129وتار

ریشە مێژووییەکانی پەیوەندی کوردو تورکمان:

1/16/2024 12:58:00 PM
د. محەمەد شوانی

سەرەتاکانی نیشتەجێبوونی  خێڵە تورکمانەکان لە عێراق کۆنە، هەندێک بۆ سەرەتاکانی فتوحاتی ئیسلامی و هەندێک بۆ کۆتاییەکانی دەسەڵاتی عەباسی و هەندێک بۆ سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی دەیگەڕێننەوە، هەرچۆنێک بێت ، کوردو تورکمان لەم ناوچەیەدا مێژوویەکی دوورودرێژی پێکەوە ژیانیان هەیە، لە هەموو ئەو ناوچانەی کورد بەرەنگاری توانەوەی کردبێت ، تورکمانیش دەستی بە کلتورو خەسڵەتە نەتەوەییەکانی خۆیەوە گرتوەو ماوەتەوە ، لە هەموو ئەو ناوچانەش کە کورد بەرەنگاری بۆ نەکرا بێت ،لە ئەنجامدا تورکمانیش نەماوە.

 

لە کۆتایی دەسەڵاتی عوسمانیدا کلتوری کوردی وتورکمانی لە بەغدا و کوت و (دەڵتاوە=خاڵص) و (دەلی عەباس = منصوریە) (قزڵرەبات =سعدیە) و کەنعان و سلێمان بەگ و ئامرلی و قەرەتەپە و (خورماتو) کەرکوک و پردێ و هەولێر و موسڵ و ئاوەدانیەکانی ئەم سنورە کلتوری دیارو تەنیا کلتوری پێکەوە ژیانی کوردو تورکمان زاڵ بوو ، بەڵام بە داخەوە ئیستا ئەو پێکەوە ژیان و تێکەڵیە کلتوریە پاشەکشەی کردووە  لە بەشیکی زۆری ئەو ناوچانەدا و سیمای کلتوری کوردو تورکمان تەنیا لە کەرکوک و بەرەو باکور بەدی دەکرێت. 

 

بە پیی هەندێک لەسەر چاوەکان ، بەلایەنى كەمەوە پێنج سەدە تێپەڕیوە بەسەر سەرەتاكانى نیشتەجێبوونى توركمان لە كەركوكدا، بە درێژایی ئەو مێژووە هەمیشە لەسەر شانۆى رووداوەكان و لەژێر كاریگەرى دەسەلآتى عوسمانیدا رۆڵى بەرچاویان هەبووە لە بزووتنەوە رۆشنبیرى و كلتورییەكانى شارەكەدا. تا لە سەرەتاى سەدەى بیستەمدا پێکهاتەی کلتوری لە پارێزگاکەدا گەیشتە ئاستێك ،کە كۆمەڵگاى شارنشینى لە كەركوك و كۆمەڵگاى لادێى كەنارەكانى شار ،بریتیى بوون لە دوو جیهانى لەیەك جیاواز لەڕووى كلتورى و كۆمەلآیەتى و ئابووریشەوە ، بەلآم شەڕى جیهانى یەكەم بەڕاستى كارەساتێكى جەرگبڕبوو بۆ سوڵتانەكانى عوسمانى و كرانەوەى دەروازەیەكیش بوو بۆ گەلانى ناوچەكە ،و ئاڵوگۆڕێكى ئابوورى و كۆمەلآیەتى و دیموگرافیش لەو گۆڕانە سیاسیەوە كەوتەوە ،كە لە ویلایەتەكانى عوسمانیدا روویاندا ، بەتایبەت لە ویلایەتى موسڵ، شێوازى ژیان و بیركردنەوە و ریزبەندى دەسەلآتى نەتەوەیى بە زیانى تورك و بە قازانجی عەرەب گۆڕى.

 

بە دروستكردنى عێراق لە زۆرینەى عەرەب و لكاندنى ویلایەتى موسڵیش بەو دەوڵەتە تازەوە ماناى پاشەكشەكردنى كلتور و زمان و رێوڕەسمە باوەكانى تورك بوو، كە ماوەى چوارسەد ساڵێك بوو لە ناوچەكە كاریان پێدەكرا، لەبەردەم كلتور و زمانى عەرەبیدا ،هەرچەندە ئەمیش بەهۆى ئایینەوە پێشینەیەكى لەم هەرێمەدا هەبوو بەلآم لە فۆرمى فەرمى و بەكارهێنانى ئیجباریدا بۆ خەڵكى ناوچەكە رووداوێكى نوێبوو. پایەى هەڵگرانى كلتورى توركى لە ریزبەندیەكەدا ژێر و ژوور كرد، بۆیە لەو رۆژگارەوە سەرەتاى شێوازێكى نوێ لە پەیوەندییە كۆمەلآیەتییەكانى نێوان كورد و توركمان دەستى پێكرد و رۆژ بەڕۆژ پتەوترو بەهێزتر بووە، دوژمنانی هەردوو نەتەوەکەش هەمیشە هەوڵیان داوە كەلێنێك بدۆزنەوە و لە گرنگى ئەو پەیوەندیانە كەم بكەنەوە.

 

كورد و توركمان دوو نەتەوەى دێرینى شارى كەركوكن، مێژوویەكى دوور و درێژى پێكەوە ژیانیان لەم شارەدا هەیە، لە خۆشى و ناخۆشیەكاندا هاوبەش و هاوكارى یەكتربوونە و كارەساتەكانى سەر كەركوكیش هەردوو لایانى گرتووتەوە ،با بەڕێژەى جیاوازیش بووبێت.

 

دواى پرۆسەكانى ئازادى لە عێراقدا لە نیسانى 2003 عێراق بە گشتى و كەركوك بەتایبەت لە دەروازەى گۆڕانێكى ریشەیى و بنەڕەتیدان، خەڵكى كەركوك بە هەموو كەمینە نەتەوەیى و ئاینى و مەزهەبیەكانەوە لەسەر ئەو نەزم و ریتمە نوێیە رانەهاتوون و لەلایەكى تریش هەندێك دەستى دەرەكى یارمەتى ئاسایى كردنەوە و سەقامگیرى ناوچەكە نادەن، بۆیە لەم ساتە وەختەدا گەڕان بەشوێن خاڵە بەهێزەكانى پەیوەندى نێوان گەلانى كەركوكدا پێویستییەكى قۆناغەكەیە ،هەتا بەرنامەڕێژى ئایندەی شارەکە لەسەر بنەماى مێژوویى پێكەوە ژیان دامەزرێت ، بونیادنانی ئایندە لە بەر رۆشنایی ئەو پەیوەندیە میژووییە تەندروست و پر لە تەباییە بێت. 

 

کوردو تورکمان لە مێژوویەکی زۆر کۆنەوە پێکەوە ژیاون ،خاکی هاوبەش و بەرژەوەندی ئابوری هاوبەش و ئاینی هاوبەش و کۆمەڵێک رەگەزی کلتوری ودابونەریتی هاوبەش پێکەوە گرێییداون، بەر لە سیاسەتى بەعەرەبكردن و تێكدانى پەیوەندییەكانی نیوان کوردو تورکمان و ڕاگواستنى هەردوو نەتەوە ، لەسەر زەمینەى ژیانى كۆمەلآیەتى و كارگێرى و بەرێوەبردندا هیچ گرفتێك نەبووە، بە پیچەوانەوە زۆر شارستانیانە مامەلەیان کردووە، بۆ نمونە لە دووای دروستبوونی عێراق و لە چوار خولی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە نێوان ١٩٢١ تا ١٩٣٦ بە هاوبەشی کوردو تورکمان نوێنەرایەتی خەڵکی کەرکوکیان کردووە.. 

 

نەک هەر ئەو ماوە مێژووییە ، بەڵکو دەتوانین بڵیین بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتی عوسمانی و سەردەمی پادشایەتیش لە عێراقدا، تەنیا  گرفتێک لە نێوان کوردو تورکماندا نەبووە، بە پیچەوانەوە  لەسەر بنەماى خۆشەویستى و هاوسێیەتى و هاوڕێیەتى و كارو شەراکەتی بازرگانی و هاوكارى و ژنوژنخوازى پەیوەندیەكانیان دامەزراندوە ، بە سەدان خێزانی دوو ڕەگ لە کوردو تورکمان پێکهاتووە.

 

لە سەردەمی عوسمانیدا ئەگەرچی تەواوی کاربەدەستان تورکیزان و هەڵگری کلتوری عوسمانی بوون بەڵام نەخشەی کارگیری و دابەشبوونی دانیشتوان مۆرک و نیشانەی کوردبوون و کوردستانیبوونی ویلایەتی موسڵ بەشێکی زۆری ویلایەتی بەغداشەوە دیاربوون بۆ نمونە ،ویلایه‌تی موسڵ له‌ سێ سه‌نجه‌ق پێكهاتبوو (سه‌نجه‌قی كه‌ركوك و سه‌نجه‌قی سلێمانی و سه‌نجه‌قی ناوه‌ند)، ئه‌مانیش هه‌ر یه‌كه‌و چه‌ندین قه‌زای هه‌بوو  هەموویان کوردبوون ، کە بریتی بوون لەمانە:

سه‌نجه‌قی ناوه‌ند شه‌ش قه‌زای هه‌بوو بریتی بوون له‌ (قه‌زای ناوه‌ند، دهۆك، ئامێدی، زاخۆ، شه‌نگال، ئاكرێ)،تا رووخانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و پێكهاتنی ده‌وڵه‌تی عێراقی له‌ بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا یه‌ك قه‌زای عه‌ره‌بی له‌ لیوای موسڵدا نه‌بوو ، لە زۆربەیاندا کلتوری تورکمانی لە پاڵ کلتوری کوردیدا بەرجەستەو دیار بوو 

 

سه‌نجه‌قی كه‌ركوكیش شه‌ش قه‌زای هه‌بوو (قه‌زای ناوه‌ند ،قه‌زای هه‌ولێر" قه‌زای رانیه‌، قه‌زای ره‌واندو‌ز، قه‌زای كۆیه‌ ، قه‌زای كفری)،به‌ هه‌مان ‌شێوه‌، جگە لە کلتوری کوردی و تورکمانی  یه‌ك ئاوه‌دانی عه‌ره‌بی لێ نه‌بوو كاریگه‌ریان هه‌بێت له‌سه‌ر كلتوری سه‌نجه‌قه‌كه‌ ، بۆیە لە کەرکوک و موسڵیش کوردو تورکمان پیکەوە دەژیان و هیچ سەرچاوەیەکی مێژوویی نیە ئاماژە بە ناکۆکی و گرژی پەیوەندی نێوان ئەم دوو نەتەوەیە بکات ، ئەوەی هەیانبووە لە ناکۆکی لەگەڵ دەسەڵات بووە..

 

سه‌نجه‌قی سلێمانی پێنج قه‌زای هه‌بوو(قه‌زای ناوه‌ند، قه‌زای بازیان ، قه‌زای هه‌ڵه‌بجه‌، قه‌زای شاره‌زور ، قه‌زای مه‌رگه‌) ( له‌ هیچ سه‌نجه‌قێك له‌ سه‌نجه‌قه‌كانی ویلایه‌تی موسڵدا كلتورو رۆشنبیری و پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی رۆڵ و كاریگه‌ری نه‌بوو تا دووای دروستكردتی ده‌وڵه‌تی عێراقی.
لە ویلایه‌تی به‌غداش کوردو تورکمان لە بەشێکی زۆری سەنجق و قەزاکانی ویلایەتەکەدا رۆڵ و کاریگەریان هەبوو، کلتوری کوردی و تورکمانی لە پاڵ کلتوری عەرەبیدا یەکێک بوون لە سیما کلتوریەکانی ناوچەکە ، هیشتا تەعریب هەردوو کلتورەکەی لە بۆتەی خۆیدا نەتواندبوەوە ، بۆ نمونە ویلایەتی بەغدا  له‌ سێ سه‌نجه‌ق پێكهاتبوو ، بریتی بوون له‌ سەنجەقەکانی (دیوانیه‌ و كه‌ربه‌لاو سه‌نجه‌قی ناوه‌ند)هه‌ر یه‌كه‌یان چه‌ندین قه‌زایان هه‌بوو بۆ نمونه‌ سه‌نجه‌قی ناوه‌ند یان‌ مه‌ركه‌زی به‌غدا)‌ نزیكه‌ی (10)قه‌زای هه‌بوو وه‌كو (قه‌زای مه‌ر‌كه‌ز، عه‌زیزیه‌، عانه‌، رومادی، سامه‌را، كازمیه‌، كوت، خانه‌قین ،باقوبه‌، مه‌نده‌لی) ،ئه‌و كاته‌ لە زۆربەی ئەم قەزایانەدا کلتوری کوردی و تورکمانی زاڵ بو ، تا ئیستاش بە هەندێکیانەوە دیارە ، جگه‌ له‌ خانه‌قین و مه‌نده‌لی كه‌ كورد بوون له‌ قه‌زاكانی مه‌ركه‌زو كوت و باقوبه‌ و سامه‌راش تێكه‌له‌ی كلتوری كوردی و تورکمانی هەبوون ، یه‌ك كلتوری عەرەبی زاڵ نه‌بوو.

 

كه‌ ده‌وڵه‌تی عیراقی دروست كرا .سه‌ره‌تا به‌ هێمنی و شێنه‌یی و به‌ به‌رنامه‌یه‌كی عیراقیانه‌ی ناسیونالیستی عه‌ره‌بیه‌وه‌ ده‌ستی دایه‌ سڕینه‌وه‌ی سیما کلتوریەکانی کوردو تورکمان لە هەموو ئەو قەزایانەدا ، شارستانیه‌ت و كلتوری مادی و مه‌عنه‌وی ناوچه‌ تێكه‌ڵه‌كان کەوتنە بەر هەڵمەتی سڕینەوەو و سه‌پاندنی زمان و بوژاندنه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی له‌و ناوچانه‌دا ،بۆیه‌ له‌ قۆناغه‌كانی دوواتر زۆربه‌ی كه‌سایه‌تیه‌ ره‌گه‌زپه‌رسته‌ توندڕه‌وه‌كانی عه‌ره‌ب له‌م ناوچانه‌دا دروستبوون، وه‌كو موسڵ و تكریت و ده‌ڵتاوه‌(خاڵص) و دیاله‌ ، كه‌ تا چله‌كانیش خاڵی ته‌ماس و به‌یه‌ك گه‌یشتن وناوچه‌ی  رووبه‌رووبوونه‌وه‌و رووبه‌ری پێكه‌وه‌ ژیانی كوردو تورکمان بوون لەگەڵ کەمینەیەکی عه‌ره‌بدا.

 

ده‌وڵه‌تی عیراقی به‌ به‌رنامه‌ و له‌ رێگای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ندێك یه‌كه‌ی كارگێڕی و دروستكردنی یه‌كه‌ی كارگێڕیتر،ورده‌ ورده‌ رۆژهەڵاتی بەغدا و لیواكانی دیاله‌و موسڵی  ته‌عریب كرد،

 

بۆ نمونە لە ساڵی ١٩٦٩دا بڕیاری بە پارێزگا کردنی دهۆکی دەرکرد ، بە لکاندنی قەزا کوردیەکان بەو پارێزگایەوە هەژموونی کلتوری کوردی لە سەر موسڵ کەمکردەوە ، لە لایەکی دیکەوە بە هێنانی عەرەب و نیشتەجێکردنیان لە ناو شاری موسڵ و دەوروبەری وگەورەکردنی گوندو ناحیە عەرەب نشینەکان، تا رادەیەکی زۆر کلتوری کوردی و تورکمانی لە پارێزگاکە سڕیەوە.

 

لە کەرکوکیش بە هەمان شێوە ، بەرنامەی گۆرانکاریی نەخشەی کارگیڕی و دوورخستنەوەی کوردو تورکمان و هێنانی عەرەب و نیشتەجێکردنیان پیادەکرد ، بەڵام شۆرش و خەباتی کوردو بەرەنگاری ئەو سیاسەتە لە شەستەکان و کاریگەری بەیانی یازدەی ئازاری ١٩٧٠ و دوواتر بەهێزبوونی خەباتی چەکداری هەشتاکان و ئازادکردنی کەرکوک لە ساڵی ١٩٩١ و گۆرانکاریەکانی دووای ٢٠٠٣ هەموو ئەمانە وایانکرد ، کوردو تورکمان لە کەرکوکدا هەمان چارەنوسی موسڵیان نەبێت .. 

 

بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵیین ،بە درێژایی مێژووی پێکەوە ژیانی کوردو تورکمان لە عێراق بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەت ،تا رادەیەکی ئەم دوو نەتەوەیە زۆر ژیانیان لە یەک چووە و خۆشی و ناخۆشیەکانیان زۆر نزیک بووە لە یەکتریەوە .  

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن