گرێبەستی ئەلکــــترۆنی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل و ماتــــۆرسکیل هەنگــــاوێكی نایاساییە
1/4/2022 9:17:00 PM
چۆمان محەمەد
ئاشکرایە لە ژیانی ئێستاماندا كێشەگەلێک ڕووبەڕووی هاولاتیان دەبێتەوە لەباری تۆمارنەكردنی لە هاتوچۆ یاخود مردنی فرۆشیار یاخود ئامادەنەبوونی فرۆشیار بۆ تحویل كردنی. بەم دواییانەش وەزارەتی ناوخۆ ڕێگەیەکی نوێی گرتۆتەبەر وەک دەرەچەیەک وەك لە ڕوونکردنەوەی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێردا هاتووە ئەو چەندین کێشەی بەرۆكی هاولاتیانی گرتووە چارەسەری دەكات و لە لایەکی تریشەوە ئاسانکارییە بۆ خەڵكی. بەلام دەبێت ئەوەشمان لەبیربێت ئەم بڕیارە چەند كێشەو کەم و کوڕیی یەکی ھەیە لە ڕووی یاساییەوە کە خۆی لەم چەند خاڵەدا دەبینێتەوە:
۱_ ئەم بڕیارە پێچەوانەی مادەیەكی روون و ئاشكرای یاسای هاتوچۆی بەركارە لە هەرێم چونکە چۆن دەكرێت بە ڕێنماییەک کارکردن بە یاسای ژمارە ۸٦ ی ساڵی ۲٠٠٤ بوەستێنرێت، چونکە لەیاساكەدا بەڕوونی باسی كڕین و فرۆشتنی بەردەم ئەفسەری هاتوچۆ دەكات دەبێت فرۆشیار خۆی یاخود بریكاری ئامادە ببێت. بۆیە ئەم هەنگاوە دەكرا لە هەمواری یاسای هاتوچۆ یاخود دەرچواندنی یاسایەكی نوێ جێگیر بكرێت.
۲_ لەلایەکی ترەوە هەر بڕە پارەیەك وەزارەتی ناوخۆ دیاری دەكات بۆ ئەم گرێبەستە پێی دەوترێت "رەسم" كە ئەم پرسەش دەبێت بە یاسا رەسم و پارە بسەپێنرێت بەسەر هاولاتی بە پێ دەستوری عێراق.
۳_ئەم بڕیارە لەرووی كاروباری دادگاكانیشەوە هیچ بنەمایەکی نی یە چونکە بەپێی بریارەكانی دادگای پێداچونەوەو بنەما یاساییە جێگیرەكان گرێبەستی ئەلیكترۆنی بەتایبەت ئەو گرێبەستانەی دەرەوەی بەردەم ئەفسەری هاتووچۆی تایبەت بە تۆماركردن پووچەڵن یاسا حسابیان بۆ ناكات دادگاش ناتوانێت بڕیاربدات بەتملیكی ئۆتۆمۆبیلی فرۆشراو.
٤_لەڕوونکردنەوەی هاتوچۆی هەولێردا ئاماژە بەوەدراوە کە لەباری مردنی فرۆشیار، ئەگەر بگرێبەستی ئەلکترۆنی بکرێت لە فەرمانگەی یاسایی هاتووچۆ پشتڕاست بکرێتەوە وە لەماوەی دیاریکراوی خۆی پێشکەش بکرێت، مافی میراتگرەکانی مردوەکەی بەسەر نامێنێت کەئیستا ئەوکێشەیە زۆر باوە وەخەلکێکی زۆر ئوتومبێلی کەسانی مردوویان لایە وە ناتوانن بیخەنەسەر ناوی خۆیان، ئەم تێروانینە پێچەوانەی یاسای باری كەسێتی و بابەتی میراتە بۆیە لەم ڕووەوە پێویستی بە هەمواری یاسا هەیە چونکە ئەمە بێبەشكردنی مافی وەرثەیە دەبێت بەیاسا جێگیر بكرێت.
بەداخەوە ڕێزگرتن لە یاساو دامەزراوەی پەرلەمان لە قۆناغێکی خراپدایە، دەنا وەزارەتی ناوخۆ چلۆن ھەنگاوێکی لەم چەشنە دەنێت بەبێ پەرلەمانی کوردستان!