489وتار

سادەبینی لە خوێندنەوەدا

1/13/2023 4:48:00 PM
د. جەعفەر عەلی

(١)
   چەند ساڵێکی کەم دوای ڕاپەڕین، ئێوارە کۆڕێکی سیاسی بۆ هەڤاڵێکی یەکێتی سازکرابوو. ئەو برادەرەی کۆڕەکەی بۆ سازکرابوو لە ساڵانێکی بەر لە ڕاپەڕینەوە لە یەکێتی یاخی ببوو، ماڵی سیاسی خۆی و هاوڕێکانیشی لە ماڵی یەکێتی جیاکردبووەوە. هەرچەندە دوای ڕاپەڕین گەڕایەوە بۆ کۆنەماڵەکەی، بەڵام بە حوکمی ئەوەی ماوەیەکی کورت بوو گەڕابوویەوە، جگە لەوەش ئەو کاتانەی لە دەرەوەی یەکێتی بوو، چەمکی وردە بۆرژوا و بۆرژوازیشی بۆ یەکێتی بە ڕەوا نەدەبینی و بەرپرسانی ئەم حیزبەشی بە "چینی چەتە" ناودەبرد، بۆیە بەشێک لە ئامادەبووانی سادە تەنیا بڕیان بەوە دەشکا، ئەو برادەرە زوو زوو ناوی یەکێتی بهێنێ و لەبری کۆڕێکی فیکری-سیاسی، خەریکی خوڵقاندنی حەماس و دروشمبازی سیاسی بێت. هەمیشە ئەوانەی لە بەرگی کتێبەکانەوە بڕیار لەبارەی ناوەڕۆکەوە دەدەن، ڕووکەشانە و بە سادەیی سەیری بابەتە فیکری و سیاسییەکان دەکەن، تایپێکن لە مرۆڤ، زیاتر بە دروشم، بەیاننامە، قسە و ڕستەی سادە، گوتاری حەماسی و هاوار هاواری پۆپۆلیستانە تێر دەبن، نەک لێکدانەوەی عەقڵانی، شیکار و ڕاڤەی بابەتیانەی پرسی سیاسی و فیکری.

   دوای تەواوبوونی قسەکانی برادەری گەڕاوە بۆ ناو "چینی چەتەکان"، یەکێک لە ئامادەبووان بە نووسین پرسیارە سادە و ڕووکەشەکەی ناو دڵی زۆرینەی ئامادەبووانی کرد: "تۆ لە قسەکانتدا هیچ باسی یەکێتیت نەکرد؟". ئەویش لە وەڵامدا گووتی: "ئەی نزیک بە دوو کاتژمێرە چی دەکەم، چیم باسکردووە. لە سەرەتاوە تا کۆتایی هەر باسی یەکێتی، فیکر و سیاسەتی یەکێتیم کردووە. ئێ خۆ گۆرانی ناڵێم، هەر ڕستەیەکم گووت دوو بۆ سێجار بڵێم یەکێتی و ناوی یەکێتی بێنم".  

   ئێستا هەندێک برادەر ڕێک بەم میتۆدی گۆرانی گووتنە مامەڵەی هەندێ فۆرمی ڕەخنەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکەن، یان داوای ئەم میتۆدی گورانی گووتنە لە نووسەران و هەندێجار حیزبی سیاسیش دەکەن

    کاتێک لە تەموزی ٢٠٢٠دا، ئەردۆگان و پارتەکەی بڕیاریاندا ئایاسۆفیا لە مۆزەخانەوە بگۆڕن بۆ مزگەوت، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) هەندێ بۆچوونی تایبەتی خۆی سەبارەت بە بابەتەکە ڕاگەیاند. بۆچوونەکانی هەدەپە وەک هەر بابەتێکی دیکە، ڕووبەڕووی هەڵوێست و دیدی جیاواز بوویەوە. هەندێ کەس هەڵوێستەکەی هەدەپەیان بۆ ڕەخنەکردنی بڕیارەکەی ئەردۆگان بە نێگەتیڤ هەڵسەنگاند و گلەیی خۆیشیان لە پشتی ئەوەوە شاردبووەوە، بۆچی هەدەپە لە هەندێ ڕووداو و بابەت قسەی هەیە و لە هەندێکی دیکەیش بێدەنگە. بۆیە لەم وتارەدا، لە ڕووی سیاسییەوە، وەک حیزبێکی سیاسی، (هەدەپە) وەک نموونەیەک وەردەگرین.

   ئەگەر هەدەپە دەیان خۆپێشاندانی ملیۆنی بکات، ئەگەر لە ئانکەرە، ئەستانبوڵ، ئامەد و دەیان شاری گەورەی دیکەی تورکیا و باکوری کوردستان، چالاکی جەماوەری دژ بە فاشیزم و سیاسەتی نادیموکراسیانەی ئاکەپە و مەهەپە ئەنجام بدات. ئەگەر پەرلەمانتارەکانیان سەدان جار لە ژێر قوببەی پەرلەماندا، هەرچەندە دەزانن ژیان و دەستکەوتە شەخسییەکانیان دەکەوێتە بەردەم مەترسییەوە، بە دەنگی بەرز داکۆکی لە زمان و ناسنامەی کوردی، ئازادی بیروڕا، دیموکراسی و دادی کۆمەڵایەتی، بەیەکەوەژیان و مافی مرۆڤ بکەن، ئەگەر بەشێکی گرنگ لە هاوسەرۆکانی حیزبەکە و ئەندام پەرلەمان و سەرۆک شارەوانییە هەڵبژێردراوەکانیان، کادیری باڵا و ئەندام و لایەنگر و دەنگدەرانیان، لەسەر هەڵوێستی سیاسی، داکۆکی لە ڕەوایەتی پرسی کورد، ئازادی، دیموکراتیزەکردنی ژیان و سیاسەت لە تورکیا، لە کونجی زیندانەکانی ئەردۆگاندا و بە بڕیاری ستەمکارانەی ئەو بەندکرابن، بە لای هەندێ کەسەوە، ئەوانە هیچیان، هیچ نین و مانایەک نابەخشن! هیچ یەکێک لەمانە بۆ پرسی کورد، پرسی ئازادی، دیموکراسی، بۆ دادی کۆمەڵایەتی و بەیەکەوەژیان، بەهایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییان نییە، لەبەر هیچ نا، تەنیا لەبەرئەوەی لە کاتی خۆپێشاندان، قسە و نووسین و گوتارەکانیاندا، ناوی شار بە شار، گوند بە گوند، شاخ بە شاخ، دۆڵ بە دۆڵ و دەشت بە دەشتی تورکیا و باکوری کوردستانیان نەبردووە، لەبەرئەوەی بۆ هەر ڕووداوێک چالاکییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییان ئەنجام نەداوە، یان ئەگەر گڕ لە باڵای سەوزی قەدپاڵی شاخێکی شرناخ بەردرابێت، یان دڵی شوێنەوارێکی مێژوویی حەسەن کێف ژێر ئاو خرابێت، بە دیاریکراوی ناوی ئەو قەدپاڵ و شوێنەوارەیان نەهێناوە. لە کاتێکدا ئەوەی هەدەپە دەیکات داکۆکیکردنە لە کۆی شاخەکە و تەواوی مێژووی نیشتیمان، نەک ڕووبەرێکی بچووک و بیماری سووتێنراو. ڕوونە داکۆکی لە کۆی پرسێک، داکۆکیکردنە لە جوزئیاتەکانی ئەو پرسەش. داکۆکی لە ئازادی و دیموکراسی، دادپەروەری و مافی مرۆڤ، بەیەکەوەژیانی گەلان و شوناسی کورد وەک نەتەوەیەک، وەک مرۆڤ، هەمانکات داکۆکییە لە هەموو پرسە بەشەکییەکانیش. ئەگەر شەڕ لەسەر پرسی ناسنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد وەک گەلێک، شەڕ نەبێت لەسەر کێشە و پرسە بەشەکییەکانی ئامەد، وان، ئاگری، شرناخ و حەسەن کێف و...، ئەی شەڕە لەسەر چی؟

   بۆ هەدەپە، پرسی شوناسی کورد وەک گەلێکی جیاواز لە تورک، پرسی ئازادی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و بەیەکەوەژیانی گەلان، پرەنسیپە. خەباتی مەدەنی، ململانێی سیاسی و پەرلەمانی لەم چوارچێوەیەدا داڕشتووە، هەر ڕووداوێک ، هەر پەلاماردان و ستەمێک بۆ سەر ژیان و کەرامەتی ئینسان لە هەر ناوچە و گۆشەیەکی تورکیا و کوردستاندا ڕووبدات و پێچەوانە بەو پرەنسیپە سیاسییانە بێت، دەبێتە بەشێک لە تێکۆشان و جوڵەی سیاسی و مەدەنی ئەم حیزبە. بۆیە بینینی ڕووداوێک لە گۆشەیەکی تورکیا، یان باکوری کوردستان و چاوداخستن لە ئاست دیدگا و دونیابینییە سیاسییە فراوانەکە، کە پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی کاری سیاسی هەدەپەیە، یان ڕوپۆشکردنی خوێندنەوە و بینینە بە ئایدیۆلۆژیا، یان کورتبینییە لە هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەدا.       

