60وتار

دواى كۆرسێكى دكتۆرا له‌ به‌شى كۆمه‌ڵناسى زانكۆى سلێمانى

2/13/2024 7:26:00 PM
هێمن كامیل

دواى ئه‌وه‌ى بۆ ساڵى نوێى خوێندن یه‌كێك بووم له‌و خوێندكارانه‌ى بۆ خوێندنى باڵاو قۆناغى دكتۆرا وه‌رگیرام له‌ به‌شى كۆمه‌ڵناسى زانكۆى سلێمانى، دوو هه‌ستى ته‌واو جیاوازم هه‌بوو بۆ ئه‌م قۆناغه‌ نوێیه‌ى ژیانم، یه‌كێك ئه‌وه‌بوو كه‌ له‌ ناخه‌وه‌ خۆشحاڵبوم به‌وه‌ى دواى نزیكه‌ى 17 ساڵ له‌ ته‌واوكردنى به‌شى كۆمه‌ڵناسى زانكۆى سلێمانى دووباره‌ ئه‌بمه‌وه‌ خوێندكار له‌ هه‌مان به‌ش و له‌ به‌ر ده‌ستى هه‌مان ئه‌و مامۆستایانه‌ى كه‌ له‌ به‌كالۆریۆرس وانه‌یان پێوتوم، كه‌ هه‌ریه‌ك به‌ جۆرێك كاریگه‌ریان له‌ سه‌ر بیركردنه‌وه‌و كه‌سێتى و یادگه‌و یاده‌وه‌ریمان دروستكرد بوو.

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ش مامه‌ڵه‌ى به‌شێك له‌و مامۆستایانه‌م بیر ده‌كه‌وته‌وه‌ كه‌ له‌ قۆناغى خوێندنى ماسته‌ر له‌ وڵاتى میسر بینیبوم. هه‌ستێكى ناخۆش دایده‌گرتم و ئه‌موت بڵێیت ئه‌وه‌ به‌شێك بێت له‌ كلتورى وانه‌وتنه‌وه‌ به‌ خوێندكارانى خوێندنى باڵا.

به‌ڵام هه‌ر له‌ یه‌كه‌م هه‌فته‌ى ده‌ستكردنمان به‌ خوێندن و مامه‌ڵه‌ى به‌ڕێزانه‌ى مامۆستاكان كه‌ پله‌ى زانستیان پڕۆفیسۆرو پڕۆفیسۆرى یاریده‌ده‌ربون. به‌ جۆرێك هیوایان پێ به‌خشین كه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌ركێكى زۆر له‌ سه‌رمان و شه‌ونخونى و ماندوبونێكى زۆر، به‌ڵام نه‌ك هه‌ستمان به‌ بێزارى نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ كه‌ هه‌فته‌یه‌ك ته‌واو ده‌بوو به‌ تامه‌زرۆییه‌وه‌ چاوه‌ڕوانى دیدارى نوێى مامۆستاكانمان و وانه‌یه‌كى ترمان ئه‌كرد. له‌ گه‌ڵ هاورێكانیشمدا هه‌میشه‌ هه‌ستمان وابوو كه‌ یه‌كه‌م رۆژى ده‌ستكردنمانه‌ به‌ خوێندن.

هه‌موو ئه‌مانه‌ش ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوو هۆكار یه‌كه‌م مامه‌ڵه‌ى نه‌رم و نیانى و نه‌جیبى و به‌رێزى و به‌ها باڵایى مامۆستاكانمان، له‌ به‌رانبه‌ریشدا جدى و خاوه‌ن مه‌عریفه‌ و دڵسزییان بۆ پیشه‌كه‌یان، بڕوا ناكه‌م بابه‌تێكیان بۆ باسكردبین و هه‌وڵى ئه‌وه‌یان نه‌دابێت ئه‌وه‌ى خۆیان ئه‌یزانن له‌و وانه‌یه‌دا به‌ ئێمه‌شى نه‌گه‌یه‌نن.دووه‌م بۆ ئه‌و خۆشه‌ویستىو رێزه‌ زۆره‌ى له‌ نێوان خۆماندا وه‌كو خوێندكاره‌كان دروستمان كردبوو، به‌ جۆرێك هه‌ستت نه‌ده‌كرد ئه‌مه‌ یه‌كه‌م قۆناغى خوێندنمانه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ین.

له‌ كۆى ئه‌و چه‌ند خوێندكاره‌ى له‌ دكتۆرا وه‌رگیرابوین جگه‌ له‌ یه‌ك كه‌سمان نه‌بێت هه‌موو ئه‌وانى تر ئه‌زمونى ده‌ره‌وه‌ى وڵاتمان هه‌بوو. بۆیه‌ كاتێك له‌ مێشكى خۆماندا ئه‌م مامه‌ڵه‌كردنه‌ى مامۆستاكانمان به‌راود ئه‌كرد به‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ هێنده‌ى تر له‌ به‌رچاومان خۆشه‌ویسترو شیرینترو باڵا تر ئه‌بوون.
ئه‌توانم بڵێم  جگه‌ له‌وه‌ى  ئێمه‌ هه‌وڵمان ئه‌دا بۆ ئه‌وه‌ى كۆرسه‌كه‌مان به‌ سه‌ركه‌وتویى ته‌واو بكه‌ین، به‌ڵام رووى په‌روه‌رده‌و ئاكارى مامه‌ڵه‌كردنه‌وه‌ هێنده‌ى ده‌یان بڕوانامه‌ وانه‌ى ناڕاسته‌وخۆیان پێوتین و فێریانكردین ده‌كرێت خاوه‌ن بڕوانامه‌ى به‌رزبیت و هێنده‌ش به‌ رێزه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ خوێندكاره‌كانت مامه‌ڵه‌ بكه‌یت وپێیانوتین ده‌كرێت، مامۆستا بیت و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك خوێندكاره‌كه‌ت نه‌ك چاوه‌ڕوانى شكاندنى شكۆیت لێ نه‌كات، به‌ڵكو له‌ ناخه‌وه‌ش به‌ بینینت ئاسوده‌ بێت. فێریان كردین هه‌ر چه‌ند خاوه‌ن زانست و مه‌عریفه‌ بیت ئه‌گه‌ر نه‌توانى په‌یوه‌ندییه‌كى خۆشه‌ویستانه‌ له‌ گه‌ڵ خوێندكاره‌كاندا دروست بكه‌یت ئه‌وه‌ ناتوانى ئه‌وه‌ى پێتیشه‌ به‌ ته‌واوى بیگه‌یه‌نیت. 

كه‌م رۆژ هه‌یه‌ كه‌ له‌ سلێمانیه‌وه‌  گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك هه‌ستم به‌ شه‌رمه‌زارى نه‌كردبێت، له‌ پاى ئه‌و رێزه‌ زۆره‌ى مامۆستاكانمان لێیان ده‌گرتین. له‌ خۆڕا نیه‌ وتراوه‌ مرۆڤى ره‌سه‌ن كه‌ رێزت گرت شه‌رمه‌زار ده‌بێت. 

به‌ یه‌كچاو سه‌یركردنمان و نه‌دانى فه‌زڵى هیچ خوێندكارێك به‌ سه‌ر خوێندكارێكى تردا یه‌كێكى تربوو له‌ جوانترین وانه‌كانى دادپه‌روه‌رى مامۆستاكانمان.

ئه‌گه‌رچى هه‌ر یه‌ك له‌ مامۆستاكانمان له‌وه‌یه‌ به‌ درێژایى وتنه‌وه‌ى كۆرسه‌كه‌ وه‌ك هه‌ر موچه‌ خۆرێكى هه‌رێم ته‌نها جارێك موچه‌یان وه‌رگرتبێت و دور نیه‌ كاریگه‌رى خراپشى له‌ سه‌ر بارى ئابوریان هه‌بوبێت. به‌ڵام هیچ كاتێك هه‌ستمان نه‌كردوه‌ ئه‌م باره‌ قورسه‌ى ژیانیان خزانبێته‌ ناو كارى ئه‌كادیمیان و به‌وپه‌ڕى توانایانه‌وه‌ به‌م ئه‌ركه‌یان هه‌ڵئه‌سان و هیچ رۆژێك نه‌مانبینین به‌ رووگرژى و مۆنى و توڕه‌یى و بێزارى.

ته‌نها مه‌گه‌ر خوا گیان بزانێت له‌ ناخه‌وه‌ چه‌ند خۆشحاڵ ئه‌بوین به‌وه‌ى كه‌ هێشتا له‌ وڵاتێكدا ئه‌ژین كه‌سانى له‌م جۆره‌ى تێدا ماوه‌. له‌ زانكۆیه‌ك ئه‌خوێنین كه‌ ئه‌مه‌ په‌روه‌رده‌و كه‌سێتى و ئاستى مه‌عریفى مامۆستاكانى بێت، له‌ كۆلێژو به‌شێك خوێندكارین كه‌ ئه‌م ئه‌كادیمیانه‌ به‌شێكن له‌ پایه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى.

هه‌رگیز له‌ بیرم ناچێت رۆژێك چه‌ند خوله‌كێكى كه‌م دوا كه‌وتم یه‌كێك له‌ هاورێكانم له‌ دڵسۆزیدا وتبوى با ته‌له‌فۆنێكى بۆ بكه‌م، كه‌چى مامۆستاى وانه‌كه‌ وتبوى نا باسترێز نه‌بێت. چونكه‌ ئه‌و له‌ رێگایه‌و ئۆتۆمبیل لێده‌خورێت. چه‌ند هه‌ستێكى جوانه‌ مامۆستایه‌ك ئاوا خه‌مى خوێندكاره‌كه‌ى بێت.

یان رۆژێك لاى یه‌كێك له‌ مامۆستاكانمان وتم ئه‌مڕۆ كه‌ له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ هاتم به‌ خێراییه‌كى زیاتر ئۆتۆمبیله‌كه‌م لێخوڕى وه‌ك له‌ كاتى ئاسایى، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ى نه‌وه‌كو له‌ محازه‌ره‌كه‌ دوا بكه‌وم، كه‌چى دواتر به‌ فه‌رمى و له‌ خشته‌ى وانه‌كه‌كاندا، نیو كاتژمێر كاتى وانه‌كه‌ى دواخست. به‌ سه‌رۆك به‌شى وتبوو چونكه‌ هێمن له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ دێت بۆ باشتر فریاى وانه‌كه‌ بكه‌وێت له‌ رێگاش په‌له‌ نه‌كات.

هه‌روه‌ها كاتێك سیمیناره‌كانمان پێشكه‌ش ده‌كرد ده‌ستخۆشیان لێده‌كردین و هانیان ئه‌داین، نه‌ك شكانه‌وه‌و كه‌مكردنه‌وه‌ له‌ به‌هاى ئه‌و بابه‌ته‌ى ئاماده‌مان كردبوو پێوه‌ى ماندوو بوبوین.

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى سه‌رۆك به‌ش زۆر لێبردوانه‌ گوێى لیده‌گرتین و ئه‌گه‌ر داواكارى و پێشنیازێكمان هه‌بوایه‌ به‌ راوێژ له‌ گه‌ڵ مامۆستاكاندا بۆى جێبه‌جێده‌كردین.

ئه‌مه‌وێت بڵێم به‌ راستى خوێندنى دكتۆرا كارێكى یه‌كجار زاحمه‌ته‌و تاقه‌ت پرۆكێنه‌ره‌ به‌ تایبه‌ت بۆ كه‌سانى وه‌كو ئێمه‌ كه‌ له‌ شارێكى تره‌وه‌ ده‌ڕۆیشتین یان هه‌ریه‌ك له‌ ئێمه‌ ده‌وامى ترمان له‌ گه‌ڵ خوێندنى دكتۆرا هه‌بوه‌و هه‌فتانه‌ش پێویست بوو راپۆرت و سیمینار ئاماده‌ بكه‌ین، جگه‌ له‌ تاقیكردنه‌وه‌ى میتێرم و كۆتایى كۆرس. 

به‌ڵام ئه‌گه‌ر مامۆستاكانت خاوه‌نى ئاستێكى ئاوا به‌رز نه‌بن له‌ رووى زانستى و ئه‌وه‌نده‌ش سه‌نگین و به‌ڕێز نه‌بن ئه‌وه‌ زۆر زاحمه‌تتره‌.

جگه‌ له‌ مامۆستاكانمان ئێمه‌ زۆرجار بۆ رایكردنى مامه‌ڵه‌كانمان ده‌رۆیشتینه‌ به‌شى خوێندنى باڵاى كۆلێجى زانسته‌ مرۆڤایه‌تیه‌كان، به‌ راستى چه‌ند به‌ڕێزێك ئه‌و به‌شه‌ به‌رێوه‌ ده‌بن شایسته‌ى هه‌موو رێزلێنان و ده‌ستخۆشیه‌كن له‌ ماوه‌ى ئه‌م كۆرسه‌داو پێشوتریش چه‌ند له‌ خۆبوردوانه‌ كاره‌كانیان بۆ رایده‌كردین، من بۆ خۆم جارێكیش چومه‌ لاى راگرى كۆلێج ئه‌ویش هێنده‌ به‌ ئه‌ده‌ب و ئه‌ته‌كێتى به‌رزو جوان پێشوازى لێكردم و گوێى لێگرتم هه‌ستت به‌ دڵخۆشى ئه‌كرد له‌ كۆلێژێك ئه‌خوێنى ئه‌مه‌ كه‌سى یه‌كه‌مێتى.

من كه‌ ئێستا ئه‌م وتاره‌ ئه‌نوسم كۆرسى خوێندنى دكتۆرام ته‌واو كردوه‌و هیچ یه‌ك له‌ مامۆستاكانیش تۆزقاڵێََك بیریان له‌وه‌ نه‌كردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌كردنه‌یان ئاوا ئه‌بێته‌ جێگه‌ى سه‌رنج و له‌ دوا رۆژدا ئه‌بێته‌ بابه‌تى نوسینى ئێمه‌و تیشكیان ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر.

به‌ پێویستى ئه‌زانم  بڵێم با چیتر ته‌ڕو وشك به‌ یه‌كه‌وه‌ نوسوتێنین و ئه‌م لایه‌نه‌ گه‌شانه‌ى زانكۆى دایك به‌رز بنرخێنین. تاوه‌كو ببنه‌ نمونه‌و له‌ شوێنانى تر چاویان لێبكرێت. زۆر دڵنیام ئه‌وه‌ى خوێندكارى خوێندنى باڵا له‌ زانكۆى سلێمانى فێرى ده‌بێت هیچى كه‌متر نیه‌ له‌وه‌ى له‌ باشترین زانكۆكانى ناوچه‌كه‌ فێرى ده‌بێت و ته‌نانه‌ت زیاترو باشترو زۆرتریش.

له‌وانه‌یه‌ كه‌سێك هه‌بێت بڵێت له‌ سه‌ر چى بنه‌مایه‌ك ئه‌م قسه‌یه‌ ده‌كه‌یت. ئێمه‌ له‌م وه‌جبه‌ى خوێندكارانى دكتۆرا چه‌ند كه‌سێكمان له‌ باشترین زانكۆكانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست  ماسته‌رمان خوێندبوو.
به‌ڵام كاتێك ئه‌وه‌ى له‌ زانكۆى خۆمان فێرى بوین و به‌راودى ئه‌و زانسته‌ى پێشوترمان ده‌كرد جیاوازى زۆرى هه‌بوو.

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێم سوپاس بۆ زانكۆى سلێمانىو كۆلێجى زانسته‌ مرۆڤایه‌تییه‌كان و به‌شى كۆمه‌ڵناسى بۆ دانانى ئه‌م مامۆستا ده‌سته‌بژێرانه‌ تاوه‌كو  كۆرسى خوێندنى باڵاو قۆناغى دكتۆرا بڵێنه‌وه‌.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن