شه‌ڕی ئۆكرانیا و ئیزدواجیه‌تی سیسته‌می نوێی جیهان
3/3/2022 2:10:00 PM
د. محەمەد شوانی
زۆربه‌ی توێژه‌ران و نوسه‌ران و رۆشنبیران پێیانوابوو رو‌خانی دیواری به‌رلین له نۆڤه‌مبه‌ری 1989 كۆتایی قۆناغێك و سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێیه له مێژووی په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ، نه‌مانی شه‌ری سارد و دابه‌شبوونی دووبلۆكی جیهان و رۆژهه‌لات و رۆژئاوا كۆتایی هات، ئیتر له جیاتی پیشبڕكیی خۆ پڕچه‌ك كردن و مۆڵدانی سوپا و له‌شكركیشی بۆ ناوچه كیشه‌له‌سه‌ره‌كان ،له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا، گفتووگۆو لێكتێگه‌یشتن و دانوستان جێگایان ده‌گرێته‌وه ، سیمای سیسته‌می نوێی جیهانی، دێموكراسیتر و دادپه‌روانه‌تر له یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی گرفته‌كاندا به‌ده‌رده‌كه‌وێت .
سه‌رۆكی ئه‌مریكا (جۆج بۆش)ی باوك له كاتی شه‌ری كه‌نداودا سالی 1991 ده‌یگوت ئه‌مریكا سه‌ركردایه‌تی سیسته‌مێكی نوێی جیهانی ده‌كات، كۆڵه‌گه‌ی ئه‌م سیسته‌مه ئاشتیه ،و پایه‌كانی سه‌روه‌ری یاسا‌و ئازادین، ته‌واوی گه‌له جیاوازه‌كان تیایدا له‌سه‌ر بنه‌ماو پره‌نسیپێكی هاوبه‌ش كۆ ده‌بنه‌وه، بۆ هێنانه‌دی ئامانجێكی جیهانی له پیناو به‌رژه‌وه‌ندی مرۆڤایه‌تیدا.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا جه‌یمس بیكه‌ر به شانازیه‌وه ده‌یگوت (له ده‌روازه‌ی قۆناغێكی چاوه‌روانكراوداین له مێژوودا، بریتیه له چركه ساتێكی ده‌گمه‌ن له چركه ساته‌كانی وه‌رچه‌رخانی چاره‌نوسی جیهاندا) .
تۆماس فریدمان، یه‌كێك له گه‌وره په‌یامنێرانی كاروباری سیاسی رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز، پێیوابوو ئاراسته‌كه‌ری سه‌ره‌كی سیاسه‌تی بۆش ،له شه‌ری كه‌نداودا ، بریتی بوووه له‌وه ،ئه‌گه‌ر رێز له سنوری سیاسی نێوان ئه‌و ولاتانه نه‌گیرێت كه خاوه‌ن سه‌روه‌رین ئیتر ئاژاوه‌و بشێوی جیهان به‌رێوه ده‌بات .
بۆیه تا راده‌یه‌ك به ئومێد‌و گه‌شبینیه‌وه سه‌یری ئاینده‌ی مرۆڤایه‌تی ده‌كرا، به تایبه‌تی بۆ گه‌لانی چه‌وساوه‌و بێ ده‌وڵه‌تی وه‌كو كورد، كه قوربانیی ئه‌و ململانێ سه‌رمایه‌داری و شه‌ره جیهانیانه بوو كه كوردستانیان له پێناو به‌رژوه‌ندیه‌كانی خۆیاندا دابه‌شكردبوو..
كورد به ئومێدبوو چونكه بنه‌ماكانی سیسته‌می نویی جیهان ، وه‌كو بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرا،ئه‌گه‌ر به هه‌ر لایه‌كدا په‌یره‌و بكرایه به قازانجی كورد بوو.
ئه‌گه‌ر سنوری نێوان وڵاتان ئه‌و پیرۆزیه‌ی نه‌مابوو، هه‌لوه‌شانه‌وه‌ی هه‌ندێك وڵات ئه‌گه‌ری هه‌بوایه ، به لایه‌نی كه‌مه‌وه رۆژئاوا‌و باشوری كوردستان له سه‌ربه‌خۆییه‌وه نزیك بوون، یان به پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر سنوری نێوان وڵاتان ئه‌و پیرۆزیه‌ی هه‌یه ، وه‌كو تۆماس فریدمان ده‌ڵێت، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه كورد له سوریا‌و عیراقدا جۆرێك له سه‌ربه‌خۆیی كارگێری ده‌بوو ،مه‌ترسی وڵاتانی دراوسێی له‌سه‌ر كه‌م ده‌بوه‌وه. به‌ڵام ئیزدواجیه‌تی ئه‌و سیسته‌مه نوێیه بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان به یه‌ك پێوه‌ر مامه‌ڵه ناكات ، له لایه‌ك جه‌خت له‌سه‌ر پیرۆزی سنوری نێوان وڵاتان و یه‌كپارچه‌یی خاكی هه‌ندێك وڵات ده‌كات ، له لایه‌كی دیكه به‌رامبه‌ر هاتنه ناوه‌وه‌و به‌زاندنی سنوری نێوده‌وله‌تی هه‌ندێك وڵاتی دیكه بێ ده‌نگه..
ئه‌مرۆ به هه‌مان شێوه گه‌لی ئۆكراین بوونه‌ته قوربانی ململانێی نێوان روسیا‌و ناتۆ، خه‌ڵكی ئۆكرانیا ده‌كوژرێن، نیشتمانه‌كه‌یان وێران ده‌كرێت ،ژیانی ئاسایی رۆژانه‌یان لێ تێكچووه‌و به كۆمه‌ڵ كۆچ ده‌كه‌ن، ئه‌م دۆخه كاره‌ساتی مرۆیی گه‌وره‌ی لێ كه‌وتوه‌ته‌وه‌و كاریگه‌ری خستوه‌ته سه‌ر جوڵه‌ی بازرگانی و بێكاربوون و نه‌زمی بازاری جهانی به گشتی و به تایبه‌ت به‌شێك له وڵاتانی رۆژهه‌لاتی ئه‌وروپای شێواندووه .
پاساوی روسیا بۆ ئه‌م جه‌نگه نزیكبوونه‌وه‌ی ناتۆ‌و بوونی ئۆكرانیایه به بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی بۆ رۆژئاوا، كه روسیا ئه‌م هێزه به دوژمنی خۆی ده‌زانێت ، پییوایه ئه‌مركیا هه‌رگیز رێگا به‌وه نادات روسیا بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی( بۆ نمونه له مه‌كسیك) دا‌نێت و موشه‌كه كلاو ئه‌تۆمیه‌كانی له سنوری ئه‌مریكادا جێگیر بكات . بۆیه روسیا به مافی خۆی ده‌زانێت په‌لاماری ئۆكرانیا بدات . هه‌روه‌كو چۆن ئه‌مریكا په‌لاماری هایتی و په‌نه‌ما و دژایه‌تی كۆبا و نیكاراگواو ڤه‌نزه‌ویلاو هه‌ر وڵاتێكی ئه‌ندامی په‌یمانی بۆلیڤاری كردووه له ئه‌مریكای لاتینی كه سیسته‌می سۆشیالیستی په‌یره‌و كردبێت، یان له یه‌كیتی سۆڤیه‌تی جاران نزیك بووبن.
جگه له‌وه‌ی گه‌لی ئۆكرانی و روسی له رووی زمان و مێژوو و بیروباوره‌و ئاین و بنه‌چه‌ی نه‌ژاد زۆر له یه‌ك نزیكن و بۆتین هه‌میشه ره‌خنه له لینین و ستالین ده‌گرێت كه له دووای شۆرشی به‌لشه‌فیك ده‌بوو ئه‌و جیاوازیانه‌ی له ورده كلتوری ئه‌و دوو گه‌له هه‌یه كه‌مبكرێنه‌وه‌و نه‌مێنن ،چونكه كییف پایته‌ختی ئیستای ئۆكرانیا مه‌ڵبه‌ندی دروستبوون و گه‌شه‌كردنی ئیتنۆسی رووسه به بۆچونی بۆتین..
له شیكردنه‌وه كۆمه‌ڵناسیه‌كانی سه‌رمایه‌داریدا ،هه‌ندێك له تایبه‌تمه‌ندی و خه‌سڵه‌ته ناشیرینه‌كانی شارستانیه‌تی جیهانی سه‌رمایه‌داری ، بریتیه له‌و حه‌زه بێ سنوره‌ی كۆنترۆلكردنی ئه‌وانیتر، وهه‌ڵپه و پێشبڕكێی به‌ده‌ستهێنانی چه‌كی ته‌كنیكی باڵا وكۆمه‌ڵكوژ و ماڵوێرنكه‌ر، و رێز نه‌گرتن له كلتوری ئه‌وانیتر ، و خۆپه‌رستی له راده‌به‌ده‌ر، ئه‌م خه‌سڵه‌تانه‌ش وایان كردووه هه‌میشه له دیدو زه‌ینی هاوڵاتیه‌كانیاندا دوژمنێكی وه‌همی دروست بكه‌ن ، وێنای هه‌ره‌شه‌ی ده‌ره‌كی و چاوه‌روانی په‌لامار بن ، له‌م رێگایه‌وه شه‌رعیه‌ت به خۆپڕچه‌ككردن و په‌لاماری ئه‌وانیتر بده‌ن .
روسیا و ئه‌مریكا دوو زلهێزو دوو ده‌وڵه‌تی سه‌رمایه‌داری گه‌وره‌ن، خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمی و ده‌یان بنكه‌ی سه‌ربازی پیشكه‌وتوون له ده‌روه‌ی سنوری خۆیان و مێژوویه‌كی زیاتر له سه‌د ساڵی ململانێ و ركابه‌ریان هه‌یه، له دژی یه‌كتری ئاماده‌ن هاوكاری دڕاندانه‌ترین سیسته‌می حوكمڕانی بكه‌ن، بۆ نمونه له سه‌ره‌تای سییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردودا هیتله‌رو مۆسۆلۆنی به هاوكاری و پشتیوانی ئه‌مریكا دروست بوون، هه‌تا سنورێك بۆ فراوانبوونی هه‌ژموونی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت دابنێن ،یان له‌شه‌سته‌كان و حه‌فتاكاندا ئه‌سه‌د و سه‌دام و قه‌زافی به هاوپه‌یمانی و هاوكاری بلۆكی سوشیالیزم دروست بوون بۆ رێگرتن له هه‌ژمونی ئه‌مریكا له رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست و باكوری ئه‌فریقیا
ئه‌وه‌ی نه‌گۆره له سیاسه‌تی ئه‌م وڵاتانه‌دا به‌رژه‌وه‌ندی و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و ئارامی ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵیانه ، بۆیه ئاماده‌ن هه‌میشه هاوكاری و پشتیوانی دیكتاتۆره‌كان بكه‌ن له پێناو تیپه‌ڕینی كاروانه‌كانی بازرگانی و ئارامیدا، ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوی ناگرن مافی مرۆڤ و ئازادی و خواست و ویستی مرۆڤه‌كانه.
ئه‌گه‌ر سه‌رنج، بده‌ین دووای ئه‌و هه‌موو بانگه‌شه‌یه‌ی بۆ سیسته‌می نوێی جیهانی و پاساوه‌كانی شه‌ره نێوده‌وڵه‌تیه‌كان كرا، راسته‌وخۆ هه‌ر له دووای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بلۆكی سۆشیالیستی له 1989 ئه‌مریكا هیرشی كرده سه‌ر په‌نه‌ما ، مانویل نۆریگا سه‌رۆكی په‌نه‌مای به دیل گرت دووای نزیكه‌ی سی ساڵ له به‌ندیخانه كۆچی دووایی كرد، دوواتر، یه‌ك ساڵ دووای په‌نه‌ما، ئه‌مریكا به‌هێزێكی زۆره‌وه هاته رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ،به پاساوی چه‌كه كۆكوژه‌كانی عیراق وپه‌لاماردانی كوه‌یت له لایه‌ن عێراقه‌وه كه تا راده‌یه‌ك هاوكات بوو له‌گه‌ڵ داگیركردنی په‌نه‌ما له لایه‌ن خودی ئه‌مریكاوه ، ئه‌وه رێكه‌وت نیه ،سه‌دام له رۆژی 9/4/ 1972 ریكه‌وتنیكی درێژخایه‌نی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی سوڤیه‌ت واژۆ كرد ، له هه‌مان رۆژی 9/4/2003دا ئه‌مریكا روخاندی و دوواتر سه‌دامیش ده‌ستگیركراو له سێداره‌درا.
كه‌واته ئه‌وه‌ی پیی گوتراوه سیسته‌می نوێی جیهان، ته‌نیا رواڵه‌ت و جوانكاری دیوی ده‌ره‌وه‌ی سیاسه‌تی زلهێزه‌كانه، و مه‌یلی فراوانخۆزی و كۆنترۆڵكردنی جیهان له ستراتیژی ئه‌م هێزانه‌دا نه‌گۆڕه، و كاری بۆ ده‌كه‌ن ، نه‌ك هه‌ر خودی خۆیان به‌ڵكو چاوپۆشی له هێرش و په‌لاماری هاوپه‌یمانه‌كانیشیان ده‌كه‌ن بۆ سه‌ر گه‌لانی دیكه ،وه‌كو ئه‌وه‌ی چه‌ندین جاره توركیا ده‌یكات به‌رامبه‌ر قوبرس رۆژئاوا‌و باشوری كوردستان و سنوری نێوده‌وڵه‌تی و سه‌روه‌ری وڵاتانی وه‌كو عیراق و سوریا پیشێل ده‌كات ، به هه‌زاران هاوڵاتی له‌م ناوچانه‌دا ده‌كوژرێن و بریندار ده‌بن و ئاواره‌ی وڵاتانی دیكه ده‌بن ، كه‌چی ئیزدواجیه‌تی سیسته‌می نوێی جیهان هه‌مان پێوه‌ر به‌رامبه‌ر توركیا به‌كار ناهێنێت. .
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین ، له دووه‌م رۆژی هێرشه‌كانی روسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا ،ده‌نگ و داواكاریه‌ك له ناو نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كاندا به‌رزبوه‌وه ، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه كۆبونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به ئۆكرانیا ئه‌نجام بدرێت، كه‌چی ئه‌مجاره روسیا و چین و هندو ئیماراتی عه‌ره‌بی دژی ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ن و رێگا ناده‌ن باسی ئه‌و بابه‌ته بكرێت ، به ئاسایی ده‌زانن روسیا په‌لاماری ئۆكرانیا بدات و داگیری بكات .
بۆیه ،هه‌تا مه‌یلی پاوانخوازی له زه‌ینی زلهێزه نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمیه‌كاندا مابێت ،په‌لاماردانی وڵاتان ئه‌گه‌رێكی كراوه‌یه ، هێرشی روسیا و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ئۆكرانیا و یه‌كخستنی له‌چوارچێوه‌ی یه‌ك ده‌وڵه‌تدا، زه‌نگی به بیرهێنانه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه بۆ سه‌ره گه‌له بێ پشتیوانه‌كان،به تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی هیشتا له لایه‌ن وڵاتێكی دراوسێیانه‌وه هه‌ره‌شه‌یان لی ده‌كرێت و جیابوونه‌وه‌یان به پیلان و ده‌ستیوه‌ردانی دره‌ره‌كی له قه‌له‌م ده‌درێت، وه‌كو تایوان و كشمیرو كوه‌یت و هه‌رێمی كوردستان و چه‌ندین شوێنی دیكه ، هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی سه‌ره‌رای جیاوازیه ئیتنی و میژوویی و كلتوریه‌كانیان هیشتا به‌شێك له دراوسێكانیان به موڵكی خۆیانیان ده‌زانن، كه له‌رابردوشدا ئه‌مركیا بۆ په‌نه‌ما وئیسرائیل بۆ لوبنان و توركیا بۆ قوبرس و ئه‌ندۆنیسیا بۆ ته‌یموری رۆژهه‌لات ئه‌نجامیانداوه، ئیتر له‌م دۆخه پر ئیزدواجیه‌دا په‌لاماردانی هه‌رێمی كوردستانیش مه‌ترسیه‌كی چاوه‌روانكراوه .