دەنگدان وەک بچووککردنەوەی تەمەنی ستەمکاری
10/20/2024 12:25:00 PM
د. جەعفەر عەلی
بۆ ئەوەی لە فۆڕمی دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم تێبگەین، پێویستیمان بە حیکمەتێکی زۆر نابێت، پێویستیمان بە گەڕان و پشکنینی گەورەی نێو لاپەڕەکانی کتێب و چیرۆکەکانی مێژوو نابێت، ئەوەندە بەسە نەوەی پێش ڕاپەڕین، ئاوڕێکی جددی لە مێژووی دوای ڕاپەڕین، نەوەی دوای ڕاپەڕینیش سەرێک بکاتەوە بە نێو ماڵی ڕووداو و حیکایەتەکانی پارتی و یەکێتی لە دوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە. لەم دۆخە ناسروشتی و سەمەرەیەی هەرێم، هەموو چیرۆکەکان دەمانبەنەوە نێو یەک بازنە، ئەویش ئەوەیە، نە پارتی بەبێ یەکێتی، نە یەکێتی بەبێ پارتی، دەتوانن دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پێکبهێنن و ئیدارەی بدەن، ئەمەش بە پلەی یەکەم، پەیوەندی بەم هاوکێشە ناوچەیی و عیراقییەوە هەیە، دەیانساڵە لە پشت ئاڕاستەکردنی سیاسەت و بڕیاری شەڕ و ئاشتییەوە وەستاوە لە هەرێمی کوردستاندا. لێرەوە هەر بەرزی و نزمییەک، هەر هەڵکشان و داکشانێک، لە گوتاری پارتی و یەکێتی، جگە لە چەواشەکردن و بەلاڕێدابردنی ڕایگشتی و چنینەوەی دەنگی دەنگدەران، هیچی دیکە نییە.
پارتی و یەکێتی لە زیاد لە سی ساڵی ڕابردوودا، بەرپرسی سەرەتا و کۆتایی کۆی قەیران و گرفتە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییە موزمینەکانی باشوری کوردستانن، لە ئێستایش و دوای ئەنجامدانی دەیان هەڵبژاردنی دیکەیش، بەم عەقڵیەت و فۆڕمی کاری حیزبییە، بەم گوتارە نەخۆش و کوشندەوە، هێزی ساڕێژکردنی برینی جەستەی منداڵێکی بەجێماوی ئەنفال و کیمیابارانی کوردستانیان نابێت، چجای گرفت و قەیرانە قوڵەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی و بچووککردنەوەی قەبارەی ئەم مەترسیانەی لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمدا، پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی ئێمەی وەک کورد، خستووەتە بەردەم نوکی چەقۆی تیژی دوژمنان و نەیارانی پرسی سیاسی و ڕەوایەتی دۆزی نەتەوەیی کوردەوە.
پارتی و یەکێتی، بە چاوپۆشین لە گەڕانەوە بۆ مێژوویەکی دوورتر، لە سێ دەیەی ڕابردوودا، بەرپرسیارێتی سیاسی و ئەخلاقی هەڵوەشاندنی کۆمەڵگەی کوردییان دەکەوێتە ئەستۆ، لە پرسی سیاسی و کۆمەڵایەتیشدا، هیچ شتێک هێندەی پرسی هەڵوەشان و پارچە پارچەکردنی کۆمەڵگە مەترسیهێنەر و ترسناک نییە. ترسناکە، چونکە لە وەها دۆخێکدا بابەتێک لە ژێر ناونیشانی پرسی نەتەوە و دۆزی خاک و نیشتمان لە هۆشیاری گشتیدا ئەگەر بەرەو لەناوچوونیش نەچێت، بەرەو کاڵبوونەوە و بچووکبوونەوە هەنگاو دەنێت، بچووکبوونەوەیەک، ڕەنگە بڕێک پارەی کەم، یان پۆستێکی ئیداری بێبەها، سەنگی لە قورسایی و کەرامەتی مرۆڤ و بەهای مرۆڤبوون قورستر و گەورەتر بێت.
پارتی و یەکێتی، لە هەر دۆخێکدا بووبن، شەڕ، یان ئاشتی، حکومەتی یەکگرتوو، یان دوو حکومەتی، خزمەتییان بە یەک ستراتیژ کردووە، ئەویش بریتیبووە لە فووکردن بە جەستەی حیزب، بچووکردنەوەی حیزبیش لەبەردەمی بنەماڵە، بنەماڵەش لەبەردەمی خێزانی سیاسی و سەرۆکی پیرۆز. ئەوان لە هەموو دۆخێکدا، بە هەموو هێزییانەوە، خەریکی تێکشکاندنی کۆمەڵگە و ئیرادەی مرۆڤی کوردی بوون، هەوڵیانداوە چەمکە ستراتیژی و گەورەکانی وەک نەتەوە و نیشتمان، ببەنەوە نێو ماڵی حیزب و بنەماڵە و لە مەنگەنەی خێزانی سیاسی و سەرۆکی مەزن و قارەمانی بدەن. بە مانا هەوڵیانداوە، چەمکە گشتییەکان، پیرۆزییەکان، بخەنە خزمەتی چەمک و مانای بچووکتر، مانایەک نە هی سەردەم و قۆناغی ژیانی سیاسی دیموکراسییە، نە هی قۆناغی بەهێزکردنی پرەنسیپەکانی نەتەوە و دامەزراندنی ژێرخانی دەوڵەت و دەوڵەتدارییە. بۆیە وەک بەختیار عەلی دەلێت: ئەمانە دوو حیزب نین، دوو تاعونن، دۆستایەتی یەک بکەن هەر بەدبەختییە، دوژمنایەتی یەکیش بکەن بە ماڵوێرانی کۆتایی دێت.
لێرەوە گرنگە بۆ هەر کەسێک، کە دەنگی هەیە و بڕیارە بەشداری پرۆسەی دەنگدان بکات، ئەگەر نەتوانێت بەشێوەی گەورەتر لە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پارتی و یەکێتی بەسەر کۆی جومگەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە بەشداری بکات، ئەوە لانیکەم، وەک هاونیشتمانییەکی ئاسایی، کە بەگوێرەی پێگەی خۆی بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی لە ئەستۆدایە، دەتوانێت بە دەنگ پێنەدان بەم دوو هێزە سیاسییە تاعونییە، نەک لە کەمکردنەوە و بچووککردنەوەی مەترسییەکانیان بۆ سەر ژیانی گشتی کۆمەڵگە و ئازادی و ئینسان، بەڵکو دەتوانیت دەنگێکی هۆشیاریش بیت لە ڕێگرتن لەبەردەم درێژکردنەوەی تەمەنی ستەمکاری و نادادی کۆمەڵایەتی.