186وتار

لەبارەی خەڵاتەکەی "عەبدوڵڵای حەسەن زادە"ەوە

5/16/2024 9:16:00 PM
د. جەعفەر عەلی

  (١)
   کوردستان نیشتمانێکی دابەشکراوە، دابەشکردنەکەشی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا مانای قانونی و سیاسی پێدراوە. هەر هەوڵدانێک، بیرکردنەوەیەک لە یەکخستنی نیشتمانی کورد، جگە لە تێکشکاندن و هەڵوەشاندنەوەی کۆی ئەو سنورە نێودەوڵەتیانەی زیادتر لە سەد ساڵە لەم ناوچەیەدا ڕەسم کراوە و سەپێنراوە، هیچ ڕێگە و چارەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نییە. ئایا کورد هێزی سیاسی، ئابووری، سەربازی و تەکنۆلۆژی بۆ دەستکاری و هەڵوەشاندنەوەی ئەو سنورانە لەبەردەستدایە، یان چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا هێزێکی وەها پەیدا بکات. بە باوەڕی ئێمە، لە ئێستا و داهاتوویەکی نزیکیشدا، کارێکی وەها لە دەرەوەی دەسەڵات و هێزی کورد وەک نەتەوەیەک دەمێنێتەوە، هەمانکات ناوەندەکانی بڕیاری سیاسیش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئومێدی ئەوەیان لێناکرێت پشتیوانی لە پڕۆژەیەکی هەستیاری لەم جۆرە و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سنورە سیاسی و جوگرافییەکانی ناوچەکە بکەنەوە.
   نەتەوەی کورد تا ئێستایش لە ڕووی سیاسی، ماف و ئازادییەوە، داهاتووی بە ناوەندەکانی بەغدا، تاران، ئەنکەرە و دیمەشقەوە گرێدراوەتەوە، یان تا ئەندازەیەکی گەورە لە ڕێی ئەوانەوە مامەڵە دەکرێن. هەر گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، کە ببێتە هۆی بێهێزکردنی دەسەڵاتەکانی دەوڵەتی ناوەندی، یان تێکدانی هاوسەنگی بە قازانجی کورد، ڕاستەوخۆ کاریگەری بەسەر پرسی نەتەوەیی ئێمە لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەوە دادەنێت، وەک چۆن هەر چوونەپێش و بەهێزبوونێکی ئێمەیش لە ناوەوەدا، دەتوانێت بە سوودی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانمان، قورسایی خۆی بەسەر سیاسەتی گشتی ئەم پایتەختانەوە جێبهێڵێت.
   کورد وەک نەتەوەیەکی یەکگرتوو بوونی نییە، وەک هێزێکی ئامادە و گوێ لێگیراو نە لەو پایتەختانەی نیشتمانی کوردیان پێوەلکێنراوە، نە لە ناوەندەکانی بڕیاری سیاسی جیهانیدا، لە ڕووی سیاسییەوە جێگەیەکی دڵخۆشکەری نییە، تەنانەت ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، لە کاتی بێهێزی و قەیرانە قوڵەکانیشیاندا، ئامادەیی ئەوەیان تێدا نییە بچنە ژێرباری سەلماندنی ماف و ئازادی و داوا ڕەواکانی کورد، لە بەرانبەریشدا، کورد نە خۆی لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا وەک نەتەوەیەک ئامادەیی هەیە، نە لە ئاستی نێودەوڵەتی و ئەو دەوڵەتانەیش، کە بەسەریدا دابەش کراوە، گوتاری یەکگرتوو و ستراتیژی نەتەوەیی هاوبەشی بۆ داکۆکی لە بوون و ناسنامەی سیاسی و مێژوویی خۆی هەیە.
   دابەشکردنی کورد، تەنیا دابەشکردنێکی سیاسی و جوگرافی نییە، بەڵکو دابەشکردنی کولتوری، کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژیشە. کورد لە هەر یەکێک لەم دەوڵەتانە، لە ژێر هەژمونی سیاسی، کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و کولتوری نەتەوەی باڵادەستدایە. لێرەوە گەڕان بۆ سیاسەت و کولتوری چوونیەکی کوردی، گەڕان بۆ خەیاڵی هاوبەش، ستراتیژ و گوتاری هاوبەشی کوردی، گەڕانێکە تەنیا لە نێو پانتایی خەیاڵدا بوونی هەیە، نەک لەسەر ئەرزی واقیع. کاتێک دەتوانین وێنە ڕاستەقینە و بێ خەوشەکەی کورد وەک خۆی ببینین، کە دەرفەتەکانی بەردەم ئەم شاڵاوی خەیاڵە بۆ سەر دیدگا و بوونی واقیعی و دۆخی ئامادەمان تا ئاستی نەهێشتنی بچووک بکەینەوە.

(٢)
   دابەشبوونی جوگرافیا و لێکەوتەکانی

   گرفتی دابەشبوونی جوگرافی بۆ کورد، لەوە ترسناکترە تەنیا وەک پارچە پارچەکردنی نیشتمان و خاک ببینرێت. لە هەناوی ئەم دابەشبوونە جوگرافییەوە، خودی مرۆڤەکان، جۆری بیرکردنەوە و ئاراستەی ڕوانین، پێکهاتی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی و پەروەردە، تەنانەت هونەر و موزیک و چێژی هونەریش دابەش دەبێت. سەرەنجامی ئەم دابەشبوونانەش، ڕاپەڕین و شۆڕش و ناوەڕۆک و ستراتیژی جوڵانەوە سیاسییەکانیش جیاواز دەبن، هاوشانی ئەمانەش، ئەو پەیوەندییانەی لە نێوان هێز و حیزبە سیاسییەکانی بەشێکی نیشتمان لەگەڵ پایتەختی دەوڵەتانی ناوەندی بەشەکانی دی دروست دەبێت، دیسان جیاواز دەبن. بۆ نموونە، حیزبە سیاسییەکانی باشور لەگەڵ تاران، ئەنکەرە، بەغدا و دیمەشق، لە قۆناغ و ڕۆژگاری جیاوازدا چوونەتە پەیوەندییەوە، حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ بەغدای سەردەمی سەدام حوسێن و حیزبەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان، کوردانی باکوریش، لەگەڵ تاران، دیمەشق و بەغدا، لە کات و مێژووی جیاجیادا چوونەتە پەیوەندییەوە.
   چوونە نێو پەیوەندی هێزێک، یان حیزبێکی سیاسی لەگەڵ دەوڵەتێکدا، کە فاکتەرەکانی سەپاندنی هەژمونی خۆی بەسەر جۆری پەیوەندییەکەوە لەبەردەستدایە، زۆرجار بەرەو ئەوەمان دەبات، ئەم دەوڵەتانە بۆ ستراتیژ و بەرژەوەندی خۆیان هەرچی زیادتر سوود لە لایەنی بێهێزی نێو پەیوەندییە ناهاوسەنگەکە وەربگرن و هەندێجاریش جۆری پەیوەندییەکان تا ئاستی شەرمەزاری سیاسی بڕوات. باسکردن لە پەیوەندی، مانای ئەوە نییە دەبێت ماف بە هێزێکی سیاسی بدەین بە کۆمەک و پشتیوانی دەوڵەتێکی داگیرکەری کوردستان پەلاماری بەرژەوەندییەکانی کورد لە بەشێکی دیکەدا بدات، یان زیان بە ڕەوتی جوڵانەوەی سیاسی و کەسایەتییەکانی بگەیەنێت، بەڵام کاتێک واقیعە سیاسی و جیۆپۆلەتیکییەکە وەک خۆی دەخوێنینەوە، ڕەنگە زۆر پێویست نەکات بچینە نێو پلانی شەرمەزارکردنی سیاسی، یان بە پلانی شەرمەزارکردنی سیاسی مامەڵە بکەین.

(٣)
     عەبدوڵڵای حەسەن زادە، لە خەڵاتەوە بۆ ڕیسک

    بڕیاربوو کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆ، ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی ئایاری ٢٠٢٤ ، دامەزراوەی کەریمی عەلەکە، لە دیداری شوکور مستەفادا بۆ وەرگێڕان، خەڵاتێک پێشکەش بە کەسایەتی سیاسی و وەرگێڕی بە توانای ڕۆژهەڵاتی کوردستان، عەبدوڵڵای حەسەن زادە بکات، بەڵام بە کەمتر لە کاتژمێرێك بەر لە وادەی دەستپێکردنی دیدارەکە، لەلایەن دامەزراوەکە ئاگادارکراونەتەوە، کە ئاسایشی سلێمانی دەوری هۆڵەکەیان گرتووە و ڕێگە نادەن دیدارەکە بەڕێوە بچێت، دیارە ئەوە بەگوێرەی ئەو ڕوونکردنەوەیەی، کە عەبدوڵڵای حەسەن زادە لە ١٤ی ئایاردا بڵاویکردووەتەوە.  
   بێگومان ئەگەر دیدارەکە تەنیا وەک بۆنەیەکی ئەدەبی و چالاکییەکی ڕۆشنبیری ڕووت سەیر بکەین، کە تێیدا وەرگێڕێک خەڵات دەکرێت، مرۆڤ تا دوا ئەندازە لە بەرانبەر کارەکەی ئاسایشی سلێمانی و ڕێگرتن لە بەڕێوەچوونی دیدارەکە، هەست بە شەرمەزاری دەکات، بەڵام کاتێک دیوەکەی دیکەی (حەسەن زادە) وەک سیاسییەکی دیار، سکرتێری پێشووی حیزبی دیموکرات و ئۆپۆزیسیۆنێکی ناسراوی سیستەمی سیاسی تاران دەبینین، لە تەک ئەوەشدا پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ ئێران و دوا سەردانی نێچیرڤان بارزانی و ئەو بەشە لە گفتوگۆی نێوان ئەو و بەرپرسانی ژمارە یەکی ئێران هەڵدەسەنگێنین، ئیدی ڕەنگە ئاسانتر لەو ڕاستییە تێبگەین، کە هەر لە بنەڕەتدا هەوڵدان بۆ سازکردنی بۆنەیەکی وەها و هەڵبژاردنی سیاسی و فیگەرێکی دیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ خەڵاتکردن، ئەگەر وەک وەرگێڕێکیش بووبێت، نەک سیاسییەک، ڕۆیشتن بووە بە ڕێگەیەکی هەڵەدا، هەڵە لەبەر ئەوە نا، کە خودی کەسایەتییەکە شایستە بە خەڵاتکردن نەبێت، یان دامەزراوەکە لە دەستنیشانکردنی کەسایەتییەکەدا هەڵەی کردبێت، بەڵکو هەڵە لەو ڕوانگەیەوە، کە دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و ئێران، هەژمونی ئێران بەسەر ناوچەکە و جوڵە سیاسی و کولتوری و ڕۆشنبیرییەکانی بەشێوەیەکی ورد هەڵنەسەنگێنراوە و حیسابی بۆ نەکراوە، تایبەت کاتێک لە ڕوونکردنەوەکەی (حەسەن زادە)دا ئاماژە بۆ هاتن و ئامادەبوونی دەوروبەری سەد کەس لە کادیر و ئەندامانی ڕێبەری و بەرپرسان و تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە بۆنەکەدا دەکات.
   بە باوەڕی ئێمە، ئەوە دیوێکی بابەتەکەیە، کە وەک خۆی بیری لێنەکراوەتەوە، دیوەکەی دیکەی، کە بۆ هەر کەسێکی بڕێک ئاگایی سیاسی بە دۆخی پەیوەندییەکانی سلێمانی و تاران، هەوڵدان بۆ چوونەپێشی پەیوەندییەکانی هەولێر و تاران هەبێت، دەسەڵاتی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان لە بەرچاو بێت، ڕەنگە لەو ڕیسککردنەدا توشی سەرسوڕمان بێت، چۆن پیاوێکی بە ئەزموونی وەک عەبدوڵڵای حەسەن زادە و حیزبێکی خاوەن مێژووی پڕ هەوراز و نشێوی نێو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات، بەم ئاسانییە ڕێگە بە خۆی دەدات، دەیان کادیر و ئەندامانی ڕێبەری و تێکۆشەرانی حیزب بە بەرچاوی ئێرانەوە لە بۆنەیەکی وەهادا کۆبکاتەوە، تایبەت هیچ کەسێک ئاگاداری تۆڕە هەواڵگرییەکانی تاران لە باشور نەبێت، ئەوە دەبێت عەبدوڵڵای حەسەن زادە و ڕێبەرانی حیزبی دیموکرات، بە ناو و ژمارەوە، لیستی ئەو پەلامارانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان لەسەر مێزی نووسینگەکانیاندا بەردەوام لە پێش چاو بێت. ئایا بۆ چرکەساتێک بیریان لەو مەترسییە نەکردەوە، بۆ خەڵاتێک، ژیانی دەیان کادیری حیزب، دەیان مرۆڤ، نەخەنە بەردەم مەترسییەوە. برادەرانی دیموکرات و کۆمەڵە و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات باش لە مێژووی کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە قوڵایی خاکی هەرێم، لە سلێمانی، هەولێر، کۆیە و ڕانیە و ڕێگەی هاتووچۆی نێوان شارەکان و شوێنەکانی دیکەیش ئاگادارن. پرسیار ئەوەیە، ئێرانێک، بە بەرچاوی دونیاوە، دەستی بگاتە ڤیەننا و بەرلین، قاسملو و شەرەفکەندی، دوو سکرتێری یەک بە دوای یەکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران شەهید بکات، دەبێ سلێمانی و هەولێر و کۆیە و ڕێگەکانی نێوانیان بۆ ئەم سیاسی و کادیر و ئەندامانەی حیزب تا چەند پارێزراو و جێگەی دڵنیایی بن.
   هێندەی ئاگاداربم، دەزانم دامەزراوەی کەریمی عەلەکە خزمەتێکی باش دەکات، ئەوەش دەزانم، عەبدوڵڵای حەسەن زادە، ئەگەر دۆخی ستەمکاری دەرهەق بە کورد، غەدری سیاسەت و کاری سیاسی نەبایە، دەیتوانی لە بواری وەرگێڕاندا خزمەتێکی زۆر لەوە گەورەتر پێشکەش بکات، کە تا ئێستا کردوویەتی، واتە قسەی ئێمە، دوور و نزیک، نە پەیوەندی بە دامەزراوەکە، نە بە کەسایەتی هەڵبژێردراو بۆ خەڵاتکردنەکەوە هەیە، هێندەی پەیوەندی بە دۆخی سیاسی و فۆڕمی ئەو پەیوەندییە سیاسییە ناهاوسەنگەوە هەیە، کە حیزبەکانی دەسەڵاتی لە هەرێمی کوردستان بە پایتەختەکانی تاران و ئەنکەرەوە گرێداوەتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، بە بڕوای ئێمە، دامەزراوەکە کاتێکی گونجاوی بۆ بەخشینی خەڵاتەکە دەستنیشان نەکرد، وەک چۆن (عەبدوڵڵای حەسەن زادە)ش، بە ڕازیبوونی بۆ ئامادەبوونی خۆی و نزیکەی سەد کەس لە هاوڕێکانی لە کادیر و بەرپرسانی حیزبی دیموکرات لە بۆنەیەکی پێشتر ڕاگەیەنراو بە کات و شوێنەوە، ڕێگەی چوون و گەڕانەوەی ئاشکرا، نەک کارێکی ڕاستی نەکردووە، بەڵکو ڕیسکی بە ژیانی خۆی و تەواوی ئەو کادیر و ئەندامانەش کردووە، کە بەڵێی ئامادەبوونی بۆ کردوون.
   لە هەرێمی کوردستاندا واقیعێکی سیاسی تەواو ناشیرین هەیە، واقیعێک بۆ فەرامۆشکردن و پشتگوێخستن نابێت، دابەشکارییەکی سیاسی ترسناک و سەپێنراو تا ئاستی پاشکۆیەتی و هەڕاجکردنی پیرۆزییەکانی نیشتمان و نەتەوە هەیە. شەڕی ئەمڕۆش، تەنیا بریتی نییە لە ئەنجامدانی کردەی لەناوبردن و کوشتن لە ڕێگەی دەمانچەیەکی بێدەنگەوە، یان ناردنی تۆڕێکی هەواڵگری دەوڵەتانی دەوروبەر، بەڵکو شەڕی درۆن و ناردنی موشەکە لەو دیوی سنورەکانیشەوە، شەڕی دروستکردنی تۆڕی هەواڵگرییە لە ژووری نوستنەکانمان و سەر سفرەی نانخواردنەکانمان، شەڕی دامەزراندنی پەیوەندی گوماناوی ناهاوسەنگ و ژێر بە ژێرە. لە هەر جوڵە و هەنگاوێکماندا دەیانجار حیساب بۆ ئەم دۆخە گۆڕاوەی تەکنۆلۆژیای شەڕ، واقیع و فۆڕمی پەیوەندییەکان و تۆڕەکانی هەواڵگری ناو ماڵەکانمان نەکەین، نەک تەنیا بێباکانە لەگەڵ سەرمایەی مرۆیی خۆماندا مامەڵە دەکەین، بەڵکو دەیان گەنجی پڕ وزە و مرۆڤی دیکەیش لەم نیشتمانەدا بە هۆکاری خەمساردی و بێباکی لە دەست دەدەین.                 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن