402وتار

هەڵەبجە رۆژێك بەر لە كیمیایبارانكردنی

3/16/2023 11:00:00 AM
هێمن كامیل



رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بوونە پاڵنەرو هۆكارێكی سەرەكی و بنەرەتی كە چیتر بە هەمان لۆژیك و بیركردنەوەی پێشوو قسە لە سەر ووداوەكان نەكەم بە تایبەتی ئەو تاوانە گەورانەی دژ بە نەتەوەكەمان لە رابردودا لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە ئەنجامدراون.

هەر بۆیە ئەبێت یادەكانی هەڵەبجەو ئەنفال بقۆزینەوە بۆ دروستكردنی پرسیاری ئەوەی كە ئایا نەدەكرا بە جۆرێك رەفتار بكرایە كە رێگە خۆشنەكرایەو پاساو بیانومان نەدایەتە دەست  دوژمنەوە بۆ ئەوەی بەو دەردەمان نەبات كە بردی. من بۆ خۆم چەند ساڵێكە كردومە بە نەریت و لە یادی كیمیایبارانكردنی هەڵەبجەدا لە بری باسكردنی رۆژی 16ی ئازار باسی رووداوەكانی رۆژی 15-3-1988 ئەكەم بۆ فێرخوازەكانم، واتە رۆژێك بەر لەوەی هەڵەبجە بخنكێنرێت و ژیانی لێ‌ بكرێت بە دۆزەخ. لەم كارەشمدا چەندین ئامانج و مەبەستم هەیە، چونكە كاتێك من خۆم لە تەمەنی فێرخوازەكانی ئێستای خۆمدا بووم وردەكارییەكانی رۆژی 15ی ئازاری هەڵەبجەم نەدەزانی. بۆیە زۆر سادە قسەم لە سەر تاوانی كیمیایبارانكردنی هەڵەبجە ئەكرد هەروەك چۆن بە ئێستاشەوە دەسەڵاتی كوردی پێی خۆشە تاكی كورد تەنها باسی رۆژی 16ی 3 بكات، ئەویش بە جۆرێك كە وێناكردنی بەعس و دەوڵەتی عێراقی ئەو كاتە بە دڕندەو مرۆڤ كوژو جەلادو فاشی و زۆر شتی تر كە ناراستەوخۆش ئاوكردن بوو بە ئاشە لە كاركەوتوەكەی حیزبی كوردیدا تاوەكو لە ناشیرینكردنی بەعسەوە وێنەیەكی جوانی ئەمان نمایش بكەین و بڵێن  بگەرێنەوە بۆ رابردوو تاوەكو لە ئێمەش ناشیرینترو خراپتر ببینن. بۆیە هەموو رێگەیەك ئەگرنە بەر بۆ ئەوەی لەم یادەدا رووداوەكانی رۆژێك بەر لە كیمیایبارانكردنەكە بۆ نەوەی ئێستامان روون نەكرێتەوە.

كاتێك بە وردی ئەوەی لە رۆژی 15-3-1988 لەو شارەدا روویداوە بۆ فێرخوازەكانمی باس ئەكەم كە چۆن بە بێ لێكۆڵینەوەو لە بەر چاوگرتنی دەرئەنجام و كاردانەوەكانی دەسەڵاتدارانی عێراق لە چەند قۆڵێكەوە  چەكداری  زۆربەی حیزبە كوردییەكان ئەوەی پێی دەوترێت" پێشمەرگە" هێرش ئەكەنە سەر شارەكەو لە ماوەیەكی كەمدا بە هاوكاری سوپای پاسدارانی ئێران دەست ئەگرن بە سەر شارەكەداو دواتر بێ‌ ئەرزشكردنی دەسەڵاتی چەكدارە كوردەكان و باڵا دەست بونی ئێران لە شارەكەداو بە هەند وەرنەگرتنی كشانەوەی سوپای عێراق لە چواردەوری شارەكەو ئاگادارنەكردنەوەی خەڵكی بەوەی كە بۆ ماوەی چەند رۆژێك شار بە جێ‌ بهێڵن تاوەكو بەرچاروونی زیاتر ئەبێت و بزانرێت دەرئەنجامی كۆنترۆڵكردنی شارەكە بە كوێ‌ دەگات و تەنانەت تا چركە ساتی یەكەم دەستوەشاندنی هێزی ئاسمانی عێراقیش بەشێك لە حیزبەكان دژی ئەوە بوونە كە هاوڵاتیان برۆنە دەرەوەی شار.

ئەمە جگە لە باسكردنی ئەوەی كە لە هەشت ساڵ شەڕی ئێراق و ئێراندا سوپای ئێران نەیتوانی دەست بە سەر شارەكەدا بگرێت ئێستا تۆ دێیت شارێكی گەورەی سەر سنوری وەكو هێلكەیەكی پاككراو رادەست ئەكەیت و بیركردنەوەی دەسەڵاتدارانی بەعسیش تێكەڵەیەك لە عەقڵی خێڵگەری و نەتەوەگەری عەرەب چۆن خراپترین كاردانەوەیان نابێت كە پێشتر هۆشیاریان لەوەها كارێك دابوو بەوەی كە هەر هاوكاریكردنێكی ئێران  دەرئەنجامی چاوەرێنەكراوی لێدەكەوێتەوە.

هەر بۆیە زۆرجار دوای خستنەرووی ئەم راستیانە فێرخوازەكان ئەڵێن مامۆستا كەواتە هەڵەی خۆشمان وایكرد ئەو كارەساتە بە سەر هەڵەبجەدا بێت.

لە كۆتایدا ئەمەوێت بڵێم گرنگە تاكی كورد بە ئاگاییەكی جیاوازترو بە هۆشیارییەكی باڵاترو بە بیركردنەوەیەكی قوڵترو بە هەستێكی بەرپرسیارانە تر و بە دیدێكی فراوانترو لە گۆشەنیگایەكی ترو لە ستراتیژێكی نەتەوەییانەی ناوەرۆكدارو جیاواز لە هی حیزب  قسە لە سەر كۆی تاوانە یەكێك لە دوا یەكانی دەوڵەتی عێراق بكات  بە تایبەتی تاوانەكانی هەڵەبجەو ئەنفال بۆ ئەوەی نە لە ئێستاو نە لە ئایندەدا هیچ  گروپ و دەستەو حیزبێك جۆرئەتی ئەوە نەكەن بە ناوی نەتەوەیی بون  كوردایەتییەكی رووكەشانەوە ژیانی هاوڵاتیانی ئەم نیشتمانە بخەنە مەترسییەوەو چەقۆی تیژكراویش بدەنە دەست نەیارانی كوردەوە بۆ جینۆسایدكردن و لە ناوبردنمان و پاشانیش ئەمان بێن وەك فریادرەس خۆیانمان بۆ وێنا بكەن و شینی درۆزنانەمان بۆ بگێڕن.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن