شەهیدی رۆژنامەنوس سۆرانی مامە حەمە
7/28/2022 3:26:00 PM
هێمن كامیل
چۆنێتی ئاشنابونم بە سۆرانی مامە حەمە
لە ساڵی 2006 واتە دوو ساڵ و حەوت مانگ بەر لە تیرۆركردنی ئاشنایەتی نزیكم لە گەڵ سۆران پەیداكرد چونكە جگە لەوەی بەرپرسی نوسینگەی گۆڤاری لڤین بوو بەرپرسی نوسینگەی رۆژنامەی كوردستان راپۆرتیش بوو بەشێك لە وتارەكانم لە رێگەی سۆرانەوە بڵاوئەكردەوەو پاداشتی وتارەكانی بۆ هەڵئەگرتم تا لە سلێمانی ئەهاتمەوە بۆ كەركوك یان ئەگەر بهاتبایەتە سلێمانی لە گەڵ خۆی بۆی ئەهێنام. كاتێكیش لە ساڵی 2007 زانكۆم تەواوكرد ئیتر زیاتر لە پێشوو یەكمان ئەبینی و بەو ماوە كەمەش متمانەیەكی زۆر لە نێوانماندا دروست بوو زۆرجار كە نیازی راپۆرتێك یان بە دواداچونێكی هەبوایە بۆی باسئەكردم و ئەیوت كە ئەمەوێت فڵان كار بكەم ئیتر منیش بۆچون و سەرنجەكانی خۆمم پێدەوت. بۆ نمونە جارێك پێیوتم كە فڵان ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە كاری بەڵێندەرایەتیش ئەكات ئۆتۆمبیلێكی مۆدێل بەرزی بۆ كەسی یەكەمی فڵان حیزب كڕیوەو ئەمەوێت كار لە سەر ئەو كەیسە بكەم، بەڵام ئەمەوێت ژمارەی ئۆتۆمبیلەكەم دەست بكەوێت
كەسێتی شەهید سۆران.
شەهید سۆران گەنجێك بوو لە كاتی مامەڵەكردن لە گەڵیدا شەرمت لێئەكرد كەمجار هەیە تەلەفۆنم بۆ كردبێت و لە كاتی وەڵامدانەوەیدا موچوركە بە لەشمدا نەهاتبێت ئەوەندە بە ویقارو بەرێزو هێمنیەوە وەڵامی ئەدایتەوە كە ئەتوانم بڵێم تا ئێستا رێكەوتی كەسێكی ترم نەكردوە ئەوەندە ئارام و لە سەرخۆ بوبێت لە قسەكردن و دەربڕینی بۆچونەكانیدا.
ئاستە رۆشنبیرییەكانی شەهید سۆران
سۆران لە تەمەنی 19 ساڵیدا واتە سێ ساڵ بەر لە تیرۆركردنی ئەبێتە یەكێك لە ناوە بەرچاو دیارەكانی بوارەكانی رۆشنبیری و راگەیاندن لە كەركوك ئەوەش بۆ گەنجێك لەو تەمەنەدا بتوانێت خۆی بسەلمێنێت هەروا ئاسان نەبوە بەڵگەی ئەوەیە كە ئەو كوڕە خوێن گەرم و شیك پۆش و خۆشەویستەی كەركوك توانایەكی زۆری هەبوە بەراود بە زۆرێك لە هاوتەمەنەكانی خۆی. بینیومە بەشداربوە لە بەرێوەبردنی ڤیستیڤاڵی گەورە یان رێكخەری بۆنەو چالاكی گەورە بوە. چاوپێكەوتنی تەلەفزیۆنی هەیە كە بە شێوەیەكی قوڵ گوزارشت لە راو بۆچونەكانی ئەكات. بۆیە ئەڵێم ئەگەر تیرۆرنەكرایە ئەوە ئەبوە شاعیرو رۆشنبیرو رۆژنامەنوسێكی هەرە ناسراوی نەتەوەكەی .
تیرۆركردنی سۆرانی مامە حەمەو راستكردنەوەی هەڵەیەك
دوای تیرۆركردنی سۆرانی مامە حەمە لە ئێوارەی 21-7-2008 لە گەڕەكی لەتیفاوای شاری كەركوك لە كاتژمێر 8.30 خولەك و لەو كاتەی كارەبای نیشتمانی گەڕەكەكە دەكوژێنرێتەوەو باندوگروپێكی چەكداری كوردییەوە، زۆرێك لە راگەیاندنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان كەوتنە هەڵەیەكی گەورەوە بەوەی رووداوی تیرۆركردنەكەی سۆرانیان پەیوەستكرد بە دوا راپۆرتی كە لە سەر سۆزانیەكانی كەركوك و دەست تێكەڵكردنیان لە گەڵ كەسانێكی نێو دەزگای پۆلیسی شاری كەركوك. بەڵام هیچ بەڵگەیەك نیە بیسەلمێنێت كە دەزگای پۆلیسی كەركوك لە ساڵی 2003ەوە كەسێكی تیرۆركردبێت لە سەر ئەوەی رەخنەی لێگرتون یان گەندەڵیەكی ناو ئەم دەزگایەی خستبێتە روو. ئەمە جگە لەوەی پێكهاتەی ئەم دەزگایە بە شێوەیەكە زۆر زاحمەتە بكەوێتە پلاندانان بۆ تیرۆركردنی خەڵكی، چونكە ئەم دەزگایە تارادەیەكی زۆر و بە تایبەتی لەو كاتەدا دامەزراوەیەكی زۆر تۆكمەو دسپلین نەبوو، جگە لەوەی لە سەرجەم نەتەوەو ئاین و ئاینزا جیاوازەكانی ئەم شارە پێكهاتوە، ئەمەش وایكردوە ئەم دەزگایە نەتوانێت كارێكی لەم جۆرە بكات. بەڵام بە رێكەوت بوبێت یان بە پلان تیرۆركردنەكەی كەوتە دوای بڵاوكردنەوەی ئەو راپۆرتە، بۆیە راگەیاندنە ناوخۆیی و جیهانیەكان كەوتنە ئەو هەڵەیەوەو تیرۆركردنەكەیان پەیوەستكرد بە بڵاوكردنەوەی ئەو راپۆرتەوە ئەگینا سۆرانی مامە حەمە چەندین مانگ بەر لە بڵاوكردنەوەی ئەو راپۆرتە هەڕەشەی كوشتنی لێدەكرا.
هەوڵدان بۆ تیرۆركردنی مەعنەوی بەر لە تیرۆری جەستەیی
شەهید سۆران بەر لەوەی لە رووی جەستەییەوە تیرۆربكرێت چەندین جار هەوڵی كڕینی تواناو پێنوسەكەیاندا تاوەكو لە رێگەی مادییەوە تیرۆری مەعتەوی بكەن، شەهید سۆران نەچوە ژێر باری فرۆشتنی قەڵەمەكەیی و لە كارخستنی بیر و فكرەكانی و دەستەمۆكردنی بیروبۆچون و باوەڕەكەی، رۆژێك پێیوتم ئۆتۆمبیلێكم بە دیاری پێدەبەخشن و مانگانەش 750 هەزار دینارم پێئەدەن تەنها ئەگە رازی بم واز لە كاركردن لە گەڵ گۆڤاری لڤین بهێنم. بەڵام من رەتمكردۆتەوە سەیری ئەوە بڕواو ئیرادەیە بكەن لای ئەم گەنجە هەبوە تەمەنت 20 ساڵ بوبێت بەو شێوەیە وەك كێوێك راوەستیت لە بەرانبەر خەڵكانێك بیانئەوێت ئیرادەو بیركردنەوەت بكڕن. بە داخەوە كە بەشێك لە بەرچاوترین رۆژنامەنوسەكانی كوردستان نەیانتوانی لە بەرانبەر پارەدا خۆیان بگرن و بە ئاسانی بیركردنەوەو تواناكانی خۆیان فرۆشت.
سۆرانی مامە حەمە رۆژنامەنوسێكی نیشتمانی
سۆرانی مامە حەمە تەنها رۆژنامەنوسێكی رەخنەگر نەبوو بەڵكو گەنجێكی هۆشیارو بە ئاگا بوو لە بەرانبەر خەمی نەتەوەو نیشتمانەكەیدا، هەموومان لە بیرمانە كە لە ساڵی 2007 كاتێك ترسی هێرشی زەمینی و وشكانی سوپای توركیا هەبوو بۆ سەر باشوری كوردستان سۆرانی مامە حەمە یەكێك بوو لەو كەسانەی كە لە گەڕەكی شۆریجە تەنها لە ریگەی پەیوەندیە كەسیەكانی خۆیەوە گردبونەوەیەكی گەورەی رێكخست دژ بە ئەگەری هێرشی سوپای توركیا بۆ سەر باشوری كوردستان بە داخەوە خەڵكانی بە كرێگرتەو خۆ فرۆش هەموو چالاكییەكەیان تۆماركردبوو بۆ شەوەكەی لە كەناڵی ئاسمانی بەرەی توركمانیەوە نیشاندرا وەك چالاكییەكی پەكەكە لە كەركوك لە كاتێكدا وا نەبوو سۆران رێكخەری ئەو چالاكیە بوو. یان كاتێك بە سەردان ئەرواتە رۆژهەڵاتی كوردستان راپۆرتێك لە سەر كێشەو گرفتەكانی ئەوێ ئەكات.
توانا رۆژنامەوانیەكانی سۆرانی مامە حەمە
بۆ هەڵسەنگاندنە كارە رۆژنامەوانیەكانی شەهید سۆران من چەند چاوپێكەوتنێكی سۆرانم بە نمونە وەرگرتوە كە تیایدا بە روونی تواناو ئاستی بەرزی رۆژنامەوانی و رۆشنبیری سۆرانت بۆ دەر ئەكەوێت. چونكە شارەزایانی بواری راگەیاندن پێشنیازی ئەوەیانكردوە ئەگەر بتەوێت چاوپێكەوتنێكی سەركەوتوانەی رۆژنامەوانی بكەیت ئەوە ئەبێت پێشوەختە خۆتت بۆ ئامادە كردبێت، بۆ نمونە گەڕانەوە بۆ ئەرشیف و رابردوی ئەو كەسە و لێدوانەكانی و نوسراو بەرهەمەكانی و ئەو كارانەی كە لە رابردودا ئەنجامی داوە، بۆیە سۆران كە سەرنجی چاوپێكەوتنە رۆژنامەوانیەكانی ئەدەیت هەموو ئەمانەی تێدا بە دیدەكرێت، ئینجا ئەمە بە هۆی ئەوەوە بێت كە خوێنەرێكی باش بوو یان بە هۆی ئەو ۆركشۆپ و كۆرس و خولە رۆژنامەوانیانەوە بێت كە بۆ پەرەپێدانی توانا رۆژنامەوانیەكانی ئەیبینی. بۆ نمونە لە ژمارە ( 74) گۆڤاری لڤیندا كە لە یەكی ئەیلولی 2008 دوای تیرۆركردنی بڵاوبوەتەوە چاوپێكەوتنێكی لە گەڵ دەرهێنەرو هونەرمەندی گەورەی كورد ناصر حەسەندا ئەنجامداوە بە جۆرێك دەربارەی زنجیرە درامای ژاڵەو بەرهەمە عەرەبیەكانی ناصر حەسەن پرسیار ئەكات وەكو ئەوەی هەموو ئەو بەرهەمانە لە زەمەنی ئەودا بوبێت لە كاتێكدا ئەو لە دایك نەبوە هەندێك لە بەرهەمەكانی ناصر حەسەن لە تەلەفزیۆنەوە پەخشكراوە .
خەمی كەركوك لە كارە رۆژنامەوانیەكانی سۆرانی مامە حەمەدا
ئەگەر بە ئەرشیفی كارە رۆژنامەوانیەكانی شەهید سۆراندا برۆیتەوەو خوێندنەوەیەكی زانستی و بابەتیان بۆ بكەیت بۆت دەرئەكەوێت كارەكانی شەهید سۆران تەنها كارێكی رۆتینی رۆژانەی رۆژنامەنوسێك نەبوە، بەڵكو هەمیشە دەستی بردوە بۆ ئەو كارانەی كە پێی وابوە لە رێگەی ئەم كارە رۆژنامەنوسیەوە ئەتوانێت دەست بخاتە سەر برینێكی ئەم شارەو ئەگەر چارەسەریش نەكرا ئەوە هیچ نەبێت كەمێك لە ئازارەكانی ئەو برینە كەمبكرێتەوە. ئەمە جگە لەوەی زرجار شەهید سۆران لە رێگەی كارەكانیەوە زەنگێكی مەترسیداری لە سەر ئایندەو چارەنوسی كەركوك خستۆتە روو بەڵام نەك كەس گوێی لێنەگرت و سوپاسیان نەكرد بەڵكو ژیانیان لێوەرگرتەوە.
بۆ نمونە شەهید سۆران لە ژمارە 60 گۆڤاری لڤیندا لە لاپەرە 38 بۆ 41 لە مانگی یەكی 2007 چاوپێكەوتنێك لە گەڵ كەسی یەكەمی ئەو كاتەی رێكخراوی بەدر ئەنجام ئەدات كە دواتر لە شێوەی راپۆرتێكدا دایرشتۆتەوە دوای ئەوەی لە رێگەی پرسیارەكانیەوە ئەتوانێت دەستی بگات بە زۆر نهێنی و زانیاری و چۆنێتی خۆ رێكخستنەوەیان و زۆر شتی تر. شەهید سۆران ئەم ناونیشانە بۆ چاوپێكەوتنەكە دادەنێت (رێكخراوی بەدر شانە نوستوەكەی كەركوك، ئەو هێزەی هەر رۆژێك بێت چارەنوسی كەركوك یەكلایدەكاتەوە).
نمونەیەكی تر لە سەر دڵسۆزی سۆران هەم بۆ كەركوك هەم بۆ كورد لە بەر ئەوەی لە ژمارە 37 گۆڤاری لڤیندا لە ساڵی 2006 چاوپێكەوتنێكی راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتەی عێراق ( جەعفەری) بڵاو دەبێتەوەو تیایدا دەسەڵاتی كوردی بە كەمتەرخەم و هۆكار ئەزانێت لە بەرانبەر خزمەتنەكردنی كەركوك، لە بەرانبەردا سۆران دێت وەكو وەڵامدانەوەیەك بۆ راوێژكارەكەی جەعفەری ( حق الحكیم) و بۆ ئەوەی قسەكانی نەبێتە بەشێك لە راستیەكی مێژویی دێت چاوپێكەوتنێك لە ژمارە 38 گۆڤاری لڤیندا لە ئازاری 2006 ئەنجام ئەدات لە گەڵ رزگار عەلی سەرۆكی ئەو كاتەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ ئەوەی وەڵامێكی باوەرپێكراوی ئەو راوێژكارە بداتەوە، ئەمەش گەورەترین هەستكردنی سۆرانە بە بەرپرسیارێتی بەرانبەر كێشەی كەركوك و نەتەوەكەشی، چونكە ئەیەوێت بۆ مێژوو قسەیەكی پێچەوانەی ئەو قسانەی (حق الحكیم) تۆمار بكرێت و بمێنێتەوە. بەڵام بە داخەوە لە بری ئەوەی سەرۆكی ئەو كاتەی ئەنجومەن سوپاسی شەهید سۆران بكات بۆ ئەو هەستكردنەی بە بەرپرسیارێتی.
بەڵام لە بەر ئەوەی سۆران لە یەكێك لە پرسیارەكانیدا ئەڵێت ئەنجومەنی پارێزگا بودجەیەكی 200 ملیۆن دیناری بۆ ئەندامەكانی تەرخانكردوە ئەگەر بەو بڕە پارەیە كۆمەڵێك پرۆژە ئەنجام بدرایە باشتر نەبوو، رزگار عەلی لە وەڵامدا ئەڵێت ( كردنی ئەو جۆرە پرسیارانە نیشانەی دواكەوتویی و ناهۆشیاری راگەیاندنی كوردییە).
نمونەیەكی تر لە شوباتی 2006و لە ژمارە 37 گۆڤاری لڤیندا چاوپێكەوتنێكی بە نرخ لە گەڵ كەسایەتی سەربەخۆو ئەكادیمی و یاسایی و شارەزای كاروباری كەركوك دكتۆر نوری تاڵەبانیدا ئەنجام ئەدات. كە تیایدا بە هۆی پرسیارەكانی شەهید سۆرانەوە دكتۆر نوری رائەكێشێت بۆ گێڕانەوەی هەندێك رووداو یادەوەری كە بابەتی زۆر بە پێزو مێژویی و سیاسی گرنگیان تێدایە، شەهید سۆران زۆر جەخت لەوە ئەكاتەوە بۆچونی دكتۆر نوری بزانێت لە سەر ئایندەو چارەنوسی شارەكە ئەوەش خەمی سۆران نیشان ئەدات دەربارەی چارەنوسی شارەكەی، چونكە لەوێدا بە دكتۆر نوری ئەڵێت بەرپرسانی ئێستای كەركوك زیاتر بۆ بەرژەوەندی و شتی تایبەتی كار دەكەن.
هەروەها لە ژمارە 42ی گۆڤاری لڤیندا لە ساڵی 2006 چاوپێكەوتنێكی لە گەڵ فەرماندەی ئەو كاتەی پۆلیس ئەنجام ئەدات هەموو پرسیارەكانی سۆران ئەو ئامانجەی لە پشتەوەیە كەچی بكرێت بارودۆخی ئەمنی كەركوك باشتر بكرێت. لە یەكێك لە پرسیارەكاندا ئەڵێت مانگی رابردوو لە رۆژی 13-6-2006 لە یەك كاتژمێردا شەش ئۆتۆمبیل تەقییەوە ئەمەش پرسیارو گومان دروست ناكات لە سەر توانای ئەم دەزگایە؟ كەچی وەكو ئەوەی رووداوەكە دە ساڵی بە سەردا تێپەربوبێت نەك مانگێك لە وەڵامدا ئەڵێت بڕوا ناكەم لە كاتژمێرێكدا شەش ئۆتۆمبیل تەقیبێتەوە.
بەرپرسیارێتی هەموان لە تیرۆركردنی سۆرانی مامە حەمەدا
لە شەهیدكردنی سۆرانی مامە حەمەدا جگە بەرپرسیارێتی ئەوانەی راستەوخۆ هەڵساون بە تاوانەكەو ئەوانەی فرمانیان پێیانكردوە. بەشێك لە بەرپرسیارێتیەكەش ئەكەوێتە ئەستۆی ئێمەی هاورێ و هاوپیشەو هاوشاری و تەنانەت كەسوكارەكەشی بۆ نمونە ئێمە نەمانتوانی هەڕەشەی تیرۆركردنەكەی گەورە بكەینەوە دنیا بهەژێنین لە سەر ئەوەی بۆچی و كێ هەڕەشەی تیرۆركردنی سۆران ئەكات؟ هەڵنەساین بە رێكخستنی دوو گردبونەوەو رێپێوان و ئەنجامدانی چەند چالاكیەك بۆ شكست پێهێنانی پلانی شەهیدكردنەكەی، هەر چەندە یەكێك لە هاورێ رۆژنامەنوسەكانمان راپۆرتێكی باشی ئامادە كرد لە سەر هەڕەشەكانی سەر ژیانی سۆرانی مامە حەمە . بەڵام بە داخەوە كەسێك كە نوسەرو رۆژنامەنوسە ئەبێتە رێگرو ناهێڵێت ئەو راپۆرتە بڵاو ببێتەوە بە بیانوی ئەوەی سۆران ئەیەوێت بناسرێت و دەربكەوێت. كە بروام وایە ئەگەر ئەو رارپۆرتە بڵاو بكرایەتەوەو ببوایە بە باس لە راگەیاندنی كوردیدا لەوانە بوو هەڕەشەی تیرۆركردنەكەی نەكرایە بەكرداری. زۆرجاریش ئەو پرسیارە لە خۆم ئەكەم باشە بۆچی نەمانتوانی سۆران رازی بكەین كە كەركوك بە جێبهێڵێت.
كۆتایی
ئەگەر سۆران كورد نەبوایە بە دەستی كورد خۆی تیرۆرنەكرایە ئەوا لە هەر نەتەوەیەكی تری ئەم جیهانەدا بوایە یارمەتیان ئەداو دەستگیرۆیانكردو ئەیانكردە یەكێك لە ئەستێرە گەورەكانی كایەی ئەدەبی و راگەیاندن و رۆشنبیری نەتەوەكەیان.