تێروانینی دەستوری و سیاسی سەبارت بە هەرێمبونی پارێزگای سلێمانی
9/10/2020 2:59:00 PM
چۆمان محەمەد
روانگەی دەستوری:
لە راستیدا دوو ئاراستە ی جیاواز بۆ بابەتی پێكهێنانی هەرێمی تازە لە نێوپارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هەیە بەمشێوەیە:
ئاراستەی یەكەم: پێیان وایە، هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوری عێراقی قەوارەیەکی دەستوری و یاساییەو لە مادەی 117 برگەی یەکەمدا وەک ھەرێمێکی فێدرال چەسپیوە و جێگیر كراوە و دانی ناوە بە سنور و دەسەڵاتەكانی، ناكرێت ئەم هەرێمە پاریزگایەكی لێیجیاببیتەوە وەك هەرێمێكی سەربەخۆ، بۆیە وا بانگەشە دەكەن پێویستە سەرەتا هەمواری دەستوری عێراق بكریت پاشان بیر لە هەنگاوێكی وابكرێتەوە، كە ئەمەش تارادەیەكی زۆر ئەستەمە، ئەم رایە رێگری دەستوری دەبینن بۆ بە هەرێمبونی پارێزگای سلێمانی.
ئاراستەی دووەم: پێیان وایە، دەستوری عێراق رێگەی بەوە داوە بەپێی مادەی 117 بڕگەی دوەمدا دانی ناو بەو هەرێمانەی تازە دروست دەبن، وەبەپێی ئەحکامەکانی ماددەی 119 زۆر بە رەهای (مطلق) رێگەی داوە و مافی بەخشیوە بە هەر پارێزگایەك یاخود زیاتر هەرێمی تازە پێك بهێنیت بەیەكێك لەم دوو رێگەیە:
رێگای یەکەم: داواکاری دولەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای ئەو پارێزگایەی دەیەوێت ھەرێم دروست بکات.
رێگەی دووەم: داواکاری دە لەسەدی دەنگدەرانی ئەو پارێزگایەی دەیەوێت ھەرێم دروست بکات.
کە دەبێت لەھەردو بارەکەدا راپرسی بۆ بەھەرێمبونی پارێزگاکان لەناو دانیشتوانی پارێزگاکانی داواکاری بەھەرێم بون بکرێت، پاشان لە یاسای پێكهێنانی هەرێمەكانی عیراق ژمارە 13سالی 2008 رێكارورێوشوێنی تەواوەتی داناوە بۆ ئەم بابەتە، سەربای ئەوەی یاسای ناوبراو دیسان جیاكاری نەكردوە لە نێوان پارێزكانی هەرێم و خواروو ناوەراستی عێراق، بۆیە بە تێروانینی خاكینە و یاسایانەی ئێمە هەر پارێزگایەكی هەرێم دەتوانێت هەنگاو بۆ پێكهینانی هەرێم بنێت و رێگری دەستوری نیە، چونکە گەر رێگری هەبێت پێویستە بە دەقی دەستوری بنوسرێت، بەهۆكاری ئەوەی ئەمە بێبەشكردنی هاولاتیانە لە مومارەسەكردنی مافی سیاسی و دروستكردنی هەریمی سەربەخۆ.
تێروانینی سیاسی:
بابەتی بەهەرێمبونی دەڤەری سلیمانی و هەڵەبجە و راپەرین و گەرمیان كە كۆمەلێك رۆشنبیر لەم هەفتەیەدا بڵاویان كردۆتەوە و كەمپینی بۆ دەكەن و پرۆژەیان بۆ ئامادە كردوە، بەهەرێمبونی سلێمانی تازە و نامۆ نیە, داخوازی و داواكاری ئامانجی رابردوی خەلك وبەشێك لە لایەنە سیاسیەكان بوە، چونکە واسەیردەكرێت میكانیزم و دەرەچەیەكە بۆ دەربازبون لەو نادادپەروەری و ستەمەی پارتی و پایتەخت دەرهەق بەم شارەی دەكات لەروی ئاوەدانی و ئابوری و وەبەرهێنان و پرۆژەی ستراتیژی و سیاسی و رۆشنبیری، چونکە زۆربەی كایەكان لە پایتەختدا قۆرخكراوە، سەرەرای ئەوەی هێزی بریاربەدەستی زۆنی سلیمانی كە یەكێتی بوە نائیداری و گەندەڵ و دڵسۆز نەبون لە بەرەوپێشچونی ئەم سنورەرو باوەریشیان بە خزمەتی راستەقینەی ئەم ناوچەیە نیە، پاشان لەروی شایستەی داراییەوە بەپێی دەستور بودجەی دیاریكراویان پێدەدریت بۆ بەرێوەبردنی هەرێمەكە بەپێی رێژەی دانیشتوانەكەی ئەمەش تارادەیەك رزگاربونە لە قەیرانی قوڵی دارای و نەدان و دواخستنی موچە، بە هەرێمبونی سلێمانی لەروی سیاسی نێودەولەتی و ئیقلیمی زەمینە سازی و ئامادەكاری دەوێت، رەزامەندی و لارینەبونی ئەمریكا یەكجار پێویستە، گفتوگۆ لەگەل بەغدا هەنگاوێكی پیشوەختەیە، بەتێروانین و خوێندنەوەی سیاسەتی ئێستای ئەمەریكا لەگە ل پارێزگاریكردن و مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستانە بەم شێوەیەی ئێستا بونی هەیە، ئەمەش رێگریەكی گەورەیە، سەرەرای ئەوەی بونی توركیا وئێرانیش رۆڵ و جێ دەستیان لەناوچەكە زۆر كاریگەریان دەبێت.
مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان و بەهیزبونی حكومەتەتەكەی و بونی سیستەمێكی سیاسی و ئیداری دادپەروەرو یەكسان حكومەتیكی یەكگرتوی رەشید و خزمەتگوازاری دلسۆزخواستی تاك بەتاكی كوردە، بەلام گەرهیچ چارەیەك نەما ناكریت بە بێ پلان و ئامادكاری و هەڵسەنگاندنی پێشهاتەكان ئەم پرسە باسبكرێت و هەنگاوی بۆ بنێرێت، سەرباری ئەوەی كە ئەم بژاردانە بەبێ حیزب و پارتی سیاسی هەنگاوێكی بێ دەرئەنجام دەبێت، لە ئیستادا راست وایە هەمومان كاركردن و فشارمان بۆ چەسپاندنی لامەركەزیەتی كارگیری و دارای راستەقینە بیت لە هەرێم كە ئەمە دەستەبەری هێنانەكایەی دۆخیكی ئابوری و بوژانەوەی دادپەروەر دەكات بۆ سەرجەم ناوچەكان...
۱٠/۹/۲٠۲٠