چۆن گەورەترین پلانی كودەتا دژ بە سەدام ئاشكرا بوو؟
4/29/2022 5:35:00 PM
هێمن كامیل
فائق شێخ عەلی پەرلەمانتاری خولەكانی پێشوی پەرلەمانی عێراق لە زنجیرە چاوپێكەوتنەكانیدا لە گەڵ كەناڵی قەبەسی كوەیتی لە بەرنامەی سندوقی رەش، ئەچێتە سەر گێڕانەوەی پلانێكی گەورەی سەربازی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بۆ كودەتاكردن دژ بە سەدام، كە چەند شتێك لە گیڕانەوەی ئەم یادەوەرییەدا جێگەی سەرنج و گرنگیپێدانمن و بۆیە بە شیاومزانی قسەیان لە سەر بكەم.
سەرەتا داڕشتنی پلانی كودەتاكە
ئەڵێت لە ساڵی 1993 ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بە سەر پەرشتی گەورە ئۆپۆزسیۆنی عێراقی (سەعد ساڵح جەبر) و بە هاوكاری دوو ئەفسەری پلە باڵای هەڵهاتوی ناو سوپای عێراق پلانَێكی وردی سەربازی بۆ كودەتا كردن لە عێراق دادەرێژن و 68 ئەفسەری پلە باڵای ناو جومگە جیاوازەكانی سوپای عێراقیش بەڵێنی بەشداری كودەتاكە ئەدەن. ئیتر پلانەكە بە نهێنی و شارەزانییەكی زۆر كاری لە سەر ئەكرێت و ئەیانئەوێت لە رۆژی یادكردنەوەی شۆڕشی 14ی تەموزدا كە سەدام ئامادەی ئاهەنگە كە ئەبێت لە گۆرەپانی ئاهەنگەكان كودەتاكەیان بكەن و دەست بە سەر هەردوو سسەربازگەی تاجی و رشیدیشدا بگرن لە بەغداد و تەنانەت فرۆكەی سەربازیش بە كاربهێنرێت و زۆر وردەكاری تریش. بۆ ئەوەی پشتیوانی دەرەكیش بە دەستبهێنن بۆ سەركەوتنی كودەتاكەیان بریار ئەدەن لە رێگەی (تالیب سۆهەیب)ەوە كە لە ئوردن ئەژیاو كەسایەتیەكی سیاسی ناسراوی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بوو پەیوەندی بە ئەمەریكاوە بكرێت بۆ ئەوەی هاوكاریان بێت لە سەرخستنی پلانەكەیاندا.
بۆیە (سی ئای ئەی) ئەمریكیش لە رێگەی دوو ئەفسەری خۆیەوە چەند جارێك كۆبونەوە ئەكات لە گەڵ پلان دارێژەرانی كودەتاكەدا،
لە یەكێك لە كۆبونەوەكاندا ئەڵێن ئێمە بۆ ئەوەی ئاگاداری وردەكاری پلانەكە بین داوای ناوی ئەو ئەفسەرانە ئەكەن كە لە ناوخۆی وڵاتداو لە ناو سوپای عێراقدا پلەو پۆستیان هەیەو بەڵێنی بەشداری پلانەكەیانداوە. یەكێك لە ئەفسەرە ئۆپۆزسیۆنەكەی عێراق پەڕەیەك دەرئەهێنێت كە ناوی سەرجەم ئەفسەرەكان و شوێنی كاركردنیانی تێدایە لە ناو سوپای عێراقدا رادەستی یەكێك لە ئەفسەرەكانی (سی ئای ئەی) ئەمریكی ئەكات هەر چەندە (سەعد ساڵح جەبر) بەو كارەی ئەفسەرە عێراقیەكە نیگەران ئەبێت و نارەزایی دەرئەبرێت.. دواتر ئەفسەرەكەی (سی ئای ئەی) نیو كاتژمێرێك مۆڵەت وەرئەگرێت و ئەرواتە ژورێكی ترو دواتر دێتەوە ناو كۆبونەوەكە. هەندێك زانیاری لە سەر شوێنی دەوامی ئەفسەرەكانی ناو سوپای عێراق راست ئەكاتەوە كە ئەبێتە مایەی سەرسوڕمانی پلاندارێژەرانی كودەتاكە. بۆ نمونە ئەڵێت فڵان ئەفسەر ئێوە وتوتانە لە كۆشكی كۆماری دەوام ئەكات بەڵام ماوەیەكە گواستراوەتەوە لەوێ نەماوە یان فڵان ئەفسەر ئێوە وتوتانە لە هاواناتە بەڵام ئەو هەفتەیەكە لەوێ نەماوە ئیتر بەم جۆرە دوو ئەفسەرە عێراقیەكەش ئەڵێن راستە بەڵام زانیارییەكانی ئێمە هی پێش ئەوەیە بگوزارێنەوە.
ئیتر دوو ئەفسەرەكەی ( سی ئای ئەی) ئەمریكی ئەگەرێنەوە بۆ وڵاتەكەیان و ئەڵێن پرس و راوێژ لە گەڵ بەرپرسانی وڵاتەكەمان ئەكەین و دواتر وەڵامتان ئەدەینەوە .
ئیتر ئەوەبوو دوای ماوەیەك وردەكاری پلانەكە بۆ بەعس ئاشكرا ئەبێت و ناوی سەرجەم ئەو ئەفسەرانەی بەڵێنی بەشداریان دابوو ئەگاتە دەست سەرانی بەعس و هەمویان دەستگیر دەكرێن و دكتۆر راجی تكریتیش كە لیوای پزیشكی سەربازی خانەنشین بوەو لە ئوردن ژیاوەو یەكێك بوە لەوانەی ئاگاداری پلانە بوە بە فێڵ بانگهێشت ئەكرێتەوە بۆ عێراق و لە رێگەی بەردانی سەگەوە لێی دەكوژرێت و سەرجەم ئەفسەرەكانی تر لە سێدارە ئەدرێن. بەمەش گەورەترین پلانی كودەتا دژ بە سەدام شكستی هێنا. (تالیب سوهەیب)یش چونكە شای ئوردن ئەڵێت ناتوانم ژیانت بپارێزم ئەڕوات بۆ بەیروت و لەوێ دەزگای هەواڵگری عێراقی تیرۆری ئەكەن .
سەرنجەكانم:
یەكەم/ تا هەنوكە هۆكاری ئاشكرابونی پلانەكە وەك نهێنیەك ماوەتەوەو كێ هۆكاری سەرەكی ئاشكراكردنی ئەم پلانە بووە نازانرێت.
دووەم/ ویستێكی نێودەوڵەتی هەبوە كە سەدام لە سەر دەستی عێراقیەكان لە دەسەڵات نەخرێت.
سێیەم/ خۆشباوەریِی و سادەیی پلاندارێژەرانی كودەتاكەو رادەستكردنی ناوەكان بە ئەمریكیەكان.
چوارەم/ سەرەڕای گەمارۆی سیاسی و ئابوری لە سەر رژێمی بەعس لەو كاتەدا كەچی دەزگا هەواڵگرییەكەی هەر بەهێزبوە بۆ نمونە توانیویانە لە رێگەی بەرگ دورێكی لوبنانی بە رەچەڵەك ئەرمەنیەوە زانیاری لە سەر تالیب سوهەیب كۆبكەونەوە دواتر تیرۆری بكەن.
پێنجەم/ دزەكردنی دەزگای هەواڵگری (سی ئای ئەی) ئەمریكی بۆ چونە ناو سوپای عێراق بە جۆرێك بوە كە تا گێڕانەوەی ئەم یادەوەرییە لەوانەیە ئێمە بڕوامان نەكردبێت بەو شێوەیە بێت تا ئەو ئەندازەیە دەزگای هەواڵگری ئەمریكی ئاگاداری سادەترین گۆرانكارییەكانی ناو سوپای عێراق بێت و تەنانەت ئاگاداری ئەوەش بێت كە ئەفسەرێك لە شوێنێكەوە بگوازرێتەوە بۆ جێگەیەكی تر.