658وتار

هەنگاوەكانی دوای دەرچوونی یاسای چاكسازی

2/1/2020 9:21:00 PM
چۆمان محەمەد

یاسای چاکسازی شەقامی هەرێمی كوردستانی دابەشی دوو بۆچوون كرد، ڕایەكیان پێیان وابوو كە ئەمە دەستێكی گۆڕانكاری و قۆناغی چاكسازییە، بۆ یەكەمجارە پەرلەمانی كوردستان، دەست ببات بۆ كەمكردنەوەی خانەنشینی پلە باڵاكان بە خانەنشینی پەرلەمانتارانیشەوە، وە چەند مادەو بڕگەیەكی تێدایە گەر جێبەجێ بكرێت سودی دەبێت، بۆ كەمكردنەوەی بارگرانی دارایی بۆ كۆی گشتی، ڕای دووەم لەسەر یاساكە بە ئەندازەیەك ڕەخنەی دەگرت وە پڕۆژەكەیان بە خۆڵ كردنە چاو خەڵك و وە بەلاڕێدانی چاكسازی ڕاستەقینە ناوزەند دەكرد، پێیان وابوو پڕۆژەكە نەیتوانیوە خانەنشینی باڵا نەهێڵێت و باسی موچەی پاشەكەوت كراویان نەكردووەو گەندەڵیەكانی گومرگ و چەند پرسێكی تری گرنگیان فەرامۆش كردووە، 
لەنێوان ئەم دوو ڕایەدا دەكرێت خوێندنەوەیەكی واقیعی بۆ ئەم یاسایە بكرێت، كە دەستێكی قۆناغی چاكسازی بووە، ناكرێت پلەی چاكسازیەكە زۆر گەورە بكرێت چونكە ئەم یاسایە لە شێوەی ڕێکخستنەوەی خانەنشینی‌و چەند پرسێكی تردا خۆی دەبینێتەوە، بەڵام بێهودەكردن و بەكەم سەیركردنی هەنگاوێكی لەم چەشنە، نادادییەو ستەمی تێدایەو مەرامی تری لەپشتەوەیە، چونكە چاكسازی ناكرێت تەنها لە یاسایەك و دۆخێكدا كورت بكەینەوە، بەپێچەوانەوە چاكسازی بابەتێكی ڕێژەییەو هەنگاو بە هەنگاو دێتە بوون، جێبەجێكردنی یاساكە دەستەبەری بەگژاچوونەوەی گەندەڵی‌و چاكسازیەو گرنگە كاری جدی بكرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەم یاسایە، پاشان پێویستە ئەم پرۆسەیە چاكسازی بەردەوامی هەبێت، بە كۆمەڵێك بوارو ئاڕاستەی جیاوازو ئەو بیرۆكەیە برەو پێبدرێت و بێتە دروشمێكی گەورە، دروشمێك هەرێمی كوردستان لە قۆناغی كۆتایی لێواری داڕمان و لێكترازان و نەگبەتی و گەندەڵی سەرجەم سێكتەرەكاندایە، گەر دۆخەكە وابڕوات هیچ چارەیەك نامێنێت و واقیعەكە لەژێر كۆنترۆڵ دەردەچێت، ژیانی مرۆڤ، سەروەری یاساو بەهای كۆمەڵایەتی و شیرازەی كۆمەڵگە لە مەترسی لەناوچووندایە.

چاكسازی و بواری نەوت
پرسی نەوت بەشێكی ناڕوون و ناشەفافەو نازانرێت داهاتەكەی بە چ میكانیزم بۆ كێ دەبێت، نەوت لە كوردستان بۆتە میحنەت‌و ناخۆشی، هاوڵاتیانی هیچ كات سودمەند نەبوون، حكومەت و دەسەڵاتداران زۆر بە نهێنی ئەم بابەتەیان هێشتۆتەوە، بۆیە گرنگە قۆناغی چاكسازی لە پێشینەدا ئەم بوارە بگرێتەوە، هەرچی زووە كاربكرێت بۆ دانانی سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتیەكان و دروستكردنی ئەو دەستەیە، بۆ ئەوەی بزانرێت پارەی نەوت چی لێ دێت و بكرێتە ناو ئەو دەستەیە كە ئەمەش هەنگاوێكی باش ئەمانبات بەرەو شەفافكردنی كەرتی نەوت و ئاگاداری گرێبەستەكان دەبێت.

چاكسازی و یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ بواری چاكسازی!!! 
یەكێك لە بنەماكانی ڕێكەوتنی نێوان پارتی‌و گۆڕان بۆ بەشداری لە حكومەت ئەنجامدانی چاكسازی و دروستكردنی یاریدەدەرێتی سەرۆكی حكومەت بوو بۆ كاروباری چاكسازی، بەڵام بەداخەوە تائێستا هیچ هەنگاوێك نەنراوە بۆ ئەوەی یاسایەكی بۆ دەرچوێنرێت، كە یەكێك لەو رەخنانەی كە ئاراستەی پڕۆژەی چاكسازی كرا دەبوو لە یاساكەدا باسی ئەم بابەتە بكرایە دەسەڵات و ئەركەكانی دیاریبكرایە، خۆگێل كردن و خۆ دوورخستنەوە لەم پرسە ڕێكەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی لاواز دەكات و ئەنجامدانی چاكسازی ڕاستەقینە هێواشترو لاوازتر دەكات.

چاكسازی و خانەنشینی 
سەرجەم چین و توێژەكان
هەرچەندە ناونیشانی یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و موچە چەند پرسێكی تری لەخۆگرتووە، بەڵام لە ناوەڕۆكدا خانەنشینی پلە باڵاكان تەركیزی خراوەتەسەرو گرنگی پێدراوە، باسی چین و توێژەكانی تر نەكراوە هیچ بنەماو پێوەرو پارە دیاری نەكراوە كە چۆن و كەی خانەنشین دەبن و دەیانگرێتەوە، چونكە ئاشكرایە نایەكسانی و نادادپەروەری یەكجار گەورە هەیە لە خانەنشینی فەرمانبەران و چین و توێژەكان، پێویستە یەك یاسا وەك یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراقی خانەنشینی فەرمانبەران لەخۆبگرێت، داوادەكەین پەرلەمانتاران فشار بكەن لە حكومەت و خودی هۆشیاری ڕۆتینات هەبێت لە كارپێكردنی نوێ دەرچوێنن.

چاكسازی قاچاخچێتی 
مەرزەكان و دەروازە سنوریەكان!!!
ئێستا لە كوردستان مەرزەكان و دەروازە سنوریەكان بە رۆژی ڕووناك و بەبێ حساب كردن بۆ پرسی گومرگ و چاودێری و كوالێتی كۆنترۆڵ هێزی چەكدار، هێلكەو دوگ و جگەرەو مەشروب دێتە كوردستان، بەبێ ئەوەی بزانن شیاوە بۆ بەكارهێنان، هیچ بڕە پارەیەكی گومرگ بدرێت، كە ئەمە زیانە بۆ داهاتی وڵات و زیانە بۆ تەندروستی تاك بەتاكی كۆمەڵگەمان كە ئەمە پێویستی بە هەنگاوی بەپەلەو جدی هەیە حكومەت بێتە خەت و پەرلەمانتاران بەوردی چاودێری ئەم سێكتەرانە بكەن، لەڕابردوودا لە دەروازە سنوریەكان بە ناڕوونی و پارە نەئەچووە حسابی حكومەت، ئێستا قاچاخچێتی بە ئاشكرا دەكرێت.

چاكسازی و باج و رسومات
دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان بە چەشنێكە بەس هەڵمژینی هەوا ماوە باجی لەسەر دابنێت، زیادكردنی باج لە كابینەی ڕابردووی نێچیرڤان بارزانی، بە نایاسایی و بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان هەستا بە زیادكردنی باج و رسومات لەسەر زۆربەی زۆری چالاكیە بازرگانیە جۆراوجۆرەكان، لە سادەترین بابەت كە هەڵواسینی تابلۆیە بۆ زیادكردنی كرێی هاتوچۆو ژینگەو ساڵانەی ئۆتۆمبێل و غەرامەی مروری و باجی كۆمپانیاكان، كە بە نایەكسانی و نادادپەروەری و بوونی هیچ پێوەرێك سەپێنراوە، ئەمەش وایكردووە جوڵەی بازاڕو چالاكی بازرگانی بەرەو پوكانەوە بڕوات‌و هاندانی هاوڵاتیان و تاك نەمێنێت بۆ بە خاوەنبوونی پرۆژەی بازرگانی، كە پێویستە پەرلەمانتاران فشاری جدی بكەن و رۆڵی چاودێری بگێڕن لەسەر حكومەت، تاوەكو ناچار بكرێت بە رێكخستنەوەو چاوپیاخشانەوە بە باج و رسومات‌و دانانی بنەماو پێوەری گونجاو لە خزمەت فراوانكردن و بوژانەوەی بازاڕدا بێت، ناكرێت ئەم بابەتەش فەرامۆش بكرێت.

چاكسازی و داهاتەكان:
داهاتە جۆراوجۆرەكان لە كوردستاندا بە نەوت و سەرچاوە سروشتیەكان و داهاتی ناوخۆو باج و رسوماتی هاوڵاتیان، كە دەبنە پێكهێنانی داهاتی هەرێمی كوردستان، تەواو ناشەفاف و ناڕوونن، نازانرێت ژمارەی راستەقینەیان چەندەو بۆ كوێ دەچێت و چی لێ دێت، ئەمەش دەروازەیە بۆ گەندەڵی و بەهەدەردانی پارەی وڵات، پێویستە بۆ ئەم بابەتەش پرۆژەیاسا ئامادەبكرێت.

چاكسازی و یاسای بودجە:
بۆ ماوەی حەوت ساڵە هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی نیە، حكومەت یاسای بودجەی نەناردۆتە پەرلەمان، پەرلەمانی كوردستانیش بێدەنگ و بێ هەڵوێستن، هەرچەندە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ئەوە جێگیر كراوەو حكومەت پابەند كراوە كە مانگی 11ی هەموو ساڵێك پرۆژە یاسای بودجە بنێرنە پەرلەمان، نەناردن‌و دەرنەچواندنی یاسای بودجە درێژەدان‌و بەردەوامیدانە بە سیاسەتی تاڵانكاری‌و بەهەدەردانی پارەی وڵات بێ چاودێری و ناعەدالەتی جوگرافی، كە دەرهەق بە شارەكان دەكرێت، بۆیە ئەركی پەرلەمانتاران و لایەنە سیاسیەكانە بە جدی كار لەسەر ئەم بابەتەش بكەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن