هەڵبژاردنەکانی تورکیا و پرسی کورد، بۆچی گرنگە ئەردۆگان بکەوێت؟
5/3/2023 6:01:00 PM
د. جەعفەر عەلی
سەرەتا
بەر لە هەر شتێک دەبێ ئەو ڕاستییە سیاسییە
ببینین، هەڵبژاردن ڕاستە یەکێک لە ڕەگەزەکانی ژیانی دیموکراسییە، بەڵام بریتی نییە
لە کۆی پرۆسەکە. هەموو کات ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە مانای ئەوە نایەت سیاسەت و
کۆمەڵگە دیموکراتیزە کراوە. دیموکراسی ڕەخساندنی دەرفەتی کار و جوڵەی سیاسی،
کۆمەڵایەتی ئازاد و یەکسان و دادپەروەرانەیە بۆ تەواوی ڕکابەرە سیاسییەکان بەبێ
لەبەرچاوگرتنی جیاوازی نەتەوە و دین و ئایدیۆلۆژیا. لە دەوڵەتی دیموکراسیدا، دەزگا
و دامەزراوە نیشتمانییەکان، سوپا و دەسەڵاتی دادوەری، بێلایەن و سەربەخۆن، بە یەک
ماوەی یەکسان مامەڵە لەگەڵ حیزبە جیاجیاکان و هاونیشتمانیاندا دەکەن. دەوڵەت و
دامەزراوەکانی دەوڵەت، نەک لایەندارنین، بەڵکو دەبنە پارێزەر و چاودێر بۆ هەرچی
باشتر بەڕێوەبردنی پرۆسەکە لە بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگە، پرسی نیشتمانی و
دیموکراتیزەکردنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ، نەک پشتگیری و کۆمەککردن بە هێزێکی
دیاریکراو لەسەر حیسابی هێزێکی دی، پشتیوانیکردن لە بەرەی دەسەڵات و نەفرەتکردن لە
ئەوانیدی.
لە ئێستای
دەوڵەتی تورکیادا، بە حوکمی ئەوەی خودی دەوڵەت و کۆمەڵگە دیموکراتیزە نەکراون،
هێشتا دیموکراسی لەبەردەم دەیان پرسیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی گەورەدایە. ئەگەر لە
ڕۆژگاری دەسەڵاتی عەلمانییەکاندا، دیموکراسی ئاوێتە بە دامەزراوەی سەربازی کرابێت،
یان پرسی هەڵبژاردن و دامەزراوەی سەربازی لێکدرابن، عەسکەر کاریگەری گەورەی بەسەر
ئەنجامی پرۆسەکەوە دانابێت، ئەوا لە ڕۆژگاری ئەردۆگاندا، ئەم پرسە بە فیکری دینی،
یان ڕاستتر، هەمان فاشیزمی مێژوویی عەلمانییەکانی، بە دین و مەزهەب موتوربە کردووە،
واتە دیموکراسی بە ڕەنگێکی ئایدیۆلۆژی تایبەت، فاشیزمی دینی و بناغەدانان بۆ
دەسەڵاتێکی تاکڕەو و ڕەها ئاوێتەکراوە. بۆیە لەوساوە بۆ ئێستا، هەڵبژاردن لە
تورکیا نە پرسێکی دیموکراسی بووە، نە پرۆسەیەکی دادپەروەرانە. لە ئێستادا بەشێکی
گرنگی دەوڵەت، سوپا، ئیدارە، سامانی گشتی، دەزگا هەواڵگری و ئەمنییەکان، تا
ڕادەیەکی زۆر، بە کۆ لە خزمەتی ئەردۆگان و هاوپەیمانێتی کۆماردان.
تەوەرەی یەکەم: هاوپەیمانێتییەکانی هەڵبژاردن
لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٧دا، لە ڕێی ڕاپرسی
جەماوەرییەوە، دەستور هەموارکرایەوە و سیستەمی سیاسی لە تورکیا لە پەرلەمانییەوە
گۆڕدرا بۆ سەرۆکایەتی. دوای سەرکەوتنی ئەردۆگان و پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکانی
سەرۆکایەتی و پەرلەمانی لە حوزەیرانی ٢٠١٨دا، سیستەمی نوێ چووە بواری
جێبەجێکردنەوە. لە دوای ئەم ئاڵوگۆڕە بنەڕەتییانە لە سیستەمی سیاسی و سەرکەوتنی
ئەردۆگان و ئاکەپە، ئەو ڕاستییە زیاتر ڕوونبوویەوە، کە سەرکەوتن و بردنەوەی کورسی
دەسەڵات لە تورکیا بە تەنیا و لەلایەن تاکە حیزبێکەوە، نەک کارێکی قورسە، بەڵکو بەرەو
کۆتایی دەچێت، بۆیە پێویست دەکات بیر لە هاوپەیمانێتی نێوان هێزە سیاسییەکان
بکرێتەوە و هێزی هاوپەیمانێتییەکان جێگەی هێزی تاکە حیزب بگرێتەوە.
ئەم دۆخی
پەنابردنە بۆ هاوپەیمانێتی سیاسی لە هەردوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی
حوزەیرانی ٢٠١٨دا ڕوویدا و لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ٢٠١٩یشدا بەشێوەیەکی
فراوانتر بەردەوامی هەبوو، کاتێک (هاوپەیمانی میللەت)ی ئۆپۆزیسیۆن توانی پشتگیری
ناڕاستەوخۆی ژمارەیەک لە حیزبەکانی وەک پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و (پارتی
سەعادەت) بە دەست بهێنێت. دەتوانین بڵێین ئەمە بوو بە بنەمایەک و جوڵەکانی
دواتری ئۆپۆزیسیۆنی لەسەر بیناکرا، لە ئەمڕۆدا
ئەم جوڵەیە گەیشتووە بە کۆبوونەوەی شەش حیزب لە ناو چوارچێوەی ئەم
هاوپەیمانێتییەدا، ئەمە جگە لەوەی (هەدەپە)ش دەنگی خۆی خستووەتە پاڵ دەنگی ئەو
حیزبانە لە پشتیوانیکردن لە کاندیدەکەیان، کەمال کڵچدار ئۆغڵوو، بۆ پۆستی سەرۆکایەتی
کۆمار.
(هاوپەیمانی
میللەت)، لە هەر یەک لە پارتەکانی (گەلی کۆماری، باش، سەعادەت، ئایندە، پێشکەوتن و
دیموکراسی و دیموکراسی) پێکهاتووە، پاڵێوراویشیان بۆ سەرۆک کۆمار، کەمال کڵچدار
ئۆغڵووە. لە بەرامبەردا (هاوپەیمانێتی کۆمار) هەیە، کە هاوپەیمانێتی دەسەڵاتە و لە
هەر یەک لە پارتەکانی (داد و گەشەپێدان، بزووتنەوەی نەتەوەیی، یەکێتی گەورە،
ڕەفاهی نوێ و هوداپار) پێکهاتووە و ڕەجەب تەیب ئەردۆگان کاندیدی هاوبەشیانە بۆ
دووبارە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار.
لە نێوان ئەم
دوو هاوپەیمانێتییە بەهێزەدا، هاوپەیمانێتییەکی بچووکتر هەیە بە ناوی (هاوپەیمانی
ڕەنج و ئازادی)، کە پێکهاتووە لە (پارتی دیموکراتی گەلان، کە لە ژێر ناوی پارتی چەپی
سەوز بەشداری دەکات، پارتی کار، پارتی بزووتنەوەی کرێکاران، پارتی کرێکارانی
تورکیا، پارتی یەکێتی کۆمەڵەکانی سۆشیالیستی و پارتی ئازادی کۆمەڵگەیی)، ئەمانە بە
پلەی یەکەم لە (هەدەپە) هێز وەردەگرن و قورسایی جەماوەریشیان لە ناو کوردەکان و
شارەکانی باکوری کوردستاندایە. ئەم هاوپەیمانێتییە کاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار
نییە، بەڵام دەتوانن لە نێوان دوو هاوپەیمانێتییە بەهێزەکەدا تا ڕادەیەکی زۆر ڕۆڵی
یەکلاکەرەوە ببینن، کورسی سەرۆک کۆماری لە یەکێکیان نزیکتر بکەنەوە و چانسی
سەرکەوتنی زیادتر بە کاندیدی یەکێکیان بدەن. هاوپەیمانی سێیەم، وەک
ڕایانگەیاندووە، دەنگیان دەخەنە پاڵ دەنگی هاوپەیمانی میللەت بۆ سەرخستنی کڵچدار
ئۆغڵوو.
جگە لەم سێ
هاوپەیمانێتییە، هاوپەیمانێتییەکی دیکە بە ناوی (ATA-الاجداد)
و پارتێکی سیاسیش (پارتی نیشتمان-مەملەکەت)، بە دوو کاندیدی جیاواز لە کێبڕکێی
هەڵبژاردنەکەدا بەشدارن، کە پێناچێت بتوانن لە یەکلاکردنەوەی ڕکابەرییەکانی نێوان
دوو هاوپەیمانێتییە بەهێزەکەدا (هاوپەیمانی میللەت و هاوپەیمانێتی کۆمار)دا ڕۆڵی
یەکلاکەرەوە ببینن، تایبەت ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە خولی یەکەمیدا بە کۆتا
بگات.
تەوەرەی دووەم: ئاڵنگارییەکانی بەردەم پارتی
داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)
لەم هەڵبژاردنەدا، (ئاکەپە) ڕووبەڕووی
ئاستەنگ و ئاڵنگاری گەورە دەبێتەوە، ئاڵنگارییەکان بەجۆرێکن دەتوانن کاریگەری
گەورە بەسەر چارەنووس و دیاریکردنی پێگەی سیاسی ئەم حیزبە و ڕادەی سەرکەتن، یان
کەوتنی لە کێبڕکێکەدا دابنێن.
١.ئاڵنگاری سیاسی، یان یەکڕیزی ئۆپۆزیسیۆن
دوای گەیشتنی بە
دەسەڵات لە تورکیا (٢٠٠٢)، ئاکەپە یەکەمجارە خۆی لە بەرامبەر هاوپەیمانێتییەکی بەهێزی
وەک ئێستادا دەبینێتەوە. حیزبی خاوەن ئایدیۆلۆژیا و ئاراستەی فیکری و سیاسی
جیاواز، ئۆپۆزیسیۆنێکی فرەڕەنگ، لە ژێر یەک چەتری هاوپەیمانێتیدا کۆبوونەتەوە.
ئاراستەی چەپ، ناسیۆنالیستی توندڕەو، کۆنزەرڤاتیڤ و لیبڕاڵ، وێڕای چەندین کەسایەتی
دیار و حیزبی سیاسی، کە لە ماڵی سیاسی ئەردۆگانەوە هاتوونەتەدەر. ئەم هێزانەی
ئۆپۆزیسیۆن، لەسەر دوو خاڵی ستراتیژی کۆک و تەبان، یەکیان، کەوتنی ئەردۆگان و
شکستهێنانە بە ئاکەپە، دووەمیشیان، گەڕاندنەوەی سیستەمی پەرلەمانییە بۆ تورکیا.
بۆیە دەتوانین بڵێین، هیچ کاتێک ئەردۆگان و حیزبەکەی، هێندەی ئێستا لەبەردەم
مەترسی کەوتندا ڕۆژانی ململانێی سیاسی و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنیان نەژماردووە.
هەرچەندە
ئەردۆگان، لە بەرامبەر ئەم مەترسییە ڕاستەقینەی کەوتندا هەوڵیداوە بنکەی
هاوپەیمانێتییە کۆنەکەی نێوان خۆی و (مەهەپە) فراوانتر بکات و چەند پارتێکی وەک (
پارتی دۆزی ئازاد-هودا پار)ی کوردی، هەروەها (پارتی ڕەفاهی نوێ) و هەندێ پارتی
بچووکی دیکە بهێنێتە ناو هاوپەیمانێتییەکەیەوە، بەڵام پێگەی جەماوەری هاوپەیمانە
تازەکانی ئەردۆگان، بەراورد بە پێگەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن، جیاوازی گەورەی هەیە.
بۆ هەر یەک لە ئەردۆگان و کڵچدار ئۆغڵوو، بردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار بە پلەی
یەکەم دێت، بۆیە هەردووکیان بە گرنگییەوە جەخت لەم ئامانجەیان دەکەنەوە و بۆ ئەم
مەبەستەش و بۆ مسۆگەرکردنی زیادتری دەنگی هاوپەیمانەکانیان بۆ خۆیان، ئەندامانی
ئەو حیزبانەیان لە ناو لیستی هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا جێگە کردووەتەوە. بێگومان
هەڵبژاردنی پەرلەمان گرنگی خۆی هەیە، بەڵام ئەوەی چارەنووسی سیاسی ئەردۆگان
یەکلادەکاتەوە، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییە، نەک پەرلەمان.
٢. ئاڵنگاری ئابووری
لەم ساڵانەی
دواییدا، تورکیا لە ڕووی ئابوورییەوە ڕووبەڕووی پاشەکشەیەکی گەورە بووەتەوە،
تایبەت پاشەکشەی بەهای لیرەی تورکی لە بەرامبەر دۆلاردا، بەجۆرێک ١٠٠ دۆلاری
ئەمریکی نزیکبووەتەوە لە دوو هەزار لیرەی تورکی. چوار ساڵێک بەر لە ئێستا بەهای
١٠٠ دۆلار نەدەگەیشتە ٦٥٠ لیرە، واتە لەو کاتەوە بۆ ئێستا لیرەی توکی ڕێژەیەکی
گەورەی بەهاکەی لە دەستداوە و هەڵاوسان بە ئاستێکی زۆر زیادیکردووە.
گومان لەوەدا
نییە، پاشەکشەی ئابووری یەکێک لەو هۆکارە گرنگانەیە، کە دەتوانێت گەورەترین کاریگەری
بەسەر هەڵوێستی دەنگدەران و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیشەوە دابنێت، تایبەت کاتێک
هاوڵاتیان لە ئێستای تورکیادا سکاڵای زۆریان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخ و
کەمبوونەوەی هێزی کڕین هەیە.
٣. کۆکتێلی دونیابینی سیاسی جیاواز
لە دوو دەیەی ڕابردوودا، ئاکەپە سەرکەوتوو
بوو لە کۆکردنەوە و لەخۆگرتنی ڕەوتی کۆنزەرڤاتیڤ لە تورکیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی
ئۆپۆزیسیۆن، ئۆپۆزیسیۆنێک هەمیشە وا وێنا دەکرێت دژ بە ئاراستە و دونیابینی
کۆنزەرڤاتیڤی دینییە. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، ئۆپۆزیسیۆن بە نزیکبوونەوەی لە
شەقامی کۆنزەرڤاتیڤی تورکیا، تا ڕادەیەک هەوڵیداوە ئەم وێناکردن و دیدگایە سەبارەت
بەخۆی بگۆڕێت، تایبەت دوای ئەوەی پارتی ئایندە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد داود ئۆغڵوو،
پارتی سەعادەت بە سەرۆکایەتی کارامولا ئۆغڵوو، کە هەردووکیان لەسەر هێز و ئاراستەی
کۆنزەرڤاتیڤ لە تورکیا ئەژمار دەکرێن، چوونە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنەوە. ئەمە وایکرد
ئاکەپە بە ئامانجی ڕاکێشانی بەشێک لە دەنگدەری پارتی سەعادەتی هاوپەیمانی
ئۆپۆزیسیۆن، لەگەڵ پارتی ڕەفاهی نوێ دەست بە گفتوگۆ بکات تا ڕازیبکات بچێتە ناو
هاوپەیمانێتی کۆمارەوە و دواتریش بوو بە بەشێک لەو هاوپەیماێتییە.
واتە هاوپەیمانێتییەکانی
ئێستای تورکیا، هەرچەندە ئایدیۆلۆژیا و ئاراستەی فیکری ڕۆڵی گرنگی تێدا دەبینێت،
بەڵام لە هەندێک شوێنیدا ئامانجە ستراتیژییەکە، کە بە دەستهێنانی کورسی سەرۆک
کۆمارییە، وایکردووە مەسەلە ئایدیۆلۆژییەکە لانیکەم نەبێتە ڕێگر لە کۆبوونەوەی
ئاراستەی فیکری جیاواز لە یەک هاوپەیمانێتی سیاسیدا. ئەم حاڵەتە لە هەردوو
هاوپەیمانێتی میللەت و هاوپەیمانێتی کۆماردا دەبینرێت.
٤. کارەساتی بوومەلەرزەکەی ٦ شوبات
بوومەلەرزەکەی
شوباتی ئەمساڵ، کە کارەساتێکی مرۆیی و ماددی گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا، نەک هەر
بووەتە کەرەستەیەکی هەڵبژاردن لە نێوان هاوپەیمانێتییە ڕکابەرەکاندا، بەڵکو دوور
نییە کاریگەری گەورەش بەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە جێبهێڵێت. ئۆپۆزیسیۆن
هەوڵدەدات بە قازانجی خۆی وەبەرهێنان لە ڕووداوەکەدا بکات، بۆیە ئەردۆگان و
دەسەڵاتەکەی بە کەمتەرخەم لە بە دەنگەوەچوونی کارەساتەکە، تایبەت لە ڕۆژانی
سەرەتایدا، تۆمەتبار دەکات. لە بەرامبەردا ئاکەپە هەوڵدەدات ڕووداوەکە بگۆڕێت بۆ
دەرفەتێک بە قازانجی هاوپەیمانێتییەکەی و وەبەرهێنانی تێدا بکات، کاتێک
پڕوپاگەندەی بەرنامەی فراوانی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان لە ڕووی کۆمەکی
دارایی و دووبارە بونیادنانەوەوە ڕادەگەیەنێت.
بێگومان زۆر
خاڵی دیکەی گرنگ هەن، کە لەم ململانێی هەڵبژاردنەدا بوون بە کەرەستەی گرنگی
کۆکردنەوەی دەنگ و سەرنجڕاکێشانی هاوڵاتی لە تورکیادا، ڕەنگە دیارترینی ئەم
کەرەستانەش، دۆسیەی پەنابەران و خراپی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئەنکەرە بێت،
تایبەت لەگەڵ هێزە گەورەکانی وەک ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و دەوڵەتانی دراوسێدا.
هەر یەکێک لە هاوپەیمانێتییەکان هەوڵدەدەن لە ڕێی خستنەڕووی ئەم دۆسیانەوە ئەویدی
بە کەمتەرخەم و بەرپرسیار لە
کەموکورتییەکان پێشانبدات، جگە لەوەش یەکتری وەک تۆمەتباری سەرەکی کاریگەری
نێگەتیڤی ئەم دۆسیانە بەسەر ژیانی هاوڵاتی و کۆمەڵگەی تورکییەوە بخەنەڕوو،
ئامانجەکەش ڕوونە، کاریگەری خستنە سەر دەنگدەر و کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگە بە
ئامانجی کەوتنی بەرامبەر.
تەوەرەی سێیەم: کورد لە ململانێی هەڵبژاردندا
ئەو هێزە سیاسییەی لە ئێستادا دەتوانێت لە
ململانێی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی تورکیادا نوێنەرایەتی دەنگی گەلی کورد
بکات و بەشی هەرە گەورەی کوردەکانیش لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا متمانەی خۆیان
پێداوە، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)یە. قورسایی سیاسی و کۆمەڵایەتی هێزەکانی
دی، چ (هوداپار)ی کوردی و چ (ئاکەپە)، بە ڕادەیەک نییە بتوانن لە شەقامی کوردیدا،
ململانێ لەگەڵ هەدەپەدا بکەن.
هەدەپە وەک
هەر حیزبێکی دیکە سیاسەت دەکات، لە نێو ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئاڵۆزی تورکیا و
باکوری کوردستاندا خەریکی داکۆکی لە کارنامە و ستراتیژی خۆی و بردنەپێشی ئەجێندای
دیموکراسی و بەیەکەوەژیانە. تەمەنی سیاسی ئەم حیزبە هێشتا سێ ساڵ بوو، کاتێک لە
٢٠١٥دا و لە یەکەم بەشداری لە ململانێی هڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیادا توانی بە
بەدەستهێنانی لە ١٣%ی دەنگەکان، (٨٠) کورسی پەرلەمان مسۆگەر بکات. ئەگەرچی لە
دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردندا ئەم ژمارەیە کەمی کرد، بەڵام لە مێژووی سیاسی
تورکیادا یەکەمجار بوو هێزێکی سیاسی بەو قورساییەوە کورد بباتە ناو هۆڵی
پەرلەمانەوە، کە دەڵێم کورد، مەبەست لەو گوتار و کارنامە سیاسی و کۆمەڵایەتی و
کولتورییەیە، کە کورد دوور لە ڕەتکردنەوەی ئەوانیدی، بۆ داکۆکی لە ماف و ئازادییە
سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی وەک گەلێکی جیاواز لە گەلی تورک خەباتی بۆ دەکات.
سەبارەت بە
کردنەوەی دەرگای بەشداری لە حکومەت و هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئاکەپە و ڕەتکردنەوەی
لەلایەن هەدەپە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٥، گلەیی و ڕەخنەی زۆر ئاراستەی
هەدەپە و هەروەها پەکەکەش دەکرێت. گومان لەوەدا نییە، ڕەخنەکان بڕێکیان ڕاست و لە
خەمێکی نیشتمانییەوە هاتوون، بڕێکیشیان لە ژێر سێبەری عەبای ئایدیۆلۆژیای دینی و
مەزهەبی ئەردۆگان و ئاکەپەوە سەریان دەرهێناوە و گەرەکیانە لە ڕێی ناوی کورد و
خەمی کوردەوە ئاراستەی ئایدیۆلۆژی خۆیان و ملکەچی عەقیدەییان بۆ ئەردۆگان و ئاکەپە
بشارنەوە. بۆ هەمووان ئەوە ڕوونە، هەدەپە وەک هەر هێزێکی سیاسی دیکە
ئاساییە لە هەندێ کار و بڕیاری سیاسیدا هەڵە بکات، ڕەنگە ئەگەر لە ساڵی ٢٠١٥، بە
هێزی (٨٠) کورسییەوە لەگەڵ ئەردۆگان بچووبایەتە گفتوگۆی سیاسییەوە دەستکەوتی لەوە
زیاتر بایە، کە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن بە دوای خۆیدا هێنا، ئەمە لەلایەک،
لەلایەکی دیکەوە، دەتوانرا ئەم دەرفەتی نزیکبوونەوەیە لە ئەردۆگان وەک
تاقیکردنەوەیەکی پراکتیکی کاری هاوبەش لەگەڵ ئاکەپە ئەزموون بکرێت و دواتر لایەنە
باش و خراپەکانی سەبارەت بە پرسی کورد و دیموکراسی لە تورکیا هەڵبسەنگێنرێت. ئەگەر
ئەوە دەڵێین، مانای ئەوە نییە ئەردۆگان ئەو کارەکتەرە سیاسییەیە دەتوانرێت ئومێدی
گەورەی سەبارەت بە دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە و ژیانی سیاسی لە تورکیا و دداننان بە
ماف و ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردی لەسەر هەڵبچنرێت، بەڵام لۆژیکی
سیاسی ئەوەیە لە نێوان دوو بەرەدا، بەرەی دەسەڵات (ئاکەپە) و بەرەی ئۆپۆزیسیۆن
(جەهەپە)، کە لە دوو دونیابینی سیاسی و ئایدیۆلۆژی جیاوازەوە هاتوون، هەردووکیان
وەکیەک باوەڕیان بە بوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد وەک نەتەوەیەکی جیاواز لە
تورکیا نییە، جگە لەوەش کاریگەرترین هێزی سیاسی و چەکداری کورد (پەکەکە) وەک
تیرۆریست دەبینن. لە کاتێکی وەهادا و لە ژینگەیەکی سیاسی لەم جۆرەدا ئەو بەرەیەی
پێویستی بە دەنگی تۆ هەیە وەک کورد، دەتوانیت بە مەرجی ڕێزگرتن لە بڕێک لە مافە
بنەڕەتییەکان و کارکردن بۆ دیموکراتیزەکردنی ژیانی سیاسی لەگەڵیدا کۆببیتەوە و
گفتوگۆ بکەیت.
من وەک خۆم باوەڕێکی پتەوم بەوە نییە، ئەگەر
هەدەپە لەو ساڵەدا ببوایە هاوپەیمانی ئاکەپە لە پێکهێنانی حکومەتدا، کورد وەک
نەتەوەیەک لە تورکیادا دەستکەوتێکی گرنگی بە دەست دەهێنا، یان ئەژدیها خەوتووەکەی
ناوەوەی ئەردۆگان دەبوو بە پەپوولەیەکی باڵ ڕەنگین و بە لەرەی باڵەکانی سیمفۆنیای
ئاشتی و بەیەکەوەژیانی پەخش دەکرد. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بەشێک لە ڕەخنەکان لە هەڵوێست
و جوڵەکانی هەدەپە بێ بنەما نین، لە خەمخۆری نیشتمانییەوە هاتوون و پێویست دەکات
گوێیان لێبگیرێت.
ئێستا هەدەپە
لە دۆخێکی نزیک بە هەمان دۆخی ساڵی (٢٠١٥)دایە سەبارەت بە پرسی یەکلاکردنەوەی
چارەنووسی دەسەڵاتی سیاسی لە تورکیادا.
ئەردۆگان لە پەلاماری چەکداری و ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە تا گاڵتەکردن بە ئەنجامی
هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و تەنانەت پەرلەمانیش، ڕێگەی نادیموکراسی و نامرۆیی
نەماوە بە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراویشەوە، بۆ شەڕی دژ بە هەدەپە، پەکەکە،
ئەزموونی کوردانی سوریا پەنای بۆ نەبردبێت و تاقینەکردبێتەوە. واتە دەرفەتەکانی
بەردەم هەر جوڵەیەک بە ئاراستەی نزیکبوونەوە لە ئەردۆگان تا ڕادەیەکی گەورە بەرەو
داخران چوون، بۆیە ئاسایی بوو هەدەپە بیر لە ئاڵتەرناتیڤی دیکە بکاتەوە، بۆ ئەمەش
باشترین و بەهێزترین ئاڵتەرناتیڤ، کڵچدار ئۆغڵوو، کاندیدی هاوپەیمانی میللەت بوو،
چونکە لەم قۆناغەدا هیچ ئامانجێک لە کەوتنی عەرشی ئەردۆگان بۆ هەدەپە و
ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا گرنگتر نییە.
تەوەرەی چوارەم: بۆچی کەوتنی ئەردۆگان گرنگە؟
ئەگەر ئاگاییەکی کەمیشمان سەبارەت بە مێژووی
سیاسی تورکیا هەبێت، لەوە تێدەگەین، ئومێد هەڵچنین سەبارەت بە پرسی کورد لەسەر
جەهەپە، کە بەهێزترین هێزی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنە لە تورکیا، لە تێگەیشتنێکی سیاسی و
مێژوویی وردەوە سەرچاوە ناگرێت. لە بەرامبەریشدا خۆهەڵواسین بە ئەردۆگان و ئاکەپە،
دیسان بەرەو نائومێدییەکی دیکەمان دەباتەوە. بە باوەڕی من، هەدەپە کە نوێنەرایەتی
دەنگ و ڕەنگی کورد دەکات لەم ڕاستییە تێدەگات، پشتیوانیکردن لە کاندێکی سەرۆکایەتی
لە بەرامبەر ئەیدیکەدا، بریتی نییە لە باوەڕبوونی ئەو کاندیدانە و هاوپەیمانێتییەکانیان
بە چارەسەری بنەڕەتی پرسی سیاسی و کولتوری کورد، بەڵکو بریتییە لە یاریکردن لە
نێوان دوو جەللاددا، جەللادێک لە دەسەڵات و جەللادێک لە ئۆپۆزیسیۆندا، جەللادێک
سەری لە ناو دونیای فاشیزمی تورکی، چەپ و عەلمانیەتدایە، ئەویدیکەیش لە ناو هەمان
دونیای فاشیزم و ئایدیۆلۆژیای دینیدا. بەڵام ڕەنگە جیاوازییەکە ئەوە بێت،
دەرفەتەکانی بە بتبوون و دەسەڵاتی ماوەدرێژ لەبەردەم جەللادی ئۆپۆزیسیۆندا بچووکتر
و قورستر بێت. ئێستا پرسیار ئەوەیە لە دۆخێکی وەهادا، هەدەپە دەبێ چی بکات؟
هەدەپە ئەو
ڕاستییە دەزانێت، هیچ یەکێک لە دوو بەرە بەهێزەکەی ململانێی هەڵبژاردن، هاوپەیمانی
کۆماری دەسەڵاتدار، یان هاوپەیمانی میللەتی ئۆپۆزیسیۆن، باوەڕیان بە ماف و
ئازادییەکانی کورد وەک نەتەوەیەکی جیاواز لە نێو کۆمەڵگە و دەوڵەتی تورکیادا نییە.
ڕێی تێناچێت، حیزبێکی گرنگی وەک هەدەپە، کە خۆی لە ناو جەرگەی ڕووداوە
سیاسییەکاندا ژیان دەکات، ئەو ڕاستییە نەزانێت، کە کڵچدار ئۆغڵوو، میڕاڵ ئاکشینەر
و ئەحمەد داود ئۆغڵوو، جێگەی ئومێدی چارەسەر بۆ پرسی سیاسی کورد و دداننان بە ماف
و ئازادییەکانی نین، وەک چۆن دەزانێت، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان و دەوڵەت باخچەلی،
کارەکتەری سیاسی ئەو بوارە نین. بە هەمانشێوە کاندیدەکانی دەرەوەی ئەم دووانەش، چ
کاندیدی هاوپەیمانی (ATA)،
سینان ئۆغڵوو، چ کاندیدی پارتی نیشتمان، موحەڕەم ئینجە، کە یەکەمیان لە پارتەکەی
باخچەلی و ئەویدیش لە پارتەکەی کڵچدار ئۆغڵوو هاتوونەتەدەر، لە دوو پاڵێوراوە
بەهێزەکە کەمتر فاشیست نین. لێرەوە کاتێک خوێندنەوە بۆ هەڵوێستی هەدەپە لە نەخشەی
هەڵبژاردنەکەدا دەکەین، دەبێت بەر لە هەر شتێک ڕادەی ترسناکی کارەکتەرە سیاسییەکان
و گواستنەوەیان بۆ پێگەی بە بتبوون و دەسەڵاتێکی تاکڕەو ببینین.
بە بۆچوونی
من، ستراتیژی هەدەپە لە هەڵبژاردنی ئێستادا لە خاڵێکی بنەڕەتیدا هاوتەریبە لەگەڵ
ستراتیژی هاوپەیمانی میللەت، ئەویش کەوتنی ئەردۆگان و دوورخستنەوەی ئاکەپەیە لە
دەسەڵات، وێرای گەڕانەوە بۆ سیستەمی پەرلەمانی، هەروەها گۆڕینی کارەکتەرێکی سیاسی
بەهێز بە کارەکتەرێکی بێهزتر لە ڕووی سیاسی و پێگەی کۆمەڵایەتییەوە.
لە دوای
مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە بۆ ئێستا، هیچ کارەکتەرێکی سیاسی لە ناوەوەی تورکیادا بە
ئەندازەی ئەردۆگان خاوەنی پێگەی کۆمەڵایەتی و جەماوەری بەهێز نەبووە، کەم پارتی
سیاسیش هێندەی ئاکەپە ڕۆچوونەتە ناو ژیانی دامەزراوە جیاوازەکانی دەوڵەتەوە.
ئەردۆگان لە ماوەی زیادتر لە ٢٠ ساڵی دەسەڵاتیدا، تایبەت دوای گۆڕینی سیستەم بۆ
سەرۆکایەتی و بوونی بە سەرۆکی وڵات، بە تەنیا بریتی نەبووە لە سەرۆک و کارەکتەرێکی
سیاسی و بەس، بەڵکو بریتیبووە لە کۆی دەسەڵات و کۆی بڕیاری سیاسی. بۆیە کەوتنی
ئەردۆگان و ئاکەپە، تەنیا کەوتنی کەسێک و حیزبێکی سیاسی نییە، بەڵکو کەوتنی
دەسەڵاتێکی تاکڕەو و خودشەیدایە، کە ڕۆچووەتە ناو تەواوی کایەکانی ژیانی سیاسی،
ئیداری، سوپایی، قەزایی، تەنانەت لە ناو پرۆسەکانی هەڵبژاردنیشدا ئامادەیی هەیە و
هەوڵیداوە بە ڕەنگی خۆی ڕەنگیان بکات.
دەسەڵاتی
ئاکەپە بەجۆرێک کاردەکات، ئەگەر بەگوێرەی ئەمر و نەهییەکانی ئەو جوڵە نەکەیت،
دەتکات بە تیرۆریست، لەگەڵیشیدا بچیتە ململانێی دیموکراسی و هەڵبژاردنەوە و لێی
ببەیتەوە، یان ئەنجامەکە قبوڵ ناکات، یان بە هێنانی (سیستەمی قەیوم)، هەڵبژاردن
دەکات بە گاڵتەجاڕییەکی منداڵانە و ئەنجامەکان بەتاڵ دەکاتەوە. لێرەوە کەوتنی
ئەردۆگان گرنگە، گرنگە بۆ کورد، گرنگە بۆ ڕێزگرتن لە دیموکراسی و پرۆسەی
هەڵبژاردن.
دیوێکی دیکەی
گرنگی کەوتنی ئەردۆگان ئەوەیە، ڕەنگە لە ماوەیەکی نزیکدا مێژووی تورکیا کەسایەتی
بەهێزی وەک ئەو بەخۆوە نەبینێتەوە. هەموو سیاسییەک ترسناکە کاتێک دەگۆڕێ بۆ بت،
ئەگەر ئەو سیاسییە بەهێز بێت مەترسییەکە گەورەتر دەبێت، چونکە هێزە
کۆمەڵایەتییەکەی دەخاتە خزمەتی بەهێزکردنی تاکڕەوی و دەسەڵاتی ڕەهاوە. دەزانین
کەوتنی ئەردۆگان قورسە، پێویستی بە کاری دەستەجەمعی، کۆبوونەوە و یەکڕیزی هێزەکانی
ئۆپۆزیسیۆن هەیە، لەم ململانێی هەڵبژاردنەدا ئەم کۆبوونەوە و یەکڕیزییە دروستبووە،
ئامانجەکەش بە پلەی یەکەم کەوتنی ئەردۆگان و ئاکەپەیە، چونکە تا ئەم ئامانجە
نەیەتەدی، ناتوانرێت قسە لە هیچ ئامانجێکی دیکە بکرێت. لێرەوە کاتێک قسە لە
هەڵوێستی هەدەپە دەکەین، دەبێت ئەم دیمەنە سیاسییەمان لەبەرچاو بێت، دەبێت هێزی
کاریزمایی کارەکتەرە سیاسییەکان ببینین و مەترسییەکانیشی تێبگەین، بۆیە ئەگەر
هەدەپە لە خاڵێکدا دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ ئەو دەنگانەی دەخوازن سیاسییەکی دیکتاتۆر
و تاکڕەو، مرۆڤێکی خودشەیدا و تینوو بە دەسەڵاتی ئەبەدی، فاشیستێکی نیوعوسمانی و قسەکەر
تێکبشکێنن، هەڵوێست و بڕیارەکە ناکۆک بە لۆژیکی سیاسی نابێت.
نەخشەی سیاسی
تورکیا پێماندەڵێت، هیچ هێزێکی سیاسی و هیچ سیاسییەک، لانیکەم لە ماوەیەکی مێژوویی
نزیکدا، توانای ئەوەی نابێت هێندەی ئاکەپە و ئەردۆگان، قورسایی کۆمەڵایەتی
دروستبکات و بە تەنیا، یان هاوپەیمانێتی لەگەڵ هێزی بچووک بتوانێت بگاتە دەسەڵات،
واتە هێزە سیاسییەکانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن بەردەوام پێویستیان بە یەکدی دەبێت، ئەم
بەرەیەش کۆبوونەوە و دیدێکی ستراتیژ و هاوبەشی ئەبەدی نییە، بەڵکو لە ناوخۆیدا
هەڵگری دەیان ناکۆکی فیکری و ئایدیۆلۆژییە، دیدی جیاوازیان بۆ پرسی کورد، بۆ پرسە
سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوورییەکانی تورکیا هەیە. بۆیە هەمیشە لەبەردەم ئەگەری
پەرتبوون و هەڵوەشان و بچووکبوونەوەدایە، گومانیشی تێدا نییە، زۆربەی کات، غروری
هێزە سیاسییە بچووکەکان و داواکارییەکانیان ناتوانێت هەمان غروری سیاسی
کارەکتەرێکی وەک ئەردۆگان و پارتێکی سیاسی وەک ئاکەپە بێت. بۆیە هەر لە بنەڕەتەوە
کەسایەتی و هێزی ئایدیۆلۆژی وەک ( باخچەلی و مەهەپە، ئاکشینەر و ئیی پارتی) و
بەشێکی دی لە پارتە بچووکەکان، ناتوانن بە ئەندازەی ئەردۆگان و ئاکەپە تاکڕەو و بێ
منەت بن لە بەرامبەر دەرەوەی خۆیاندا، بێگومان لەبەرئەوەنا، کە هێزی دیموکراتخوازن
و باوەڕیان بە تاکڕەوی نییە و کوڕی ناو دونیای فاشیزم نین، بەڵکو لەبەرئەوەی ناچاری،
قەبارەی دەنگەکانیان و پێویستیان بە ئەوانیدی دەرفەتەکانی ئەم تاکڕەوی و
دیکتاتۆریەتەیان، تا ڕادەی بێ هیوایی لە سەرکەوتن و گەیشتن بە دەسەڵات لەبەردەمدا
بچووک دەکاتەوە.
سەرەڕای هەموو
ئەوانەی ئاماژەیان پێکرا، لە ململانێی دیموکراسیدا، کەوتنی هیچ هێزێکی بەرەی
ئۆپۆزیسیۆن کاتێک دەگاتە دەسەڵات، هێندەی کەوتنی ئەردۆگان و ئاکەپە سەخت و دژوار
نابێت، ئەمەش بۆ خۆی کردنەوەی دەرگا بە ڕووی دەسەڵاتی ماوەکورت، ئاڵوگۆڕی خێرا و
دیموکراسیانە ئاسانتر دەکات. مەترسی ئاڵوگۆڕی خێرا و دوورخستنەوە لە دەسەڵاتیش
دوور نییە هۆکارێک بێت ئەم هێزانە بەرەو ئەوە بەرێت کەمتر بیر لە تاکڕەوی و
سەکوتکردنی سیاسی و پەلاماردانی ئازادی و مافە نەتەوەییەکانی گەلانی تورکیا بەگشتی
و کورد بە تایبەتی بکەنەوە.
ئەنجام
١. سەردەمی هێزی تاقانە و هێزی تاک حیزبی لە
تورکیا ئەگەر بەرەو کۆتاش نەچێت، بەرەو کاڵبوونەوەی زۆر چووە، نەخشەی سیاسی ئێستا
لە تاک حیزبییەوە گۆڕاوە بۆ هاوپەیمانێتی سیاسی.
٢. هاوپەیمانێتییە سیاسییەکان هەرچەندە ئایدیۆلۆژیا ڕۆڵی
گرنگی تێدا دەبینێت، بەڵام ڕێگر نەبووە لە کۆبوونەوەی ئاراستە و دیدگای فیکری و
سیاسی جیاواز، بەیەکەوە کارکردنی چەپ و ڕاست، عەلمانی و ئایینی.
٣. هەدەپە، کە نوێنەرایەتی دەنگی کورد و شارەکانی باکوری
کوردستان دەکات، لەگەڵ ژمارەیەک هێزی سیاسی چەپ لە هاوپەیمانێتییەکی سەربەخۆدا
کۆبوونەتەوە و بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیش لیستی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام بۆ پۆستی
سەرۆک کۆمار دەنگ بە کاندیدی هاوپەیمانی میللەت، کەمال کڵچدار ئۆغڵوو دەدات. ئەم
هەڵوێستەیشیان لەم قۆناغەدا لە یەکخستنی دەنگەکان بۆ کەوتنی ئەردۆگان سەرچاوەی
گرتووە، چونکە باوەڕ وایە، کەوتنی ئەردۆگان تا ڕادەیەکی زۆر کۆسپەکانی بەردەم
ئاڵوگۆڕی خێراتری دەسەڵاتی سیاسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە تورکیا ئاسانتر
دەکات.
٤. ڕەخنەگرتن لە بڕیاری هەدەپە بۆ دەنگدان بە کڵچدار
ئۆغڵوو، ڕەخنەیەکە دەبێت وەک بەشێک لە ئازادی بیرکردنەوە و ڕای جیاواز ڕێزی
لێبگیرێت، بەڵام دەبێ بزانین ئەم بڕیارەی هەدەپە لە نائاگایی سیاسی و لە بۆشاییەوە نەهاتووە. ئەگەر
هەدەپە بایکۆتی دەنگدان بکات، یان ئەگەر کاندیدی تایبەت بە خۆی هەبوایە چی
ڕوویدەدا، لە هەردوو حاڵەتدا مسۆگەرکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار بوو بۆ ئەردۆگان، واتە
یارییەکە هەر دەچووەوە خزمەتی ئەردۆگان. هەڵوێستێکی لەم جۆرەی هەدەپە لە ئێستادا،
پێچەوانەی هەر ئاراستەیەکی عەقڵانی و لۆژیکێکی سیاسی دەوەستایەوە. دیوێکی دیکەی
ڕەخنە لە هەڵوێستی هەدەپە، لە دونیای ئایدیۆلۆژییەوە هاتووە، چونکە لای بەشێکی زۆر
لە ئایدیۆلۆژیستە دینییەکان، گرفتەکە دەنگدانی هەدەپە بە کڵچدار ئۆغڵوو نییە،
بەڵکو دەنگنەدانییەتی بە ئەردۆگان، یان خزمەتنەکردنییەتی بە ئەردۆگان. واتە ئەگەر
لەبری کڵچدار ئۆغڵوو، بڕیاری دەنگدان بە ئەردۆگانیان بدابایە، بەشێکی گرنگ لەو
ڕەخنانە نە بوونیان دەبوو، نە دەهاتنە دونیای بوونەوە.
٥. هەدەپە و کوردیش لە باکور و سەرانسەری تورکیا و
دونیادا ئەو ڕاستییە دەزانن، لای ڕاستییان جەللاد و لای چەپیشیان فریشتە نییە،
بەڵکو لە نێوان دوو جەللاددان، ئەردۆگان و کڵچدار ئۆغڵوو، بەڵام ستراتیژ و ئومێدی
کۆتاییهێنان بە تەمەنی زیادتر لە بیست ساڵەی دەسەڵاتی ئەردۆگانی جەللاد، دەبێ وەک
خاڵێکی جەوهەری لە نزیکبوونەوەی دەنگی کورد لە کڵچدار ئۆغڵوو ببینرێت.
٦. ئەردۆگان و دەسەڵاتەکەی ئەزموونێکی خراپیان لە
قبوڵنەکردنی شکستی هەڵبژاردندا هەیە. هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی
شارەوانییەکانی زۆرێک لە شارەکانی باکوری کوردستان و دانانی قەیوم لە شوێنەکانیان،
قبوڵنەکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەستانبوڵ و ئەنکەرە لە ٢٠١٩ و
دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن، نموونەی دەسەڵاتەکەی ئەردۆگانن. بۆیە ئەگەرێکی دوور
نییە، ئەگەر لەم هەڵبژاردنەی سەرۆک کۆماردا شکست بخوات، بە پاساوی جۆراوجۆر
ئەنجامەکە ڕەتبکاتەوە و جارێکی دی داوای دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن بکاتەوە، یان
جۆرێک لە کودەتا (ئەگەر هێزی ئەوەی هەبێت)، بەسەر دیموکراسیدا بکات.