235وتار

تۆپزاوا وێستگەی یەكەمی مەرگ لە ئەنفالدا

10/16/2023 6:00:00 PM
هێمن كامیل

وەكو تاك بڕوام بەوە هەیە كە دەبێت مرۆڤ نەگەرێتەوە بۆ رابردوە ناخۆش و بە ئازارەكان، چونكە ئەگەر كەسێك لە بەشێك لە تەمەنیدا لە ناخۆشی و ئازاردا ژیابێت. بۆ ئەوەی چێژ لە ژیان ببینێت و خاوەن دیدو پلا نو ئامانج بێتلە ژیاندا ئەوە ئەبێت هەمیشە چاوی لە ئایندە بێت و سود لە ئەمڕۆ وەربگرێت و داهاتویەكی گەش و باشتر لەوەی ئێستا و رابردوو بونیاد بنێت.
 بۆیە من دژی ئەو بۆچونەم كە پێی وایە ئەبێت هەمیشە قوربانیانی ناو كارەسات و جینۆساید والێبكەین  كە بەردەوام لە گەڵ رووداوەكانی رابردودا بژین. بەڵكو ئەبێت هەمو رێگەیەك بگرینە بەر بۆ ئەوەی رزگاربوانی ناو كارەساتەكان بە جۆرێك پەروەردە بكەینەوە كە كەمترین جار بگەرێنەوە بۆ ئەو ر ۆژگارە رەشەی پێیدا رۆیشتون.  بەڵام لە سەر ئاستی نەتەوە ئەبێت كارێك بكەین هیچ تاوانێكی دوژمن لە بیر نەكرێت بە تایبەتی پرۆسەكانی توانەوەو لە ناوبردن و جینۆسایدكردن. بۆ ئەمەش ئەبێت رێگەو شێوازی جیاواز بگرینە بەر . 
لێرەوە ئەمەوێت برۆمەسەر مەبەستی وتارەكەم ئەویش ئەوەیە ساڵی رابردوو بانگهێشتكرابوین بۆ كۆنفراسێكی تایبەت بە جینۆساید كە لەلایەن گۆڤاری تۆپزاوەو رێكخراوی كوردستان بێ‌ جینۆساید سازكرابوو.
  ژمارەیەكی بەرچاو لە خەڵكانی نوسەرو رۆژنامەنوس و ئەكادیمی و چالاكوانانی بواری جینۆساید تیایدا ئامادەبون كە لە زۆربەی شارەكانی هەرێمی كوردستانەوە تەشریفیان هێنابوو بۆ كەركوك. دوای تەواوبونی كۆنفراسەكە گەشتێك بۆ ئامادەبوان  رێكخرا بۆ سەردانیكردنی سەربازگەی تۆپزاوا ئەو شوێنەی كە دەوڵەتی عێراق لە شاڵاوەكانی ئەنفالدا كردبوی بە شوێنی كۆكردنەوەو پۆلێنكردن و جیاكردنەوەی ئەنفالكراوان و دواتر رەوانەكردنیان بۆ ئەو شوێنانەی كە  تیایدا گولەباران و زیندەبەچاڵكران. جگە لە ژمارەیەكی كەمی ئەنفالكراوان نەبێت كە بە هۆی لێبوردنە گشتیەكەی رۆژی  6-9-1988 ئازادكران ئیتر هەموو ئەو كوردانەی برانە ئەم سەربازگەیە كە وەكو وێستگەی یەكەمی مەرگ كە پشتر بۆ ئەم كارە ئامادەكرابوو جارێكی تر نەگەڕانەوە و نەبینرانەوە.
ئەوەی لە گەشتەكەی تۆبزاوادا ئازاری روحی منیدا تەنها بە بیر هێنانەوەی ناخۆشترینو رەشترین رۆژەكانی تەمەنمان نەبوو، بەڵكو زیاتر لەوە ئەو بێباكییەی دەسەڵاتی كوردی بوو كە چۆن ماوەی چواردە ساڵ نەیتوانی  بوو پارێزگاری لەم شوێنە بكات. 
كورد ماوەی 14 ساڵ كەركوكی لە ژێردا دەستدا بوو ئەیتوانی گەورەترین یادگاری و مۆنۆمێنتلەم شوێنەدا بونیاد بنێت. بەو هەموو دەسەڵاتەی لە بەغداد هەیبو ئەیتوانیرێگەیەكی یاسایی بدۆزێتەوەو ئەم شوێنە بە فەرمی لە موڵكی وەزارەتی بەرگری دەربكات، ئەگەرچی  سەربازگەكە لە بنەچەدا زەوی تاپۆداری خەڵكی گوندی تۆپزاوایە.
 بەڵام ئەكرا قەرەبوی ئەوانیش بكاتەوەو ئەم شوێنە بكاتە جێگەیەك كە لە هەر كوێی جیهانەوە وەفدێك سەردانی هەر جێگەیەكی كوردستانی بكردایە ئەوە ئەبوو سەردانی تۆپزاوەشی بكردایە تاوەكو لێرەوە بزانرێت چۆن نەتەوەیەك بە بەرچاوی هەموو مرۆڤایەتیەوە جینۆسایدكرا.
بەڵام چونكە ئەوانەی لەو چواردە ساڵەی حكومرانیاندا جگە لە بیركردنەوەیەكی مافیاگەرانە بۆ كەركوك و سامانەكەی شتێكی تریان لە هەگبەدا نەبوو. بۆیە هیچ خەمێكێان لە شوێنێكی وەك تۆبزاوە نەخواردو ئەگەر دڵسۆزی خەڵكە خەمخۆرەكەی تۆپزاوا نەبوایە ئەوە ئێستا دووبارە ببوە یەكێك لە سەربازگەكانی سوپای عێراق و ئەو هۆڵە وێرانانەی كە تەنها دیوارەكانی بە پێوە ماوە ئەوەش نەدەمایەوە. هەر چەندە بەشێكی سەربازگەكە لە ئێستادا بارەگایەكی حەشدی شەعبی تێدایەو 81 گۆڕی ئەنفالكراوەكانیش ئەكەونە ئەو بەشەی سەربازگەكەوە كە ئەو بارەگایەی تێدایە. بەڵام  بۆ مێژوو ئەڵێم  لە رێكەوتی 7-9-2022 كاتێك بەشداربوانی ڤیستیڤاڵەكە سەردانی گۆڕستانەكەشمانكرد لە لایەن بەرپرسەكەی حەشدی شەعبیەوە كە ناوی (علی حەكیم) بوو كە توركمانێكی شیعە مەزهەب بوو زۆر بەرێزەوە پێشوازی لێكردین و چەندین جار بە زمانی كورد وتوێتی ئێمە لە حزمەتانین و برای منن و زۆر دەستەواژەی تر كە پڕبوو لە هاوسۆزبون رێز.
 بەڵام لەوانەشە سبەی ئەگەر ئەم بەرپرسە لەو جێگەیە نەمێنێت ئاسان نەبێت ئێمەی كورد تەنانەت بتوانین سەردانی ئەو جێگەیەش بكەین. 
ئەمە جگە لەوەی گۆڕستانەكە زۆر بێنازوبێ‌ خزمەت بوو هیچ هێما و تایبەتمەندییەكی وای تێدا نەبوو كە ئاماژە بێت بە جینۆسایدكراوەكانی نەتەوەیەك و چەند كێلێكی گۆڕەكانیش شكان بوون.  ئەگەرچی سكرتێری یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان ئاگام لێبو بە هێمنی كەسێكی  خەڵكی گوندەكەی راسپارد ئەو كێلانە چاكبكاتەوەو تێچوەكەی لە ئەستۆ دەگرێت.  بەڵام ئەبێت ساڵانە حكومەتی هەرێم و وەزارەتی شەهیدانو ئەنفالكراوان بودجەی تایبەتیان هەبێت بۆ ئەم جۆرە كارانەو بۆ لە بیرنەكردن و زیندو راگرتنی هەموو ئەو هەوڵانەی لە ربردودا بۆ سڕینەوەی ئەم نەتەوەیە دراوە.
هەروەها كار بكەن بۆ رێگریكردنی بەردەوامی سوپای عێراق بۆ دووبارە نۆژەنكردنەوەی هۆڵەكانی سەربازگەو دووبارە كردنی بە شوێنی سەربازی و سڕینەوەی هەموو شوێنەوارێكی رابردوی ئەو سەربازگەیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن