320وتار

هەڵبژاردن وەک تەواوکاریی لا مەرکەزی و فیدرالیزم لە عیراق

12/14/2023 2:34:00 PM
د. محەمەد شوانی

"زەمەن"

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و دەستبەکاربوونیان ،جۆرێکە لە سیستەمی لامەرکەزی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان وچڕنەکردنەوەی لە ناوەند، شێوازێکە لە حوکمی زۆرینەو بنەمایەکی بنچینەیی سیستەمی دێموکراسیە. بریتیە لە گواستنەوەی دەسەڵات بە هەموو جۆرەکانیەوە(یاسادانان و جێبەجیکردن و دادوەری و پلانی ئابوری و مامەڵە بە داهاتەکانیەوە)بۆ پارێزگاکان و بێ گەرانەوە بۆ ناوەند جگە لە دەسەڵاتە فیدرالیەکان .
لە شۆڕشی ئەیلولدا کورد بۆ چەندین ساڵ داوای سیستەمی لامەرکەزی دەکرد و بە هەزاران قورباتیدا لەو پێناوەدا، کەچی ئەمرۆ بە پێی دەستور، و بە بێ زەبروزەنگ و خوێن رشتن،  بۆ کەرکوک و ناوچە کوردستانیە دابرێنراوەکان فەراهەم کراوە، لە سەرووی لامەرکەزیشەوە ،پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ ەوە بریاری لەسەر سیستەمی فیدرالی لە عێراق دا، لە دەستوری نوێی عێراقیشدا لە ٢٠٠٥ فیدرالی جێگیر کراوە ، ئەگەرچی هێشتا مەیلێک هەیە بۆ مەرکەزیەت وگێڕانەوەی جۆرێک لە دیکتاتۆریەتی کەمینە،  لامەرکەزیەت جێگای خۆی نەگرتووە، چێوەو پەیکەری فیدرالیزم لە عێراق تەواو نەبووە، دامەزراوەکانی فیدرالیزم بە پێی دەستور بونیاد نەنراون،  بۆشایی و کەموکورتیەکی زۆر لە بونیادی کارگێڕی و دامودەزگاکانی بەرێوەبردن و چاودێری و سیستەمی فیدرالیی لە عیراقدا هەیە ،بۆ نمونە دەسەڵاتە فیدرالیەکان لە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری پێکدێن) بە پیی مادەی (٤٨)ی دەستور دەسەڵاتی یاسادانان لە دوو (ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی فیدرالی پێکدێت) بەڵام تا ئیستا ئەنجومەنی فیدراڵی دروست نەکراوە ، دەبوو بە پێی مادەی (٦٥)ی دەستور پێکبهاتایە، یان هەڵنەبژاردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ٢٠١٣ لە تەواوی عێراق و لە ٢٠٠٥ەوە لە کەرکوک و سەپاندنی هەژمونی ناوەند وەکو جۆرێک لە مەرکەزیەت  و بونیادنەنانی سوپایەکی عێراقی فیدرالی گوزارشت لە هەموو پێکهاتەکان بکات ...هتد هەموو ئەمانە دژی پرەنسیپە بنچینەییەکانی سیستەمی لا مەرکەزی و فیدرالین ، دوواکەوتنی دروستبوونیان پرۆسەی دیموکراسی لە عیراقدا دووا دەخات  و ئەگەری گەڕانەوەی مەرکەزیەت زیاتر دەکات ، بۆیە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان  سەرەتایەکی باشە بە ئاراستەی جێگیربوونی لا مەرکەزیەت لە بەرێوەبردندا لە عێراق.
 ئەگەر بڕیار بێت عێراق وەکو دەوڵەتێکی نا ناوەندێتی و فیدرالی بونیاد بنرێت ، پێویستە تەواوی دامودەزگاو دامەزراوەو میکانیزمە کارگیریەکانی فیدرالیزمی تێدا دروست بکرێت ، وردە وردە ناسنامەی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگای عیراقی لەو سیستەمەدا رەنگ بداتەوە و عێراق وەک دەوڵەتێکی دەستوری بناسرێت .
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ،هەنگاوێکە بۆ پڕکردنەوەی یەکێک لەو بۆشایی و کەموکورتیانەو تەواو کردنی دامەزراوەیەکی دیکەیە لە حوکمی زۆرینە، کە بریتیە لە جێگیرکردنی (لامەرکەزی) نا ناوەندێتی و بەهێزکردنی دەسەڵاتی هەرێمەکان  و گێڕانەوەی مافی بریاردان بۆ ئەو پارێزگایانەی لە هەرێمێکدا خۆیان رێکنەخستووە .ئەمەش نیشانەو سیمایەکی ئەرێنیە بۆ تەواوکاری سیستەمی لا مەرکەزی و فیدرالیزم و پشکەوتنی شێوازی حوکمرانی و نەگەڕانەوە بۆ مەرکەزیەت کە ئەگەرێکی کراوەیە لە عیراقدا .
دەبێ دەنگدەرانی کورد بە گشتی ئەو راستیە بزانن، ئەلتەرناتیفی لا مەرکەزی و سیستەمی فیدرالی لە عێراقدا، زاڵبونی گروپێکە لە گروپە پێکهێنەرەکانی گەلی عێراق، دروستبوونەوەی ناوەندێکی بەهێزو سەپاندنی دەسەڵاتی ئەو گروپەیە بەسەر پێکهاتەکانی عێراقدا .
مەترسیەکەش لێرەیە، مەرکەزیەت و بەهێزبوونی ناوەندێک کە بە دەستی گروپێکی مەزهەبی گشتگیرەوە بێت، یان بە دەستی حیزبێکی نەتەوەیی شوفینیەوە بێت و بیانەوێت زمان و بیروباوەرو ئاین و مەزهەب و ئایدیۆلۆژیای خۆیان بەسەر تەواوی عیراقدا بسەپێنن، وەکو ئەوەی لە نزیکەی حەفتا ساڵی رابردوودا کراوە،  بێگومان لە زیانی کورد و سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی دیکە دەبێت، کورد بە خولێکی دیکەی هەڵمەتی قڕکردن و لە ناوبردندا تێدەپەڕیت ، کارەساتەکانی رابردووی دووبارە دەبنەوە.          
ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراقدا چەند رۆژێکی کەمی ماوە، کە دوواتر ئەم ئەنجومەنە وەکو حکومەتی خۆجێیی لە پارێزگاکەدا دەست بەکار دەبێ ، ئەم پرۆسەیە لە کەرکوک بۆ دووەم جارو لە پارێزگاکانی دیکەی عیراق بۆ چوارەم جارە ئەنجام دەدرێت، وەکو ئاماژەمان پێکرد،  لە کەرکوک بە بیانووی ململانێ و ناکۆکی نێوان پێکهاتەکان لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە ئەم هەڵبژاردنە نەکراوە، لە عێراقیش بە گشتی لە ٢٠١٣ەوە راگیرابوو ،ئەمەش مەترسیەکی گەورە بوو بۆ سەر نا ناوەندێتی دەسەڵات و سیستەمی فیدرالی بە گشتی ، ئەگەر بۆ هەر کۆمەڵگایەکی فرە کلتورو خاوەن وردە کلتوری جیاواز ئەمە ترسناک بێت ، ئەوە بۆ عێراق دووجار ترسناکە ،چونکە لە عێراقدا نا ناوەندێتی کارگێری و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان مێژوویەکی دوورودرێژو کەڵەکەبوونی ئەزمونی بەرێوەبردنی لامەکەزی نیە، یەکتر قبوڵکردن بە جیاوازیەکانەوە دروست نەبووە، بە پێچەوانەوە سەپاندنی یەک رەنگی لە جیهانبینی تاکی عێراقیدا رەگێکی قوڵی هەیە، بووە بە بەشێک لە کەسایەتیی ، ئەمەش پرۆسەیەکی پەروەردەکردن و مەشق و راهێنانی بەردەوامی دەوێت  .
تا ئەم پرۆسەیە تەواو دەبێت ، زۆر پێویستە پێکهاتەی کوردی لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکاندا ئامادەیی هەبێت ،بەشداری چالاکانە بکات لە هەر پرۆسەیەکی دێموکراسی وەکو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ، کە ئەمە بۆ کەرکوک و ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکان روداو و وەرچەرخانێکی گەورەیە و کاریگەری قوڵ و ریشەیی دەبێت لەسەر شێوازی بەرێوەبردن و پەیوەندی نێوان پێکهاتە نەتەوەییەکانی پارێزگاکەو ناوچەکە بە گشتی ، دەنگدانەوەی دەبێت بۆ چەندین ساڵی ئایندە ، ئەگەر تەواوی پۆستەکانی هەر پارێزگایەکیش دیاری نەکات، بە لایەنی کەمەوە پارێزگار لەم ئەنجومەنەدا هەڵدەبژێردرێت  .
جگە لەوەی زۆری ژمارەی کورسیەکانی هەر پێکهاتەیەک توانای کۆنترۆلکردنی وردی بوارەکانی خزمەتگوزاری و پێداویستیەکانی خەڵک و بەدەنگەوەهاتنی داواکاریەکانیان زیاتر دەبێت ، بەرنامەو پرۆژەی زیاتر پیشکەش دەکەن و لە رێگای زۆرینەوە بواری جێبەجێکردنیان فراوانتر دەبێ. 
بە گشتی گرنگی و بایەخی ئەم هەڵبژاردنە زۆرن، بە تایبەت لە کەرکوک ، وەکو ئاماژەمان پێکرد، هەر دەستپێکردنەوەی خودی پرۆسەکە خۆی، رازی بوونی لایەنە عێراقیەکان لەسەر کاراکردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق و  ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کەرکوک جێگای لەسەر راوەستان و هەڵوەستەکردنە، پێویستە کورد قوڵتر بیر بکاتەوەو گەرموگوڕتر بەشداری بکات و بەرنامەی وردتری هەبێت ، هەروەها ئەم هەلبژاردنە وەک پایە و کۆڵەگەیەکی لا مەرکەزی و سیستەمی فیدرالی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانە لە عێراقدا ، ئامرازێکە بۆ پتەوکردنی پرەنسیپەکانی دەوڵەتی مەدەنی و هاوڵاتیبوون و بەشداری لە بریارو بەرێوەبردندا، هەموو ئەوانەش ئەگەر بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق گرنگ بن ، ئەوە بۆ گەلی کورد دەستکەوتی زۆر گەورەن و سەرەتای قۆناغێکی نوێی خەباتی نەتەوەییە بە شێوازێکی مەدەنیانەی شارستانیانە ، بۆیە دەبێ کورد ناکۆکی و جیاوازیی ئایدیۆلۆژی تەسکی حیزبایەتی بە لاوە بنێت و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی بیر بکاتەوە و بروانێتە ئایندە و دەنگ بدات بە لیستە کوردستانیەکان و کاندیدە بە تواناو شایستەکان .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن