334وتار

ورده‌كارى زینده‌به‌چاڵكردن و گوله‌بارانكردنى ئه‌نفالكراوه‌كان

9/27/2023 6:04:00 PM
هێمن كامیل

(وه‌ڵامێكى تر بۆ به‌شێك له‌ قسه‌كانى سه‌باح حه‌مدانى)
رائد ئه‌منى حیزبى به‌عس سه‌باح حه‌مدانى له‌ زنجیره‌ چاوپێكه‌وتنه‌كانى به‌رنامه‌ى په‌نجه‌مۆرى كه‌ناڵى رووداودا وتى له‌ زیندانى تۆپزاوه‌ له‌ كه‌ركوك سه‌رپه‌رشتى پۆلێنكردن و جیاكردنه‌وه‌ى ئه‌نفالكراوه‌كانى كردوه‌و به‌ داننانى خۆى و زیاتر 15 هه‌زار گه‌نج و پیاوى كوردى له‌ ژن و مناڵه‌كان جیاكردۆته‌وه‌وئاماده‌كردون بۆ مه‌رگ. ئه‌ڵێت دواى ئه‌وه‌ى من به‌ ئه‌ركه‌كه‌م هه‌ستام له‌ مانگى چوار بۆ سه‌ره‌تاى ته‌مووز چوم بۆ خولێك و تا هاتمه‌وه‌ گوله‌بارانكردن و زینده‌به‌چاڵكردنى ئه‌نفالكراوه‌كان كۆتایى هاتبوو (واته‌ ئه‌یه‌وێت بڵێت من ئاگادارى ئه‌و به‌شه‌ى تاوانه‌كه‌ نیم). له‌ كاتێكدا به‌ پێى قسه‌ى یه‌كێك له‌ شۆفێره‌كانى حه‌فاره‌ى سه‌ر به‌ فه‌رمانگه‌ى ئه‌من له‌ رۆژى 21ى ته‌موزى 1988 له‌ چه‌ندین به‌رێوه‌به‌رایه‌تى ئه‌منى پارێزگاكانه‌وه‌ شۆفێرانى شۆفل و حه‌فاره‌ هێنراون بۆ كه‌ركوك تا رۆژى 11-8-1988 له‌ ژێر زه‌مینێكدا دایاناون و پێیان وتون بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌ كورد هه‌ر به‌ چه‌قۆ ئه‌تانكوژن بزانن سه‌ر به‌ ئه‌منن، به‌ پێى قسه‌ى شۆفێرى حه‌فاره‌كه‌ له‌ رۆژى (11-8)ئه‌یانبه‌ن بۆ هه‌ڵكاندنى چاڵ و هه‌ر شۆفێرێك چوار چاڵى نزیكه‌ى 25 مه‌تر درێژو نزیكه‌ى 3 مه‌تر قوڵیان پێئه‌كه‌ن و بۆ شه‌وى دواتر كاتژمێر (10) شه‌و ده‌ست ئه‌كرێت به‌ هێنانى گه‌نجان و پیاوانى كوردى ئه‌نفالكراو بۆ ئه‌و جێگه‌یه‌و یانزه‌ كه‌س به‌ سه‌رپه‌رشتى رائد (نزهان تكریتى) كه‌ له‌ پاسه‌وانه‌ تایبه‌تیه‌كانى عه‌لى حه‌سه‌ن مه‌جید ئه‌بن. له‌ نزیك چاڵاكان چاوه‌ڕوانى هێنانى ئه‌نفالكركاوه‌كان ده‌كه‌ن و هه‌ر جاره‌ى شه‌ش ئۆتۆمبیلى داخراو له‌ شێوه‌ى ئۆتۆمبیلى فریاگوزارى و ره‌نگ سپى و ئۆتۆمبیلى گه‌وره‌ترى ره‌نگ سه‌وز ئه‌نفالكراوه‌كان ئه‌هێنن و به‌ پشتێوێنه‌كانى خۆیان چاویان ده‌به‌ستنه‌وه‌و هه‌ر 11 كه‌سه‌كه‌ى تیمى گوله‌بارانكردنه‌كه‌ ئه‌ڕۆن له‌ ئۆتۆمبیله‌كانه‌وه‌  هه‌ر جاره‌ى11 پیاوو گه‌نجى ئه‌نفالكراو ئه‌هێنن و له‌ نزیك چاڵاكان به‌ ده‌مانچه‌ى بێده‌نگ یه‌كى فیشه‌كێك ئه‌نێن به‌ سه‌ریانه‌وه‌و ئه‌یانخه‌نه‌ ناو چاڵكه‌وه‌، به‌م جۆره‌ گوله‌بارانكردنو زینده‌به‌چاكردنه‌كه‌ به‌رده‌وام ئه‌بێت تا شه‌وى 15-9-1988. چونكه‌ ئه‌ڵێت هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ نزیك زنجیره‌ چیاكانى حه‌مرین ژماره‌یه‌كى زۆر چاڵمان هه‌ڵكه‌ندو ژن و مناڵه‌ ئه‌نفالكراوه‌كان له‌وێ گوله‌باران و زینده‌ به‌ چاڵده‌كران و ئه‌ڵێت به‌ پێچه‌وانه‌ى گه‌نج و پیاوه‌ ئه‌نفالكراوه‌كانه‌وه‌ ئه‌مان ده‌م و چاویان نه‌ده‌به‌سترایه‌وه‌و هه‌ر له‌ نزیك چاڵه‌كان تیمى گوله‌بارانكردنه‌كه‌ له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ده‌ستیان ئه‌كرده‌ گوله‌بارانكردنیا ن و ئێمه‌ش دواتر ده‌مانخستنه‌ ناو چاڵه‌كانه‌وه‌ و دامان ئه‌پۆشین كه‌ دڵنیاین هه‌بوو له‌ ناویاندا زیندوو بوو، به‌ڵام زینده‌به‌چالمَان ئه‌كردن هه‌روه‌ك چۆن به‌شێك له‌ پیاوه‌كان به‌و فیشه‌كه‌ى له‌ سه‌ریان ئه‌درا نه‌ ئه‌مردن و خۆلمَان ئه‌كرد به‌ سه‌ریاندا.
بۆیه‌ حه‌ق نه‌بوو كه‌ناڵى رووداو نۆ به‌رنامه‌ى یه‌ك له‌ دواى یه‌ك بۆ كه‌سێكى وه‌ك سه‌باح حه‌مدانى ته‌رخان بكات و رێگه‌ى بدرێت به‌ ئاره‌زووى خۆى راستیه‌كان ئاوه‌ژووبكاته‌وه‌ و خۆى بێبه‌رى نیشانبدات و پێشكه‌شكاره‌كه‌ش نه‌توانێت له‌ ناو به‌رنامه‌كه‌دا به‌ درۆى بخاته‌وه‌و به‌ هۆى ئه‌وه‌ى نه‌چوه‌ چوار په‌رتوك له‌ سه‌ر ئه‌نفال بخوێنێته‌وه‌ ئینجا بریارى چاوپێكه‌وتن بدات له‌ گه‌ڵ تاوانبارێكى له‌م جۆره‌دا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن