نەوەی تازە لە ئێران، ئەمرونەهییەکانی دەسەڵات
10/1/2022 7:29:00 PM
د. جەعفەر عەلی
ساڵانێکە لە
ئێران، نەوەیەک پێگەیشتووە بە ئاسانی ملکەچی ئەمرو نەهییەکانی میراتی فیکری
(خومەینی) و، مورشیدی باڵا (عەلی خامەنەئی) و دەزگا سەرکوتکەرەکانی سیستەمی
مەلاکانی ئەو وڵاتە نابن، سیستەمێک لەسەر بنەمای فەندەمێنتاڵیزمی مەزهەبی، خەریکی
سەندنەوەی مافی ژیان و ئازادی لە ئینسان و تەلبەندکردنی عەقڵی ئینسانەکان، جۆری
پۆشین، زمانی قسەکردن و تەنانەت ناردنەدەرەوە و سەپاندنی ئایدیۆلۆژیا و باوەڕ و
دینیشە.
مەرگی ژینا
سەرەتای ئیلهامی ناڕەزایەتییەکانی ئێستای ئێرانە. تەنیا دوای تێپەڕبوونی شەو و
ڕۆژێک بەسەر مەرگی ئەودا، ئەم کچە کوردە گەنجە لە ناوێکی نەناسراوەوە، لای نزیکەی
تەواوی ئێرانییەکان، بوو بە ناوێکی بیستراو و ناسراو، لە ماوەی چەند ڕۆژێکی
کەمیشدا، بوو بە سیمبولی بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاری و دەسەڵاتی سەرکوتکەری
مەلاکانی ئێران لە تەواوی دونیادا.
وەستانەوە دژ
بە کۆنتڕۆڵی ئازادی ئینسان، لە ناویشیاندا ئازادی هەڵبژاردن و جۆری پۆشین، لە ژێر
دەسەڵاتی ئایەتوڵڵاکاندا، بابەتێکی تازەی کۆمەڵگە و شەقامی ئێرانی نییە. لە
سەرەتای دەسەڵاتیانداو دوای ٢٥ ڕۆژ لە دەرکەوتنی ئایەتوڵڵا خومەینی بە سیفەتی
حاکمی نوێی وڵات، واتە لە مارسی ١٩٧٩دا، وێڕای کۆت و بەندی مەلاکان و دەزگاکانی
پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی و دینی، سەدان هەزار ژن لە تاران دژ بە سەپاندنی (حیجاب)
و یەکڕەنگکردنی پۆشین گردبوونەوەیان ئەنجامدا. لەو کاتەوە بۆ ئێستا، ئێران
ڕووبەڕووی دەیان خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی جۆراوجۆر بووەتەوە، سەرجەمی ئەو
ناڕەزایەتیانەش بە ڕێگەیەکی وەحشیانە لە گۆڕەپان و زانکۆ و شەقامەکاندا سەرکوت و
خەفەکراون، بەڵام لە ناوەوەی مرۆڤەکاندا گەورە و زیندوو ماون. هیچ کاتێک
سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە دەرەوە و لە شەقامەکان، مانای کۆتاییهێنان بەو
ڕۆحی یاخیبوون و ناڕەزایەتییە قوڵە نەبووە، کە لە ناوەوەی کەرتە کۆمەڵایەتییە
جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئێرانیدا بوونی هەیە.
مانەوە و زیندوویی ئەم ڕۆحی یاخیبوون و
ناڕەزایەتییە، ڕۆژ بە ڕۆژ کەڵەکەبوون و گەورەتربوونی، وایکردووە لە هەر
چرکەساتێکدا و لە ئەگەری ڕوودانی هەر ڕووداوێکدا، چەندیش لۆکاڵی و بچووک بێت،
چاوەڕوانی کەوتنەوەی ڕووادوی جەماوەری گەورەی لێبکرێت.
ئامانجی
سەرەتای دەسەڵاتی مەلاکان، لە سەروویانەوە مورشیدە باڵاکەیان، خومەینی، بریتیبوو
لە پاراستنی سیستەمەکە و چەسپاندنی، کە خومەینی ناوینابوو (پێویستترین ئەرک). بۆ
ئەم مەبەستەش هەنگاوی پێویستیان هەڵێنا و بەشێکی گەورە لە داهاتی وڵاتەکەیان خستە
خزمەتی بونیادنانی هێزە چەکدار و ئەمنییەکان، دەیان تۆڕ و دامەزراوەیان لە ژێر
ناوی جیا جیا لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا دامەزراند.
نە تەنیا لە
ناوەوە، لە دەرەوەی وڵاتیش دامودەزگای زانیاری و ئەمنی دروستکرابوو، کە هەزاران
ئێرانی دانیشتووی ئەوروپا و ئەمریکای لەخۆدەگرت، ئەوانە بە خۆشگوزەرانییەوە ژیانیان
دەکرد و بەرگریان لە دەسەڵاتی سیاسی ـ دینی و بەرژەوەندییەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات دەکرد. بەڵام کۆی ئەو
ڕێوشوێن و میلیتاریزەکردنەی کۆمەڵگە و دەزگا جیاوازانە نەیانتوانی نزیکەی لە
(٣٠%)ی زیاتری دەنگی دەنگدەران بۆ پاڵێوراوی پشتگیریکراو (ئیبراهیم ڕەئیسی)،
لەلایەن مورشیدی باڵا، لە دوا هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا، مسۆگەر بکات، ئەمە
لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، تەواوی خەرجییە زۆرەکانی ئێران بۆ پاراستنی دەسەڵاتی
مەلاکان و دامەزراوە تایبەت و سەرکوتکەرەکانی، هێزی ئەوەیان نەبووە، پێش بە دەنگی
ئەو ناڕەزایەتییە بگرن کە لە ناوەوەی کۆمەڵگەی ئێرانیدا زیاد لە چل ساڵە قوڵپ
دەدات.
دەنگی ئەم
نەوە تازەیە، پڕیەتی لە وزەی تازە و ژیانی نوێ، دەنگی نەوەیەکە چیتر ئامادەیی
گوێگرتن لە پیرۆزییەکانی گوتاری ژێر شاقەلی عەبای ئایەتوڵڵاکان و نۆشکردنی ژەهری
ئایدیۆلۆژیای تاریکی عەمامە بەسەرەکانی تارانی نییە. ئەوان نەوەی ڕۆژگاری
تەکنۆلۆژیا و تۆڕی پەیوەندی نوێ و ئامێرە زیرەکانن، بەشێکی گەورەیان منداڵی کۆتایی
سەدەی ڕابردوو و سەرەتای ئەم سەدەیەن. ئەم نەوە نوێیە، جوڵەیان، پەیوەندی
کۆمەڵایەتیان، ڕوانینیان بۆ ژیان، بۆ ئازادی تاک، تەنانەت ئیمان و باوەڕیشیان،
هەمان دیدی هێڵی فیکری فەندەمێنتاڵیزمی مەزهەبی و پیرۆزییەکانی مورشیدی باڵای
قۆناغی شۆڕش نییە، بۆیە نە چیرۆکەکانی شۆڕش و نە حیکایەتەکانی مێژوو ناتوانن
تێریان بکەن و وەڵام بە پێداویستییە ژیانییەکانیان بدەنەوە. ئەم نەوەیە دەنگێکی
جیاوازترن لە ڕەنگ و دەنگەکانی سەردەمی کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، ساڵانی
شۆڕش و چیرۆکەکانی پیرۆزی و سیحری بەتاڵی شۆڕشگێڕان، تایبەت کە ئەم چیرۆکانە هێزی
ئەوەیان نابێت نەک بچووکترین هیوای ئەوان بێنێتەدی، بەڵکو ماوەی چل ساڵیشە لەسەر
کوشتنی خەون و هیوای گەنجانی ئەم وڵاتە دەژی و خواست و ژیان و ئازادیان لێدەگۆڕێت
بە تاریکی و دۆزەخ.
بەکورتی ئەم
نەوە نوێیە چیتر بەوە ڕازی نییە تا مردن بە خەیاڵی گوتاری فریودەرانەی
ئایەتوڵڵاکان درێژە بە ژیان بدات، بۆیە لە
هەر توێژێکی کۆمەڵایەتی دیکە زیاتر و لە هەر شتێکی دیکەیش زیاتر ئارەزووی ڕزگاربوون
و دەرچوون لەم تونێڵە تاریکە، کۆت و بەندی کۆمەڵگەی داخراو و، هەمانکات کرانەوە
بەسەر ژیان و ماف و ئازادی تاکدا دەکات. ئەم دەنگە تازەیە، هێزی نەوەیەکە،
دەخوازێت وەک مرۆڤ ددانی پێدابنرێت، ڕێزی بگیرێت و ئازاد بژی.
تا
ڕێگرییەکانی سیستەم لەبەردەم ئەم ڕۆحی کرانەوە و ئازادییەدا گەورەتربن، ڕۆحی
یاخیبوون و ناڕەزایەتیش لە ناوەوەی مرۆڤەکاندا فراوانتر دەبێت، بەجۆرێک ڕووبەری
فراوانی یاخیبوونی ناوەکی، تەنیا ڕووداوێکی لە گۆشەیەکی بچووکی وڵاتدا بەسە، تا
سەرانسەری گۆشەکانی دیکەی وڵات بکاتە شانۆی ناڕەزایەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی
ستەمکاری و تاریکی و داخران. ئەوەی ئێستا لە ئێران ڕوودەدات، تەقینەوەی ئەم ڕۆحی
یاخیبوونەیە بە ڕووی سیستەمی سەپاندن و کۆنتڕۆڵی فەندەمێنتاڵیزمی مەزهەبی مەلا و
ئایەتوڵڵاکانی تاران.