(٢)
   ئەم لێکدانەوە سیاسییەی سەبارەت بە هەدەپە خستمانەڕوو، سەبارەت بە پرس و گرفتە کۆمەڵایەتییەکانیش ڕاست دەردەچێت. لە باشوری کوردستاندا، هەندێ پرسی کۆمەڵایەتی و هەروەها سیاسیش، بە هەمان میتۆدی گۆرانی گووتنی هەڤاڵەکەی یەکێتی مامەڵە دەکرێت. بەشێک لەوانەش کە پەنا بۆ ئەم میتۆدە دەبەن، ئەوانەن کە ڕۆژانە لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا قسە لەبارەی میتۆدەوە دەکەن. تۆ داکۆکیت لە پرسی فڵان کەیسی کۆمەڵایەتی کرد، بەڵام بۆ لەبارەی فیسار کەیسی دیکەوە قسەیەکت نییە. تۆ لەبارەی پرسی کچێکی پەلاماردراو لە (هوانە) قسەت هەیە، بەڵام بۆ کچێکی هەرزەکاری هەولێر، کە لەلایەن دڕندەیەک بە ناوی باوکەوە ئازاردرا و کوژرا، قسەیەکت نییە. ئەگەر ئەمە هەرەسهێنانی فیکری و کڵۆڵی بیرکردنەوە نەبێت چییە. من دەزانم لە پشتی ئەم فۆرمی قسەکردنەوە چ ڕووبەرێکی تاریکی و بیرنەکردنەوە بوونی هەیە، دەشزانم ئەوەی عەقڵ و بیرکردنەوەی خەڵکی سیاسی، ئەکادیمی، ڕاستتر بڵێم خاوەن بڕوانامەی لەم جۆرەی داگیرکردووە چییە، ئەگینا ڕوونە داکۆکی لە ئازادی ئینسان، مافی مرۆڤ، دیموکراسی و دادی کۆمەڵایەتی، تەنیا بریتی نییە لە داکۆکی کەیسی کۆمەڵایەتی کەسێکی تایبەت، کۆڵانێک، شەقامێک، گەڕەک و شارێک و فەرامۆشکردنی ئەوانیدی، چونکە لێرەدا قسە لەبارەی پرەنسیپ و جەوهەری کێشەکەیە، نەک کەیسێکی تایبەت و جوگرافیایەکی دیاریکراو. ئامانج ڕەخنەکردنی دەسەڵات و کۆی سیستەمی ئەخلاقی، پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەیە لەڕێی قسەکردن لەبارەی کەیسێکی تایبەتەوە، ئاوڕدانەوەیە لە گرفتە کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکانی کۆمەڵگە و گفتوگۆکردنە لەگەڵ ئازارەکانی. گومان لەوەدا نییە، کۆی کەیسەکان و تەواوی تاوانەکان، هەر جۆرێک بن لە تاوان، مادام پەیوەندییان بە ژیانی مرۆڤ و کەرامەتی ئینسانەوە هەیە وەکیەک گرنگ و گەورەن. بە مانا ئەوەی سەنتەرە و وەک پرەنسیپ دەبینرێت، ژیان و بوون و ڕێزی مرۆڤە، نەک شتێکی دی. لێرەوە ڕەخنەکردنی دیوە تاریک و کۆنزەرڤاتیڤەکەی کۆمەڵگە، داماڵینی ماسکەکان و دەرخستنی ترسناکی سادەبینی لە تێگەیشتن بۆ گەورەیی کارەساتە کۆمەڵایەتییەکان، دەبێتە ئەرکی هەر ڕۆشنبیر، نووسەر، توێژەرێکی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی، هەر وەک چۆن دەبێ ئەرکی هەر سیاسییەکی هۆشیار و حیزبێکی سیاسی مۆدێرن، میدیایەکی پیشەیی و ڕاستگۆش بێت.  

    لە دوای هاتنی ئەردۆگان و ئاکەپەوە، ئایدیۆلۆژیای دینی وایکردووە، هەندێ کەس و پیاوی ئایینی، کە ناونراون (زانا)، نە تەنیا داکۆکی لە مرۆڤکوژێکی وەک ئەردۆگان دەکەن، بەڵکو ستەم و سوکایەتییەکانیشی بە دەستکەوت بۆ خزمەتی دین و خودا لێکدەدەنەوە، لە کاتێکدا جگە لە ستەمی سیاسی و پەلاماردانی ئازادی ئەوانیدی، زیاتر لە یەک چارەکە ملیۆن مرۆڤ لە ژێر سێبەری دەسەڵات و دینەکەی ئەردۆگان و ئەمنییەتی دەوڵەتدا، بە فەرمی کاری لەشفرۆشی دەکەن و بڕێکی زۆر لە پارەکەی دەچێتە گیرفانی ئەردۆگان و ئاکەپەوە. ئەم دۆخە سەبارەت بە کەیسە کۆمەڵایەتییەکانیش هەمانشتە، هەندێ حیزبی دینی، بانگخواز و خەڵکانێکی خاوەن پێگەی ئایینی و هەڵگری بڕوانامەی بەرز لەسەر هەمان پەت یارییەکە درێژە پێدەدەن. کەیسە کۆمەڵایەتییەکان بەگوێرەی ڕەنگی ئایدیۆلۆژیاکانیان، ڕەنگ دەکەن. بۆ کەیسێک پڕ بە زاریان هاوار دەکەن، بۆ یەکێکی دیکە لە ناخەوە دەستخۆشی دەکەن، لەکاتێکدا کۆی کەیسەکان جگە لە یەک پرسی کۆمەڵایەتی و مرۆیی هاوشێوە هیچی دیکە نین. عەقڵی بچووک، دونیابینی تاریک، کەیسەکان دابەش دەکات. لە هەندێ شوێندا، کەیس و تاوانە کۆمەڵایەتییەکان وەک تاوانی دژە مرۆیی، دژە ئازادی و دەستدرێژی بۆ سەر ڕێزی مرۆڤ گرنگ نین، ئەوەی گرنگە، هەڵوێست وەرگرتنە لە تاوان بەگوێرەی ئایدیۆلۆژیا، ئەوە مرۆڤبوون و ڕێزی مرۆڤ نییە، نامرۆڤبوونی تاوانێکمان بۆ یەکلادەکاتەوە، بەڵکو هەڵوێستی ئایدیۆلۆژی، ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی ئایدیۆلۆژیا، دونیابینی فڵان زانا و فیسار گروپ و حیزبی سیاسییە ئەم بڕیارە دەدات. ئەوە ئایدیۆلۆژیایە پێماندەڵێت، چۆن داکۆکی بکەین و لە کوێشدا دژ بین، کەی پشتیوان و کەی نەیار بین. کام لە تاوانەکان کۆمەڵگە جوان دەکات و کامیان ناشیرین. ترسناکی ئایدیۆلۆژیا ئەوەیە، تاوان لە سیاقی کۆمەڵایەتی و مێژوویی خۆی دەردەکات، فۆڕم بە تاوان دەدات و لە بازنەی باوەڕدا پۆلێنی دەکات. لەوێدا پاکتاوی جەستەیی، ئازاردانی دەروونی، کوشتن و ڕەجمکردن کارێکی چاکەیە، چونکە دەچێتە خزمەت پارێزگاری لە (نەریتی پاک)ی خێزان و کۆمەڵگە، لەویدیکەدا دەبێتە هۆی تێکدان و شێواندنی (نەریتی جوان)ی کۆمەڵگە و دابی باپیرانمان.

   کاتێک مرۆڤ قسە لەبارەی کەیسێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو دەکات، کە لە چرکەساتێکی تایبەتدا ڕوویداوە، بەڵام بۆ کەیسێکی دی، کە دوای ئەوە ڕوودەدات و قسەیەکی نییە، مانای ئەوە نییە لە کەیسە کۆمەڵایەتییە هاوشێوەکاندا بێدەنگ، یان پشتیوانیت. ئەم دیدگایە جگە لە هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی جەوهەری بابەتەکە و سادەبینی لە خوێندنەوە بۆ کرۆکی پرسەکە، هیچی دیکە نییە. لە بڕوای مندا، هەندێ حیزب، ئایدیۆلۆژیست و کەسایەتی ئایینی، خاوەن بڕوانامەی باڵا، پەرلەمانتار و سیاسی، هەندێجار هەر هێندە بڕدەکەن و هێزی تێگەیشتن و خوێندنەوەیان دەرفەتی لەوە زیاتریان پێنادات لەوە باشتر لە بابەتەکە تێبگەن، یان ڕاستییەکە تێدەگەن، بەڵام بە خاتری خزمەتکردن بە ئامانجێکی دیکە هەوڵی شێواندن و ئاوەژووکردنەوەی ڕاستی و ناوەڕۆکی بابەتەکە دەدەن، هەندێجاریش لە ژێر کاریگەری ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەتدا چوارچێوەیەک بۆ ژیان، کۆی جوڵە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگە دیاریدەکەن و هەر دەرچوونێک لەو چوارچێوەیە بە مانای ڕاگەیاندنی جەنگ لەگەڵ خودی باوەڕ و پیرۆزی لێکدەدەنەوە. لێرەدا دەستبردن بۆ هەر بابەتێک، قسەکردن لە هەر پرسێکی کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی و مرۆیی، ئەگەر نەچێتەوە ناو ماڵی پیرۆزی و تێزە ئەبەدی و دەرەمێژووییەکانی ئەوان بۆ ژیان و پەیوەندی کۆمەڵایەتی، واتە هەڵتەکاندن و شێواندنی نەریت و کولتوری کۆمەڵگە و هەڵوەشانەوەی خێزان. لە هەموو ئەوانەش ترسناکتر جار هەیە پەرلەمانتار، کە دوور و نزیک پەیوەندی بە دونیای زانستی سۆسیۆلۆژیا و مێژووی کۆمەڵایەتییەوە نییە، دەبێ بە واعیز و بانگخواز و بە ڕەهایی دەگاتە ئەو باوەڕەی ئەوەی کۆمەڵگەی ئێمەی بە جوانی هێشتۆتەوە و لە لادانی کۆمەڵایەتی پاراستوویەتی بریتییە لە دین. لە کاتێکدا مرۆڤ ئەگەر بیست ساڵی ڕەبەق سەری لە ناو زانستی سۆسیۆلۆژیا و سۆسیۆلۆژیای دینیدا بێت، هێشتا ئازایەتی ئەوەی نابێت ڕستەیەکی لەم جۆرە فڕێبدات.

(٣)   
   کاتی خۆی بێکەسی شاعیر گووتی: (ئەی وەتەن مەفتوونی تۆم و شێوەتم بیرکەوتەوە...). مەبەستی بێکەس بە تەنیا بریتی نەبوو لە کوچە و کۆڵانێک، شار و گوندێکی دیاریکراو، بەڵکو مەبەستی کۆی نیشتیمان بوو. قانعی شاعیر کاتێک گووتی: (ئەی وەتەن! خۆ من بە ناحەق سەرکز و ئاوارە نیم...)، یان کاتێک گووتی: (قوربانی ئەم خاکەیە، ئەم رۆحە لەبەرما...). مەبەستی قانع لە وەتەن کۆی نیشتیمان و لە خاکیش تەواوی خاکی کوردستان بوو. بێکەس و قانع کاتێک کۆی خەمی وەتەن و خاک لەم تێکستە ئەدەبیانەدا کۆدەکەنەوە، ناوی شارێک، گوندێک، ناوچەیەکی دیاریکراو بهێنن یان نا، هیچ لە خەیاڵ و بیرۆکە ئەدەبییەکە کەم ناکاتەوە، چونکە دواجار ئەم ناوچە و گوند و شارانە بەشێکن لە خاک و وەتەن.
   کاتێک بەهۆی ناونەهێنان، یان قسەنەکردن لە کەیسێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو، دەمانەوێ خەڵکانێک دادگایی بکەین، وەک ئەوە وایە، بە مەبەست، یان لە سادەییەوە، وەتەنەکەی بێکەس و، خاک و وەتەنەکەی قانع نادیدە بگرین و بەهۆی ئەوەی شۆڕنەبوونەتەوە بۆ ناوهێنانی هەولێر و سلێمانی و یەک بە یەکی شار و گوندەکانی کوردستان، بیانخەینە بەردەم لێپرسینەوە و دادگاییکردنەوە.
   ئەم جۆرە لە لێکدانەوە، ئەم میتۆدی قسەکردنە، کاتێک کرۆکی کێشەکە و بنەڕەتی پرەنسیپەکە نابینیت و دێیت لەبارەی بابەت و کێشەی بچووکتر، کە لە نێو هەڵوێست و کێشە گشتییەکەدا ئامادەیی هەیە، قسە ڕیز دەکەیت، ئەگەر پەڵپگرتن نەبێت، دەبێ بڵێین، سادەبینین و خوێندنەوەیەکی سەربەرەوژێری کۆمیدیانەیە. زۆرجاریش ئارەزووی قسەکردن، پرۆسەی قارەمانسازی و دابەشکردنەوەی (ئۆگەستین)یانەی دونیا و کۆمەڵگە، هەر بۆ خۆی جگە لە کۆمیدیا هیچی دیکە ناهێنێت.       


 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن