لەبارەی کۆنفرانسی جینۆسایدی کوردانی فەیلی لە هەولێر
5/10/2023 8:07:00 PM
د. جەعفەر عەلی
(١)
ڕۆژی ٢ ئایاری
ئەمساڵ، زانکۆکانی (سەڵاحەددین، دهۆک و سۆران) بە هاوبەشی، کۆنفرانسی (جینۆسایدی
کوردی فەیلی)یان بە دەستپێشخەری و لە ژێر سەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی
دیموکراتی کوردستان، ئەنجامدا.
مەبەستی ئەم
چەند دێر نووسینە، نە قسەکردنە لەبارەی بەشداربووانی کۆنفرانسەکە، نە ئەو
بابەتانەی پێشکەشکراون، چونکە نە بابەتەکان بڵاوکراونەتەوە، نە تەواوی
بەشداربووەکانیش لە نزیکەوە دەناسین. قسەی ئێمە لەبارەی دوو خاڵی گرنگ دەبێت، یەکیان،
کە بە بڕوای ئێمە دەبێت بەر لە هەر کەسێک و لە هەر توێژێکی کۆمەڵایەتی دیکە،
توێژەران و ئەکادیمیستان نەک قسەی لەبارەوە بکەن، بەڵکو خاوەنی بن، ئەویش جورئەتی
گووتنی ڕاستی و ڕێگەنەدانە بە چەواشەکردنی ڕووداوەکانی مێژوو، تایبەت ئەو کەسانەی
پسپۆڕی بوارەکەن. دووەمیشیان، دابەشکردنی پرسی جینۆسایدە لە ڕێگەی سەنتەر و
ناوەندی بچووک و لۆکاڵییەوە.
سەبارەت بە خاڵی
یەکەم، ئێمە دەزانین، ڕابردوو پانتایی و زەمەنێکی گرنگە بۆ وەرگرتنی زانیاری،
گەنجینەیەکە بڕێکی زۆر لە سامانی مەعریفی و کولتوری گەلانی دونیای تێدا پارێزراوە،
ڕووبەرێکی گرنگە، نە تەنیا بۆ دەوڵەمەندکردن،
بەڵکو بۆ سوود وەرگرتن و تێگەیشتن لە ئێستا، بەڵام نابێت لەپێناو خزمەت بە بنەماڵە
و گروپێکی سیاسی دیاریکراو، جا هەر بنەماڵە و گروپێک بێت، لە ئاست هەڵە و
کەموکورتییەکانی ئەو ڕابردووە مێژووییەدا چاو بنوقێنین، بە ئارەزووی دڵی خۆمان،
یان جۆری بیرکردنەوە و دونیابینی سیاسیمان، مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکانیدا بکەین.
لەو کۆنفرانسە
چەند ڕۆژییەی هەولێردا، چەندین وتار، (توێژینەوە)، (گێڕانەوە و چیرۆک)، لەلایەن
سیاسی و مامۆستایانی زانکۆ پێشکەشکراون، دواتریش مەسرور بارزانی سوپاسی کردوون.
تاکە شتێکیش دوای تەواوبوونی کۆنفرانسەکە، مەسرور بارزانی بڕیاری جێبەجێکردنیدا،
ئەنجام و ڕاسپاردەی کۆنفرانسەکە نەبوو، بەڵکو پێشنیارەکەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی
کوردستان، واتە باوکی بوو، پێشنیاری دامەزراندنی سەنتەرێک بۆ کاروباری کوردانی
فەیلی. لە کاتێکدا لەوە گرنگتر دەبوایە سەنتەرێکی زانستی لە کەسانی پسپۆڕ بۆ پرسی
جینۆسایدی کورد بەگشتی پێشنیار بکرایە و کوردانی فەیلیش دەبوونە بەشێک لەو سەنتەرە.
خاڵی دووەم،
پەیوەندی بە بڕیاری دامەزراندنی سەنتەرەکەوە هەیە. دامەزراندنی سەنتەر گرنگە،
بەڵام گرنگتر لەوە کارکردنە بۆ خودی پرسەکە و بە جیهانیکردنی. ئەگەر پرسەکە لە
بابەتێکی نیشتمانی و گشتییەوە بچووک بکەینەوە بۆ پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی و
مەزهەبی جیاواز، ئەوکات دەبێ بۆ هەر یەکێک لە پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان
سەنتەرێکی تایبەت دابمەزرێنین. وەک سەنتەری جینۆسایدی بارزانییەکان، سەنتەری
جینۆسایدی گەرمیانییەکان، سەنتەری جینۆسایدی تورکمان و ئێزیدی و تا دوایی. بە
بڕوای من بەم هەنگاوە خزمەتێکی گرنگ بە پرسی جینۆسایدی گەلی کورد ناکەین، بەڵکو لەبری
کۆکردنەوەی پرسەکە لە بازنەی خەمێکی نیشتمانی و گشتیدا، دابەشی سەر خانە و
پێکهاتەی بچووک، ناوچەیی و لۆکاڵی دەکەین، واتە دەشێت سەنتەرێک دابمەزرێت، لە
چوارچێوەی ئەو سەنتەرەدا پرسی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان بەشی دیراسات و
بەدواداچوونی تایبەت بە خۆیان هەبێت، ئەگەرنا لە دابەشکردن و بچووککردنەوەیدا، وەک
چۆن زۆنی سیاسی، ئیداری، سوپایی، ئەمنی، قەزایی و دارایی دابەشکراوە، پرسی خوێن و
قوربانی، جینۆسایدی هاونیشتمانیانی ئەم نیشتمانەش لە ڕێی سەنتەری بچووک و
جیاوازەوە دابەش دەکەین، لەمەشدا پرسە گەورەکە، کە پرسی نیشتمانییە، زەرەرمەندی
یەکەم دەبێت.
گومان لەوەدا
نییە، لە جوگرافیایەکی فرەڕەنگی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیدا، بایەخدان و
بەدواداچوون بۆ کاروباری کەمینە و گروپە جیاوازەکان، ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ
بەرینکردنەوەی پێکەوەژیان و چەسپاندنی هەرچی زیادتری ئاشتی کۆمەڵایەتی، بەڵام
هاوشانی ئەوە دەبێت چیرۆکەکانی ڕابردوو لەپێناو خزمەت بە فیگەر و بنەماڵە و
حیزبێکی سیاسیدا، هەڵنەگێڕینەوە و حیکایەتەکانی ژێرەوژوور نەکەین.
مێژوو تەنیا
بریتی نییە لە دیوە ئەرێنی و جوانەکانی، بەڵکو دیوی نەرێنی و ڕووداوی ناشیرینیشی
تێدایە، ئەم دوو دیوە پێچەوانەیە هەردووکیان مێژوون، بەشێکن لە ڕابردوو، قسەکردن
لە هەر یەکێکیان بەبێ بینینی دیوی دووەم، یان بە مەبەست فەرامۆشکردنی دیوەکەی دی،
لە ڕووی زانستی و بابەتییەوە، پڕ کەموکورتی دەبێت. بە قسەکردن، گفتوگۆ، نووسینەوە
و خوێندنەوەی ڕەخنەییانەی هەردوو دیوەکە دەتوانین بڵێین قسەمان لە مێژوو کردووە. دەبێ
بزانین، لەو شوێنەی ڕووداو دەکەین بە بەرگێکی ئاڵتونی و دەیکەینەبەر سیاسییەک،
بنەماڵە و حیزبێک، لەوێدا ئێمە نەک مێژوو نانووسینەوە، بەڵکو دەبین بە شایەرێک و
لەبری پیاهەڵدان و ستایشکردنی ناوێک، بنەماڵەیەک و گەرمکردنی دیوەخانی سیاسی،
لەسەر شانۆی هۆڵە مۆدێرنەکان و نێو لاپەڕەکانی مێژوودا ئەم کارەیان بۆ دەکەین.
(٢)
بە پێویستی دەزانم، ئاماژەیەکی کورت بەو ستەم و
بێدادییە بکەم، کە حیزبی بەعس لە گەرمەی گفتوگۆ لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانیدا
دەرهەق بە کوردانی فەیلی ئەنجامیدا و پارتیش، کە ئەوکات لەوپەڕی هێزی خۆیدابوو
هەڵوێستێکی گرنگی پێشاننەدا.
دوای کەمتر لە
دوو ساڵ لە ڕاگەیاندنی بەیاننامەی ئاداری ١٩٧٠، نزیکەی (٨٠٠٠٠) هەشتا هەزار کوردی
فەیلی عیراقی بە بەرچاوی پارتییەوە لە وڵات دەرکران و سەروەت و سامانیشیان دەستی
بەسەرداگیرا، کە بە زیادتر لە (٤٠٠٠٠٠٠٠) چل ملیۆن دینار مەزەندە دەکرا. ئەم
ستەمەی دەوڵەتی عیراق لە گەرمەی گفتوگۆی نێوان بەغدا و شۆڕشی ئەیلوولدا، تەنیا
پەڵەیەکی شەرمەزاری نەبوو بە نێوچاوانی بەعسەوە، بەڵکو بوو بە پەڵەیەکی شەرمەزاری
بە نێوچاوانی پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە، چونکە ئەوەی ئەوکات خاوەندارێتی لە
کێشەی کوردانی فەیلی گرتبووە ئەستۆی خۆی، بەڵێنی هاوکاری برایانەی پێدابوون، پارتی
دیموکراتی کوردستان بوو، کە ئەوکات هێزێکی گەورە بوو.
کاتێک کاروانی
ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان، کە کوردە فەیلییە دەرکراوەکانیان هەڵگرتبوو، بەرەو ئێران
سنوریان دەبڕی، سەرکردایەتی پارتی ناڕەزایەتینامەیەکی پراکتیکی پێشکەش نەکرد،
تەنانەت خۆپێشاندانێکی ڕێکنەخست و هەڕەشەیەکیشی نەکرد. هەموو ئەوەی کردی، بریتیبوو
لە بڵاوکردنەوەی وتارێک بە زمانێکی توند لە ڕۆژنامەکەیدا و تێیدا سەرکۆنەی ئەم
ستەمەی بەعسی کردبوو، ئەمەش کەی، دوای ئەوەی دوا کوردی فەیلی لە سنوری عیراقەوە
ئاودیوی ئێران کرابوو. ئەیوب بارزانی جوانی گوتووە، کاتێک دەڵێت: وتارەکەی پارتی
وەک "لاواندنەوەی سەرگۆڕی مردوو" وابوو.
کەچی ئێستا لە
ژێر سەرپەرشتی سەرۆکی پارتی، کۆنفرانس بۆ جینۆسایدی کوردانی فەیلی ڕێکدەخرێت،
پێشنیاری دامەزراندنی سەنتەرێک بۆ کاروباری کوردانی فەیلی لە هەولێر دەکرێت.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتیش، کە هاوکات جێگری سەرۆکی پارتیشە، سوپاسی
بەشداربووان دەکات بۆ (توێژینەوە بە نرخەکانیان)!
ئەگەر یەک کەس
لەو بەشداربووانە، ئەم زانیارییانەی ئەیوب بارزانی خستبایەڕوو، ئێستا نە پێشنیاری
دامەزراندنی سەنتەر لەلایەن سەرۆکی پارتییەوە باسێکی دەبوو، نە سوپاسی جێگرەکەی بۆ
بەشداربووان و خاوەن (توێژینەوە بە نرخەکان) بوونی دەبوو.
ئیدی ئەوەیە
گرفتی ئێمە لەگەڵ قسەکردن لە ڕووداو و نووسینەوەی مێژوو، هەوڵدەدەین لە دیوەخانی
زەرد، کەم یان زۆر ڕووادوەکان بە ڕەنگی زەرد و، لە دیوەخانی سەوزیش بە ڕەنگی سەوز،
ڕەنگیان بکەین. ئەگەر ئەمەش نەکەین، لە باشترین حاڵەتدا، لە نزیکی هیچ
دیوەخانێکیاندا ئەو وشە و ڕستانە ناڵێین، کە خاوەنانی دیوەخانە مۆدێرنەکان دڵیان
گەرد بگرێت. بە دڵنیاییەوە دیوەخانی سیاسی و بنەماڵە و حیزبەکانی دیکەیش هەڵگری
هەمان ڤایرۆسن.
تێبینی: دەتوانن بۆ زانیاری زیادتر لەمبارەیەوە، سەیری (أيوب بارزاني، الحركة التحررية الكوردية ١٩٥٨-١٩٧٥) بکەن.