیشەیی هەر توێژێکی کۆمەڵایەتییە کە هەڵوێستێکی لەم
جۆرەی هەبێت، بەڵام کاتێک موچەخۆرانی دیکە، زانکۆکان و دەزگاکانی دیکەی حکومەت
دەوامی ئاسایی خۆیان دەکەن، مانای ئەوە نییە ئەوەی مامۆستایانی پەروەردە دەیکەن
هەڵە بێت، بەڵکو ڕاستییەکەی ئەوەیە، دەبوایە کۆی ئەو موچەخۆرانەش بەشێک بوایەن لەم
ناڕەزایەتییانە و بە تەنیشت مامۆستایانەوە داوای مافی بە ناهەق خوراوی خۆیان
بکردایە.
دەسەڵاتی نەخۆش، لە جەستەی مرۆڤی نەخۆش دەچێت،
چۆن مرۆڤی نەخۆش پێویستی بە چارەسەر هەیە، دەسەڵاتی نەخۆشیش پێویستی بە چارەسەرە،
دەشێ ئەم هێزی چارەسەرە لە مرۆڤێکەوە بۆ یەکێکی دی و لە دەسەڵاتێکەوە بۆ
دەسەڵاتێکی دیکە جیاواز بێت. هەندێجار مرۆڤ بە ڕاهێنانێکی سروشتی چارەسەر دەکرێت،
بڕێک جاری دیکەیش پێویستی بە ڕێگەچارەی قورستر بێت، دەسەڵاتی سیاسیش هەر بەم
جۆرەیە و دەبێت بەگوێرەی جۆری نەخۆشییەکەی چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە. نەخۆشی و گرفتەکانی هەندێ دەسەڵات بە ڕێگەی جوڵەی مەدەنی و دیموکراسیانە چارەسەر
دەکرێت، هەندێکی دی ڕێگەی چارەسەرەکەیان پڕ کێشە و قورسترن، یان لانیکەم کاتی
زیادتری پێویست دەبێت و درێژخایەنترن، تایبەت ئەو دەسەڵاتانەی ڕەگەزەکانی مانەوە و
بەردەوامی لە دەرەوەی خۆیان وەردەگرن، نەک هێزی ناوەوەیان. بەردەوامی و کەوتنی ئەم
فۆڕمە لە دەسەڵات، پابەندی ئاڵوگۆڕ لە هاوکێشە ناوچەیی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندایە،
نەک بوونی ڕەگەزەکانی هێز، ئیرادەی ناوەکی و ژێرخانی دەسەڵاتدارێتییەکەی لە
ناوەوەدا.
سەبارەت بە
دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم، دەشێ بەشێک لە چارەسەرەکەی لە جوڵەیەکی مەدەنی وەک ئەوەی
ئێستای مامۆستایاندا بێت، یان دەشێت چارەسەرەکەی دوابخرێت بۆ جوڵە و بزووتنەوەی
ناڕەزایەتی گەورەتر و گشتگیرتر لە داهاتوودا. لەم هاوکێشەیەی نێوان دەسەڵات و
بزووتنەوە مەدەنی و پیشەییەکاندا، دوو خاڵی بنەڕەتی هەیە، یەکیان، دەسەڵات ناهەق و،
دووەمیش، جوڵانەوە مەدەنییەکان لەسەر هەقن. ئەوەی مامۆستایان ئەنجامی دەدەن،
بەشێکە لە چارەسەر بۆ دەسەڵاتێک، کە لە دروستبوونییەوە بەشی هەرە گەورەی
ئەندامەکانی جەستەی بەدەست نەخۆشی کوشندەوە دەناڵێنێت. ئەم چارەسەرە، چارەسەرێکی
تەواو مەدەنی و هاوچەرخە، هەوڵێکی سەردەمیانەیە بۆ گەڕاندنەوەی مافێک، کە بە ناهەق
زەوتکراوە، بۆیە بەردەوامی و درێژەپێدانی، هەم گرنگە و هەم ئومێدبەخش، ئەوەندە
هەیە دەبێت بەگوێرەی کات و دۆخەکە، بیر لە پێداچوونەوە بە جوڵەکە مەدەنییەکە بکرێتەوە،
هەروەها پلان و بەرنامەی وردتر و گشتگیرتریش، بخرێتەڕوو، بەجۆرێک چین و توێژە
کۆمەڵایەتییەکانی دیکە و ئەو بەشەیش لە مامۆستایان کە بە کردەیی بەشداری
چالاکییەکە نین، بهێنرێنە ناو ناڕەزایەتییەکانەوە. بە بڕوای من جگە لەوە لە
ئێستادا، ئاڵتەرناتیڤی دیکەی گوشارخستنە سەر دەسەڵات لەبەردەستدا نابێت.