259وتار

گوندی قەشقە؛ یەكێك لە زیانمەنترین گوندەكانی ئەنفالی سێ‌

8/10/2023 4:14:00 PM
هێمن كامیل

ناحیەی قادركەرەم یەكێكە لە ناحیە سنورفراوانەكانی ناوچەی گەرمیان و لە شاڵاوەكانی ئەنفالدا جگە لە ناوەندی ناحیەكە ئیتر زۆربەی گوندەكانی زیانێكی گەورەی ماڵی و گیانیان  بەركەوت و بە جۆرێك دەیان خێزانی سنورەكە بە یەكجاری بە هۆی ئەنفالكردنیانەوە سڕانەوەو كەس لە هەواریان نەما. یەكێك لەو گوندانەی ئەم سنورە كە ئەنفالی زیانێكی گورجكبڕی لێدان و زیاتر لە سەد كەسیان لەو تاوانەدا بێسەروشوینَكران.  گوندی قەشقەیە كە بەر لە ئەنفال یەكَیك بوە لە گوندە گەورەو ئاوەدانەكانی ناوچەكەو سەدان خێزان تیایدا نیشەجێبونەو رۆژانە ژیانێكی ئاساییان بەرێكردوەو سەرەرای هەر زاحمەتی و نەهاماتیەك لەو كاتەدا دانیشتوانەكەی هاوشێوەی گوندەكانی تر رازی بونە بە ژیانەكەیان و هەروەك چۆن نیگاركێشێك رۆژانە خەریكی تەواوكردن و نەخشاندنی وێنەی تابلۆكانێتی ئاواش دانیشتوانی ئەم گوندە بەر لە ئەنفال هەر یەكەی لە ئاستی خۆیەوە خەریكی نەخشاندنی وێنەكانی ژیان بونەو هەر ئەوەندەی دەرفەتیان بۆ رەخسابێت هەوڵیان داوە خۆشیەكانی خۆیان لە بۆنەو یادەكاندا دەرببرن و گوزارشتیان لەو ژیان دۆستییەیان كردوە كە دانیشتوانەكەی وەك بەشێك لە عەشیرەتی شێخان پێی ناسراون و نەیانهێشتوە زاحمەتی و ئاستەنگەكانی ژیان رێگری لە گیانی ژیاندۆستیان بكات و بچوكترین بۆنەی كۆمەڵایەتیان قۆستەوەو  جاری وا هەبوە چەندین رۆژو شەو خۆشیەكانی خۆیان دەربوە.

 

بەڵام بە داخەوە ئەم جۆرە ژیانە سادەو شادی بەخشەی دانیشتوانی گوندەكە بە هۆی ئەنفالەوە زەبرێكی هێندە كوشندەی بەر دەكەوێت كە لەوانەیە تا چەند نەوەیەكی تریش كاریگەرییەكەی بمبێنێت ئەگەر چی ئێستا لە بۆنە كۆمەڵایەتی  و نەتەوەییەكاندا زۆرجار دانیشتوانی گوندەكە بۆ چەند رۆژێك ئەگەرێنەوە زێدی باوباپیرانیان و ئەیانئەویت بە دۆست و نەیارەكانی نەتەوەكەمان بڵێن سەرەرای ئەو برینە قوڵەی ئەنفال لە جەستەماندا دروستی كرد. بەڵام هێشتا ئەڵێن بەڵێ‌ بۆ ژیانێك دور لە مەرگدۆستی و خەفتبارانە. من هەموو ئەم راستیانەم لە نزیكەوە بینی كاتێك كە لەوەرزی بەهاری ئەمساڵدا درفەتم بۆ رەخسا لە بۆنەیەكدا سەردانی ئەم گوندم كرد. سەردانێك بۆ من تێكەڵەیەك بوو لە دوو هەستی جیاواز هەستێك پڕ لە ئازار بە تایبەت كە دەبینی لە دەروازەی گوندەكەدا وێنەی 105 ئەنفالكراوی گوندەكە لە یادگارییەكی دیوار بەنییدا ناوەكانیان تۆماركراوە ئیتر بێ‌ ویستی خۆت ئەكەویتە رامانێك كە ئاسان نیە سەردانی كردنی ئەو گوندە راتنەگرێت و زۆر پرسیار لە مێشكدا دروست نەبن. لە ناخی خۆمدا چەندین جار ئەم پرسیارەم لا دروست بوو كە ئایا ئەگەر ئەنفال نەبوایە  ئەوە لە بری ژمارەیەكی زۆر كەمی خێزان  كە نیشتەجێی بەردەوامی گوندەكەن ئەوە لە ئێستادا دەبوو  چەند سەد خێزان لەو گوندەدا بژیان؟ ئایا ئەبێت ئەو 105 كەسەی لە ئەنفالدا بێسەرو شوینَكران چی چیرۆكێكی نەگێراوەیان لە گەڵ خۆیاندا بردبێت هەر یەكەی چی خۆزگەو خەونێكی هەبوبێت كە  دەستی رەشی ئەنفال خۆیان و خەونی بردن ؟ 

 

لە هەمان كاتیشدا دڵخۆش بوم كە  ئەمبینی هێشتا ئەو گەنجانەی لە شارەوە هاتونەتەوە بۆ گەندەكەیان جوانترین دەستە جلی خۆیان پۆشیوەو دەم بە خەندەن و لە رووخساریاندا ئەوە ئەخوێنیتەوە كە ئەیانەویت بڵێن ژیان لێرەوە دەست پێدەكەینەوە.

 

خۆزگەم ئەخواست كە لەم سەردانەمدا بە جۆریك ئەم گوندەم ببینایە كە ئاوڕدانەوەكان لێیان بەرتاقای قوربانیەكانیان بوایە . نازانم چۆن ئەبێت گوندێك جگە لەو ژمارە زۆرەی قوربانی لە ئەنفالدا خاوەنی نزیكەی 35 شەهیدی سەنگەریش بن كەچی هێشتا خاوەنی كارەبای نیشتمانی نەبن لە كاتێكدا تەنها دوانزە كیلۆمەتر لە ناوەندی ناحیەی قادر كەرەمەوە دورن؟ چۆن ئەبێت بۆ هەر ماڵێكی ئەم گوندە جوانترین خانویان بۆ دروست نەكرابێت؟ چۆن ئەبێت ژیان و قوربانیەكانی ئەم گوندەو هاوشێوەكانیان دەیان سەرچاوەو پەرتوك و توێژینەوەی زانستیان لە سەر نەكرێت و نەخرێنە ناو پرۆگرامەكانی خوێندنەوە تاوەكو نەوەكانی ئایندە بزانن دوژمن لە یەك گوندا چی نەهەماتیەكی بە سەر ئەم نەتەوەیەدا هێناوە. 

 

لە كۆتایدا بە پێویستی ئەزانم بڵێم كە ئەركی حكومەتی هەرێمە لە زووترین كاتدا كاربكات بۆ ئەو پرۆژانەی كە خەڵكی ئەم گوندە لێی بێ‌ بەشن و داواكاری سەرەكیانەو هەرهیچ نەبێت كارێك بكرێت بەشێك لەو بارە ناهەموارە دەرونی و كۆمەڵایەتیەی ئەنفال لە دوای خۆی بۆی جێهێشتن كەمبكرێتەوەو ئاوڕی جدیان لێبدرێتەوە .


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن