628وتار

نزار خەزەرجی چۆن لە عێراق هەڵهات؟

4/14/2022 10:16:00 PM
هێمن كامیل



گەورە تاوانباری ئەنفال نزار خەزرەجی كە لە سەردەمی ئەنفالدا فەرماندەی فەیلەقی یەكی سوپای عێراق بوو، وە لە رووی پلەی تاوانبارییەوە لە ئەنفالدا لە دوای(سەدام و عەلی حەسەن مجید و سوڵتان هاشم) دێت. دوا پلەی لە ناو سوپای عێراقدا گەیشە سەرۆكی ئەركان،

بەڵام كاتێك لە ساڵی 1996 واتە هەشت ساڵ دوای تاوانی ئەنفال نێوانی لە گەڵ سەدام تێكئەچێت و لە شاری موسڵەوە هەڵدێت بۆ هەرێم و لە رێگەی زاخۆوە وەكو خۆی لەچاوپێكەوتنەكانیدا دانی پێدا ناوە رەوانەی دەرەوە ئەكرێت.

ئەگەر ئەم حیزبانەی ئێمە تۆزقاڵێك خاوەنی كەرامەتی نەتەوەیی بونایە ئەبوو لە ژێر زەویدا بۆ كەسێكی وەك (نزار خەزرەجی) بگەرێن كەچی بە پێی خۆی دێتە بەردەستیان ئەوەندە نا ناپاكن هاوكاری ئەكەن بۆ ئەوەی بگاتە وڵاتێكی ئارام و ئەو تەمەنەی ماوێتی بە خۆشی بە سەری ببات.

كاتێكش لە 29-11-2001 ژمارەیەك كوردی دڵسۆز لە ئەوروپا شوێنی (نزار خەزرەجیان) دۆزییەوە ویستیان بیدەنە دادگای نێو دەوڵەتی بە هۆی بەشداریكردنی لە ئەنفالدا حیزبەكان بەرگری نامەیان بۆ نوسی و نەیانهێشت ئەو هەوڵە سەر بگرێت. بیهێنەرە پێش چاوی خۆت ئەگەر سەد ساڵی تریش گەلی جولەكە بزانن حیزبێكیان هاوكاری جەنەڕاڵێكی نازی كردبێت بۆ رزگاربون و هەڵهاتنی لە دادگا. ئەوە ئەبێت چی بەو حیزبە بكەن.

بۆ زانیاریتان (نزار خەزرەجی) یەكێك بوو لە نەخشە دارێژەرە سەرەكییەكانی ئەنفال و خۆشی لە بەر ئەوەی سنوری فەیلەقەكەی دەكەوتە كوردستانەوە راستەوخۆ سەرپەرشتی  قۆناغەكانی ئەنفالی (یەك و دوو سێ‌ و چواری) كردكە مەزەندە ئەكرێت لە 90% قوربانیانی ئەنفال بكەونە سنوری ئەم چوار قۆناغەوە.

بە هۆی ئەو چاكەیەوە كەحیزبی كوردی بۆ نزار خەزرەجیانكرد ئەوە بۆ نزیكەی دە ساڵ ئەڕوات لە دەیان كەناڵی ئاسمانی عەرەبیەوە چاوپێكەوتنی لە گەڵ ساز ئەكرێت و بە ئارەزووی خۆی شرۆڤەی ئەنفال و هەڵەبجە ئەكات و گەورەترین كاریگەری هەبوە لە سەر گۆڕینی بیركردنەوەی شەقامی جیهانی عەرەبی بەرانبەر بەو دوو تاوانەو گەورەترین پاكانە بۆ سەدام و سوپاكەی ئەكات . ئەمە جگە لە نوسینی یاداشتەكانی كە یەكێك بوو لەو كتێبانەی زۆرترین كاردانەوەو خوێندنەوەی بۆ كرا. بۆیە ئەمەوێت بڵێم ئەبێت رۆژێك بێت ئەوانەی هاوكاری ئەم تاوانبارەیانكرد لە كوردستان و ئەوروپا بدرێنە دادگاو شەرمەزاری بەردەم مێژوو بن.

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن