نا ئارامیەکانی بەغداو چاوەروانیەکانی کورد
7/30/2022 9:54:00 PM
د. محەمەد شوانی
کورد چاوەروانی چیە لە بەغدا؟ پۆست و شەراکەت لە بەرێوەبردنی روالەتی یان
مافە دەستوریەکانی? ئەگەر بریارە عیراق وڵاتیکی فیدرالی دەستوری بێت لە کاتی ناکۆکی نێوان پێکهاتەیەکی عێراق
ئەرکی کورد چی دەبێت؟ .
ئەگەر بە دووای وەڵامی ئەو پرسیارنەدا بگەڕێین و سەیری رووی راستەقینەی
رووداوەکان بکەین , مێژووی عێراق شتێکمان پێ دەڵی و چاوەروانیەکانی گەلی کورد
شتێکی دیکە و رەفتارو هەڵسوکەوتی
بەرپرسەکانی کورد لە بەغدا شتێکی لەوانە جیاوازتر!
لە میژووی عێراقدا هەمیشە کورد لە نائارامیە ناوخۆییەکانی عیراق زیانی
کردووە, شەری ئومەوی و عەباسی پایتەختی هێنایە بەغدا و کورد کەوتە بەر شاڵاوی
هەلکشانی عەرەب بەرەو باکور و باکوری رۆژهەڵاتی عیراق , شەڕە خێلەکانی شەمەرو عزە و عوبێد لە فوراتی
ناوەراست بوونە هۆی پەرینەوەی عەرەب لە دیجلە , شەرەکانی قاسم و کورەکانی عارف و
دوواتر بەعس و ئەوانی دیکە بوونە هۆی جێگبربوونی بیری ناسیونالیستی رەگەزپەرستی
عەرەب لە عێراق و کارەساتەکانی سەر نەتەوەی کورد , بۆیە ئیستاش, لەگەڵ ئەوەی
ئەمجارە شەڕی نێوان دوو پێکهاتەی جیاواز نیە لە رواڵەتدا بەڵام فراوانبوونی لە ئایندە و جیاوازی پارتە کوردیەکان لە لایەنگیری لایەنە ناکۆکەکانی ناو شیعە پرسی
کورد لە عیراقدا دەخاتە مەترسیەوە , چاوەروانیەکانی کورد بۆ بە دەستهێنانی مافە
دەستوریەکانی بێ هودە دەکات و ئەگەری گۆرانکاری خراپ دێنێتە پێشەوە .
عێراق وڵاتێکی فرە پێکهاتەو فرە
کلتورە, جیاوازی زمان و نەژادو رەگەز و ئاینی و مەزهەبی تێدایە, لە مێژووی
دروستبوونیەوە تا ئیستا , هیچ قوناغێک لە قۆناغەکانی تەمەنی عێراق هەموو
پێکهاتەکانی بە ئاشتی و رەزامەندی و بە پێی یاسا و دەستورێک پێکەوە نەژیاون و
یەکتریان قبوڵنەکردووە.
کورد دانیشتوانی رەسەنی ناوچەکە و پێکهاتەیەکی سەرەکی دانیشتوانی عێراقە ,
هەرگیز وەکو نەتەوەی دووەم و هاوڵاتی یەکسان و هاوبەش لە بەرێوەبردنی وڵات و
سودمەند لە داهات و سامانی نیشتمان سەیری نەکراوە , بە پێچەوانەوە هەمیشە لە
عێراقدا بە هەژاری و نەخوێندەواری و دوواکەوتوویی هێڵراوەتەوە تا هۆشیاری پێویستی
نەبێت بۆ خۆرێکخستن و یەکگرتن و فشاردروستکردن و داواکردنی مافەکانی ,هەر کاتێکیش
تا ئاستێک هۆشیاری نەتەوەیی لە ناو کورددا پێگەیشتبێت و جۆرێک لە خۆرێکخستنی دروست
کردبێت و پێداگری لەسەر مافەکانی کردبێت , بەغدا بە هێرش و پەلاماری سەربازی و
ئاگرو ئاسن وەڵامی داوەتەوە , لە ئەنجامی ئەمەشدا ئەگەر سەیری مێژووی سەد ساڵی
رابردوو بە تایبەت چل ساڵی دوای شەستەکان بکەین , کوردستانی عیراق بە تەواوی وێران
بووە ,سیماو نیشانەی شارستانیەت و مەدەنیەت لە دێهات و ئاوەدانی و گوند و شار ەدێ
و بەشێکی شارە مێژووییەکانیدا نەماوە, خەڵکەکەی جینۆسایدکراوە , بە جۆرێک دووای
(٣٠)سی ساڵ لە رزگاربوون لەو دەسەڵاتە هێشتا شوێنەوارو ئاسەواری کارەساتەکان بە
روخساری خەڵکەکەو لادێ و شاری کوردستانەوە دیارە .
هەرگیز رەوشێکی ئارام و جێگیر و ئەمن و ئەمان لە عێراقدا نەبووە هەتا کورد
بە گفتوگۆ و تێگەیشتن و شێوازی مەدەنیانە مافەکانی خۆی وەرگرێت , شەڕە یەک لە
دووای یەکەکانی عیراق زیانی گەورەی لە هەموو پێکهاتەکان بە تایبەت کورد داوە,
ئەگەرچی بێ شەڕیش لە رویی هزری و بیرکردنەوەو جیهانبینیشەوە زۆرینەی عیراقیەکان
نەگەیشتوەنەتە ئەو ئاستەی بە کردەوە مافە نەتەوەیی و مەزهەبی و ئاینیەکانی یەکتر
بسەلمێنن .
بۆیە هەمیشە مەترسی سەرهەڵدانەوەی توند رەوی و کۆنترۆلکردنەوەی عیراق لە
لایەن یەک گروپی نەتەوەیی یان ئاینی یان مەزهەبی دەمارگیرەوە هەیە و کارەساتەکانی
سەر کوردیش دووبارە ببنەوە.
لە دووای ٢٠٠٣ەوە تا رادەیەک لە
عیراق رەوشێکی نوێ هاتوەتەوە ئاراوە بەڵام هیشتا ئەو رەوشە نوێیە کاریگەری قوڵی
لەسەر ئایدیا و جیهانبینی بەشێک لە عیراقیەکان (بە هەموو پێکهاتەکانیەوە)دانەناوە,
بە سیستەمی هزری کۆن بیردەکەنەوە , ئەو سیستەمە کۆنەی بیرکردنەوە هیشتا لە زەینی
بەشێک لە سەرکردەکانی عیراقدا ماوە جگە لە خەڵکە ئاساییەکەی .
ئەگەر بەو سیستەمە بیر بکەینەوەو خوێندنەوەیەکی
رووکەشیانە بۆ ئەم رەوشە بکەین هیچ کوردێک نەهەقی نیە لە بەهێزبوونی بەغدا بترسێت
, هەموو کوردێک هەقیەتی کار بۆ ئەوە بکات لە بەغدا نا ئارامی و پێکدادان و بشێوی
هەبێت تا نەپەرژێنە سەر پەلاماردانمان!!
لە راستیدا ئەمە بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە , نا ئارامی لە بەغدا بە زیانی
هەموو پێکهاتەکان و بە تایبەت بە زیانی مافە دەستوریەکانی کورد دەشکێتەوە , ئەوەی
قازانج لە پێکنەهێنانی حکومەت و لاوازبوونی دامودەزگاکانی دەوڵەتداری لە عیراقدا
دەکات بازرگانەکانی جەنگ و فرۆشیارە گەورەکانی چەکن.
لە دووای ٢٠٠٥ ەوە بە پێی دەستور , عیراق وڵاتیکی فیدرالیە , دەبێ کورد لە
هەنگاوی یەکەمدا بە هەموو توانایەوە کار بۆ جێگیرکردنی ئەو فیدرالیە بکات ,
پایەکانی بچەسپێنیت و فراوانی بکات و بە کردەوە پراکتیزەی بکات , چونکە بە لایەنی
کەمەوە لە ماوەی پەنجا ساڵی دووای بوون بە فیدرالی ئەگەری گەرانەوە بۆ ناوەندێتی و ئەقلیەتی
نەتەوەپەرستی و مەزهەبەگەرایی و دووبارەبوونەوەی کارەساتەکان هەیە, جێبەجێکردنی
دەستور و پابەندبوون بە یاسا نەبووەتە بەشێک لە کلتوری هاوڵاتی عیراقی .
لە لایەکی دیکەوە واقعی ژیانی رۆژانەی پێکهاتەکانی عیراق پێویستی بەردەوامی
هەیە و دەبێ فەراهەم و دابین بکرێن , چۆنیەتی فەراهەکردنی ئەو پێویستیانە بەریەک
کەوتن لە نێوان پێکهاتەکاندا دروست دەکات , لە رەوشی نا ئارامدا کە حکومەت نا
پەرژێتە سەر خزمەتگوزاری هاوڵاتیان, کارو چالاکیەکانی خەڵک بۆ دابینکردنی بژێوی بە
شیوە سەرەتاییەکەی بە زیانی نەتەوەیی کورد
دەشکێتەوە, بۆیە چاوەروانیەکانی کورد و نا ئارامیەکانی عیراق دژ بە یەکن بۆ
نمونە:-
کورد چاوەروانە بە پێی دەستور و مادەی ١٤٠ کێشەی ناوچە کوردستانیە
دابرێنراوەکان چارەسەر بکات و چارەنوسی ئەم ناوچانە یەکلایی بکرێتەوە, بێگومان ئەم
چاوەروانیە لە رەوشیکی ئارام و سەقامگیرو بێ کیشەی سیاسی و نەتەوەیی و ئاینی و
مەزهەبی دەکرێت , تا نوێنەری هەموو پێکهاتەکان لە سەر مێزی گفتوگۆ تاوتوێی چۆنیەتی راپەراندنی بکەن و لەسەر فۆرمێکی
جیبەجیکردن رێکبکەون , جگە لەوەی هەر خودی پرۆسەکە چەند قۆناغێکی هەیە وەکو
(ئاسایی کردنەوەو سەرژمیری و راپرسی) بە دڵنیاییەوە هیچ قوناغێک لە مانە لە نا
ئارامی و شەرو ململانێدا ناکرێن , پێویستیان بە روشێکی ئارام و جێگری دەسەڵات هەیە
, هەروەها لە ئەنجامی ئەم شەرو نا ئارامیەدا و کورد لە دۆخی چاوەروانیدا بە
هەزاران خێزانی عەرەب بەرەو ناوچە کوردستانیە دابرێنراوەکان کۆچ دەکەن و لەوی
نیشتەجێ دەکرێن , نەک هەر بە هۆی شەرو نا ئارامی بەڵکو لە ئەنجامی وشکە ساڵی و کەمبونەوەی
ئاو لە عیراق و نەبونی هەلی کار و خزمەتگوزاری پێویست لە شارەکانی ناوەراست بە
هەزاران خێزانی دیکە بۆ ناوچە کوردنشینەکان هاتوون, بە تایبەتی ناوچەکانی باکوری
رۆژئاوای عیراق وەکو شەرگات و گیارەو حەزەر و باکوری رومادی , بە دڵنیاییەوە ئەگەر
کورد لەم چاوەروانیەدا بمێنێتەوە تا عیراق ئارام دەبێتەوەو باسی دەستور و فیدرالی
و مادەی ١٤٠ دەکرێ , قۆناغەکانی ئەو مادەیە جێبەجێ بکرێت زیانێکی نەتەوەیی گەورە
دەکات .
بۆیە لە جیاتی چاوەروانی و خەمی پۆست و یەکلایی کردنەوەی کورسی سەرەک کۆمار باشترین رێگا لەم هەلومەرجەدا کارکردنە بۆ
بەرێوەبردنی ناوچە کوردستانیە دابرێنراوەکان بە هاوبەشی لەگەڵ عێراقدا , بۆ رێگری
لە پەلاماری گروپە توندرەوەکان و راگرتنی تەعریب و هاندان و یارمەتیدانی خەڵکی ئەم
ناوچانەیە بۆ گەرانەوەو نیشتەجێبون و چۆڵنەکردنی گوندەکانیان , هاوکاری کردنی
جوتیاران و ئاژەڵدارانی ناوچە کوردستانیە دابرێنراوەکانە, ئەوانەی کە بە راستی
گوندەکانیان ئاوەدان کردوەتەوەو نیشتەجێی ئەو ناوچەیەن , با حکومەتی هەرێم بە هەلی
کار یان سلفەی هاوسەرگیری یان پرۆژەی بچوک وەکو کڕینی مەڕو ماڵات و مانگا یان
ئاودیری و بنەتۆ و رەزو باغ یان گازو بەنزین و پەینی کیمیاوی یان پەلەوەر و
مێشهەنگ و حەوزی ماسی یان دانەوێڵەو داودەرمان و خزمەتگوزاری پزیشکی ئاژەڵی یان بەنداو و وزەی خۆرو کارەبا و....هتد دەستی
هاوکاری و یارمەتی بۆ خەڵکی ناوچە کوردستانیە دابرێنراوەکان درێژ بکات ..