347وتار

ھەڵوێستی ئایدۆلۆژیانەو دەسەڵاتێکی نا بەرپرسیار ( خوێندنەوەیەک بۆ رووداوە نا راستەکەی شەنگال)

5/4/2023 5:08:00 PM
هێمن كامیل


 لە ئێستادا زیاتر لە ھەموو کات لەم بەشەی کوردستاندا گیرۆدەی دوو دەردی کوشندەین کە ئەوانیش یەکەم دەسەڵاتێکی نا بەرپرسیارمان ھەیە کە ھیچ ھێڵێکی گشتی و ستراتیژێکی نەتەوەیی و نیشتمانی نیە کە کار بۆ پارێزگاریلێکردنی بکاتو ئامادە نەبێت لە پێناو ھیچ بەرژەوەندییەکدا بیبەزێنێت وھێڵی سور بێت لە لای. دووەم ئەو جۆرە لە پەروەردە ئایدۆلۆژییە کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا خەریکە رەگ و ریشەی خۆی بە قوڵی دادەکوتێت و ئیتر بەرەو ئەوە ئەچین ھیچ بەھایەکی ھاوبەش نەمێنێتەوە کە ھەموومان وەکو یەک خۆمان بە پاسەوانی و پارێزەری بزانین. چونکە ھیچ شتێک وەکو پەروەردەی ئایدۆلۆژیانە مرۆڤ دورناخاتەوە لە بینینی دیوی راستەقینەی رووداوەکان وەکو خۆیی و بابەتیبون بەڵکو کەسانێک کە ئەم جۆرە پەروەردەکردنەیان ھەیە چونکە بیرکردنەوەو عەقڵێتیان کۆنترۆڵکراوە تەنانەت ئەگەر بە خۆشیان نەزانن ئەوە ئەوان نین بیر دەکەنەوەو ھەڵوێستیان ھەیەلە سەر روداوەکان، بەڵکو ئەوە پەروەردە ئایدۆلۆژییەکەیانە ئاڕاستەیان ئەکات. بۆیە ئەم جۆرە مرۆڤانە بەر لەوەی قسە لە سەر ووداوێک بکەن یەکەمجار سەیری قوربانی و ئەنجامدەری رووداوەکە ئەکەن ئینجا ھەڵوێست وەردەگرن.

 چونکە لە روانگەو جیھانبینی ئایدۆلۆژییەکەیانەوە ھەڵیدەسەنگێنن و ئەگەر لە بەرژەوەندی ئایدۆلۆژیاکەیان بوو ئەوە لە ژێر پەردەو پاساوێکی ئاینی یان نەتەوەیی یان ئینسانیداو بۆ بەرژەوەندی ئایدۆلۆژیاکەیان ھەڵوێستەکانیان دەخەنە روو. 

نزیکترین نمونە ھەواڵە بێبنەماو ھەڵبەستراوو درۆکەی چەند رۆژی رابردوی شەنگال بوو کە چۆن مرۆڤە ئایدۆلۆژیستە ئیسلامییەکان زۆر بە ئاسانی بونە نێچیری داوێکی ھەواڵگری حیزبێکی کوردی و دەوڵەتێکی دراوسێ ئەویش لە رێگەی  بڵاوکردنەوەی وێنەی مزگەوتێکی دیالەوە کە چەند ساڵ پێش ئێستا کردەوەیەکی تیرۆریستی تیایدا روویدابوو، بەڵام ئیسلامی ئایدۆلۆژی بە ھەموو رەوت و جۆرەکانیانەوە ھەر زوو بێ ئەوەی برۆنە بنج و بنەوانی ھەواڵەکە وەکو ئەوەی پێغەمبەر داوای لێکردوین، کەوتنە ھەڵوێست وەرگرتن دەربارەی رووداوەکە. 
من لە چەند رۆژی رابردودا کە پۆستی ھاورێکانی فەیسبوکم ئەبینی خەمم ئەخواد کە چۆن لەم سەردەمەدا پەروەردەیەکی ئایدۆلۆژی کە من زۆرجار ھاوشانی ئەکەم بە پەروەردەیەکی ھەواڵگری توانوێتی بەو ئەندازەیەبەشێک لە تاکی کوردلە بیرکردنەوەو تەنانەت مرۆڤ بوونیش بخات. ئەم تایپە لە مرۆڤ توانای دروستکردنی پرسیارشیان لە خۆیان نیە، ئەگینا ئەو پرسیاریان لە خۆیان ئەکرد کە چۆن ئەبێت 

نە ھەستی کوردبوون نە موسڵمان بوون نە مرۆڤ بوون وایلنەکردوین لە چەند ساڵی رابردودا ھەڵوێستێکمان ھەبێت بەرانبەر ئەو ژمارە زۆرەی مزگەوتەکانی گوندەکانی ناوچەی بادینان کە بە فڕۆکەی تورکیا لە گەڵ زەویدا تەختکران،کەچی ئێستا بەرانبەر بە شکاندنی پەنجەرەی مزگەوتێک (کە واش نەبوە)ئەبێت بە توندترین  شێوەو بەو پەڕی نا ھۆشیارییەوە دژی پێکھاتەیەکی کارەساتباری نەتەوەکەم قسە بکەم و ئەم رووداوە بکەیت بە ھەلێک بۆ رشتنی ئەو رقە پەنگخواردوەت  بەرانبەر بەم پێکھاتە ئاینیەی کۆمەڵگەکەت کە پەروەردە ئایدۆلۆژییەکەت بۆی دروستکردوی.

ئینجا گریمان سبەی رووداوێکی لەم جۆرە لە وڵاتەکەماندا روویدا مرۆڤە عاقڵمەندو تێگەیشتوو پێگەیشتوەکان لەم کاتانەدا دەردەکەون و بە ھەڵوێستەکانیان کێشەوگرفت و رووداوەکان بچوک ئەکەنەوە نەک جۆشی بدەن و ئاگرەکە خۆشتر بکەن. دەسەڵاتی بەرپرسیارو خاوەن پرەنسیپ و ئەخلاقی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەبێت ھەمان رۆڵ بگێڕێت نەک خۆی بێت و لە رێگەی راگەیاندنەکەیەوە کەلێنی نێوان پێکھاتە جیاوازەکانی وڵاتەکەی گەورەتر بکات بۆ ئامانجێکی دیاریکراو بۆ بەرژەوەندی دەوڵەتانی بوغزاندن و رق لێبونەوە بخەیتە شوێنی یەکتر قەبوڵکردن و پێکەوەژیانی نێوان پێکھاتەکانی گەلەکەت. 

ئەوەی لە چەند رۆژی رابردودا دەسەڵات و راگەیاندنەکەی کردی لە مێژوی ناشیرینترین دەسەڵاتدا لە نمونەی نیە.

من بۆ خۆم ھەینی رابردوو لە یەکێک لە مزگەوتەکانی ھەولێر نوێژمکردوتاربێژەکە بەشێک لە وتارەکەی تەرخانکرد بۆ رووداوە ھەڵبەستراوەکەی شەنگال و قسەکردن بە ئێزدییەکان.کە دواتر زانرا کە داواکراوە لە  ماموستایانی ئاینی لە وتارەکانیاندا بەو جۆرە نا بەرپرسیارییە قسە لە سەر ئەو رووداوە بکەن.ئیتر منیش لێرەوە وەڵامی ئەو پرسیارەم دەستکەوت کە بۆچی ئێزدییەکان لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا گورگان خواردکران و بە بێ پشتو پەنا جێیانھێشتن ودواتر بە سزانەگەیاندنی ئەو فەرماندە سەربازییانەی کە بونە ھۆی جینۆسایدکردنیان و پاشان رێگریکردن لە گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان و دواترینیان ھەوڵە شکستخواردوەکەیان بۆ بوغزاندنی ئێزدییەکان لای زۆرینە موسڵمانی وڵاتەکەمان کە ھەموو ئەمانەئەڵقەکانی یەک زنجیری پێکەوە گرێدراون.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن