217وتار

ئەگەر پارتی لە خەمی كەركوكدا بوایە

9/9/2023 11:22:00 AM
هێمن كامیل


من بۆ خۆم لە ژیانی رۆژانەمدا پێوانەی قسەی كەسەكان و كردارەكانیان بەوە ئەپێوم كاتێك بابەتەكە دێتە سەر پارەو ئەم كەسە چۆن مامەڵە ئەكات، ئەمە لە سەر ئاستی سیاسیش هەر وایە ئەگەر پارتی حیزبێكەو خەمی خەڵكی كەركوك و شارەكەیەتی، ئەی بۆچی ماوەی سێ‌ ساڵ نەوتی كەركوكی لە هەردوو كێڵگەی (بای حەسەن و هاڤانا ) فرۆشت و مەزەندە ئەكرێت بەهاكەی نزیكەی 12 ملیار دۆلار بوبێت، ناڵێم هەمووی تەنها بەشێكی كەمی بۆ نەخستە خزمەتی كەركوكەوە، بۆ نمونە ئەگەر پارتی لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا:- 

        *نەخۆشخانەیەكی هاوچەرخی بۆ شارەكە دروستبكردایە.
•یاریگایەكی نێودەوڵەتی بۆ شارەكە دروستبكردایە.
•چەند سەد شوقەیەكی بۆ گەنجانی شارەكە بونیاد بنایە.
•چەند كارگەو كۆمپانیایەكی بۆ شارەكە بكردایەتەوە.
•بانكێكی بكردایەتەوەو بەشێك لە پارەی فرۆشراوی نەوتی كەركوكی لێدابنایەو ئەمڕۆ گەنجان بیان توانایە قەرز لەو بانكە بكەن بۆ پرۆژەكانیان.
•زانكۆیەكی ئەهلی هاوچەرخی دروست بكردایەو گەنجان بە پارەیەكی كەم تیایدا بیانخوێندایە.
•كتێبخانەیەكی هاوچەرخی بۆ شارەكە دروست بكردایە.
•چەند قوتابخانەیەكی نمونەیی بۆ شارەكە دروستبكردایە
•فرۆكەخانەی بۆ شارەكە دروستبكردایە.
•بەشێك لەو پارەیەی تەرخان بكردایە بۆ ئەوەی گەنجی شارەكە لە دەرەوە بخوێنن.
•پاركێكی سەردەمیانەی بۆ شارەكە دروستبكردایەو ئەمڕۆ خەڵكی شارەكە تیایدا پشوویان بدایە.
•چەند پرۆژەیەكی بۆ ناوچە عەرەبی و توركمانییەكان بكردایە تاوەكو ئێستا ئەوان هێندە رقیان لە دەسەڵاتی كوردی نەبوایە.
•پاڵێوگەیەكی سوتەمەنی بۆ شارەكە لێ‌ دروستبكردایە.
ئێستا من ئەموت گەنجانی بێ‌ نازو دڵگەرم و دڵپاكی كەركوك حەقیانە بكەونە ژێر دروشمە بێ‌ بنەماكانی پارتیەوەو فریو بخۆن و وابزانن پارتی لە خەمی كەركوكدایە. بەڵام پارتی نەك ئەمانەی نەكردوەو كەس نەیزانی ئەو داهاتە گەورەیە بۆ كوێ‌ رۆیشت.
 بەڵكو رووداوی 16ی ئۆكتۆبەری كرد بە دەرفەتێكی زێڕین بۆ رشتی ئەو رقە پەنگخواردوەی لە بەرانبەر كوردی كەركوك هەیبوو.  لە شەش ساڵی رابردودا بە زیاتر لە 25 رێگە سزای خەڵكی قوڕبەسەری ئەم شارەی داوەو دواتر بە نەتەوەیی بون و نیشتمانی بون پێیفرۆشتینەوە. لە كاتێكی تردا بە وردی قسە لە سەر ئەو سزایانە ئەكەم بۆ وتارە تا ئێرە بەسە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن