498وتار

بۆچی لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە لە سەر ئەنفالم نەنوسیوە؟

4/14/2022 1:56:00 PM
هێمن كامیل


سەرەتا

یەكێك لەو سێ‌ خەون و ئامانجەی لە قۆناغی هەرزەكاریمدا بۆ خۆمم دیاریكرد بریتی بوو لەوەی بتوانم رۆژێك بێت بەشێك لە ژیانم تەرخان بكەم بۆ كاركردن لە سەر ئەنفال یەكەم هەنگاویش بۆ بە دیهێنانی ئەم ئامانجە دەستمكرد بە خوێندنەوەو كۆكردنەوەی هەموو ئەو بەرهەمانەی لە سەر ئەنفال دەنوسرا تا لە دواجاردا لە زانكۆش توێژینەوەی دەرچونەكەم تایبەتكرد بە ئەنفال و لە نێوان ساڵانی 2006بۆ 2012 زیاتر لە (300 ) لاپەڕە  وتارم لە سەر ئەنفال لە رۆژنامەو گۆڤارەكاندا بڵاوكردەوەو دواتر بە هۆی خوێندنی ماستەر تا رادەیەك لە كارە بەردەوامەكانم لە سەر ئەنفال راوەستام و بۆیە دوای تەواوكردنی خوێندنەكەم بەرنامەم هەبوو بە هەمان گوڕوتینی پێشوم بەردەوام بم لە سەر نوسین و چالاكیە جۆرار جۆرەكانم لە سەر ئەنفال.

 

 بەڵام كە 16ی ئۆكتۆبەر روویداو مامەڵەی پارتیم بینی لە گەڵ ئەو رووداوەدا بە جۆرێك بیركردنەوەم گۆڕا و رایگرتم كە لەوانەیە ئەگەر( 500) پەرتوكی رەخنەیم لە سەر مێژوی بە ناو شۆڕشی چەكداری كورد بخوێندایەتەوە ئەوەندە كاریگەری لە سەر بیركردنەوەم دروستنەكردایە.

 

لە 16ی ئۆكتۆبەردا ئەمبینی چۆن پارتی ئەیەوێت ئەو رووداوە بگۆڕیت بۆ یەكێك لەو كارەسات و تاوانە تاڵ و خوێناوییانەی كە لە ساڵانی هەشتاكاندا دژ بە كورد ئەنجامدراون. چۆن سەدان چەكداری نا پێشمەگەو خەڵكانی نا سەربازی و بێ‌ دسپلینی حیزبەكەی لە شارەكانی دیكەوە هێنابوو زوو زوو لە راگەیاندنەكانیشەوە نیشانی ئەدان كە ئامادەن بەرگری لە كەركوك بكەن و شارەكە بكەنە دۆزەخ بۆ سوپای عێراق و بە شمشێر سەریان پان ئەكەنەوەو چەندین هەڕەشەی دیكەی بێ‌ سەروبەرە تاوەكو هێزی سوپای عێراق پەلكێشی چەندین تاوان بكەن دژ بە كورد.

هەروەها ئەمانبینی چۆن راگەیاندنی ئەو حیزبە كار لە سەر شكاندن و رووخاندنی باری دەرونی تاكی كورد ئەكات لە كەركوك و تاوەكو كۆڕەوە سەدان هەزار كەسییەكەی كەركوكی لێكەوتەوە.
لە كاتێكدا دەكرا رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر یەكێك بوایە لە رۆژە ئاساییەكانی تری ساڵ و هەرگیز ئەو نەهامەتییەی دروستنەكردایە كە مامەڵەی پارتی و راگەیاندنەكەی كاریان بۆ كرد.

چۆن دەكرا 16ی ئۆكتۆبەر رۆژێكی ئاسایی بوایە

 

بەر لە ساڵی 2014 سوپای عێراق لە كەركوك هەبوو كاتێكیش بە هۆی سەرهەڵدانی داعشەوە لە كەركوك كشانەوە، بەڵام دوای چوار ساڵ كاتێك بارودۆخەكە گۆڕاو دێنەوە شارەكە ئایا نەدەكرا ئەمە وەكو رووداوێكی ئاسایی مامەڵەی لە گەڵ بكرایەو سەدان هەزار كوردی شارەكە توشی نەهامەتی و ماڵ جێهێشتن و ئازار نەكرێن.  
لە دوای ساڵی 2014ەوە خۆ كەركوك بە فەرمی نەلكێنرابوو بە هەرێمی كوردستانەوە، كەواتە بە چی مافێك هاتنەوەی سوپای حكومەتی فیدراڵی كە بەهێزترین بەشی سوپاكە فەرماندەكەی كورد بێت و پارتی بێت تۆ دێیت خەڵكی  پێ‌ فریو ئەدەیت و لە بری هاندانی گیانی مانەوەو جێنەهێشتن و رێگری كردن لە دروستبونی باری گرژی و شەڕو نەهامەتی كەچی خۆت ئەبیتە رێگە خۆشكەر بۆ ئەوەی شارەكە لەم رووداوەدا ئازارو خەمەكەی سەد هێندەی تر زیاتر بێت.

رۆژی 17ی ئۆكتۆبەری 2017

رۆژێك دوای 16ی ئۆكتۆبەرو بۆ بەیانیەكەی كاتێك خەڵكی كەركوك هەستیانكرد هاتنەوەی سوپای عێراق بۆ شارەكەیان هیچ دەرئەنجامێكی خراپی بۆ خەڵكی شارەكە نەبوە بۆیە بەر لە خۆرهەڵهاتن گەڕانەوە بۆ كەركوك دەستی پێكرد. چونكە خەڵكەكە بە ئاگاهاتنەوە و زانیان كە چۆن یاری بە سۆزو دەرون و مەعنەوێتیان كراوە تاوەكو ناچاربن شارەكە چۆڵ بكەن. بەمەش تاڕادەیەك شكست بە پلانەكەی پارتی هات بۆ مانەوەی ئەو سەدان هەزار خەڵكە بە ئاوارەیی و بێ‌ ماڵ و حاڵ لە شارەكانی هەرێمی كوردستان.

سێ‌ رۆژ دوای 16ی ئۆكتۆبەر

دوای ئەوەی لە ماوەی چەند رۆژێكدا زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانی شار گەڕانەوە وردە وردەش ژیان ئاسایی بوەو خەڵكی چونەوە سەر كارەكانیان و بێ‌ هیچ گرفتێك ژیان دەستی پێكردوە. ئەمەش بۆ پارتی جێگەی نیگەرانی بوو چونكە ئەو ئەیویست بڵێت كەركوك داگیركراوەو ئەو ئامانجە حیزبی و كورتبین و نا ستراتیژی و نا نیشتمانی و نا كوردانەیەی هەیبوو سەرینەگرت و كورد ئەڵێت دەستەكەیان ئاشكرابوو.

 بۆیە لە رێگەی راگەیاندنەكەیەوە كەوتە بڵاوكردنەوەی پرۆپاگەندەی ئەوەی كە دووبارە سوپای عێراقو ئاسایشی یەكێتی لە كەركوك دەستیان كردۆتەوە بە شەڕو چەك هەڵگرتن لە دژی یەك بەم هەواڵە نا راستەش دووبارە ئەو خەڵكە بەش مەینەت و كوردپەروەرەی كەركوكیان ئاوارە كردەوە.

چوار رۆژ دوای 16ی ئۆكتۆبەر

دوبارە خەڵكەكە زانیان هیچ رووینەداوە كەركوك ئاساییە بۆیە بە لێشاو گەڕانەوە شارەكەی خۆیان چونكە پارتی توانای رێگری كردنی نەبوو لەو خەڵكە بۆ ئەوەی نەگەڕێنەوە كەركوك ئەگینا رێگری لێدەكردن بۆ ئەم  قسەیەشمان بەڵگەمان ئەوەیە كە تا نوسینی ئەم وتارە پارتی رێگرە لە گەڕانەوەی هەزاران ئەندام و كادری حیزبەكەی بۆ كەركوك.
ئەم جگە لەوەی هەر چەند رۆژێك دوای 16ی ئۆكتۆبەر چەكدارەكانی پارتی رۆژانە سەدان تەلەفۆنیان ئەكرد بۆ خەڵكی كەركوك كە ئەمشەو یان سبەی شەو هێرش ئەكەنەوە بۆ كەركوك، ئەمەش  بۆ ئەوەی ئەو هێزە سەربازییەی لە ناو شار  بڵاوەی پێكرابوو بمێننەوەو نەڕۆنە دەرەوەی شارو دەست بكەن بە دانانی بازگەو پشكنینی ماڵان و ئەو كاتەش بڵێن ئەوەتا چۆن ژیانتان لێ‌ تاڵكراوە. 
بەمەش رێگریان كرد لەو پلانەی كە بریاربوو چەند رۆژیك دوای 16ی ئۆكتۆبەر هێزی سەربازی لە ناو شارەدا نەمێنێتەوە.


جەنگی دەرونی دژ بە خەڵكی كەركوك

لە داوی 16ی ئۆكتۆبەرەوە پارتی بە شێوەیەكی چڕوپڕ لە رێگەی راگەیاندن و رێكخستنەكانیەوە شەڕێكی نەگریس دژ بە خەڵكی كەركوك پیادە ئەكات و ئەیەوێت بڵێت لە بەر ئەوەی من لەو شارە نیم كەواتە تۆش نابێت بە ئاسودەیی بژیت یان ئەبێت بێیتە ژێرباری پیلانەكەی من كە جێهێشتنی كەركوكە یان ئەبێت رازی بیت بەو جەنگە دەرونی و راگەیاندنەی من كە لە دژت بەرێوەی ئەبم. 

16ی ئۆكتۆبەر چی پەیوەندییەكی بە ئەنفالەوە هەیە؟

لە رابردودا زیاتر وا كارمان لە سەر ئەنفالكردوە بەوەی تەنها دوژمنەكانمان بەرپرسن لە جینۆسایدكردنمان، بەڵام كە بینیم چۆن حیزبێكی كوردی رووداوی 16ی ئۆكتۆبەر ئەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی نەهامەتی  زیاتر توشی خەڵكی بكات و چۆن ئەو رووداوە وەكو هەلێكی زێرین سەیر ئەكات بۆ ئامانجێكی بیرتەسكی حیزبی و لە پێناوی شكاندنی حیزبە ركابەرەكەی تردا چۆن كار ئەكات بۆ ئەوەی قەبارەی خەم و ئازارەكان سەد هێندە بكات.  
ئیتر لێرەوە بە دواوە بیركردنەوەم گۆڕا بەوەی ئەم هێزانە چۆن لە رابردودشدا بونەتە هۆكارو رێگە خۆشكەر بۆ ئەوەی دوژمنەكانمان جینۆسایدمان بكەن. بۆیە پێویستە بەشێك لە هۆكاری جینۆسایدەكانی كورد لە نێویشیاندا ئەنفال بخەینە ئەستۆی ئەو هیزە چەكدارییانەی كورد كە ساڵانێكە بە ناوی درۆی بەرگری لە نەتەوەو نیشتمانەوە برینەكانی جەستەمان قوڵتر ئەكەنەوە.  چونكە گەیشتوم بەو بڕوایەی ئەگەر  تەنها بەو رێگەو شێوازەی پێشوو كار لە سەر ئەنفال بكەین و تەنها ئەنجامدەرانی ئەنفال وەك تاوانبار سەیر بكەین ئەوە خزمەت بە سیاسەتی ئەم حیزبانە دەكەین بێ‌ ئەوەی پێی بزانیین و ناكرێت ئێمە لە ئەنفالدا تەنها حیزبی بەعس بەرپرسیار بكەین و باز بدەین بە سەر ئەو هەموو پۆخڵەوات و ناشرینی و هەڵە ستراتیژیانەی ئەم حیزبانە كە پاساو بیانویان داوە بە دەست دوژمنەكانمانەوە بۆ ئەوەی سڵ لە جینۆسایدكردنمان نەكەنەوە.

 

گەورەترین ماڵ وێرانی ئەوەیە ئەم حیزبانەمانەوەی خۆیان گرێئەدەن بەو تاوانانەی دوژمنەكانمان دەرحەقمان ئەنجامی ئەدەن و بە باش و نەرم مامەڵەی دوژمنەكانمان نەك خۆشحاڵ نابن بەڵكو نیگەرانیش ئەبن، چونكە بازاڕی سیاسیان كڕیاری نامێنێت . 

 

ئێستا ئەزانم ئەم حیزبانە لە رابردودا چەند شاگەشكە بونە بە وەی دوژمنەكانی كوردیان ناچاركردوە بە دڵڕەقانە مامەڵەمان لە گەڵدا بكەن. ئێستا ئەزانم ئەمانە چەند خۆشحاڵبونە بە روخاندن و سوتاندنی گوندێك یان  رووخاندنی شارو شاروچكەیەك یان بە لە سێدارە دانی گروپێك لە گەنجەكانمان یان بە هەر تاوانێكی تری دوژمن بۆ ئەوەی ئەمان بێن و مێژوی قێزەونی خۆیانی پێجوان بكەن و تەمەن درێژی خۆیانی پێ‌ مسۆگەر بكەن. 

كۆتایی

ئەم وتارە دورو نزیك پەیوەندی نیە بە جوانكردنی حیزبێك و ناشرینكردنی حیزبێكی تر ئەمەوێت بڵێم ئەگەر پارتی بە خەڵكی بوتایە لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەردا رامەكەن و هیچ رووداوێكی نەخوازراو روونادات ئەوە ئەو كاتە یەكێتی ئەهات ئەو رۆڵەی ئەگێڕا كە پارتی لەو رووداوەدا گێڕای. واتە ئێمە كوشتەی دەستی دوو حیزبی بێ‌ بەرنامەو بێ‌ پلانی ستراتیژی نەتەوەیی و نیشتمانین.
 ئەمانە دوو هێزی چەكدارن بەشێك لە جوانیەكانی رووی رەشی خۆیان لەو تاوانانەدا ئەبینن كە نەیاران و دوژمنەكانمان لە دژمان ئەنجامی ئەدەن، بۆیە خەون بەوەوە ئەبینن چۆن و چی بكەن بۆ ئەوەی نەهامەتیەكانی كورد لە سەر دەستی نەیارەكانمان بەردەوام بێت نەك خەون بەگەیاندنی خەڵكی بە كەنارێكی ئارام و دوور لە ناخۆشی و نەهامەتی و جینۆسایدكردن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن