456وتار

كاریگەرییەكانی جەنگی ئۆكرانیا لە سەر میسر

3/27/2022 11:16:00 AM
هێمن كامیل

 

لە شیكاری پێشودا بە داتاو ئامار ئەوەمان خستەڕوو كە جەنگی ئۆكرانیاو رووسیا چی زیانێك بە توركیا دەگەیەنێت ئەگەر هاتووئەم جەنگە درێژە بكێشێت. لەم شیكارییەدا باسی كاریگەرییەكانی ئەم جەنگە ئەكەین لە سەر وڵاتی میسر لە رووی ئابورییەوەو بە تایبەتیش لە كەرتی گەشتیاری چونكە ئەم كەرتە یەكێكە لە پێكهێنەرەكانی داهاتی میسرو نزیكەی لە 15%ی داهاتی نەتەوەیی پێكدەهێنێت.

لە ساڵی2010 واتە ساڵێك بەر لە كەوتنی موبارەك (14,7) ملیۆن گەشتیار هاتونەتە میسرو 3 ملیۆن كەس لەو گەشتیارانە رووسی بوون، ئەگەرچی لەو ساڵە بە دواوە بە هۆی ئەو رووداوە سیاسیانەی لەم وڵاتەدا روویاندا داهاتی ئەم كەرتە رووی لە كەمیكرد بە تایبەتی دوای كەوتنە خوارەوەی فرۆكەیەكی گەشتیاری رووسی لە 13-10-2015 بەمەش رووسیا بە یەكجاری چونی گەشتیاری وڵاتەكەی بۆ میسر قەدەغە كرد لە كاتێكدا بەر لەو رووداوە هەفتانە 35 هەزار گەشتیاری رووسی سەردانی میسریان ئەكرد. بەمەش میسر ساڵانە بری 1,3 ملیار دۆلار زیانی بەركەوت لەم كەرتەدا.

بەڵام دوای ئەوەی ساڵی رابردو لە رێكەوتی 9-8-2021 رووسیا رەزامەندبوو بە دەستپێكردنەوەی چونی گەشتیارانی رووسی بۆ میسر دووبارە داهاتی ئەم كەرتە بەرەو هەڵكشان رۆیشت و ساڵی پار بڕی 13 ملیار دۆلار داهاتی ئەم كەرتە بوە.

میسر كە لە ئێستادا ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی 103 ملیۆن كەسەو رووبەرەكەی( 1002000) یەك ملیۆن و دوو هەزار كیلۆمەتر دووجایە. واتە رووبەرەكەی هێندەی رووبەری فەرەنساو ئەڵمانیایە بە سەر یەكەوە. بە 31 مین دەوڵەتی جیهانیش دائەنرێت لە رووی رووبەرەوە. كەچی لەم رووبەرە فراوانە تەنها (7,8%) بۆ نیشتەجێبون شیاوە. هەروەها لە(4,5%) رووبەرەكەی بۆ كاری كشتوكاڵی لە بارە.

لە بەر ئەوەی وڵاتێكی نا نەوتیە بۆیە بەردەوام كار بۆ ئەوە ئەكات سەرچاوەی داهاتەكەی هەمە جۆر بێت كە ئەمەش بە یەكێك لە خاڵە ئەرێنیەكانی ئەم وڵاتە دائەنرێت بە پێچەوانەی وڵاتە نەوتیەكانەوە بۆ نمونە عێراق كە لە 93%ی داهاتی لە سەر نەوتە.

مێژوی پەیوەندی سیاسی و دیبلۆماسی و ئابوری میسرو یەكێتی سۆڤیتی پێشوو ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پاشایەتی و كۆتایی چلەكانی سەدەی رابردوو، بەڵام بە هاتنە سەر كاری (جەمال عەبدول ناسر) پەیوەندییەكانی میسرو یەكێتی سۆڤێت چوە ئاستێكی یەكجار بەرز، چونكە لەو كاتەداو بە هۆی جەنگی ساردەوە میسر تاڕادەیەك سەر بە بلۆكی رۆژهەڵات بوو بە تایبەتی لە پەنجاو شەستەكانی سەدەی رابردودا. هەر بۆیە بە هاوكاری یەكێتی سوڤێت میسر توانی بەنداوی (سد عالی) تەواو بكات و زیاتر لە 97 كارگەو كۆمپانیای بەرهەمهێنانی لە كەرتی جۆراو جۆردا دامەزراند.

بەڵام بە مردنی ناسرو هاتنە سەر كاری (ئەنوەر سادات) پەیوەندییەكانی یەكێتی سۆڤێت و میسر بەرەو لاوازی رۆیشت و سادات زیاتر بەرەو جەمسەری رۆژئاوا رووی وەرگێڕاو راوێژكارە سۆڤێتیەكانی لە وڵاتەكەی دەركرد. بۆیە پەیوەندیەكانیان بەلاوازی مایەوە تاوەكو موبارەك لە دوا ساڵەكانی دەسەڵاتەكەیدا دوبارە پەیوەندییەكانی دروستكردەوە.

بەڵام دوای رووداوەكانی 3-7- 2013 و بایكۆتی بەشیك لە وڵاتانی رۆژئاوا لەگەڵ میسر  ئەمە وایكرد دووبارە میسر پەیوەندییەكانی خۆی لە گەڵ رووسیادا بباتەوە ئاستێكی بەرز. چونكە ئەمەش هەم لە لایەك وەك جێگرەوەیەك بۆ ئەمریكاو رۆژئاواو لە لایەكی ترەوە هەم كارتێكی فشاریش بوو  كە میسر توانی بە باشبونی پەیوەندییەكانی لە گەڵ رووسیادا وڵاتانی رۆژئاوا ناچار بكات پەیوەندییەكانی لە گەڵدا ئاسایی بكەنەوە.

گرنگی رووسیاو ئۆكرانیا بۆ میسر ئەتوانین لەم خاڵانەی خوارەوەدا روون بكەینەوە:
•     467 كۆمپانیای روسی لە بوارەكانی نەوت و غازو پیشەسازی لە میسر كاردەكەن.
•     میسر گەورەترین هاوردەكاری گەنمە لە جیهاندا كە لە 80%ی ئەو گەنمەی هاوردەی ئەكات لە رووسیاو ئۆكرانیاوەیە واتە لە 69،4 لە روسیاو لە 10,7%  لە ئۆكرانیا، ساڵانە میسر بڕی 5 ملیۆن تەن گەنم لە روسیا ئەكرێت . ئەوەی ئەمێنێتەوە لە چواردە وڵاتی ترەوە هاوردەی ئەكات.
•     لە رۆژی 20-6-2021 میسرو روسیا رێكەوتنێكی هەمە لایەنەو گشتگیریان واژۆكرد بۆ پەرەپێدان و بە هێزكردنی كاری هاوبەش لە بوارە جیاوازەكانی پیشەسازی و وەبەرهێنان و وزەو سەرچاوە كانزاییەكان و كشتوكاڵ و فێركردن و تەكنەلۆژیاو زانیاری و تەندروستی و گواستنەوەو گەشتیاری و وەرزش و رۆشنبیری.
•     رێكەوتن هەیە لە نێوان بانكی ناوەندی روسی و میسری كە هاوكاری یەكتر بكەن.
•     میسر گەورەترین هاوبەشی بازرگانی روسیایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا لە دوای توركیا.
•     ساڵی رابردو میسر بە بەهای 13 ملیۆن دۆلار سەوزەو میوەی هەناردەی روسیا كردوە.
•     كۆمپانیا گەورەكانی نەوتی روسیا بە بەهای 7,4 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان هەیە لە میسر.
•     روسیاو میسر رێكەوتون لە سەر ئەوەی كە لە سەر خاكی میسر ناوچەیەكی پیشەسازی روسی لە ناوچەی ئابوری كەناڵی سوێس دابمەزرێنن كە چاوەڕوان دەكرێت بڕی 7ملیار دۆلار وەبەرهێنانی تێدا بكرێت و هەلی كار بۆ 35 هەزار كەس برەخسێنێت . گرنگی ئەم پرۆژەیە بۆ روسیا ئەوەیە بە ئاسانی ئەتوانێت شمەك و بەرهەمەكانی هەناردەی بازارەكانی ئەفریقا بكات.
•     لە رۆژی 11-12-2017 سیسی و پۆتین رێكەوتن بۆ دانانی ویستگەیەكی ناوەكی (ئەتۆم) بۆ بواری ئاشتی و بەرهەم هێنانی ووزەی كارەبا كە لە ماوەی 12 ساڵدا تەواو ئەبێت . بە بڕی 29 ملیار دۆلار و قەرزی ماوە دریژ بۆ ماوەی 35 ساڵ.
•     ئێستا 35 هەزار هاوڵاتی روسی لە میسر ئەژین.
•     چەندین رێكەوتن هەیە لە نێوان روسیاو میسر بۆ پەرەپێدانی پرۆژەی ناوەندی و بچوك و رێكخستنی پێشانگای هاوبەش و بازاڕی ئەلیكترۆنی و هاوكاریكردنی ژورە بازرگانیەكانیان.
•     ساڵی 2017 نزیكەی 6 ملیار و 712 ملیۆن دۆلار بازرگانی هەبوە لە نێوانیاندا.
•     ساڵی 2018 حەوت ملیار دۆلار بازرگانی نێوانیان بوە.
•     لە ساڵی 2019 بڕی 5,6 ملیار دۆلار رووسیا ناردەنی هەبوە بۆ میسر.
•     هەردوو وڵات لە رێكەوتی 1-12-2021 رێكەوتنیان واژۆكرد بۆ هاوكاریكردنی لایەنی گەشتیاری.
•     لە لە ساڵی 2021 میسر بە بەهای (804,7) ملیۆن دۆلار گەنمی لە رووسیا كریوە.
•     ساڵی 2021 میسر بە رێژەی 21% گەشتیارەكانی ئۆكرانی بوە.
•     ساڵی 2019 میسر 1300 فارگۆنی شەممەندەفەری لە روسیا كریوە.
•     لە حاڵەتی ئاسایدا رێژەی 26 بۆ 30% گەشتیارانی میسر هاوڵاتی روسین.
•     لە دوای دەستپێكردنی شەڕی روسیاو ئۆكرانیاوە لە 30% هاتنی گەشتیاری ئۆكرانی بۆ میسر كەمیكردوە.
•     لە بودجەی پێشبینیكراوی میسردا نرخی بەرمیلێك نەوت بە 62 دۆلار دانراوە، بەڵام بە هۆی شەڕی روسیاو ئۆكرانیاوە كە نرخی نەوت زیادیكردوە ئێستا میسر بە ناچاری ئەبێت 114 ملیار جونەی میسری كە دەكاتە 7,2 ملیار دۆلار زیاد بكات بۆ سەر بودجەی كڕینی نەوت.
•     تەنها لە مانگی یەكی ئەمساڵدا 463 فرۆكەی روسی گەشتیاری هێناوە بۆ میسر لە مانگی دوو بوەتە 232 گەشتی فرۆكە چاوەڕوان ئەكرێت لەم مانگەدا تەنها لە 5% ی ئەو رێژەیە گەشت بكەن بۆ میسر. ئەم گەشتانە گەشتیاری زستانەیان هێناوە بۆ میسر.
•     لە شاری گەشتیاری غەردەقە لە 40 ی گرتنی ژووری هۆتێلەكان كەمیكردوە.
•     لە شاری شەرم شێخ لە70% ئەو دیاریانەی بە گەشتیاران ئەفرۆشران كەمیكردوە. چونكە لە 70%ی گەشتیاری شەرم شێخ و غەردەقە روسین.
•     میسر پلان و بەرنامەی دانابو مانگانە 400 هەزار گەشتیاری رووسی سەردانی میسر بكەن واتە بە پێی ئەو پلانە دەبوایە لە ساڵی 2022 نزیكەی 5 ملیۆن گەشتیار گەشتی میسر بكەن.

كەواتە لە رێگەی ئەم داتاو ژمارانەی كە لەم شیكارییەدا خراوەتەرو ئەوەت بۆ دەردەكەوێت كە ئەگەر بێت و ئەم شەڕە درێژە بكێشت ئەوە میسر یەكێك ئەبێت لەو دەوڵەتانەی كە لە رووی ئابوری و بە تایبەتی كەرتی گەشتیارییەوە زیانێكی گەورە ئەكات. چونكە لە دوای دەستپێكردنی شەڕەكەوە نرخی هەر فەردەیەك ئارد 11 دۆلار زیادیكردوە . هەر چەند میسر ناردنەدەرەوەی ئاردی قەدەغەكردوە لە گەڵ هەندێك لەو بەرهەمانەی كە سەرچاوەكەی گەنمەو لە كۆگانی میسرشدا تا پێنج مانگی تر گەنم هەیەو تا ئەو كاتە میسر بڕی پێویستی ئارد ئەخاتە بازاڕەوە.

 بەلام بە دریژە كێشانی شەڕەكە بارەكە بۆ میسر قورستر ئەبێت سەرەڕای ئەوەی میسر لە ئێستادا بە دوای بازاڕی تردا ئەگەرێت بۆ كڕینی گەنم. بەڵام لە هیچ دەوڵەتێكی تری جیهانەوە بە هەمان ئەو نرخەی لە ئۆكرانیاو روسیاوە هاوردەی ئەكرد زاحمەتە بتوانێت دەستی بكەوێت.

ئەمە جگە لەو زیانە گەورەیەی بەر كەرتی گەشتیاری ئەم وڵاتە ئەكەوێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن