لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەوە؛ گوتاری درۆزنانەی ئەستۆپاکی
1/30/2022 10:40:00 AM
د. جەعفەر عەلی
چ لە ئاستی باڵای حیزبەکان، چ لە ئاستی کادیری ناوەندی و ئەو حەشاماتەی
بێ وردکردنەوەی دراوە سیاسییەکان، قسە لەبارەی کاندیدانی پارتی و یەکێتی بۆ پۆستی
سەرۆک کۆماری عیراق دەکەن، لێدوان و فەوزایەکی
سیاسی و میدیایی، بازاڕێکی گەرمیش بۆ ماڵپەڕ و پەیج و ئەکاونتە حیزبی و سێبەرەکانیان
دروستبووە.
هەمووان قسە لە سیاسەتمەداری مەزن و نەزاهەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکەن.
پارتییەکان بە متمانەیەکی زۆر و دڵنیاییەوە قسە لە سەرخستنی کاندیدی بارزانی و حیزبەکەیان،
هۆشیار زێباری دەکەن. زێباری وەک پیاوێکی سیاسی دەستپاک، دیپلۆماسێکی چالاکی عیراق
و کورد دەناسێنن و ئەو دەنگۆیانەش رەتدەکەنەوە کە لە هیچ دۆسیەیەکی گەندەڵییەوە تێوەگلابێت.
جیاوازی گەورەی زێباری لەگەڵ فوئاد حوسێن، کاندیدی ساڵی ٢٠١٨ی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک
کۆمار، ئەوەیە کە هۆشیار هەرچەندە پاشگری زێباری پێوەیە، بەڵام بەشێکە لە خێزانی سیاسی
بارزانییەکان و ئەندامی کۆشکی شاهانەیە. هەرچی یەکێتی و بەرهەمییەکانن، هەمان ئەم
وشە و ڕستانە بە زیادترەوە بۆ بەرهەم ساڵح کاندیدی فەرمی «یەکێتی نوێ» دەڵێنەوە. بەرهەم
وەک پیاوی سیاسەت و دیپلۆماسییەت، کەسایەتییەکی دیموکرات و لیبراڵ، پیاوی خۆشگوزەرانی،
ئاوەدانی و سەقامگیری سیاسی دەبینن.
لە نێو بەشی هەرە گەورەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتدا، بە کوردستانیشەوە، هەمیشە
ئەندام و هەوادارانی حیزب بە خوێندەوار و نەخوێندەوارییەوە، زمانی ستایشیان دەبەنەوە
بەردەم عەرشی ستەمکاری حیزب و خانەوادە و فیگەرەکانی دەسەڵات. کاتێک مرۆڤ ئاڵودەی
مەستبوون بە ئەویدی، سەرمەستی فیگەری فریادڕەس و خودایی دەبێت، لە هەر پلە و ئاستێکی
خوێندەواریدا بێت، هێزی بینینی کۆی دیمەنەکەی نابێت، جا دیمەنە گشتییەکە، حیزب، خێزانی
سیاسی، یان فیگەرێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێت. ئەو کاتەی مرۆڤ توانای بینینی تەنها
بەشێک لە وێنەکە و یەک رووی لە دیمەنە دڵخوازەکەی خۆی دەبێت، ئیدی هێزی خوێندنەوە
و بینینی، دەرفەتی ئەوەی پێنادات بابەتیانە ڕاستی تەواوی وێنەکە بۆ دەرەوەی خۆی و
هاوڵاتیان بگوازێتەوە، یان دیمەنەکە لە تەواوی قەبارە و فۆرمی خۆیدا بەبێ شێواندن
و بێ مەرامێکی تایبەت بخاتەڕوو.
هۆشیار زێباری خاڵی مەسعود بارزانی، بەهۆی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی
سامانی گشتی، واتە بە هۆکاری نادەستپاکی، ساڵی ٢٠١٦ لە پۆستی وەزیری دارایی عیراق
متمانەی لێوەرگیراوەتەوە، ئەگەر ئەو متمانەسەندنەوەیە وەک بڕیارێکی فەرمی پەرلەمان
و دەستەی دەستپاکی عیراق سەلمێنرابێت، ئەوەندە بەسە تا نەتوانێت خۆی بۆ هیچ پۆستێکی
لە وێنەی سەرۆک کۆمار و هاوشێوەی کاندید بکات. ئەگەر ئیقالەپێکردنی زێباری بەهۆکاری
گەندەڵی، بابەتێکی یاسایی سەلمێنراو بێت، لە بڕوای مندا شەخسی مەسعود بارزانی و
پارتی لەم دەستنیشانکردنەیان و لە دیاریکردنی کاندیدەکەیاندا بە هەڵەدا چوون، تەنانەت
ئەگەر کاندیدبوونەکەی پەسەندیش بکرێت و بتوانێت لە کێبرکێکەشدا سەرکەوتوو بێت، هێشتا دەرفەت و بواری دیکە لە شەقامی
عیراقیدا بە دەست نەیارانی پارتییەوە زۆر دەبن بۆ شەرمەزارکردنیان. چونکە هەر قبوڵکردنی
ئەوەی کە رێگە بە کەسێکی گەندەڵ و دوورخراوە بە هۆی مەلەفی گەندەڵییەوە بدرێت ببێتە
کاندید و بچێتە کێبرکێی بەدەستهێنانی پۆستێکی باڵاوە، کارێکی نادەستوری و پێچەوانەی
ئەو مەرجانەیە کە لە خاڵی سێیەمی مادەی ٦٨ی دەستوری عیراقی بۆ کاندیدی سەرۆک کۆمار
دیاریکراون.
سەبارەت بە بەرهەم ساڵح، وەک سیاسەتمەدارێک، هێزی تێپەڕاندنی ئەو دیدە
نەتەوەیی، نەژادی، تائیفیانەی هەیە، کە عیراقی گیرۆدە کردووە، بەڵام نە ئەو، نە زێباری،
نە هیچ کەسێکی دیکەیش، نە لە ئێستا و نە لە داهاتوویەکی دووریشدا، بە پشتبەستن بە
توانا سیاسی و شارەزاییە دیپلۆماسییە شەخسییەکانی خۆیان، هێزی ئەوەیان نابێت دۆخی
سیاسی عیراق، پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان نەتەوە، حیزب، گروپ و تائیفە سیاسی و دینی
و مەزهەبییەکان، هەنگاوێکی گرنگ بە قازانجی دیموکراسی و بە دامەزراوەییکردنی دەوڵەت
ببەنە پێشەوە، ڕەنگە بتوانن ئارامکەرەوەی کورتخایەنیان پێبدەن، بەڵام لە ڕیشە هەڵکێشانی
ئەو ناکۆکییە مێژووییانە و ئاساییکردنەوەی ململانێ و پەیوەندییە سیاسییەکان لە عیراقدا،
لە دەرەوەی توانای هەر سیاسییەک، چەندیش بە ئەزموون و شارەزا بێت، دەمێنێتەوە.
ئەو دوو کارەکتەرە سیاسییەی پارتی و یەکێتی، هۆشیار زێباری و بەرهەم
ساڵح، هەردووکیان خاوەن بڕوانامەی بەرز و هەڵگری رەگەزنامەی ئەوروپین. هەردووکیان
ئەزموونێکی دوور و درێژی کاری سیاسی و دیپلۆماسی و ئیدارییان هەیە، دوو فیگەری دیار
و باڵای ناو حیزبەکانیان و عیراقن، لەلایەن خێزانە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان، کەسی یەکەم
و بڕیار بەدەستی حیزبەکانیانەوە کاندید کراون و پشتیوانی دەکرێن. هەردووکیان
زمانزانن و مرونەتی عەقڵی و بیرکردنەوەیان بەراورد بە بەشی هەرە گەورەی سیاسییە
هاوڕێکانیان لە حیزبەکانی خۆیان، گونجاوتر و لە پێشترە، هەردووکیشیان وەک باقی سیاسییەکانی
دیکەی دەسەڵات، لە بەشی هەرە گەورەی مێژووی سی ساڵی ڕابردووی ئێمە بەرپرسیارێتی گەورەی
ئەخلاقی و مێژووییان لە ئەستۆدایە. ئەو دوو کاندیدەی سەرۆک کۆمار، لەو ستەمکاری سیاسییە،
لەو تاڵانییە گەورەی سامانی گشتی، لەو کاتەوەی کە مانگانە پارتی و یەکێتی بە قسەی
عەدنان موفتی سەرۆکی پەرلەمانی ئەوکات و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، هەر یەکەیان
مانگانە بڕی ٣٥ ملیۆن دۆلار، واتە ساڵانە بە هاوبەشی ٨٤٠ ملیۆن دۆلاریان بۆ گیرفانی
حیزب و بنەماڵەکانیان دەبرد، تا قاچاغچێتی ئێستا و یاریکردن بە ژیان و گیرفانی موچەخۆر
و کاسبکارانی ئەم هەرێمە لە مەرزەکاندا، بەرپرسیارن و، رۆژێکیش نەک جورئەتی گووتنی
وشەیەکیان سەبارەت بەم پرسانە نەبووە (جگە لەو چەند مانگەی بەرهەم ساڵح خاوەنی
هاوپەیمانی دیموکراسییە تەمەن کورتەکەی بوو)، بەڵکو لەپێناوی پۆست و پارێزگاری لە
بەرژەوەندییە شەخسی و حیزبییەکانیان راستەوخۆ لە پشتی ستەمکاری وەستاونەتەوە و بە
بێدەنگی پشتیوانی گەندەڵی و لادانە یاساییەکان بوون.
بەرهەم ساڵح جگە لەوەی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی،
چەند ساڵێکیش سەرۆکی حکومەتی یەکێتی/ئیدارەی سلێمانی و سەرۆکی حکومەتی هاوبەشی
پارتی و یەکێتیش بووە، رۆژگارێک مرۆڤ دەبێت شەرم بکات بە سەردەمی سەقامگیری و
ئارامی ناوی ببات. بەشێک لە کارە باشەکانی بەرهەم ساڵح لە کابینەی شەشەمدا بۆ هەمووان
ڕوونە، کە دەتوانرێ وەک خاڵی جیاکەرەوە لەگەڵ کابینەکانی پێش خۆی ببینرێت، بەڵام
نابێ سوتاندنی کەناڵی ئاسمانی نالیا، ئەو نەزیفی خوێنەی لە ١٧ شوبات و رۆژانی
دواتر لە جەستەی منداڵ و گەنجان لە سلێمانی، گەرمیان، ڕاپەڕین و دەوروبەریان هات،
دەرکردنی خەڵک لە وەزیفەی رەسمی و بە زۆر گواستنەوەیان، نانبڕاوکردنی هەزاران موچەخۆر
بەهۆکاری سیاسی نادیدە بگیرێن و وەک بەشێک لە ماوەی دەسەڵات و کابینەکەی نەیبینین.
ڕاستە ئەو ماوەیە جۆرێک لە بوژانەوەی ئابووری ڕووی لە هەرێم کرد، بەڵام ئەو دەستکەوتانە تەنها ئەو کاتانە جوانن،
کە بە نموونە ناشیرینەکانی پێش خۆی بەراورد دەکرێن، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە،
ئەو لە ئێستادا کاندیدی حیزبێکە، کە بە قسەی شەخسی بەرهەم ساڵح خۆی، هەم حیزبەکەی
خۆی، یەکێتی، هەم پارتی، دوو حیزبی ستەمکار، گەندەڵ، پەلاماردەری ئازادی و کەرامەتی
ئینسانی ئێمەن، بەجووتە دەستیان بەسەر بازاڕ و ئابووریدا گرتووە و خەریکی قۆرغکارین… .
بەهای مرۆڤی سیاسی شارەزا و خاوەن ئەزموون دەبێ چی بێت، کاتێک هۆشیاری
سیاسی و کۆمەڵایەتی، توانا و شارەزاییەکەی کۆمەکێکی بۆ دوورکەوتنەوە و ڕەخنە لە سەنگەری
ستەمکاری پێنەکەن، لەوەش ترسناکتر بۆ بەرژەوەندی حیزبی، بنەماڵەیی و شەخسی، لەپێناوی
پۆست و ئیمتیازدا، نەک لە تاوان و ستەمکاری بێدەنگ بێت، بەڵکو پشتیوانیشی بیت و لە
ڕێگەیەوە هەرچی زیاتر بخزێیتە ناو باوەشی کۆمەک بە ستەم و بێدادییەوە، جا سیاسییە
خاوەن ئەزموون و شارەزاکە هۆشیار بێت یان بەرهەم، ستەمکارەکەش پارتی بێت یان یەکێتی
جیاوازییەکە تەنها لە ناودا دەبێت و هیچی دی.
پارتی و یەکێتی دوو هێزن ناتوانن لە هیچ پۆستێکی باڵادا پشتیوانی کەسانێک
بکەن، ئەگەر پێشوەختە کەسایەتیان بە بارمتە نەگرن، ئەگەر ملکەچی و بێدەنگی ئەوانیان،
نە تەنها لە ستەمکاری و گەندەڵی، بەڵکو لە خیانەتیش مسۆگەر نەکردبێت. فیگەرە سیاسییە
پاڵێوراوەکانی ئەم دوو حیزبە لە ئاستی شەخسیدا وەک تاک و وەک مرۆڤ چەندیش زمانشیرین
و خاوەن ئەزموون بن، کاتێک لە بەرامبەر ماف و ئازادی هاونیشتیمانیان بێدەنگ، کاتێک
لە بەرامبەر تاڵانی حیزب و هاوڕێکانیان سەردادەخەن، کاتێک لاشەی گەنجێکی کوژراو بە
فیشەکی حیزبەکانیان تۆزقاڵێک ئازاری ویژدانیان بۆ دروستناکات، ئیدی سەرۆک کۆمار هۆشیار
بێ یان بەرهەم، پارتی بێت یان یەکێتی، جیاوازی چییە.