233وتار

بە كارهێنانی كوردی كەركوك (لە 28ی تەموزی 2008 ەوە بۆ 2ی ئەیلولی 2023)

9/4/2023 9:10:00 PM
هێمن كامیل

ماوەی هەفتەیەك راگەیاندنی سەرجەم حیزبەكان خەڵكی كەركوكیان هاندا بەوەی رۆژی 28ی تەمووزی 2008 خۆنیشادان دژ بە مادەی 24  دەكەن كە دژی بەرژەوەندییەكانی كوردە، ئیتر ئەوەبوو نزیكەی 200 هەزار كوردی كەركوك بە پیرو ژن و كچ و پیاو گەنج و خەڵكانی  نەتەوەیی و ئیسلامی و سەلەفییەوە بەشداریانكرد، منیش وەكو مامۆستایەك و پاشانیش وەكو  رۆژنامەنوس و پەیامنێری رۆژنامەی هاوڵاتی بەشداریمكرد. لە شۆرجەوە لای بەنزیخانەكەوە كەوتینە رێ‌ بۆ فولكەی پارێزگا سەرەتای خەڵكەكە لە سەر پردی سێ‌ بوو دواییەكەی لە شۆرجە بوو كە لەوانەیە 45 هەزار كەس بوبێت. بەڵام كە گەیشتینە فولكەی پارێزگا هەستمكرد جۆرێك لە بێ‌ بەرنامەیی و بێ‌ پلانی هەیەو تەنها ئەو خەڵكە لەوێ‌ كۆكراوەتەوەو نە كەسێك هەیە دوو روونكردنەوە بدات  نە پلانێك هەیە بۆ پاراستنی خەڵكەكە.

ئیتر ئەوەبوو بەشێك لە خۆنیشاندەران هەستیان كرد سەركێشیان بە ژیانی خۆیانەوە كردوەو ئەم خەڵكە بێ‌ چەكە لێرەدا كۆكراوەتەوە بێ‌ ئەوەی دەروازەكانی چونە ناو گۆڕەپانی پاریزگا كۆنترۆڵ كرابێت، بێ‌ ئەوەی سەربانە بەرزەكان پاسەوانی لێدانرابێت. ئیتر ئەوەبوو دەستیان كرد بە جێهێشتنی شوێنەكە. بەڵام ژمارەیەك چەكدار بە جل و بەرگی مغاویرەوە كە كوردبوون زۆر لە كەسانی یاسایی و سەربازی خاوەن دسپلین نەدەچون رێگەیان نەدا خەڵكەكە بروات.

ئەوەبوو دوای پێنج خولەك لە ناو نزیكەی 500 مامۆستاكەی سێبەری قەیسەری خلیل ئاغا خۆكوژێك كە لەوە ئەچوو مناڵێكی خاوەن پێداویستی تایبەت بێت (تەقێنرایەوە یان خۆی تەقاندەوەو) زیاتر لە 110 مامۆستای برینداركردو هەر دەست بە جی نۆ ماموستاش شەهید بوون، ئیتر لە هەموو شوێنێكەوە خۆنیشاندەران درانە بەر دەستڕێژی گوللە كەس نەیدەزانی لە كوێوە دێن هەروا خەڵك بوو بە فیشەكەكان دەكەوتنە سەر زەوی.

دەستبەجێ‌ چەكدارەكانی حیزبەكان و پۆلیسەكان  رایانكردو شوێنەكەیان جێهێشت، ئەوەی مایەوە ژمارەیەك گەنجی خۆبەخشی ئازاو دڵگەرم بوون كە بێ‌ گوێدانە گیانی خۆیان بریندارو شەهیدەكانیان دەگواستەوە لە كاتێكدا وەكو باران فیشەك ئاڕاستەی ئەوێ‌ دەكرا. ژمارەیەك گەنجی ترم بینی لافیتە خوێناوییەكانیان هەڵگرتبوو سرودی ئەی رەقیبان ئەوت و پڕ بە گروشیان هاواریان ئەكرد بژی كورد بژی كوردستان . بێ‌ ئەوەی سڵ لە دەستڕێژی گوللەكان بكەنەوە. كە دواتر وێنەی چەند كەسێكیان بوە هێماو رەمزی خۆنیشاندانەكە.

 كاتێك منیش برینداربووم  یەكێك لە گەنجە خۆبەخشەكان هات دەستی لە گیانمدا وتی بزان كوێتە بۆ ئەوەی بزانم چۆن هەڵتگرم دامی بە كۆڵیداو بردمیە ماڵێكی نزیك شوێنەكە بە راستی ماڵێكی بە هەڵوێست بون لەوە ئەچوو تێكەڵەیەك بن لە كوردو توركمان، چونكە بە شێوەی قسەكردنەكەیان دیاربوو.  جگە لە من دەیان كەسی تریان بردبوە ژورەوە بۆ ئەوەی نەكوژرێن یان بریندارنەبن. كاتێكیش ئۆتۆمبیلەكانی فریاكەوتن هاتن هەر ئەو گەنجانە بریندارو شەهیدەكانیان بار دەكرد بۆ ئەوەی بیانبەن بۆ نەخۆشخانەی ئازادی.

من ئەو دیمانەم بینی زۆر خەفەتم خوارد كە چۆن ئەم خەڵكە دڵسۆزو دڵپاك و خەمخۆرە بۆ نەتەوەو شارەكەیان گورگانخواردكران كۆیانكردنەوەو چەقۆی  تیژكراویان دایە دەست دوژمنانی كوردو وتیان فەرمون سەریان ببڕن.

ئیتر ئەوەبوو  هەموو ئەوەی بینیبوم بە پێنج وتاری درێژ لە هەر یەك لە رۆژنامەكانی (ئاوێنەو هاوڵاتی و ئاسۆ) بڵاوكردەوە.

كە لە رۆژی 2ی ئەیلولی 2023 گردبونەوەی نزیكەی 250 گەنجی كەركوكم بینی هەمان هەستم بۆ دروست بوو كە چۆن دوای 15 ساڵ دووبارە كوردی خوێنگەرمی كەركوك بۆ مەرامە گڵاوەكانیان بە كاردەهێنن و بە كوشتیان ئەدەن.

هەر ئەو كاتەش لە بیرمە تەلەفزیۆنە ناوخۆییەكەی پارتی بۆ شەوەكەی بەردەوام بانگەشەی ئەوەی ئەكرد لە بارەگاكانی بەرەی توركمانییەوە تەقە لە خۆنیشادەران كراوە. لە كاتێكدا لە سەر تەقەكەرەكان بۆچونی جیاواز هەبوو. هێشتا دادگاش هیچ بڕیارێكی نەدابوو. ئەمە جگە لە مەترسیداری هەواڵێكی لەو جۆرە لە تەلەفزیۆنەوە. چونكە خەڵك توڕەبون و ئەگەری كاردانەوەی خراپ دەكرا بەوەش رووبارێك خوێن لە شارەكە دروست ئەبوو. بەڵام خۆشبەختانە خەڵكی نەكەوتنە ژێر ئەو جۆرە بانگەشەیەی راگەیاندنی پارتییەوەو هیچ كوردێك لە تۆڵەی شەهیدەكان پەلاماری توركمانی نەدا.
ئیتر ئەوەبوو دوای رۆژێك وتیان چەند پاسەوانێكی بەرەی توركمانیان گرتوەو ئەیاندەن بە دادگا.  بەڵام دوای ماوەیەكی كەم  پاسەوانەكان ئازادكران و بارەگا زیانلێكەوتوەكانی بەرەی توركمانی لە نزیك رووداوەكە قەرەبوكرانەوەو خوێنی رژاوی نزیكەی 300 شەهیدو برینداری كوردیش هەروا رۆیشت.

هەروەها لە شارێكی هەرێمەوە ژمارەیەك گەنجیش هێنرابون یەكێك لە ئەركەكەیان ئەوەبوو دوای تەقەكردنەكان راستەوخۆ لە رۆژنامەنوسانی سەربەخۆ بدەن. ئیتر ئەوەبو كەوتنە لێدان لە چەند رۆژنامەنوسێك یەكێك لەوانە رۆژنامەنوس (یەحیا بەرزنجی) بوو ،وابزانم ئێستا لە ئەمریكا ئەژێت و هیوادارم رۆژێك بە درێژی باسی ئەو رووداوە بكات بۆ ئەوەی بۆ مێژوو بمێنێت.
بۆیە لەو كاتەوە هەر كاتێك حیزبێك لە ژێر ناوی دروشمی بریقەداری نەتەوەیی و نیشتمانیدا هانی خەڵك بدات بۆ گردبونەوە من ترس دامدەگرێت و ئەزانم چی نا ئەخلاقییەك دەگوزرێت لەم جۆرە كارانەداو چۆن كوردی كەركوك وەكو كاڵایەكی هەرزان بەها سەیر دەكرێت و ئەكرێنە قوربانی ململانێ‌ سیاسییەكان.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن