161وتار

ئەگەر دە ساڵ پێش ئێستا هەرێم و بەغداد رێكەوتبان

4/5/2023 12:55:00 PM
هێمن كامیل

رۆژی 4-4-2023 بۆ دواجار دوای دە ساڵ لە ئابوری بە ناو سەربەخۆو تاك لایەنە فرۆشتنی نەوت هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم رێكەوتن بەوەی كە ئیتر حكومەتی ناوەندرۆڵی هەبێت لە دۆزینەوەی كڕیار بۆ نەوتی هەرێم و لایەنێك بێت لە  ئیدارەدان و سەرپەرشتیكردنی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم . هەر زووش راگەیاندنی دەسەڵات ئەمەیان بە سەركەوتن ناوزەند كرد، ئەگەرچی ئەم رێكەوتنەی ئەمڕۆ پشتیوانیەكی جەماوەریشی هەیە ئەگەر بێت و بە هۆكاری ناوخۆیی یان هەرێمی بەربەست و كۆسپ بۆ جێبەجێكردنی دروست نەكرێت. بەڵام ئەگەر ئەم رێكەوتنەی ئەمڕۆ  ئەنجامدرا لە ساڵی 2013 بكرایە واتە دە ساڵ بەر لە ئێستا ئەوە ئەم سودە زۆرانەی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان دەبوو.

یەكەم/ لە ماوەی ئەم دە ساڵەدا نەوتی هەرێم بە بڕی 15 ملیار دۆلار بە كەمتر بە نرخی بازاڕ فرۆشراوە. كەواتە ئەگەر بەغداد بیفرۆشتایە ئەو پارەیە لە ماوەی ئەم  دە ساڵەدا بە فیرۆ نەدەچوو.

دووەم/ بە هەزاران قوتابی و خوێندكارو فەرمانبەرو مامۆستا وازیان لە دەوامەكانیان نەدەهێنا.

سێیەم/ بە هەزاران خێزان لە بەر خراپی باری ئابوری لە بەر یەك هەڵنەدەوەشانەوە.

چوارەم/ ئەو هەمو خۆنیشاندانە بۆ موچە نەدەكراوو ئەو هەموو سوكایەتیەش بە هاوڵاتیانی خاوەن موچە نەدەكرا.

پێنجەم/ رێژەی تاوانكاری بەو جۆرە زیادی نەدەكرد.

شەشەم/  پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و گەشەكردنە خێراكەی هەرێم نەدەوەستاو بەردەوام دەبوو.

حەوتەم/  بە دەیان بەنداوی گەورە لەكوردستان دورستكرابوون.

هەشتەم/ بە هەزاران گەنج و پزیشك و خەڵكانی خاوەن بروانامەی باڵا وڵاتیان جێنەدەهێشت.

نۆیەم/ ناچار دەبون بە هۆی نەمانی كڕیاری كوردەوە بریارێك دەربكەن بۆ تاپۆكردنی خانوبەرەی كوردستان بە ناوی عەرەبەوە.

دەیەم/ خۆتان بەو شێوەیە شەرمەزاری بەردەم دۆست و دوژمن نەدەكرد.

یانزەیەم/ ناچار نە دەبون بە هەموو مەرجێكی توركیا رازی بن تەنها لە پیچناو فرۆشتنی نەوتەكەتاندا.

دوانزەیەم/ بواری مامەڵەكردنی نا شەرعی لە بواری نەوتدا بەو ئەندازەیە زۆر نەدەبوو.

سیانزەیەم/ بە تانكەر نەوت هەناردە نەدەكرا كە هەم جادەكانی تێكدا هەم دەیان هاوڵاتیش بونە قوربانی.

چواردەیەم/ بەرهەمە سوتەمەنیەكان لە هەرێم بەو ئەندازەیەی ئێستا گران نەدەبون.

پانزەیەم/ ژینگەش پیس نەدەكراو دەیان پاڵاوگەی نایاسایی دروست نەدەبون.

شانزەیەم/ دەسەڵاتی كوردیش لە ناوچە ناكۆكەكان و لە بەغدادیش بەم شێوەیەی ئێستا نەدەبوو.

حەڤەدەهەم/ وڵاتانی نەیارانی كورد سودیان لە ناكۆكی نێوان هەرێم و بەغداد وەرنەدەگرت.

هەژدەهەم/ رووداوی شانزەی ئۆكتۆبەریش روینەدەدا یان لایەنی كەم بە دەیان هەزار خێزانی كورد شارەكەیان جێنەدەهێشت.

نۆزدەهەم/ توركیا لە رووی ئابورییەوە بەو جۆرە سودمەند نە دەبوو لە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم.

بیستەم/ هەرێمتان گیرۆدەی قەرزێكی 30 ملیار دۆلاری نە دەكرد.

بیست و یەك/ بەشێك لەو دەسەڵاتانەتان لە دەست نە ئەدا كە بەر لە ئابوری سەربەخۆ وەك دەوڵەتێكی نیمچە سەربەخۆ مامەڵەتان ئەكرد.

بیست و دوو/ هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی هەرگیز بە ئەندازەی ئەمڕۆ لاواز نەدەبوو.

لە كۆتایدا ئەمەوێت بڵێم ئەمڕۆ دەبوو راگەیاندنی دەسەڵات بە تایبەتی ئەوانەی  پارتی داوای لێبوردنیان لە خەڵكی كوردستان بكردایە لە بەر دوو هۆكار یەكەم  بۆ دەركردنی نەوتی هەرێم و هەرزانفرۆشكردن و تالانكردنی و هەموو  ئازارو نەهامەتیەی كە لە ماوەی ئەم دە ساڵەدا توشی خەڵكی بوون .دووەم دانیان بەو هەڵەیەدا بنایە بەوەی كە دەبوو بەر لە دە ساڵ ئەم رێكەوتنەیان لە گەڵ بەغداد ئەنجام بدایە نەك ئێستا. چونكە هەر كەسێك ئەو خاڵانەی لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ كردون بخوێنێتەوە ئەگاتە ئەو راستییەی كە دەرهێنانی نەوت و بە سەربەخۆ فرۆشتنی كارێكی بە سەر كۆمەڵگەی كوردیدا هێنا لەم بەشەی كوردستاندا كە با بە دەواری شڕی نەكردوە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن