چاوەروانیەکانی کورد و کێشەی خاک لە ناوچە کوردستانیە دابڕینراوەکاندا:
5/4/2024 6:28:00 AM
د. محەمەد شوانی
دامەزراندنەوەی
عیراقی فیدرالی نوێ ، بە رێکەوتنی هەموو پێکهاتەکان، لە سەر بنەمای دەستورێکی
مەدەنی وشەراکەتی راستەقینە بوو، کورد وەکو پێکهاتەیەکی سەرەکی و ستەملێکراو لە
مێژووی پەنجا شەست ساڵی رابردووی مێژووی عێراقدا، چاوەروانی هاتنەدی ئامانجە
نەتەوەییەکانی بوو لە رێگای دەستورو خەباتی مەدەنی و پەرڵەمانیەوە، چاوەروانی
ناوبژیوانی دادپەروەرانەی دادگای فیدرالی بوو، پابەندبوون بە دەستور یەکێک بوو لەو
خەون و ئامانجانەی کورد کە هەموو مافە مرۆیی و مێژوویی و نەتەوەییەکانی خستە
سەبەتەی ئەو رێکەوتنەوە کە لەسەر دەستور کرا . بەو ئومێدەی گۆرانکاری جەوهەری لە روانگەو تێڕوانینی دەسەڵاتدارانی نوێی
عیراقدا دروست بوبێت ،و دەستوری عێراقی فیدرالی جێبەجێ بکرێت ،و بەکارهێنانی هێزو
توندو تیژی لە یەکلایی کردنەوەی کیشەکاندا کۆتایی بێت و ئیتر ریزبەندی هاوڵاتیبوون
پلە یەک و دوو نەمێنێ وتەواوی پێکهاتەکانی عێراق هەست بە پەراوێزخستن و نزمی نەکەن.
جەوهەری پرسی کورد لە عێراقدا خاکە، لە ماوەی
سەد ساڵی رابردوودا شەڕی کورد بۆ دیاریکردنی سنور بووە ،و لەبەرامبەریشدا حکومەتە
یەک لە دووای یەکەکانی عێراق هەوڵی بە عەرەبکردنی ناوچە کوردیەکانیانداوە، تا نیوەی
ئەم خاکەیان لە کوردستان دابڕیوە. بۆیە کلیلی چارەسەری کێشەی کورد لە عیراقدا
گێڕانەوەی خاکی ناوچە کوردستانیە دابڕینراوەکانە ، تا لەگەڵ هەرێم یەکەیەکی
کارگێری یەکگرتوو پێکبێنن ،ئیتر ئەو هەرێمە لەژێر هەرناوێکدا بێت ، بەو مانایەی
ناکرێ و نابێ گۆڕانی دێموگرافی گاریگەری لەسەر ناسنامەوخاوەنداریەتی ناوچە
کوردستانیە دابڕێنراوەکان هەبێت، کە بە ئاشکرا کوردیان تێدا دەرکراوەو عەرەبیان
تێدا نیشتەجێکراوە، بە ئامادەکردنی سەدان بەڵگەو دیکۆمێنتی تەعریب بۆ هەر
دادگایەکی دادپەروەرانە تا بریار لەسەر چارەنوسی خاکی زەوتکراوی کورد بدات، بە
ویژدانەوە ناسنامەی مێژوویی ئەم خاکە دیاری بکات..
زیاتر لە سەد ساڵە کورد بەرگری لە خاکەکەی
دەکات، لە ناوەرؤکدا ئامانجی سەرەکی خەباتی گەلی کورد بۆ سەندنەوەی خاک و خۆسەری
بەرێوەبردنی ئەو خاکەیە، نەک بە پێچەوانەوە ، واتە بۆ وەرگرتنی لامەرگەزی یان
حوکمی زاتی یان فیدرالی نیە لە چوارچێوەی سنورێکدا ،یان بۆ دامەزراندنی جۆرێک لە
دەسەڵات نیە لە پنتێکی جوگرافی دیاریکراودا،نیوەی ئەو خاکە نەگرێتەوە کە بە
نیشتمانی میژوویی گەلی کورد ناسراوە .
زۆر هەڵەیە ئەگەر وا بزانین کورد بۆ لامەرکەزی یان حوکمی زاتی یان فیدرالی
خەباتی کردووە بێ ئەوەی دەستنیشانی ئەو سنورە بکەین کە ئەم فۆرمەی خۆبەڕێوەبەری
تێدا پیادە و پراکتیزە دەکات.
ئەو فۆرمەی دەسەڵات کە کورد وەری دەگرێت هیچ
گرنگی و بایەخێکی نیە ئەگەر سنوری قەڵەمڕەوی تەواوی خاکی کوردستان نەگرێتەوە، یان
ئەگەر کورد لەو پنتی دەسەڵاتەوە کار بۆ وەرگرتنەوەی ناوچەکانی دیکە نەکات کە لە
دەرەوەی ئەو دەسەڵاتەن بە هەر پاساو و بیانویەک بێت .
ئەگەر بزانین یان نەزانین ، بە درێژایی میژووی هۆشیاربوونەوەی
سیاسی و خۆرێکخستن و جوڵانەوەو بزوتنەوەی مەدەنی و خەباتی چەکداری کورد بۆ بە
ئازادی بەرێوەبردنی تەواوی خاکی کوردستان بووە، ،شەهیدو قوربانیەکانی بۆ یەکخستنی ئەو
خاکە بووە لە چوارچێوەی کارگێریەکی کوردی دیاریکراودا ئیتر لە ژێر هەر ناوێکدا بێت،
بە دڵنیاییەوە تا ئەو سنورەش وەرنەگرێتەوە کە نیشتمانی مژوویی و شوێنی
نیشتەجێبوونی دێرینی گەلی کوردە هەرگیز گرفتە نەتەوەییەکانی کورد چارەسەر نا بن .
بەڵام لەم رۆژگارەدا رێک بە پێچەوانەیە ، لە
جیاتی سنوری دەسەڵاتی هەڕیم لە رێگای یاسایی و دەستوری و دادگای فیدراڵی و خەباتی
مەدەنیەوە رۆژ لە دووای رۆژ فراوانتر ببێت و ناوچە کوردستانیە دابڕینراوەکان وردە
وردە سیماو روخساری کلتوری نەتەوەیی کوردیان تێدا زیندوو بێتەوەو گەشەبکات ، بە
داخەوە رۆژ لە دووای رۆژ سنوری دەسەڵاتی هەرێم بەرتەسکترو کورد لاوازترو شاڵاوی
تەعریب فروانتر دەبێت، چەوساندنەوەی کورد زیاتر دەبێت ..
کێشەی جەوهەری کورد کە خاکە زەقتر دەبێتەوەو بە
ئاشکرا هەوڵی داگیرکردن و تەعریبی خاکی کوردستان دەدرێت، بە بیانوی نەبوونی
گرێبەستی کشتوکاڵی و دروستکردنی سەربازگەو
نزیک لە کۆمپانیای نەوت و دەیان پاساوی دیکەوە ،ئێستا هەشتا هەزار دۆنم زەوی
جوتیارانی کورد لە پارێزگای کەرکوک لە لێواری زەوتکردن و تەعریبە، زیاتر لە هەشت
سەد هەزار دۆنمی دیکەش لە بەرنامەیە و چاوەروانی یەکلایی کردنەوەی ئەو هەشتا هەزار
دۆنمەیە کە بە دڵنیاییەوە دووای کۆتاییهاتن و دەستبەسەردا گرتنی ئەو هەشتا هەزارە
لە هەنگاوێکی دیکەدا پرسی هەشت سەد هەزار دۆنمی دیکە دێتە ئاراوە کە بە بریاری بە
ناو ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆرش لە حەفتاکان و هەشتاکاندا لە جوتیارانی کورد
سەندراوەتەوەو بە ناو وەزارەتەکانی بەرگری و دارایی و ئەوقاف و ناوخۆوەو
تۆمارکراون .
ئەمە تەعریبی بە بەرنامەیە ، جگە لەم هەشت سەد
هەزار دۆنم زەویەی پارێزگای کەرکوک کە لە ماوەیەکی نزیکدا ، دووای بریاری دادگای
فیدرالی بۆ یەکلایی کردنەوەی چارەنوسی چل
هەزار دۆنم زەوی لە قەزای دوبزو نزیکەی چل هەزار دۆنمی دیکە لە گوندی تۆبزاوە،
هەنگاوەکانی داگیرکردنی دەست پێ دەکات، بە
دڵنیاییەوە هەڵمەتی تەعریبی کوردستان لەو سنورە ناوەستێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا
ئەو سنورەش دەگرێتەوە کە بە سنوری دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ناسروە، چونکە هەروەکو
کورد دەلێ (تاریکی شەو سەر لە ئێوارە دیارە)، نیشانەکانی بەردەوامی تەعریبیش بە
تەوای بەم دەسەڵاتەوە دیارە، بە بەڵگەی ئەوەی هێشتا داگای فیدرالی بریاری یەکلایی
کەرەوەی نەداوە، کە بریار بوو مانگی رابردوو لە ٢٤ی چوار بریارەکە بدات ،بەڵام بە
هۆی نادیار دوواخرا، لەگەڵ چاوەروانی بریارەکەدا ئێستا سەرەتاکانی رێگا خۆشکردن بۆ
دەستبەسەرداگرتنی زەوی جوتیارانی شوان و ساڵەیی و باکورو رۆژهەڵاتی کەرکوک دەستی
پێکردووە، سوپا رێگری لە جوتیاران دەکات بۆ دروێنەی دەغڵ و دانەکانیان تا بە
لایەنی کەمەوە ساڵیکی دیکە بە ئاسانی نەتوانن زەویەکانیان تۆو بکەن، کە دووای
هەشتا هەزار دۆنمەکەی تۆبزاوەو دوبز سرەی هەشت سەد هەزار دۆنمی دیکە و فراوانکردنی
سنوری تەعریبە لە پارێزگای کەرکوکدا...
دووای گۆرانکاریەکانی ٢٠٠٣ و بونیادنانی حکومەتی
شەراکەتی راستەقینە لە عیراق و رێکەوتن لەسەر سڕینەوەی ئاسەوارەکانی تەعریب و
قەرەبوکردنەوەی زیان و مەینەتیەکانی ئەو چین و توێژو نەتەوەو مەزهەب و گروپانەی
بەر شاڵاوی جینۆسایدو دەرکردن و قڕکردن و سرینەوە هاتبوون لە سەردەمی دەسەڵاتی
پیشوودا، هەموو پێکهاتەکانی عێراق، بە تایبەتی کورد چاوەروانی قەرەبوو و
ئاوەدانکردنەوەو بەرنامەی پەرەپێدان و گەشەپێدانی ناوچەکانی بوو، چاوەروانی
هەڵگرتنی ئەو ستەم و ماڵوێرانیە بوو لە دەسەڵاتدارانی عێراقیی نوێی دووای ٢٠٠٣ کە
زیاتر لە چل ساڵ بوو بە دەستیەوە دەیناڵاند ، لە پەراوێزخستن و دەرکردن و راگواستن
و داگیرکردنی زەویوزارو رەزو باغ و هۆکارەکانی بژێویان، بە تایبەت چاوەروانی
لادێنشینانی کورد لە دادگای فیدراڵی زۆر لەوە زیاتربوو کە ئەمرؤ تا ئەو ئاستە
بریاری وەرگرتنەوەی زەوی جوتیاران دووا بخرێت، سەرەڕای لە بەردەستدابوونی دەیان بەڵگەی روون و ئاشکرا لەسەر داگیرکردنی
زەویوزاری جوتیارانی کوردو دابەشکردنی
بەسەر خیلە مەڕدارەکانی عەرەبدا کە لە
بیابانی رۆژئاواو سنوری عێراق و سوریاوە بۆ تەعریبی ناوچەکە هێنرابوون !!
جوتیارانی کورد هەقی خۆیانە بزانن ئایا دادگای
فیدرالی لە بریارەکانیدا پشت بە چ بەڵگەنامەو دیکۆمێنتێک دەبەستێت؟ ئایا هیچ
دادوەرێکی بەویژدان گومانی لەوە هەیە پەڵکانەو گابەرەکەو تۆبزاوە و...هتد یەکێکن
لە دەفەرە کوردنشینە دێرینەکانی پارێزگای کەرکوک؟ بۆ سەیری لیستی تاپۆی زەویە
کشتوکاڵیەکانی سەردەمی پادشایەتی ١٩٣٢ ناکەن؟ ئایا گومانتان لەوە هەیە کە زۆر
کۆنتر لەو مێژووە، سەدان ساڵە جوتیارانی کورد لەم گوندانە بە کاری کشتوکاڵیەوە
خەریکن و لە هەشتاکان لە پرۆسەی تەعریبی کوردستاندا خەڵکەکەی راگوێزراون و
زەویەکانیان بۆ مەبەستی گۆڕینی دێموگرافی ناوچەکە بەکارهاتوە؟؟ ئایا لە بریاری پێدانەوەی زەویەکانیان پێویست بە
دوواخستن و پێداچوونەوەو تێهەڵچونەوە دەکات؟؟