302وتار

ئەو هەڵە یاسایی و سیاسییەی عێراقی گەیاند بە ئەمڕۆ

8/30/2022 2:28:00 PM
هێمن كامیل


لە هەڵبژاردنی ساڵی  2010  ی پەرلەمانی عێراقدا كاتێك لیستەكەی ئەیاد عەلاوی توانی یەكەمی عێراق بە دەستبهێنێت كە 91 كورسی پەرلەمانی بوو، بەڵام لیستی سەرەكی شیعەكان بە رێبەرایەتی مالیكی پلەی دووەمی بە دەستهێنا كە 89 كورسی بوو، بەڵام چونكە عەلاوی وەكو رابەرێكی تاڕادەیەك سونە دەركەوت و زۆرینەی ناوچە سونە نیشینەكان پشتگیریانكردو لە پارێزگا شیعە نیشینەكانیش دەنگدەرانی نا مەزهەبی دەنگیان بە لیستەكەیدا. بۆیە بە پاساوی پێكهێنانی زۆرینەی ناو پەرلەمان رێگەیان نەدا عەلاوی حكومەت دروست بكات. لە رووی یاساییەوە پشتگیری مالیكی یان روونتر بڵێم ماڵی شیعەكراو بەو شێوەیە شرۆڤەی ئەو مادە دەستورییە كرا كە مافی ئەدا بە لیستی براوەی هەڵبژاردن بۆ پێكهێنانی حكومەت كە شیعە دەیویست. چونكە وترا مەبەست لە لیستی زۆرینە یان براوە ئەو لیستەیە دوای هەڵبژاردن لە ناو پەرلەمان دروست ئەبێت. هەر ئەمەش بەرانبەر سەدر كراو  بێبەشیانكرد لەوەی بتوانێت حكومەت دروست بكات. بەڵام جیاوازی عەلاوی و سەدر ئەوەیە كە ئێستا ئەیبینین، چونكە عەلاوی ئەو واقیعەی بە سەریدا سەپێنرا ملكەچی بوو وە پێی رازی بوو.

 بەڵام سەدر نەچوە ژێرباری فشارە سیاسییەكان و شرۆڤەو لێكدانەوە یاساییەكان ئەمەش بە پشت ئەستوربون بەو جەماوەرە گوێڕایەڵەی هەیەتی و بۆی ماوەتەوە. هەر چەند نازانرێ‌ ئەم رووداوانە لە كوێدا دەوەستێت و كۆتایی دێت . بەڵام ئەگەر بابەتیانەو دوور لە لایەنگری سەیری رووداوەكان بكەین ئەوەیە كە هەموو ئەو رێگایانەی سەدر گرتیە بەر لەو رووەوە رەوایەتی هەیە كە ئەو براوەی هەڵبژاردن بوو. بەڵام بێبەری نیە لە سود وەرگرتن لە سادەیی خەڵكی و بە كارهێنانیان بۆ بەرژەوەندی و ئامانجی سیاسی دیاریكراو.

هەروەها بەشێك لە شارەزایان بروایان وایە ئەگەر لە هەڵبژاردنی ساڵی( 2010)دا رێگە بە عەلاوی بدرایە وەكو براوەی هەڵبژاردن حكومەت دروست بكات ئەوە رێڕەوی دیموكراسی لە عێراقدا بە شێوە سروشتی و ئاسایی و لە سەر رێچكەی خۆی  بەردەوام ئەبوو. بەڵام بە دەستبەردارنەبونی مالیكی و زۆرینەی شیعە لە پێكهێنانی حكومەت ئەوە رێڕەوی دیموكراسی لە عێراقدا رووی وەرچەرخێنرا بەرەو تونێلێكی نادیار كە ئەمڕۆش دوای دوانزە ساڵ خەڵكی عێراق باجی ئەوهەڵەیە ئەدەن كە نەدەبوو بە هەر پاساوێك بێت دامەزراوە یاساییەكان  نە لە ساڵی 2010 و نە لە ساڵی 2022 یش ببنە بەشێك لەو ستەمە سیاسیەو مافی پێكهێنانی حكومەت لە براوەی هەڵبژاردن وەربگرنەوە ئینجا ئەو براوەیە هەركەس و لایەنێك بێت. 


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن