109وتار

تەماهیبوون لەگەڵ ستەمکاردا

8/30/2024 2:04:00 PM
د. جەعفەر عەلی



   کورد نەتەوەیەکە، جگە لەوەی گەورەترین قوربانی سیاسەتی دابەشکاری و ململانێی نێودەوڵەتییە، قوربانییەکی ترسناکی دەستی سیاسی و دەسەڵاتدارانی خۆشیەتی. قوربانییەک کاتێک هەڵوێستی نێودەوڵەتیش لە بەرژەوەندی ئەودا جۆرێک لە گۆڕانی بەسەردا هاتبێت، ئەو هێشتا وەک بوونەوەرێکی قوربانی، ئاسان دەتوانێت فریو بخوات، یان دژ بە خۆی بێت و خۆی تێکبشکێنێت. کورد لە هیچ شتێکدا سەرکەوتوو نەبووبێت، لە هونەری تێکشکاندن و وێرانکردنی خۆیدا، سەرکەوتنی گەورەی بە دەست هێناوە. کورد، بوونەوەرێکە، ئاسان دەتوانێت بچێتە ناو بەرگی جەللادەوە و ببێتە بەشێک لە ڕەفتار و سایکۆلۆژیای ستەمکار، هەم دەتوانێت لە قوربانییەوە بگۆڕێت بۆ جەللاد، هەم ببێتە بەشێک لە سیاسەتی جەللادانی دەرەوەی خۆی. ئێمە وەک کورد، جۆرێک لە مرۆڤی قوربانین، لەبری گەڕانەوە بۆ عەقڵ، هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی ڕەخنەیی، بیرکردنەوە لە هەوڵدان بۆ ڕزگاربوون لەو سیستەمە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی وەک  قوربانی فڕێماندەداتە نێو گۆڕەپانی ململانێی سیاسییەوە، پاساوی ئامادە بۆ ناسنامەی قوربانیبوونی خۆمان دەدۆزینەوە، پاساوێک نە بیرکردنەوەی پێویستە و نە گەڕان و قوڵبوونەوە بۆ لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکان، ئەگەر بوونی جەللاد نەبایە، ئەوە نەدەبووین بە قوربانی، لە کاتێکدا بوونی جەللاد، هەرگیز مانای ئەوە نادات ئێمە مێژوویەکی درێژ وەک مرۆڤی قوربانی بژین.


   قوربانیبوونی ئێمە تەنیا لەو ئاستەدا ناوەستێت، کاتێک دەسەڵاتی کوردی خۆی دەچێتە ناو ئەم هاوکێشەیەوە، هەم دەبێت بە جەللاد و هەم بە قوربانی، لە ناوەوە خەریکی خاڵیکردنەوەی مرۆڤەکانە لە بوونی خۆیان، لە دەرەوەش وەک قوربانییەک لەگەڵ ستەمکارانی دەوروبەردا دەژی. لە ئاستی گشتیشدا، دەتوانین لە تراژیدیای ئەنفال، لە وێرانکردنی گوندەکان، لە تاوانی کیمیاباران، جینۆسایدی شەنگال لەسەر دەستی داعشدا، کورد لە فۆڕمی نەتەوەیەکدا وەک قوربانی ستەمێکی گەورەتر ببینین.

   پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئەوە چییە وا دەکات، قوربانی لە جەللاد بچێت، چییە وا دەکات نەتەوەیەک دوای زیادتر لە سەد ساڵ ژیانکردن وەک قوربانی، هێشتا ئامادەیی ئەوەی تێدا زیندوو بێت، بچێتەوە نێو پرۆسەیەکی دیکەی هاوکێشەی جەللاد و قوربانییەوە. ڕەگەزێکی قوربانی ئەوەیە، لە نائومێدییەکی قوڵدا دەژی، نائومێدییەکی بێ هۆشیاری و بێ پاشخانێکی مەعریفی و فیکری، نائومێدییەک دەرفەتی هەستکردن بە بوونی مرۆیی و ئازادی خۆی، تەواو لەبەردەمدا بچووک دەکاتەوە. مرۆڤی قوربانی ئێمە، کاتێک لەگەڵ جەللاددا دەکەوێتە پەیوەندییەوە، کەمترین ماوە بۆ ناسینی خۆی، ئیرادە و ئازادی خۆی دەهێڵێتەوە، هەموو دەرفەتێک بۆ جەللاد دەڕەخسێنێت تا لە ناوەوەدا کۆنتڕۆڵی بکات و لە بوونی خۆی بەتاڵی بکاتەوە، لە بەرامبەر ئەوەدا بڕێک لە ئاسایش و دڵنیایی پێدەدرێت، بۆیە لە زۆر دۆخدا، ئەوە کەسی قوربانییە، فۆڕمی پەیوەندی و ڕووبەری پەیوەستبوون بە جەللادەوە گەورەتر دەکات.
   پەیوەندی نێوان ستەمکار و ستەملێکراو، جەللاد و قوربانی، لەسەر بنەمای جۆرێک لە هەست و ڕەفتار بنیاتنراوە، هەرچەندە هەڵگری پارادۆکسە و لەسەر بنچینەی ڕەتکردنەوەی ئەویدی دامەزراوە، بەڵام هەم قوربانی و هەم جەللاد، وەک دوو لایەنی دژبەر، لە هەڵوێستی هاوشێوە و لە یەکچوو، خاڵی نین.


   ئیبن خەلدون، لە بەشی بیست و سێی بەرگی دووەمی کتێبی (موقەدیمە)دا،جۆرێک لە ئاماژە بە ستەملێکراوان، شکستخواردووان دەکات، کاتێک دەڵێت، لە تەواوی دۆخ و داب و نەریتەکاندا، ئارەزوویان لە لاساییکردنەوەی ستەمکاران، یان سەرکەوتووان هەیە. هیگڵ، پەیوەندی نێوان ئاغا و کۆیلە، ستەمکار و ستەملێکراو، وەک پەیوەندییەکی تەواوکاری دەبینێت، کە هەردووکیان پێویستیان بە یەکدی هەیە. ئاغا هاوکاری کۆیلە دەکات و کۆیلەش دەبێتە ڕەنگدانەوەی وێنەیەکی سێبەری بۆ ڕەفتاری کەسی دەسەڵاتدار. مستەفا حیجازیش، لە کتێبی (دواکەوتنی کۆمەڵایەتی، سایکۆلۆژیای مرۆڤی ستەملێکراو)دا، گفتوگۆی چۆنێتی تەماهیبوون، یان هاوشێوەبوون، توانەوە و ئاوێتەبوونی مرۆڤی ستەملێکراو بە بڕیار و فرمانەکانی ستەمکار دەکات، کاتێک سوود لە دەرفەتەکانی بەردەمی وەردەگرێت تا دەسەڵات بەسەر ئەوانەدا بسەپێنێت، کە لە خۆی بێهێزتر و لاوازترن. ستەملێکراو تا ئەو جێگەیە دوور دەڕوات، زێدەگۆیی زۆر لە گەورەکردنی پێگە و کەسایەتی ستەمکار و هەموو ئەو شتانەشدا دەکات، کە پەیوەندی بە ئەوەوە هەیە. لێرەوە تەماهیکردنی ستەملێکراو بە ستەمکار، وا دەکات ستەمکاری وەک دۆخێکی ئاسایی و بابەتێکی سروشتی وەربگرێت. لەم دۆخەدا، مرۆڤی ستەملێکراو دەچێتە حاڵەتی خۆڕەتکردنەوە و داننەنان بە بوونی خۆی. دەکرێ بگووترێ، پەیوەندی ستەملێکراو لەگەڵ ستەمکاردا، قوربانی لەگەڵ جەللاددا، دەپەڕێتەوە بۆ بەرزترین پلەی سادۆمازۆشی: واتە کەسی ستەملێکراو، قوربانی، دەچێتە نێو دۆخێکەوە هەم  ترسی لە ستەمکار هەیە، هەم پێی سەرسامە، بە مانا دەچێتە نێو دۆخی دابەشبوون و دوو کەرتبوونی کەسایەتییەوە، لە یەککاتدا و لەبەردەم یەک فۆڕم لە کەسایەتی ستەمکاردا، هەم ترسێکی قوڵ و هەم سەرسامبوونی هەیە. هەموو ئەو کەسانەی لە دۆخێکی وەهادا دەژین، تا ڕادەیەکی زۆر، جگە لەوەی هێندەی لە توانادا هەیە لە ستەمکار نزیک ببنەوە و، ئینکاری خودی خۆیان و ئینتیما مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانیان بکەن، هیچ هیوایەکی دیکە بۆ ڕزگاربوون لەم قەیرانە وجودییەی تێیدا دەژین نادۆزنەوە. قەیرانی وجودی، قەیرانی کەوتنی بەها و بوون و ناسنامەیە، قەیرانێکە، مرۆڤی قوربانی لەوپەڕی داڕوخان و بەربادیدا، لە شێوەی ڕۆبۆتێک، دەخاتە بەرپێی قاچەکانی ستەمکارەوە.

   هەموو ستەمکارانی مێژوو، لە مێژووی دێرینەوە بۆ ئێستا، لە یۆنانی ڕۆژگاری کیپسیلوس (Cypselus)ەوە بۆ ستەمکاری ڕۆژهەڵاتی، لە هەوڵی دروستکردنی یەک فۆڕمی بیرکردنەوە و یەک شێوە لە شوناسی خۆناسین بوون. تەواوی ستەمکاران، هەوڵدەدەن شوناسی کۆی دانیشتوان لەگەڵ شوناسی تایبەت و دیدی سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیاندا یەکبخەن، یەکخستن بە مانای ئەوەی، شوناس و فۆڕمی بیرکردنەوە و ڕوانینی ستەمکار لە پرۆسەیەکی تاکەکەسییەوە دەگۆڕێت بۆ پرۆسەیەکی گشتگیر و دەبێتە شوناسی هەمووان، واتە، شوناسی فەرمانڕەوا چیتر بابەتێکی بچووک و تایبەت بە کەسێک، یان خێزانێکی سیاسی و گروپێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو نییە، بەڵکو دەبێتە شوناسی کۆی گروپ و خانە کۆمەڵایەتییە جیاجیاکانی جوگرافیای دەسەڵاتی فەرمانڕەوای ستەمکار، لێرەوە زۆربەی کات، پێچەوانەی سیستمی دیموکراسی، کاتێک فۆڕمێکی ستەمکاری دەکەوێت، گرفتی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

   هەر یەک لە ئەرستۆ و مۆنتسکیۆ، باوەڕیان وابوو، کە ستەمکاری سیستمێکی ئاسایی و سروشتییە بۆ ڕۆژهەڵات، هیگڵیش پێیوابوو، ڕۆژهەڵاتییەکان نەگەیشتوون بەو ئاستە لە هۆشیاری و ئەو مەعریفەیەی، کە ڕۆح، یان مرۆڤ ئازادە، بەگوێرەی ئەوەی مرۆڤە، لەبەرئەوەی بەم مەعریفەی خودناسییە نەگەیشتوون، بۆیە ئەوان مرۆڤی ئازاد نەبوون، بەو مانایە، هیگڵ، کۆیلایەتی ڕۆژهەڵاتی دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی هۆشیاری خودناسی، یان نەبوونی خودهۆشیاری. هەرچی ئەریک فرۆمە، کاتێک قسە لەبارەی کارەکتەری مازۆشی دەکات، بوونی ئەم کارەکتەرە بە (ترس)ەوە دەبەستێتەوە. ئەو باوەڕی وایە، مرۆڤی ترسنۆک هەمیشە لە گەڕاندایە بە دوای کەسێکی دیکەدا تا خۆی پێوە ببەستێتەوە، چونکە کاتێک مرۆڤ ناتوانێت سەربەخۆ بێت، هەوڵدەدات خۆی لە خودی خۆی ڕزگار بکات و جۆرێک لە زەمینەی دڵنیایی بە ڕووی خۆیدا بکاتەوە، ئەگەر گەیشتن بەم جۆرە لە دڵنیایی لەسەر حیسابی بوونی مرۆیی و کەسایەتیشی بێت وەک مرۆڤێک. فرۆم پێیوایە، بەگشتی کەسی مازۆشی هەوڵدەدات خۆی لە بەرپرسیارێتی ئازادی ڕزگار بکات، بۆیە بەردەوام بەدوای وێنەیەک لە دەرەوەی خۆی، هێزێک، یان دەسەڵاتێکدا دەگەڕێت، تا لە ڕێی هێزی ئەوەوە، نەک هێزی خۆی،  پێناسەی بوونی خۆی بکات و خۆی بدۆزێتەوە، واتە دەخوازێت لە ڕێی ملکەچی بۆ بوونێکی دەرەوەی خۆی، خۆی لە پوچێتی و بودەڵەیی خۆی ڕزگار بکات. ئەم جۆرە لە مرۆڤ، هەستکردن بە لاوازی، بێ توانایی و بەتاڵی خۆی، دەکاتە دەروازەیەک بۆ دەربازبوون لە خودناسی و دامەزراندنی کارەکتەرێکی سەربەخۆ و ئازاد.     

   لە ئەمڕۆی هەرێمی کوردستاندا، دەتوانین دەیان نموونە لە دیوی ناوەوەی کورد خۆی، لە وێنەی ئەو تەماهیبوون و لە یەکدی نزیکییەی کەسایەتی قوربانی لەگەڵ جەللاددا ببینین، جگە لە ڕووداوە کارەساتهێنەکانی پێشتر، هەر لە تراژیدیای ٣١ی ئابی ١٩٩٦، تراژیدیای شەنگال لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، تا بە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، دەگات.
   لە پێش و دوای هەر یەکێک لەم ڕووداوە تراژیدیانەدا، سەدان هەزار کەسی قوربانی، بە ناوی کادیر و ئەندام و لایەنگری حیزبی، بە بەشێکی گرنگ لەو خێزان و بنەماڵانەش، کە ڕەنگە ژیانی ئەندامێکی خێزانەکانیان لە دەستدابێت، لە خۆ ونکردنێکی تەواودا دەژین و بوون بە بەشێک لە بوونی کەسایەتی و گوتاری پەروەردەیی جەللاد، هەموو ئەوانە وەک ستەملێکراوێک بوونیان هەیە، بەڵام چوونەتە نێو پرۆسەی سڕینەوە و ونبوون لە بوونی کەسایەتییەکی دیکەدا. پرسیار ئەوەیە، ئەوە چییە وا دەکات، سەدان هەزار مرۆڤ پشتیوانی لە هەڵەی مێژوویی و ستراتیژی کارەکتەرێکی سیاسی ستەمکار بکەن، تراژیدیا لە ڕەنگێکی بچووک و دونیابینییەکی سنورداردا پێناسە بکەن، ڕووداوی گەورەی پڕ لە کارەسات، تێکشکاندنی ئیرادەی نەتەوەیەک، هەڵوەشاندنی نەتەوە و کۆمەڵگە، بە جۆرێکی دی و بە شێوەی دڵخوازی خۆیان، نەک نیشتمانی و نەتەوەیی، بنووسنەوە.

   گومان لەوەدا نییە، وەستانەوە و خۆڕاگری بەرامبەر جەللاد و ستەمکار، بەر لە هەر شتێک وەستانەوەیەکی فیکرییە، لە دەرەوەی هۆشیاری، لە دەرەوەی بوونی مەعریفە و فیکرێک، کە بۆ ناسینی جەللاد کۆمەکی پێویست پێشکەش بە مرۆڤ بکات، یارمەتی گروپە کۆمەڵایەتییەکان بدات بۆ خۆناسین، توانای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ستەمکار، کارێکی تەواو قورس و نزیک لە مەحاڵ دەبێت. بۆیە ئەرکی یەکەم و لە پێشینەی هەر جەللاد و ستەمکارێکی نێو مێژوو، بریتییە لە هەوڵدان بۆ تێکشکاندنی باوەڕی کەسی قوربانی بە پرسە کرۆکییەکە، پرسی مەعریفی خۆناسین و ئەویدی ناسین. بۆ ئەمەش، ستەمکار پێویستی بەوە دەبێت بنەما فیکری و مەعریفییەکانی خودی ئەم پرسە کرۆکییە بناسێت، چونکە ئەگەر ئەوە نەزانێت، ناتوانێت مرۆڤی قوربانی لە بوونی خۆی، ئیرادە و ئازادی خۆی خاڵی بکاتەوە. بەتاڵکردنەوەی مرۆڤ لە بوونی خۆی، پرۆسەیە و دەسەڵات بە هەموو هێزییەوە کاری لەسەر دەکات، تا بۆ هەمیشە قوربانی لە خانەی کۆیلە و ستەملێکراودا بهێڵێتەوە، نەک تەنیا بە دۆخی قوربانی و ستەملێکراوییەکەشی ڕازی بێت، بەڵکو ببێتە بەشێکیش لە پرۆسەی دروستکردن و درێژکردنەوەی تەمەنی جەللاد.

   ئەوەی ئێستا دەیبینین هەر لە باسکردنی حیکایەتە تراژیدییەکانی شەڕی ناوخۆی شاخ و شار، ٣١ی ئاب، شەنگال و ١٦ی ئۆکتۆبەر، تا گێڕانەوەی حیکایەتەکانی جینۆسایدی کورد لەسەر دەستی حیزبی بەعس، لە نووسینی سیناریۆی (مننامە، قارەماننامە، پاڵەوانی داستانی ئازادی)، لە زەمینەی بەتاڵکردنەوەی مرۆڤ لە بوون و ناسنامەی فیکری خۆی نەبێت، لە دایکبوونی کارێکی ئەستەمە. کاتێک ستەمکار، ئەویدی لە خۆی بەتاڵ دەکاتەوە، ئاسانترین شتێک، کە ڕووبدات و ڕەنگە زۆربەمان لامان نامۆ بێت، ئەوەیە، مرۆڤی قوربانی خۆی دەبێتە بەشێک لە گوتار و ڕەفتاری کەسی ستەمکار، دەبێتە بورغویەکی نێو ئەو ماشێنەی، جەللاد لە گەشتی سیاسی خۆی و درێژکردنەوەی تەمەنی ستەمکاریدا بەکاریدەهێنێت. ئەوەی لە دۆخێکی وەهادا ڕوودەدات، هەر ئەوەیە کە ئیبن خەلدون، هیگڵ، مستەفا حیجازی و زۆری دیکەیش، لە پەیوەندی نێوان جەللاد و قوربانی، ستەمکار و ستەملێکراو، ئاغا و کۆیلەدا، گفتوگۆیان کردووە.  

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن